Top Ad unit 728 × 90

ڕێكلامی بازرگانی (5000 / مانگانه‌)

چۆن بەهرەی شاراوەی قوتابییەکانمان بدۆزینەوە ؟

لە ساڵی رابردودا، قوتابییەکی تازە هاتە پۆلەکەمەوە، بەو هیوایەی فێری زمانی عەرەبی ببێت. لەسەرەتادا بینیم کێشەیەکی زۆری لەگەڵ فێربوونی زمانی عەرەبیدا هەیە، بەتایبەت هەردوو لایەنی رێزمان و داڕشتن. نەمدەزانی چۆن و بە چ شێوەیەک رایبێنم و چۆن لەو قوتابییە تێبگەم. ئەو رۆژەم زۆر باش لە یادە کە وانەکەم بە ژەنینی شمشاڵ دەستپێکرد، قوتابییەکان بێدەنگ گوێیان بۆ ئاوازەکە شلکردبوو. لە کۆتایی ژەنینەکەدا، قوتابییە تازەکە بە خۆشحاڵییەوە گوێی لە ئاوازەکە گرتبوو، وتی: ئایا ئەمە ئاوازی درامای (ساڵانی ونبوو/ سنوات الضياع)ی تورکی نییە؟ وتم بەڵی خۆیەتی. ئەم پرسیارەی قوتابییەکە، سەرنجی بۆ هەست و گوێگرتنە قووڵەکەی راکێشام. وایلێکردم بەدوای شتێکی تازەدا بگەڕێم تا لێیەوە قسەی لەگەڵ بکەم.

لەوێدا بیرۆکەی ئەوەم بۆ هات لە جانتاکەمدا، چەند وەرەقەیەکی سپی دەربێنم و بەسەر قوتابییەکاندا دابەشی بکەم. داوام لێکردن من چی دەکەم، ئەوانیش وا بکەن. دەستمکرد بە نوشتانەوەی وەرەقەکە، پێم وتن هەنگاو بە هەنگاو لەگەڵ مندا وەرەقەکە بنوشتێننەوە. تا وای لێهات خوێدانێکم دروستکرد. قوتابییەکانم زۆر خۆشحاڵ بوون بەوەی توانیان ئەوانیش وەک من بە وەرەقەکە خوێدانێک دروست بکەن. بەڵام قوتابییە تازەکە، بڕیاریدا تەحەدای هەموان بکات و هەر خۆی بە تەنها و بێ هاوکاری من ئەو کارە ئەنجامبدات. سەیرمکرد زۆر بە ئاسانی و جوانی و بە تەڕدەستییەکی سەیر کە پێشتر لە قوتابییەکانمدا نەمدیبوو، دەستیکرد بە نوشتانەوەی ورەقەکە. لە ماوەی تەنها دوو خولەکداو لەنێو سەرسامبوونی قوتابییەکان، توانی خوێدانەکە دروستبکات. دوای ئەم سەرکەوتنە، هیچ گومانم نەما من لەبەردەم بەهرەیەکی گەورەدام کە شایەنی ئەوەیە بایەخ و گرنگی پێبدەم. دەرکم بەوە کرد دەبێت پلانێکی تایبەت بۆ چاودێریکردن و بەدەمەوەچونی ئەم قوتابییە دابنێم
کلیلی چوونە ژورەوە بۆ نێو جیهانی ئەم قوتابییە، بریتی بوو لە (نوشتانەوەی وەرەقە)، داوام لێکرد وەک ئەرکی ماڵەوە، هەندێ شێوەی تر دروست بکات کە لە خوێدانەکەی پۆل ئاڵۆزتربێت. قوتابییەکە لە ماوەی دوو رۆژدا، توانی وێنەی پەپولەیەک لە وەرەقە دروست بکات کە تێیدا دە جار وەرەقەکەی بە شێوەیەکی ئەندازەیی وردو ئاڵۆز نوشتانووەتەوە. ئا لێرەدا بڕیارمدا رابەری پۆل و مامۆستایانی هاوڕێم ئاگاداربکەمەوە، تا بواری گرنگیدان و کۆمەککردنی ئەم قوتابییە فراوانتربێت. دوای گفتوگۆو پرس و راکردن لەگەڵ مامۆستایان، گەشتینە ئەو پێشنیارەی داوا لە قوتابییەکە بکەین پێشانگایەکی پەپولە بکاتەوەو قوتابخانەکەمانی پێبڕازێنینەوە. پێشنیارەکەم بە قوتابییەکە راگەیاند، زۆری بەدڵ بوو. وەرەقەی پێویستم خستە بەردەستی تا بتوانێت نزیکەی هەزار پەپوولەی رەنگاو رەنگ بە قەبارەی جیاواز جیاواز دروست بکات. ئا لەم کاتەدا پەرچەکرداری ماڵەوەیان گەیشتە قوتابخانە، قوتابییەکە پێش ئەوەی دەست بە دروستکردنی پەپولەکان بکات، هەمیشە لەبەردەم کۆمپیوتەرەکەیدا بووەو خەریکی یارییە ئەلیکترۆنییەکان بووە. کەچی ئێستا کاتەکەی لە نوشتانەوەی وەرەقەکان و دروستکردنی پەپولە بەسەردەبات. براکەی کە پێکەوە لە ژورێکدان، بەو سەرقاڵییەی قوتابییەکە خۆشحاڵ بووە، نەک لەبەر ئەوەی بەهرەی براکەی بۆ دەرکەوتووە، بەڵکو لەبەر ئەوەی چیتر یاری بە کۆمپیوتەرەکە ناکات و ئەو بە ئارەزوی خۆی و بێ گێرەو کێشە یاری پێدەکات.
باوکی قوتابییەکە پێی سەیر بووە کوڕەکەی ئاوا سەرقاڵی ئەو هونەرە تازەیە، کاتێک دەڕواتە ژوری کوڕەکەی و دەبینێت بەو شێوە جدییە خەریکی کارکردنە، پشتگیری و کۆمەکی دەکات، چونکە باوکەکە خۆی دارتاشە و نرخی کاری هونەری و داهێنەرانە دەزانێت. لە قوتابخانە، سەرەتا قوتابییەکە بایەخی وەک پێویست پێنەدرا. بەڵام کۆمەکی هاوڕێکانی پۆلەکەی، کاریگەرییەکی گەورەیان لەسەر قوتابییەکە هەبوو تا لەکارەکەی و بەهرەکەی بەردەوامبێت. بەم شێوەیە قوتابییەکە لە قوتابخانەکەدا ناویدەکرد، قوتابییەکانی دیکە دەهات بۆ لای و داوایان لێدەکرد هونەری نوشتانەوەی وەرەقەیان فێربکات، لەوانە دروستکردنی بۆق و گوڵ و هەنگ و چەندین شتی دیکە.
قوتابییەکە لە ماوەی دوو هەفتەدا، توانی نزیکەی هەزار پەپولەی رەنگاو رەنگ و قەبارە جیاواز دروست بکات و پرۆژەی رازاندنەوەی قوتابخانەکە ئەنجامبدات. پەپولەکان بە رارەوەکان و پۆلەکان و کتێبخانەی قوتابخانەکەدا هەڵواسران. بلیمەتی و بەهرەی قوتابییەکە بووە وێردی سەر زاری هەمووان. دوای ئەم سەرکەوتنە گەورەیە، قوتابییەکە متمانەی زیاتری بەخۆی پەیداکرد، بڕیاریدا لە وانەکانیدا باشتربێت و سەرکەوتنی زیاتر بەدەستبێنێت. ئیدی بە پەرۆش و حەماسەتەوە بایەخی بە وانەکانی دەدا، چونکە چێژی لە مانای سەرکەوتن وەرگرتبوو.
هەر لەم ساڵەدا، قوتابییەکە داهێنانەکانی ئاستێکی باڵاتریان بەخۆیەوە بینی، لە نوشتانەوەی وەرەقەوە گواستییەوە بۆ هونەری دارتاشی لە دارتاشخانەکەی باوکی. لە تەختە دەخیلەی پارەو تەختەی قیمە وردکردن و چەندین کەلوپەلی دیکەی دروستکرد. ئێمەی مامۆستایان کارکردنی قوتابییەکە لەسەر تەختەو دروستکردنی کەلوپەل، بەدڵ بوو. بۆ ئەوەی کۆمەکی بکەین، بڕیارماندا کارەکانی بکڕین. لە ماوەی تەنها مانگێکدا، دەیان بەرهەمی لە تەختە دروستکراوی فرۆشت کە بە شێوەیەکی هونەری وردو سەرنجڕاکێش دروستی کردبوون. ئەم سەرکەوتنە تازەیەی قوتابییەکە، باوکی ناچارکرد رێز لە بەهرەی کوڕەکەی بگرێت و لە دارتاشیدا متمانەی زیاتری پێبکات.
ئەمە چیرۆکی سەرکەوتنی قوتابی (معتز زیود)ی پۆلی هەشتەمی بنەڕەتییە لە قوتابخانەی ئیبن خەلدون لە ناێیرە. موعتەز نموونەی ئەو قوتابیانەیە کە مامۆستا دەتوانێت بیاندۆزێتەوەو بەهرەکانیان بەدەربخات و رێگای سەرکەوتنیان بۆ ئاسان بکات. لە هەمو قوتابییەکدا تروسکاییەکی رووناکی هەیە، لەوانەیە لە تاریکی و زوڵمەتی رۆژگاردا دەرنەکەوێت، ئەرکی ئێمەی مامۆستا ئەوەیە بە شوێن ئەو تروسکایەدا بگەڕێن و ژیانی دوا رۆژی قوتابییەکانمانی پێ رووناک بکەینەوە.

هەورامان قانع
سەرچاوە:
www.lakii.com



نووسراوه‌ له‌لایه‌ن
Parwarday Maxmur

چۆن بەهرەی شاراوەی قوتابییەکانمان بدۆزینەوە ؟ Reviewed by Unknown on 11:13:00 ص Rating: 5

ليست هناك تعليقات:

نموذج الاتصال

الاسم

بريد إلكتروني *

رسالة *

يتم التشغيل بواسطة Blogger.