Top Ad unit 728 × 90

ڕێكلامی بازرگانی (5000 / مانگانه‌)

راپۆرت لەسەر کتێب

کتێب یان پەرتووک، ناوێکە بەکاردێت بۆ یەکێک لە پیرۆزترین کاڵاکانی (شمەکەکانی) مێژووی ھەموو مرۆڤایەتی، کە خزمەتێکی یەکجار گەورەی بە مرۆڤایەتی کردووە لە ھەموو بوارەکانی ژیان و گوزەرانیدا و بەردەوامیشە لەم خزمەتە، کتێب تاقە شتە کە ھەموو مرۆڤایەتی بە جیاوازی بیروباوەڕ و ئایین و ڕەگەزیانەوە بە پیرۆزی دەزانن و ھیچ کەسێک نییە لەم جیھانە پان و بەرینەدا دژی کتێب بێت بەڵام وەکوو کاڵا نەک وەکوو ناوەڕۆک، چونکە ناوەڕۆکی کتێب ھەموو جارێک بە دڵی خوێنەر نابێت و جاری واش ھەیە وا لە خوێنەر دەکات کە نەک ھەر بەدڵی نەبێت بەڵکوو دژیشی بوەستێت. بەڵام وەکوو کاڵایەک کتێب لەلایەن ھەموو کەسێک و ھەموو بیروباوەڕێک بە سەرچاوە و بنچینەی زانست و داھێنان و پێشکەوتن دادەنرێت.


کتێبخانە
کتێب باوی بەسەرناچێت
خوێندنەوەی کتێب چێژی تایبەتی خۆی ھەیە و ھەرگیز باوی ناڕوات و بەسەرناچێت. لەگەڵ ئەوەی پێشکەوتنێکی گەورە لە ھەموو بوارەکانی ژیاندا دروست بووە و چەندین ھۆکاری کات بەسەربردنی جۆراوجۆری وەکوو (ئینتەرنێت و تەلەڤیزیۆن و یارییە ڤۆدیۆییەکان و ...ھتد) ھاتوونەتە بەرھەم، بەڵام نەیانتوانیوە و ناشتوانن جێگەی کتێب بگرنەوە، تەنیا ئەوە نەبێت تۆزێک کاریان کردۆتە سەر ژمارەی خوێنەران و خۆشەویستانی.

کتێب و شارستانیەتی
کتێب وەک ناوی دەرکردووە بە باشترین ھاوڕێی مرۆڤ بنەمای ھەموو شارستانیەت و پێشکەوتنێکە، ھەر گەلێک خۆشەویستی کتێب بن سەرکەوتنیان مسۆگەرە و ھەر گەلێکیش گرینگی پێ نەدەن و بەدەمییەوە نەچن و نەیکەنە ھاوڕێ دین و ژینیان ئەوا لە شەمەندەفەری پێشکەوتندا جێگایان نابێتەوە و سەرەنجامی باشیان نابێت و ناتوانن بەسەر دوژمنانیاندا زاڵ بن.

کاتێ کتێبنەخوێندنەوە گەیشتە ئەوەی خەمباری کردیت، کەواتە تۆ دەبێت بڕیارەکە بدەیت

تەنانەت بۆ خوێنەرە باشەکانیش ئەوە دێتە پێشەوە کە چیتر نەتوانن کتێب بخوێننەوە و بۆ ماوەیەک لەم جیهانە دوور بکەونەوە. ئێستا کەواتە پرسیارەکە ئەوەیە: چۆن بتوانین جارێکی تر دەست بە کتێبخوێندنەوە بکەینەوە؟ یان چۆن وا بکەین زیاتر بخوێنینەوە؟
کتێبخوێندنەوەی زیاتر یان لە بنەڕەتەوە دەستکردنەوە بە خوێندنەوەی کتێب لە ڕیزەی ئەو جۆرە کارانەیە کە دەبێ وردەوردە بیکەین بە خوویەک؛ چونکە کاتێک ئەم کارە دەبێتە خوو، ئیتر وازلێهێنانی ئەستەمە. سەرەتا دەبێت بڕیار بدەیت کە کتێب بخوێنیتەوە و پاشان دەبێت ئەو بڕیارەش بدەیت کە کتێبخوێندنەوە گرنگترین کاری ژیانی تۆیە. ئەمە بە واتای ئەوەی کە کتێبخوێندنەوە بخەیتە سەروو درامابینین، یاریکردن بە مۆبایلە زیرەکەکەت و خۆخەریکردن بە بۆفی جلوبەرگ و کاتبەفڕیۆدان لەگەڵ ئەموئەودا...
بەبێ ئەملاوئەولا دەزانیت کە کتێبخوێندنەوە زیاتر بۆ مرۆڤە تەنیاکانە و کەواتە دەبێ قبووڵی بکەیت کە تۆزێک لە هاوڕێکانت دوور بکەویتەوە. هەڵبەت مانای دووبارە یان هەمیشە کتێبخوێندنەوە بەو جۆرە نییە کە تۆ ئیتر هیچ کارێک لە ژیانتدا ئەنجام نەدەیت و تەنیا بخوێنیتەوە، واتاکەی بە دیاریکراوی ئەمە: هەندێ کات بڕیار بدەیت لە بری فڵان کار بچیت کتێب بخوێنیتەوە. ئەوکاتە ئەنجامی کارەکەت دەبینی و تەماشا دەکەیت لە چاو حەفتەکانی پێشوودا زیاتر کتێبت خوێندووەتەوە. بە ئاسانی ئەنجامە باشەکە دێتە بەردەمت.
ئێستا هەندێ خاڵی چارەنووسساز دیاری دەکەین بۆ ئەوەی جارێکی تر بگەڕێیتەوە بۆ جیهانی کتێبخوێندنەوە، یان بۆ ئەوەی ڕێگاکە بۆ خۆت ئاسانتر بکەیت؛ کاتەکانی پێش خەوتن، مەودای لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر چوون، پاش پشوویەکی کورتی عەسران و دوای هەندێ تەماشاکردنی تەلەفزیۆن، لەوانەیە باشترین دەرفەت بن بۆ ئەوەی تۆ لە تەمبەڵی بێیتە دەرەوە و کتێب بخوێنیتەوە، هەڵبەت هەمیشە هەوڵ بدە کتێبەکە دایمە لێتەوە نزیک بێت؛ ئەمە ورەت دەداتێ و پێت دەڵێ هێشتا کارە گرنگەکەت نەکردووە.

ژانرێکی تازە هەڵبژێرە
هەندێ کات هەر ئەوەی کە چوویتە سەروەختی بابەتێکی تازە، سیستمی کتێبخوێندنەوەکەت بە تەواوی دەکەوێتە بەردەم گۆڕانێکی بەرچاو. لەوانەیە تۆ حەزت لە خوێندنەوەی کتێبە پۆلیسییەکان بێت، لەم ڕووەوە تەنیا پێویستە خۆراکێکی تر بدەی بە خۆت، بۆ نموونە ڕۆمانی تەنزئامێز یان ژانرێکی تر تاقی بکەوە. تەنانەت دەشکرێ ژانری ئاشقانە هەڵبژێریت. تۆ ناتوانیت هەموو تەمەنت یان ماوەیەکی زۆر بەسەر یەکەوە تەنیا لە یەک ژانردا کتێب بخوێنیتەوە.

جۆری کتێبخوێندنەوەکەت بگۆڕە
ئەگەر چاپ‌بووک دەخوێنیتەوە، خراپ نییە ئەمجارە بە کتێبی ئەلکترۆنی دەست پێ بکەیت. ئەگەر ئامێری تایبەت بە خوێندنەوەشت دەست نەکەوت، هەر لەسەر مۆبایلە زیرەکەکەت دەتوانیت ئەم کارە ئەنجام بدەیت، سەرەتا سەختە بەڵام دڵنیا بە نەختەنەختە ڕادێیت، ئەوکات لەناو تاکسی، پاس یان میترۆشدا دەتوانیت بە هۆی مۆبایلە زیرەکەتەوە کتێب بخوێنیتەوە.
کاتێک کتێبە خۆشەویستەکەت لەناو مۆبایلە زیرەکەکەتدا بێت، لە هەر چرکەیەکی دەستبەتاڵیدا دەتوانیت چەند لاپەڕەیەک بخوێنیتەوە، ئەم کارە باشترە لەوەی خۆت بە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە خەریک بکەیت و هەرە خەریکی جرتوفرت بیت و قسەی قۆڕ بنووسی یان بخوێنیتەوە.
یان تەنانەت دەتوانیت گوێ لە کتێبی دەنگی بگریت. جاری وایە گوێگرتن لە کتێبی دەنگی وا دەکات هەندێ کاری سوودبەخشیش بۆ خۆت بکەیت، بۆ نموونە کارێک کە دەمێکە تاقەتت لێی نییە، دەتوانی بە دەم گوێگرتنی کتێبەکەوە بچیت ئەنجامی بدەیت.

گرووپەکانی کتێبخوێندنەوە لە بیر مەکە
کاتێک کتێبێکت خوێندووەتەوە و زۆرت حەز لێیە، هەستێکی ورووژێنەرە کۆمەڵێک بدۆزێتەوە بچیت لەگەڵیاندا گفتوگۆ لەسەر کتێبەکە بکەیت. بەشداریکردن لەم دانیشتنانەدا هاوکاریت دەکات هەندێ کتێب بناسیت کە پێشتر ئاگات لێیان نەبووە. هەروەها بەشداریکردنی لەم کۆڕوکۆبوونەوانەدا ناچارت دەکات ئەو کتێبە تەواو بکەیت کە دەستت پێ کردووە، چونکە دەبێ لەسەر کتێبەکە قسەت هەبێت. تەنانەت لەوەش ئاسانتر، دەتوانیت لەگەڵ هاوڕێکانتدا ئەمە بکەیت بە بەرنامەیەک و مانگانە کتێبێک بۆ خۆتان دیاری بکەین. بێگومان کتێبخوێندنەوە هەوڵی ڕاستەقینەی دەوێ.

ئامانجێک بۆ خۆت دیاری بکە
وا باشترە لە سەرەتاوە ئامانجی خۆت لە کتێبخوێندنەوە دیاری بکەیت. ئەمە وا دەکات مەیلت زیاتر بجووڵێت. دەتوانیت لەگەڵ خۆتدا بڕیار بدەیت کە مانگی یەک کتێب دەخوێنیتەوە، یان ڕۆژی بیست خولەک، یان تەنانەت دەشێ بەرنامەی ساڵانەت بۆ کتێبخوێندنەوە هەبێت.
بێگومان ژیانی هەر یەکەمان کێشەوگرفتی خۆی هەیە، بەڵام دەتوانیت بژیت و کەمتر کتێب بخوێنیتەوە، هەڵبەت دەبێ بزانی کتێبخوێندنەوە قووڵایییەک بە ژیانی مرۆڤ دەبەخشێت کە بەبێ کتێب ژیان بەتاڵ و پووچ دەبێت.
کەواتە هێندە بەسە کتێبخوێندنەوە بکەیتە ئەرکی یەکەمی ژیانت، ئێستاش دوای خوێندنەوەی ئەم لاپەڕەیە دەتوانیت یەکسەر دەست پێ بکەیت. کتێبی زۆر چاوەڕێی ئەوەن تۆ بیانخوێنیتەوە. کتێبخوێندنەوەش شتێکە لە پێناو خۆتدا. کەواتە لە پێناو خۆتدا تەمبەڵی مەکە.



نووسراوه‌ له‌لایه‌ن
null@example.com (Barham Eng)

راپۆرت لەسەر کتێب Reviewed by Unknown on 5:44:00 م Rating: 5

هناك تعليق واحد:

نموذج الاتصال

الاسم

بريد إلكتروني *

رسالة *

يتم التشغيل بواسطة Blogger.