کچان لەخوێندن دەردەهێنرێنو دەدرێن بەشوو!
کچان بەچەندین هۆکاری جیاواز لەخوێندن بێبەش دەکرێن، توێژه‌رێکی كۆمه‌ڵایه‌تی پێیوایە به‌شێك لەكۆمهڵگهی کوردی لههۆشیاربونهوهی ئافره‌ت ده‌ترسن، ئەو دەڵێت “چونكه كرانه‌وه‌و فراوانبونی بیری ئافره‌ت یه‌كسانه به‌تێكشكاندنی ده‌سه‌ڵاتی پیاوسالاری”.
“له‌زیندانی باوهژنەوە ناردمیان بۆ دۆزه‌خی هاوسه‌رگیری”.
ئه‌مه وته‌ی فریشته‌ی تەمەن 14 ساڵه كه له دوای مردنی دایكی له‌خوێندن بێبهشیانكردوه، ئەو وەك خۆی ئاماژەی پێدەكات “لەناخدا ته‌مه‌نم ئیستا هاوشێوه‌ی داپیره‌مه”.
فریشته، ناوی خوازراوی كچێكی یه‌كێك له‌گونده‌كانی سنوری گه‌رمیانه، باس لەوە دەكات كە دوای مردنی دایكی، ئەوو براكەی كەوتونەتە بەردەستی باوەژن‌و باوكیشیان بایەخی پێنەداون، ئەو وتی “له‌قوتابخانه یه‌كه‌می ناوهندییهكهی خۆمان بوم، ساڵی پار باوه‌ژن‌و باوكم وتیان نابێ بچیتەوە بۆ خوێندن، ئەمە ناخۆشترین روداوی ژیانم بوو کە هەموو خەونەکانی لەگۆڕنام”.
پاش بەدواداچونمان بۆ دابڕانی كچان له‌خوێندن به‌هه‌ر هۆكارێك له‌هۆكاره‌كان، هیچ ئامارێك له‌به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی په‌روه‌رده‌ی گه‌رمیان به‌رده‌ست نیه‌و تۆمار نه‌كراوه.
به‌ڕێوبه‌ری گشتی په‌روه‌رده‌ی گه‌رمیان، دارا ئه‌حمه‌د سه‌مین سه‌باره‌ت بهدابرانی كچان له‌خوێندن وتی “ئامارێك نیه چونكه ئەمە نه‌بوه به‌دیارده، ئه‌وه‌ی هه‌یه زیاتر لهگوندهكانه، به‌هۆی ئه‌وه‌ی له‌زۆربەی گونده‌كان ناوه‌نده‌ی ئاماده‌یی نیه، خێزانه‌كان رێگه‌ناده‌ن بهكچهكانیان بڕۆنه شوێنێكی تر بخوێنن”.
ناوبراو ئاماژە بەوە دەکات کە تێكه‌ڵ كردنی چه‌ند ناوه‌ندێك له‌گوندێكدا به‌هۆی كه‌می قوتابی ئه‌مه‌ش هۆكارێكی تره كه بوه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی كچان له‌خوێندن داببڕین، کە لەو شوێنانەدا هێشتا دابونەریتی عەشایرییو پیاوسالاری زۆر زاڵ‌و باوە.
کەمی ئاستی هوشیاری خێزانەکان‌و هەژارتو دەستکورتی ئابورییان هۆکاری سەرەکیین بۆ دابڕانی کچان لەخوێندن، کە لەگۆڕانکارییەکانی سەردەمو جیهان بەباشی تێناگەنو مندالەکانیان بەگشتی‌و کچەکانیان بەتایبەتی ئامادە ناکەن بۆ رەوت کردن لەگەڵ ئەو گۆڕانکاریانە.
چالاكوانی بواری ژنان له گه‌رمیان، ژینۆ خه‌لیل ئامژە بەوە دەکات تا ئێستاش لەبەرکەمی ھۆشیاری خێزانەکان لەبەشێک لەگوندو ناحیەو قەزاکان کچەکانیان دوای تەواوکردنی قۆناغی سەرەتایی خوێندن دادەبرێنن، ئەو وتی “لەم ساڵانەی دوایشدا بەھۆی قەیرانی داراییەوە مناڵان بەگشتی‌و کچان بەتایبەتی دابرێنراون لەبەر خوێندن، ئه‌مه‌ش زیاتر له‌گونده‌كان بەدیدەکرێ کە خێزانه‌كانیان پێیانوایە کچان پێویستیان بەوەرگرتنی بروانامە نییە ھەر ئەوەندە بەسە بزانن بنوسن‌و بخوێننەوە”.
وتیشی “بەپێچەوانەشەوە ھاندەری کورەکانیانن بۆتەواوکردنی خوێندن‌و ھەرلەکۆنەوە ئەم کلتورە چەسپاوە لایان”.
ئەم چالاکوانە جەغت لەوەس دەکات کە هۆكارێکی سەرەکی دابڕانی کچان لەخوێندن نه‌بونی قوتابخانه‌ی ئاماده‌ییه له‌به‌شێكی زۆری گونده‌كان، بۆیه ناچارن بچنە قەزاو ناحیەکان یان گوندێکی دور لەخۆیان، ئەمەش وادەکات خێزانەکان رێگە بەکچەکانیان نادەن ئەو رێگە دورە ببرنو بچنە قوتابخانەو بخوێنن.
شارەزایانی بواری پەروەردە جەغت لەوە دەکەن لەچەند ساڵی رابردودا دانەمەزراندنو هاوسه‌رگیری پێشوه‌خته هۆکارێکی دیکە بوون کە كچانی ساردكردوهتهوه له‌خوێندن.
بەڕێز عباس، شاره‌زا له بورای په‌روه‌رده بۆ ئاماژە بەوە دەکات کە یه‌كێك لههۆکارەکانی دابڕانی کچان دەگەڕێتەوە بۆ دانەمەزراندنیان لەداهاتوداو پێیانوایە خوێندن لەئێستادا جگە لەبەفیڕۆدانی تەمەن هیچی دیکە نییە، ئەو وتی “هەندێک لەخێزانەکانیش فشارێکی دەروونی زۆر لەکچەکانیان دەکەن و هەڵسوکەوتی ناپەروەردەییان لەگەڵدا دەکەنو بەهۆی ئەوەی کە لەخوێندنگایەکی تێکەڵاوە ئیتر کچەکانیان دەکەونە ژێر گومانەوەو لەئەنجامدا دەبێتە مایەی وەرسبوون دەرچوون‌و وازهێنانیان”.
وتیشی “بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌م گرفتانه دەبێت خوێندنگا ڕۆڵێکی چالاک و گرنگ بگێڕێت کەشێکی پەروەردەیی و دروستی وا بڕەخسێنێت کچان ئارەزووی وازهینان نەکەن، هه‌روه‌ها بونی توێژەری کۆمەڵایەتی زۆر گرنگە له ناوه‌نده‌كان کە کچان هوشیار بکاتەوە بەوەی لەو تەمەنەدا هاوسەرگیری گونجاو و دروست نییە و درێژه به خوێندن بده‌ن”.
توێژه‌ری كۆمه‌لایه‌تی، كارزان فواد سه‌باره‌ت بهدابڕینی كچان لهخوێندنو كاریگه‌رییه‌كانی وتی “به‌شێكی زۆر له‌كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه لههۆشیاربونهوهی ئافره‌ت ده‌ترسن، چونكه كرانه‌وه‌و فراوانبونی بیری ئافره‌ت یه‌كسانه به‌تێكشكاندنی ده‌سه‌ڵاتی پیاوسالاری له‌كۆمه‌ڵگه‌دا، بۆیه كلتور‌و ئایین هه‌وڵ بۆ حه‌رامكردنی خوێندنی ئافره‌تان ده‌ده‌ن”.
نووسراوه له‌لایه‌ن
Parwarday Maxmur
ليست هناك تعليقات: