Top Ad unit 728 × 90

ڕێكلامی بازرگانی (5000 / مانگانه‌)

چـیرۆکی مامۆستا و قوتابی

لە یەکەمین رۆژی دەستپێکردنی ساڵی تازەی خوێندندا، خاتوو(تۆمسـۆن) لە پۆلی پێنجەمی بنەڕەتیدا، لە بەردەم قوتابییەکاندا وەستا، بۆ خۆشی چەند رستەیەکی ناسک و شیرینی بە گوێی قوتابییەکانی دا، ئینجا پێی وتن:” من هەمووتـانم خۆشـدەوێت” بەڵام لە دڵی خۆیدا، تەنها قوتابییەکی لێدەرکردن، کە ناوی (تیـدی ستۆدارد) بوو، لە ریزی پێشەوەدا دانیشتبوو.

مامۆستا تۆمسۆن، لە ماوەی ساڵی رابردوودا چاودێری (تیـدی)ی قوتابی دەکرد، تێبینی ئەوەی کرد، کە لەگەڵ منداڵانی تـردا یاری نەدەکرد، جلەکانی هەمیشە چڵکن بوون، هەموو کاتێک پێویستی بە خۆشۆرین هەبوو، سەرەڕای ئەمانەش منداڵێکی رووگەش و دڵخۆش نەبوو.

کار گەیشتە ئەوەی کە مامۆستا تۆمسۆن، خۆشی لەوە دەبینی کە بە پێنووسێکی سوور، بە هێـڵێکی پان لەسەر لاپەڕەکانی نووسینەکانی تیـدی دا، نیشانەی هەڵە )ِئێکس)ی بۆ دادەنـا، دوایش لە سەرووی لاپەڕەکانیشیدا، وشەی (دەرنەچــووی)ی بۆ دەنووسی.

لەو قوتابخانەیەی کە مامۆستا تۆمسۆنی لێبوو.. وا پێویستی دەکرد کە بە تۆمارەکانی خوێندنی (کارتی کەسێتی) ساڵەکانی پێشتری هەر قوتابییەکدا بچێتەوە.. دوا کارت کە تەماشای کرد، تۆمـاری تایبەتی نمرەکانی تیـدی بوو، لە کاتێکدا کە بە پـرۆفـایلەکەیدا دەچۆوە و ئەو کورتە ڕاپۆرت و تێبینییانەی دەخوێنـدەوە، کە مامۆستایانی پۆلەکـانی پێشتر دەربـارەی تیـدی نووسیبوویان، لەپڕ شتێکی سەیری بۆ دەرکەوت!!

مامۆستای پۆلی یەکەمی بنەڕەتی، ئەمەی بۆ تیـدی نووسیبوو:” تیـدی منداڵـێکی زیرەکە، رووخۆش و دڵخۆشە.. کارەکانی زۆر بە وردی و بە رێکی و بە جوانی ئەنجام دەدا، خـاوەنی رەوشت و رەفتـارێکی بەرزیشە..”.

مامۆستای پۆلی دووەمیش ئەمەی، دەربارەی نووسیبوو:” تیـدی قوتابیەکی باشە لە لای هاوڕێکانی پۆلەکەشییەوە خۆشەویستە، بەڵام بێزار و رارایە، بە هۆی ئەوەی کە دایـکی تووشی نەخۆشییەکی کوشندە بووە.. ژیانێکی گـران و کێشە و دڵتـەنگی و ناخۆشی و ماندووبوون باڵی بەسەر ماڵەکەیەنادا کێشاوە..”.
بەڵام مامۆستای پۆلی سێیەم، دەرەباری تیـدی نووسیوێتی:” کۆچکـردنی دایکی، بە قورسی کاری تێکردووە.. بە هەموو توانایەکییەوە هەوڵدات و کۆشش دەکات.. بەڵام باوکی گوێی پێنادات.. گەر بە خێرایی هەندێ رێوشوێن نەگیرێنەبەر.. ژیانی نالەباری ماڵەوەیان، زیـاتر و بە خێرایی کاری تێدەکات..”.

مامۆستای پۆلی چوارەمیش، ئەمانەی لەسەر تیدی نووسیبوو:” تیـدی قوتابییەکی داماو و گۆشەگیرە، زۆر حەزی بە خوێندن نییە، کەم کەسیش هاوڕێتی دەکا.. هەندێ جاریش لە کاتی وانەوتنەوەدا، باوێشک دەدا و خەودەیباتەوە..”.
لێرەوە مامۆستا تۆمسۆن هەستی بە کێشەکەی کرد.. زۆریش هەستی بە شەرەمەزاری و شوورەیی خۆی کرد.. بەرانبەر بەو نـادروستییەی کە دەرهـەق بە تیـدی کردنی.

مامۆستا تۆمسۆن زیاتر هەڵوێستی بەرەو خراپتر تێکچوو، کاتێ کە قوتابییەکـانی بە بۆنەی جەژنی لەدایکبوونییەوە، دیاری جوانیان بۆ هێنابوو، بە شریتی رەنگاوڕەنک و بە کاغـەزی جـوانی بریقەدار دیارییەکانیان پێچـابوونەوە.. تەنها تیـدی نەبێت، ئەو دیارییەی کە لەو رۆژەدا پێشکەشی کرد، بە ساکاری و ناڕێکی بە کاغـەزێکی بۆری رەنگ تاریک پێچابوویەوە.. بەو کیسە بۆرانە پێچابوویەوە، کە عەتـارەکان شتیان تێدەکردن.. کاتێ کە مامۆستا تۆمسۆن دیارییەکەی تیـدی کردەوە، سوێ چووە دڵیەوە. هەندێ لەقوتابییەکان، کە دیارییەکەی تیـدی یان بینی، کە ملوانکەیەک بوو، لە بەردی ئەڵماسی ناڕەسەنی ئاسایی دروستکرابوو، بەردێکیشی کەم بوو، شووشە بۆنێکیش کە تەنها تا چارەگێکی گوڵاوی تێدابوو.. قاقا پێی پێـکەنین.. بەڵام ئەو قوتابیانە بە خێرایی پێکەنینەکەیـان وەستاند، کاتێ کە مامۆستا تۆمسۆن زۆر بە گـەرمی و دڵخـۆشییەوە سەرسامی خۆی بە جوانی ملـوانکەکەی تیـدی دەربڕی.. دواییش کردییە ملـی، چەند دڵۆپێک لە بۆنەکەشی کردنە سەر مەچەکەکانی.

تیـدی ئەو رۆژە دوای تەوابوونی خوێندن، یەکسەر لە قوتابخانە دەرنەچوو بۆ ماڵەوە بگەڕێتەوە، بەڵکو ماوەیەکی کەم چاوەڕێی کرد، بۆ ئەوەی کە مامۆستا تۆمسۆن ببینێت و پێی بڵێت: ئەمـڕۆ بـۆنت لە بـۆنی دایـکم دەچێـت..!!

کە قوتابییەکان قوتابخانەیان بەجێهێشت.. مامۆستا تۆمسۆن زیاتر لە کاتـژمێرێـک، بە کوڵ گـریا و خۆی پێ ژیـرنەدەبۆوە.. چونکە تیـدی ئەو شـوشە گـوڵاوەی بۆ هێنـابوو، کە دایـکی لە خۆی دەدا، بۆنە خۆشەکەی دایـکی لە مامۆستاکەیدا بە دەبینێـتەوە.

لەو رۆژەوە مامۆستا تۆمسۆن بڕیاری دا، کە نەک تەنها خوێندنەوە و بیرکاری، بەڵکو هەموو وانەکـان بە پۆلی پێنجەم بڵێـتەوە، ببێتە (مامۆستای پـۆل) ەکە، لەو رۆژەش بە دواوە گرنگییەکی تایبەتی بە تیـدی دەدا، تێبینی ئەوەشی کرد کە تیـدی هۆشی هاتەوە سەرخـۆی، چالاکییەکانی گەڕانـەوە.. کە زیاتر هـانی دەدا، وەڵامدانەوەی تیـدی خـێراتر دەبوو.

لە کۆتایی ساڵدا، تیـدی بووە قوتابییەکی جیاوازی پۆلەکەی و، لە هەمووشیان زیرەکتر بوو، مامۆستا تۆمسۆن نازی پێدەدا و دەیلاواندەوە.

دوای ساڵێک، مامۆستا تۆمسۆن، لەسەر دەرگای ماڵی خۆیان نووسراوێکی بینی، کە تیـدی قوتابی بۆی نووسیبوو:” باشـترین مامۆسـتایە کە لە ژیـانمـدا بینیـبێتم” شەش ساڵ تێپەڕی.. بێ ئەوەی کە مامۆستا تۆمسۆن هیچ نووسراوێکی تری لە تیـدی یەوە پێبگات.. دوای ئەوە تیـدی نامەیەکی بۆ نـارد، لە نامەکەیدا بۆی نووسیبوو، کە قۆنـاغی ئامادەیی تەواوکردووە، بە سێیەمی قوتابخانەکەی دەرچووە نووسیبووشی:” تا ئێستا ئەو باشـترین مامۆسـتایە کەبە درێـژی ژیانم بینیـبێتم”
دوای چوار ساڵی تر، نامەیەکی تری لە تیـدی یەوە بۆ هات، ئەمجـارەیان بۆی روون کردبۆوە، دوای ئەوەی کە بڕوانامەی بەکالۆریۆسی وەرگرت، بڕیـاری دا کەمێ زیـاتر لە خوێندندا بچێتە پێشەوە.. بۆ جارێکی تر دڵنیای کـردەوە کە ئەو باشـترین و خۆشەویسترین مامۆستایە کە بەدرێـژایی ژیانی بینیـبێتی.. بەڵام ئەمجارەیان ناوەکەی هەنـدێ درێژبوو، دکتـۆر سیـۆدۆر ئێـف. سـتۆدارد!!

چیرۆکەکە تا ئێرە کۆتایی نەهات، لە بەهـاری ئەو ساڵەدا، لە تیـدی یەوە نامەیەکی تری بۆ هات، تێیدا نووسیبووی، کە چاوی بە کچـێک کەوتووە، کە دەیخوازێت، پێشتریش ئاگاداری کردبۆوە، کە پێش دوو ساڵ بـاوکی کۆچـی دوایی کرد.

تیـدی لە نامەکەیدا، داوای لە مامۆستا تۆمسۆن کـرد، کە بێت و لە ئاهانـگی ژن گۆاستنەوەکەیدا، لە شوێنی دایکی دابنیشێت.. مامۆستا تۆمسۆن زۆر بە پێخۆشییەوە بە داواکـەی تیـدی قایل بوو.. سەیریش لەوەدا بوو، کە ملوانـکەکەی دایکی لە مل کردبوو، کە تیـدی چەند ساڵێک لەمەوبەر، لە جـەژنی لەدایکبوونیدا پێشکەشی کـردبوو، کە بەردێکی ناتەواو بوو، لەوەش دڵنیابوو کە هەمان بـۆنی لە خۆی دابـوو کە لە دوا جەژنی لەدایکبوونی پێشکەشی کردبوو.. هەردووکیان باوەشیان بە یەکتریدا کرد.

(دکتـۆر ستـۆدارد) بە گوێی (مامۆستا تۆمسۆن)ی دا چرپاند، وتی:” سوپاست دەکەم کە بڕوات بەمنە، زۆریش سوپاست دەکەم کە وات لێکردم، کە من گرنگم و، من بەرز و جیاوازدەبم.

مامۆستا تۆمسۆن، کە چاوەکانی پڕببوون لە ئەسرینی شادی، وەڵامی دایەوە و وتی: تۆ بە هەڵەداچووی، ئەوە تۆ بووی فـێرتکردم، کە ببم بە مامۆستایەکی بـەرز و جیـاواز، نەمدەزانی کە چـۆن فـێربم، تا ئەوکـاتەی کە تۆم بینی.

__________________________________
* تیـدی سـتۆدارد، پزیشـکێکی بەناوبانـگی ئەمریکییە، بەشـێکی تایبـەتی هەیە لە نەخۆشـخانەی (میسۆددست) بە ناوی ناوەنـدی(سـتۆدارد) بۆ چارەسەرکردنی شێرپەنجە، کە لە هەموو ئەمریکادا، بە باشترین ناوەند بۆ چارەسەرکردنی شێرپەنجە دادەنـرێ.

* خوێنەرانی هێـژا و دڵـسۆز، ژیـان پڕە لە چیـرۆک و لە بەسەرهات و کارەسات، گەر بە هیـوا و گەشبینییەوە لێیان بڕوانین، پەنـد و وانـەی بەسوودیـان لێـوەردەگـرین.. مـرۆڤی ژیـریش، لەجـێی نـاوک بە توێـکڵ ناخـەڵەتێ.



نووسراوه‌ له‌لایه‌ن
Parwarday Maxmur

چـیرۆکی مامۆستا و قوتابی Reviewed by Unknown on 1:17:00 م Rating: 5

ليست هناك تعليقات:

نموذج الاتصال

الاسم

بريد إلكتروني *

رسالة *

يتم التشغيل بواسطة Blogger.