مامۆستای سەرکەوتوو
لە خوێندنگەیەک، مامۆستای زمانی عەرەبی بۆ تەواکردنی خوێندنی باڵا، مۆڵەت وەردەگرێت و دەڕوات، مامۆستایەکی دیکە دەگوێزرێتەوە بۆ خوێندنگەکە، رۆژی دواتر دەست دەکات بە شەرحکردنی وانەکە و پرسیارێک لە خوێندکارێک دەکات، کەچی سەرجەم خوێندکارەکان دەدەنە قاقای پێکەنین. مامۆستاکە پێی سەیر بوو، ئەو هەمو خوێندارە بۆچی پێکەوە پێدەکەنن! بەڵام شارەزایی و خیبرەی چەندین ساڵەی وانە وتنەوەی، ئەو هەستەی لا دروست کرد کە لە پشت ئەم پێکەنینەوە شتێک هەیە. لە سیماو روخساری خوێندکارەکە، نهێنی پێکەنینەکە تێگەیشت. تێگەیشت خوێندکارەکان بۆیە دایانە قاقای پێکەنین، چونکە پرسیاری مامۆستاکە ئاراستەی خوێندکارێکی (تەمەڵ) و (گەلحۆ) کراوە.
جەرەس لێدراو خوێندکارەکان رۆشتنە دەرەوەی پۆل، مامۆستا بانگی خوێندکارەکەی کردو بە تەنها هەر خۆیان مانەوە، لەسەر پارەچە وەرەقەیەک، دێڕە شیعرێکی بۆ نووسی و پێی وت:
-دەبێت ئەم دێڕە شیعرە وەک ناوی خۆت لەبەر بکەی و بە کەسیش نەڵێیت.
رۆژی دواتر، مامۆستا هەمان دێڕە شیعری لەسەر تەختە رەشەکە نووسی، دەستیکرد بە شەرحکردنی لایەنی رێزمانی و لایەنی بەلاغی شیعرەکە. پاشان دێڕە شیعرەکەی سڕییەوەو بە خوێندکارەکانی وت:
کێ دێڕە شیعرەکەی لەبەرە دەست بەرزبکاتەوە؟
هیچ خوێندکارێک دەستی بەرز نەکردەوە، تەنها ئەو خوێندکارە نەبێت، ئەویش بە شەرمێکی زۆرو دوو دڵییەوە، بە ئاستەم دەستی بەرزکردەوە. مامۆستاکە بە خوێندکارەکەی وت: فەرمو بیڵێ.
خوێندکارەکە بە ترس و لەرزە، دێڕە شیعرەکەی بە نیوەو ناچڵی وت.
مامۆستاکە یەکسەر زۆر بە گەرمی و بە حەماسەوە سوپاسی کردو بە خوێندکارەکانی دیکەی وت چەپڵەی بۆ لێدەن. خوێندکارەکان لەگەڵ چەپڵە لێداندا حەپەسابوون و واقیان وڕمابوو.
ئەم دیمەنە بە درێژایی هەفتە، بەڵام بە شێوازی جیاواز، دووبارە بووەوە. مامۆستاکەش لە میانەی چەپڵە توندەکانی خوێندکارەکان، بەردەوام بوو لەسەر مەدحکردن و دەستخۆشی و ئافەرین و هەر بژی لە خوێندکارەکە.
لێرەوە تێڕوانینی خوێندکارەکان بۆ هاوڕێکەیان گۆڕا، نەفسیەتی خوێندکارەکەش بەرەو باشی گۆڕانی بەسەردا هات. وردە وردە متمانەی بەخۆی دروستکردو هەستیکرد تەمەڵ و گەلحۆ نییە، وەک ئەوەی مامۆستاکەی پێشتر پێیدەوت. هەستیکرد دەتوانێ کێبڕکێ لەگەڵ خوێندکارەکانی دیکە بکات، بگرە هەستیکرد دەتوانێت لەوانیش باشتربێت. ئەم متمانە بەخۆکردنە، هانیدا سەعی بکات و تێبکۆشێت و لەمەشدا پشت بە خۆی ببەستێت.
رۆژی تاقیکردنەوەی کۆتایی ساڵ نزیکبوەوە، خوێندکارەکە بە جدیی و بە چڕی دەستیکرد بە سەعیکردن، لە هەموو تاقیکردنەوەکان دەرچوو. بە متمانەیەکی زۆرەوە رۆشتە ئامادەیی، ئامادەیی بە پلەیەکی باش بڕی و توانی نمرەی زانکۆ بەدەستبێنێت. زانکۆی بە پلەیەکی باش تەواوکرد، بەردەوام بوو لەسەر خوێندن، بڕوانامەی ماستەری بەدەستهێنا. ئێستا خۆی بۆ وەرگرتنی بڕوانامەی دکتۆرا ئامادە دەکات.
ئەم خوێندکارە، چیرۆکی سەرکەوتنەکەی لە رۆژنامەیەکدا بڵاودەکاتەوەو تێدا هیوای خۆشی و سەرکەوتن بۆ مامۆستاکەی دەخوازێت کە لە رێگەی دێڕە شیعرێکەوە، تەواوی ژیانی گۆڕی.
لێرەوە مامۆستا دوو جۆرە:
جۆرێکیان کلیلی کردنەوەی خێرو چاکەیە، هانتدەدا، دەستگیرۆیت دەکات، هیواو ئاواتت پێدەبەخشێت، رێزت دەگرێت، قسەی نەشیاو بە دەمیدا نایەت، هەست بە هەست و سۆزی قوتابی و خوێندکارەکانی دەکات، خاوەنی پرنسیپ و پەیامە.
جۆرەکەی دیکەیان کلیلی داخستنی خێرو چاکەیە، مۆن و روو گرژە، ئاوڕ لە هاندان و دەستگیرۆیی خوێندکارەکانی ناداتەوە، ناو و ناتۆرەی ناشرین و ناڕەوا لە قوتابی و خوێندکارەکانی دەنێت، هەمیشە دەم بە گلەیی و ناڕازییە لە بەختی خۆی. ئەو خوێندکارە قوربانی دەستی ئەم جۆرە مامۆستایە بوو، بەڵام لە ساتەوەختێکی گرنگدا مامۆستایەکی دیکەی بۆ هات لە جۆری یەکەم و لەسەر دەستی ئەم مامۆستایە رێگای دەرچوون و سەرکەوتنی دۆزییەوە.
دایکان و باوکان
مامۆستایان و سەرپەرشتیاران
ئێوە لە کام جۆریانن؟
لە ئینتەرنێتەوە وەرگیراوەو کردوومە بە کوردی.
هەورامان ووریا قانع
نووسراوه لهلایهن
Parwarday Maxmur
ليست هناك تعليقات: