Top Ad unit 728 × 90

ڕێكلامی بازرگانی (5000 / مانگانه‌)

منداڵەکانتان پێویستیان بەو هەموو مەرج و خۆسەپاندنەی ئێوە نییە

نووسینی: ئۆشۆ
و. لە ئینگلیزییەوە: شێرزاد حەسەن

دەروازەی دووەم
هەژاری و کارەساتباری
وەک پرۆسەیەکی ڕامکردن
*پرسیار: ئۆشۆ-ی خۆشەویست بە بڕوای تۆ منداڵان مافی ڕەوای خۆیانە کە سەربەست بن و ژیان و بڕیاری تایبەت بە خۆیان هەبێت یان نا؟ بەو مانایەی کە تایبەتمەندیی خۆیان بپارێزن لە دەرەوەی بازنەی ئەو هەموو کۆتوبەند و هەلومەرجانەی کە دایکان و باوکەکان دەیانسەپێنن؟ ئایا وەک باری پەروەردەیی و رەوشتپارێزی ئەو هەموو چاوەڕوانییانەی سەرپەرشتیارەکان کە لە بەرامبەر کچۆڵان و کوڕیژگەکاندا هەیانە: خواست و داوایەکی دروستن؟

+ وەڵام: وا راست و شیاوترە کە دایکان و باوکان یارمەتیی منداڵەکانیان بدەن کە بۆ هەمیشە نەترسن لە پرسیارەکانی خۆیان، یان واز لە گومانکردن نەهێنن، رێگایان بۆ خۆش بکەن کە لە درکاندنی هەموو راز و نیازەکان سڵ نەکەنەوە، هیچ پرسیار و گومانێک نییە بکەوێتە ناو پۆلبەندی حەرام و حەڵاڵەوە، لە باری پەروەردەییەوە بیرکردنەوە لە پرسیار و گومانی جوان و ناشیرین، یان حەڵاڵ و حەرامەوە کوشندە و ترسناکە. لەوەش گرنگتر ئەوەیە کە دەبێت دایکان و باوکان و مامۆستاکانیش دڵنیا بن لە راستی و دروستیی وەڵامەکانیان، ئەوسا وەڵامیان بدەنەوە، ئەگەر نا.. وا جوانترە هەر بە هەوەنتە و لەخۆڕایی قسە فڕێ نەدەن. گریمان وەڵامی کۆی پرسیارەکانیش دەزانن، وا راست و جوانترە وەکو (بوودا) ژیرانە قسان بکەن، ئەو کاتەی کە قوتابییان و شاگردەکان و موریدەکانی پرسیاریان لێ دەکرد، لە وەڵامدا (بوودا) ڕادەما و دەیگوت: “بڕوا بەم وەڵام و قسانەی من نەکەن! ئەوەیان بەتەنیا ئەزموونی منە و بەس، چونکە هەر کە بۆ ئێوەم درکاند بە راست و دروستی لێمی وەرمەگرن، چونکە هیچ کام لەم راز و نیاز و وەڵامانە ئەزموونی ئێوە نین، هی منن و بەس، ئێوە بە هەوڵ و وەڵامێك دڵتان ئاو نەخواتەوە، بەڵکوو شەونخونی بکەن تا ئەو کاتەی کە بە هزر و ئاوەزی خۆتانەوە دەیدۆزنەوە، ئەگینا هیچ سوود و مانایەکی نابێت، بە واتا دەبێت ئەو زانینە بووبێت بە بەشێک لە ویژدان و رۆح و هوشمەندیی خۆتان، ئەوسا بەبێ سڵکردنەوە بیدرکێنن، گەر وا نەکەن ئاکامەکەی ترسناکە بۆ خۆتان و موریدەکانتان، هەر وەڵام و زانست و زانیارییەک سەبارەت بە هەر شتێک لە زار و دەمی کەسانی دیکەوە بیبیستن، کە بە تەقەلای خۆتان پێیان نەگەیشتبن، بەرهەمی کۆشش و گەڕان و پشکنینی خۆتان نییە، هی منە و بەس. گوێم لێ بگرن.. بەڵام وا بە سووک و ئاسانی لێمی وەرمەگرن و مەیکەن بە بیر و بڕوای خۆتان، مەرجە ئێوە وەک من خۆتان ئەزموونی بکەن، لە سۆراغ و پشکنیندا بن، لاپەڕەکان هەڵبدەنەوە، ئەگەر بەتەنیا قەرزتان کردبێت بێجگە لە کۆسپ و تەگەرە و چەقبەستن هیچی دیکە نییە.”
بەڵام بەداخەوە کە دایکان و باوکان ئەوەیان هەڵدەبژێرن کە چەوت و چەوێڵە، بۆ هەمیشە بە مەرجگەلێکی زۆرەوە منداڵەکانی خۆیان خۆش دەوێت، لادان لەو یاسا و رێسایانەی گەورەکان بە سزا و تۆران و جۆرەها ئەشکەنجە کۆتایی دێت.
منداڵەکانتان پێویستیان بەو هەموو فەرمان و داوا و مەرج و خۆسەپاندنەی ئێوە نییە، لە قاڵبدان و تەنێک رێنمایی و ئاراستەکردن و مەکە و مەڕۆ و مەخۆی ئێوە. ئەوان پێویستیان بەوە هەیە کە یارمەتییان بدەن خۆیان بن و بەس، ئەوان تەنیا پێویستیان بە سۆز و پشتگیری و خۆشەویستیی ئێوە هەیە، خۆراکی رۆح و گیانیان پێ ببەخشن، هێز و وزە و ئاگری ژیان و تین و تاوی زیندەگی. دایکان و باوکانی ئاوەزدار و رەسەن و دڵسۆز دەبن بە کانگای خێر و خۆشی بۆ منداڵەکانیان، مەرجە کار و کردەوەکانیان پیرۆز بکەن و هانیان بدەن، تەنیا بەم شێوەیە بەبێ گرێ و گواڵ گەورە دەبن، وەک بەشێک لە سروشت و ژینگەی دەوروبەر پتر و قووڵتر ڕەگوڕیشە دادەکوتن، پتر هەست بە خودی خۆیان دەکەن کە بوونەتە جێگەی بایەخی گەورەکان، ئەو کاتەی رێز لە توانا و حەز و ئارەزووەکانیان دەگیرێت، لە (بەڵێ) و (نەخێر)ەکانیان، لەئاکامدا شانازی بە خۆیانەوە دەکەن و خۆیان لەلا خۆشەویست دەبێت، لەبری هەستکردن بە گوناه و بەدکاری، شکۆمەندی و خۆشنوودی سەرمەستیان دەکات، ئیدی شانازی و رێزێکی زۆر لە دڵیاندا جێگیر دەبێت، هاوکات دەتوان پتر هاوبەشی خەم و خۆشی گەورەکان بکەن.
ئەوەتان لە یاد نەچێت.. تا مرۆڤ کەیفی بە خۆی نەیەت و خۆی خۆشنەوێت، ناتوانێت هیچ کەسێکی دیکەی خۆشبوێت، بەڵکوو پتر لەناو خۆیدا دەخنکێت، هەتا منداڵ فێری رێزگرتن نەبێت لە خۆی، ناتوانێت رێزی هیچ کەسێکی دیکە بگرێت. کە منداڵەکانمان بەهرەمەند نەبن لە خۆشەویستی و رێزگرتن لە خۆیان، دواتر کە گەورە دەبن، ژیانی سۆزداری و ئەویندارییان درۆزنانە و بێ رۆح دەبێت، خۆشەویستییان ساختە و نمایش و دەستکرد و مردووانە دەنوێنێت. ئاخر کە تۆ خۆت خۆش نەویست، چۆن دەتوانیت کەسانی دیکەت خۆش بوێت؟ هەمان شتیش بۆ رێزگرتن لەوانی دیکە، هەر دەبێت لە رێزگرتنی خۆتەوە دەست پێ بکات. دەبێت خۆری خۆشەویستی لەناو دڵ و دەروونی خۆتدا هەڵبێت، ئەوسا تیشک و تین و تاوی دەگاتە ئەوانی دیکە، مەرجە یەکەمین جار خۆت رووناک ببیتەوە، ئەوسا تۆ دەتوانیت رۆشنایی و گەرمی بە خەڵکانی دیکە ببەخشیت.
ئەگەر بێت و واز لە منداڵەکانمان بێنین کە بە سروشت و خۆرسکی خۆیانەوە گەورە ببن، کەسانی زرنگ و بەزمگێڕیان لێ دەردەچێت، هەمیشە ئامادە و لەسەرپێ دەبن بۆ قۆشمە و خەنین و قریوەی خۆشنوودی، راستە هەموومان غەمگین و تووڕە دەبین، هەڵدەچین و دادەمرکێینەوە، بەڵام مەرجە وا فێر بکرێین کە مۆن و ئێسکگران و دڕدۆنگ نەبین بەرامبەر خۆمان و کەسانی دەوروبەرمان. ئەوەتان لەیاد نەچێت کە گەوهەری ژیان بۆ خۆی گەڕانێکە بۆ خۆشنوودی و دوورکەوتنەوەیە لە ئازار و خەمی جەرگبڕ.



نووسراوه‌ له‌لایه‌ن
Parwarday Maxmur

منداڵەکانتان پێویستیان بەو هەموو مەرج و خۆسەپاندنەی ئێوە نییە Reviewed by Unknown on 11:04:00 ص Rating: 5

ليست هناك تعليقات:

نموذج الاتصال

الاسم

بريد إلكتروني *

رسالة *

يتم التشغيل بواسطة Blogger.