Top Ad unit 728 × 90

ڕێكلامی بازرگانی (5000 / مانگانه‌)

بەرکار و بکەرنادیار لە کرداری لێکدراوی تێپەڕدا




بەرکار و بکەرنادیار لە کرداری لێکدراوی تێپەڕدا
سەربەست قادر 

 هەر زمانێک بخەینەبەر سەرنجی لێکۆڵینەوە و بە شوێن وردەکاری و دۆزینەوەی لایەنە جوان و سەرنج ڕاکێشەکانیدا بگەڕێین و بمانەوێت لە کێشە و گرفت و کەموکوڕییەکانی ئاگاداربین پێویستە سەرەتا ئاگادار و شارەزای یاساو ڕێساکانی زمانەکە و وردەکارییەکانی بین.
 بەو پێیەی هیچ زمانێک بێ کەموکوڕی نییە لە جیهاندا یان نەتوانراوە لەگرفت و ناتەواوی بپارێزرێت و چارەسەری هەموو کێشەکانی بکرێت بۆیە شتێکی ئاساییە کە هەر زمانێک خاوەنی چەندین کێشەبێت لە ئاستەجیاجیاکانی زمانەکەدا ئەمە بە ناتەواوی یان دواکوتوویی زمانەکە ناوزەد ناکرێت بەڵکو ئەم کێشانە پاڵنەر و هۆکارێکی گرنگن بۆ ئەوەی شارەزایان و خەمخۆرانی زمانەکە بەردەوام بن لەهەوڵ بۆ دۆزینەوە و خستنەڕووی دەیان نهێنی و لایەنی شاراوە و جوانیی زمانەکە ئەمەش وادەکات لە داهاتوودا ئەو زمانە ببێتە خاوەنی خەرمانێکی پڕ لەزانیاری و وردەکاری پێویست سەبارەت بە سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان بە زمانەکەوە.
 لەم ڕوانگەشەوە زمانی کوردی کە یەکێکە لە زمانە زیندوو و پڕ تەکنیک و جوڵەکانی جیهان ساڵانێکە لەلایەن شارەزایان و زمانناسانەوە بەردەوام توێژینەوەی لەسەر دەکرێت و کاردەکرێت بۆ ناساندن و دۆزینەوەی زۆرترین نهێنی و لایەنی جوانی و دەست نیشانکردنی گیروگرفتەکانی لەسەرجەم ئاستەکانی (دەنگسازی و وشەسازی و ڕستەسازی و واتاسازی و ....تد.) 
 ئەمەش وای کردووە لە ئێستادا خەرمانێکی باش لە توێژینەوە و پەڕتوکی زمانەوانی و ڕێزمانی سەبارەت بەم زمانە بەردەست بێت و تێیاندا زۆر بابەت و لایەنی هەستیار و گرنگی زمانەکە خراونەتەبەر باس و ناسێنراون و زانیاری پێویستیان لەسەر خراوەتەڕوو و زۆرێک لە کێشەکانیش دەست نیشانکراوە و بەردەوام لە هەوڵی دۆزینەوەی ڕێگەچارە و چارەسەردان بۆیان.
 ئەوەی من لەم وتارەدا دەمەوێت لەسەری بدوێم و بەدواداچوونی بۆ بکەم ئەو ڕێگایانە و ئەو گرفتانەن کەلە جیاکردنەوەی کرداری تێپەڕ لە تێنەپەڕدا دێنەبەردەم خوێنەر و لێکۆڵەری ئەم زمانە بەتایبەت لە کرداری لێکدراودا چونکە ئەوەی تا ئێستا لەسەری نوسراوە و خراوەتەڕوو بەزۆری دەربارەی کرداری سادە و کێشەکانی پەیوەست بە کرداری سادەوەیە و زۆر بەکەمی باس لەکرداری لێکدراو کراوە.
 سەبارەت بەم باسە و بۆ جیاکردنەوەی کرداری تێپەڕ لە تێنەپەڕ لە ئاستی سادەدا بابەتێکم لەژمارە(۲۳۷)ی گۆڤاری ڕاماندا بڵاوکراوەتەوە بە ناو و نیشانی (جیاکردنەوەی کرداری تێپەڕ لەتێنەپەڕ و گرفتەکانی بەردەمیان) کە تێیدا پێنج لەو ڕێگا و پێوەرانەی کە باون و زۆر پشتیان پێ دەبەسترێت بۆ جیاکردنەوەی ئەو دوو پۆلە کردارە خستووەتە بەرباس و بەپێی توانا کەموکوڕی هەر ڕێگەیەکیشیانم ئاماژە پێکردووە.
 هەرچەندە لەو وتارەدا لایەنی بکەرنادیارم باس نەکردووە کەبە یەکێک لە پێوەر و ڕێگا گونجاوەکانی جیاکردنەوەی کرداری تێپەڕ لە تێنەپەڕ دادەنرێت بۆیە لێرەدا چەندی پێم بکرێت لەسەر بابەتی بکەرنادیار بەتایبەت لە کرداری لێکدراودا ڕادەوەستم و هەڵسەنگاندنێک بۆ ئەو پێوەرەش دەکەم.
 لە زمانی کوردیدا دوو پێوەری هەبوونی بەرکار لە ڕستەی کردار ێپەڕ و بوونی کردار یان ڕستەی کردار تێپەڕ بە بکەرنادیار لە گرنگترین و باوەڕ پێکراوترین ڕێگاو پێوەرەکانن لە جیاکردنەوەی کرداری تێپەڕ لە تێنەپەڕ.
 هەرچەندە لەو وتارەدا باسم لە پێوەری بەرکاری کردووە بەڵام لەبەر پێویستی و پەیوەستی بە بابەتەکەوە لێرەشدا هەندێکی تر لەسەری دەدوێم.
۱ـ پێوەری بەرکار بۆ جیاکردنەوەی کرداری تێپەڕ لە تێنەپەڕ: لە زمانی کوردیدا بەرکار گرنگییەکی ڕێزمانی زۆری هەیە و بەگشتی وەک نیشانە و پێوەرێکی دانپیانراو و باوەڕپێکراو لە جیاکردنەوەی کرداری تێپەڕ لە تێنەپەڕ دەژمێردرێت بەو مانایەی هەر ڕستەیەک بەرکاری وەرگرت پێویستە کردارەکەی تێپەڕبێت و بە پێچەوانەوە.
بە گشتی ئەو پێوەر و نیشانانەی لە زمانی کوردیدا بۆ جیاکردنەوەی دوو دەستە کرداری تێپەڕ لەتێنەپەڕ دانراون گشتگیرن و تێیاندا کرداری سادە لەناسادە جیانەکراوەتەوە و ئەو گۆڕاکارییانەی لە ڕستەدا ڕوودەدەن بەجۆرێک باس کراون کە بۆ هەموو جۆرە کردارێک دەگونجێن بەڵام گەر تەماشای ئەو پێوەرانە بکەین بۆ بەشێکی زۆر لە کردارە لێکدراوەکان نەگونجان تێیاندا بەدی دەکرێت و ناتوانین لە کرداری لێکدراودا جێبەجێیان بکەین.
لە زمانی کوردیدا کۆمەڵێکی زۆر کرداری لێکدراوی تێپەڕمان هەن لەبەکارهێنانیان لە ڕستەدا پێویستیان بە بەرکاری دەرەکی نییە بیهێننە ناو ڕستەکەوە یان بەجۆرێکی تر توانای ڕاکێشانی بەرکاریان نییە تا کردارەکەی بەسەردا جێبەجێ بکرێت بەڵکو لەبەشێک لە خۆیان شوێنی بەرکارەکەش پڕدەکەنەوە و ڕۆڵی بەرکار و کردار لەناو خۆیاندا کۆدەکەنەوە و لەکاتی بەکارهێنانیان لە ڕستەدا دەبنە دوو بەش و بەشی یەکەمیان وەک بەرکار و بەشی دووەمیان وەک کردار ڕەفتار دەکەن،بەڵام ئەم دابەش بوونە کار لە لێکدراو بوونیان ناکات واتە ئەم کردارانە لەدەرەوەی ڕستەدا بە لێکدراوی دەمێننەوە و بە (لێکدراوی فەرهەنگی)ناودەبرێن.
ئەم کردارانە(کرداری لێکدراوی ناو فەرهەنگن،کاتێک دێنە ناو سینتاکسەوە لەیەکتری جیادەبنەوە و بەشی یەکەمی کردارەکە دەچێتە جێکەوتەی بەرکار و دەبێتە بەرکاری ڕستەکە.)
۱
بە پێی ئەم یاسایە ئەم جۆرە کردارانە کە ژمارەیەکی زۆریان لە زمانی کوردیدا بەرچاو دەکەوێت و هەروا بە هەوانتە ناکرێت پشتگوێ بخرێن و تەنها لەبەرئەوەی بە ڕاستەوخۆیی بەرکاری دەرەکی وەرناگرن بە تێنەپەڕ بیانژمێرین بۆیە بە پێویست زانراوە کە ڕێگایەکیان بۆ بدۆزرێتەوە بۆ ئەوەی لە گومانی تێنەپەڕبوون دوور بخرێنەوە و ئەگەر وانەکرێت پێویستە ئەم کردارانە بخرێنە ڕیزی کردارە تێنەپەڕەکانەوە کە ئەمەش پێچەوانەی مەبەستە چونکە ئەم کردارانە لە بنەڕەتدا بە سادەیی هەموویان تێپەڕن و بەشێکی زۆریشیان لە کرداری فرە چالاکی (کرد)ی تێپەڕ دروست بوون کە بەهۆی چالاکییەوە دەتوانرێت ژمارەیەکی زۆر کرداری ناسادەی تێپەڕی لێ دروست بکرێت.
 
جا ئەم کردارانە تەنها لەوەرگرتنی بەرکاردا کێشە دروست ناکەن بەڵکو لە کردنیان بە بکەرنادیاریش گرفتی دی پێش دێنن کەلە شوێنی خۆیاندا باسیان دەکەین لە نمونەی ئەو کردارانە(شەڕکرد،ڕاکرد،نوێژکرد،شوکرد،ئیش کرد،نان کرد،جووت کرد،ئاوهێنا،چالێنا،ئاوخوارد،نان خوارد،خەم خوارد،سواڵ کرد،قسەکرد،سوێندخوارد،وەسیەت کرد،بازدا،هەوڵدا،.....تد.)
لێرەدا پێویستە هەڵوەستە لەسەر شتێک بکەین بە تەماشاکردن و سەرنجدان لەبەشی یەکەمی کردارەکان بۆمان دەردەکەوێت هەموو کردارەکان بەشی یەکەمیان لەناو پێکهاتووە ئەم ناوانەش توانای جێبەجێ کردنی کردار هەیە بەسەریاندا بۆیە کاتێک لەڕستەدا بەکاردەهێنرێن و ئەرکی بەرکاریان پێ دەسپێردرێت هی ئەوەیە کە هەریەک لەم ناوانە کە دەکەونە بەشی یەکەمی کردارە لێکدراوەکانەوە دەتوانرێت زۆر بە ئاسانی هێزی جێبەجێ کردنی کردارەکانیان بەسەردا بسەپێنرێت،بەڵام کردارەکان لێکدراوبوونی خۆیان لەدەست نادەن وەک چۆن لە ڕستەی بکەرنادیاردا بەرکار بەناچاری دوای لابردنی بکەر و ئەو جێناوە لکاوەی پەیوەستە پێیەوە دێتە شوێنی بکەر و دەبێتە جێگری بکەر بەڵام بەرکاربوونی خۆی لەدەست نادات واتە نابێتە بکەر.
بۆیە ئەمە بە باشترین ڕێگە دانراوە بۆ خۆ ڕزگارکردن لەم گرفتە و ڕزگارکردنی ئەو کردارانەش لە بوونیان بە تێنەپەڕ چونکە کارێکی ناگونجاوە ئەو کردارە تێپەڕە چالاکانە بە لێکدراوبوونیان لە تێپەڕەوە ببنە تێنەپەڕ،بەڵگەیەکی دیکەی زۆر سادە و سەلمێنەری لێکدراوبوونی ئەم کردارانە ئەوەیەکە هەریەک لەم کردارانە زۆربە ئاسانی و سەرکەوتووانە دەکرێنە ناوی لێکدراو بەهەموو جۆرەکانییەوە کە ئەمەش هیچ گومانیک ناهێڵێتەوە تا بیر بۆ ئەوەبچێت کە ئەم کردارانە مادام لە ڕستەدا دوو ئەرک وەردەگرن کەواتە دوو بەشن و لێکدراونین و تەنها گونجان وای لێکردوون کە وەک لێکدراو دەربکەون بۆ نمونە:
نانکەر،ڕاکەر،ئیشکەر،ئاوهێن،شەڕکەر،نانخۆر،سوێندخۆر
..تد.
http://www.raman-media.net/pdf/1541319776_r21.pdf
:ئەم بابەتە لە گۆڤاری ڕامان بڵاوکراوەتەوە










نووسراوه‌ له‌لایه‌ن
ڕێزمانی کوردی

بەرکار و بکەرنادیار لە کرداری لێکدراوی تێپەڕدا Reviewed by Unknown on 10:29:00 ص Rating: 5

ليست هناك تعليقات: