Top Ad unit 728 × 90

ڕێكلامی بازرگانی (5000 / مانگانه‌)

وڵاتی پێشكەوتو وابەستەی پەروەردەیەكی پێشكەوتوە

عەبدولواحید محەمەد:

گەر سەیری دەقە ئاسمانیەكان بكەیت، لەهەمویانەوە تەئكید لەوەكراوەتەوە پێویستە و دەبێت رێز لەمامۆستا بگیرێت، تەنانەت بەشێك لەپێغەمبەرەكانیش بە(معلم) ناوهێنراون، هاوكات لەهەموو دەقە دانراوەكانیش چەندین یاسا و ریسا هەبووە و هەیە بۆ بەرز و پیرۆز راگرتنی مامۆستا، لەبەر تێگەیشتنیان لەسەر ئەوەی مامۆستا پەروەردەكار و پێشەنگی كۆمەڵگەیە، چەندین كەڵە شاعیر و گەورە بیرمەند بەمامۆستایانیاندا هەڵگوتوە و پیشەكەیان بە پڕ بەهاو یەكلاكەرەوە بۆ بنیاتنانی كۆمەڵگەیەكی تەندروست وەسفكردووە، ئێستاش و لەم سەردەمەدا چەندین دەوڵەت مامۆستایانیان لە پلە بەندیدا لەریزی پێشەوە داناوە، لە ژێر رۆرشنایی ئەو راستیەی بە مامۆستایانەوە نەوەكان پەروەردە دەكرێن و دەخرێنە سەر رێگای راستی خزمەتكردن و راپەڕاندنی ئەركەكان لەهەموو پلە و پایەكان، بۆیە دەبینین شایستەی ماددی زۆر باش و ئیمكانیاتی مەعریفی فراوانیان بۆ فەراهەم كردوون، بۆنمونە یابانیەكان مامۆستایانیان لەپیرۆز راگرتندا لە پلەی ئیمپراتۆر و لەژیاندا لە پلەی یەكەمدا دانراون، لە زۆربەی وڵاتە ئەوروپیەكانیش مامۆستا هەموو پێداویستیەكانی ژیانی بۆ بەرهەڤ كراوە، چونكە لە لای ئەوان ئەوە ساغبۆتەوە “وڵاتی پێشكەوتو وابەستەی پەروەردەیەكی پێشكەوتوە” لەوبارەیەوە دەقێكی دانسقە هەیە و دەڵێت “هەرگیز پەروەردەیەكی پێشكەوتو لە وڵاتێكی دواكەوتو نابینیت بە پێچەوانە هەرگیزیش پەروەردەیەكی دوا كەوتو لە وڵاتێكی دواكەوتو نابینیت”، ئەوەی جێگای تێبینی و سەرنجە تا ئەم ساتە وەختە لای كۆمەڵگەكەمان گرنگی پەروەردە و پێشەنگەكەی كە مامۆستایە بەتەواوی بەرجەستە نەبووە ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ كۆمەڵێك هۆكار لەوانە:
1– نەبوونی فەلسەفەیەكی رون و ئاشكرا .
2- تێكەڵاو كردنی لەكەڵ سیاسەت.
3- نەبوونی وشیاری كۆمەڵایەتی و بوونیادیەكان.
دیارە لەرابردوودا هەوڵێك هەبووە بۆ گرنگی دان بە پەروەردە، بەڵام بەهەوراز و نشێوی زۆردا گوزەری كردووە و لەم چەند ساڵە دوایی بەتەواوی خاوبۆتەوە و وایكردووە مامۆستاش بكەوێتە بەر هەڕەشە و گوڕەشە ، راستە پەنجەی دەستان هەمووی وەك یەك نیە، واتا مامۆستایان هەمویان لەیەك ئاستدا نین چونكە ئەوانیش دواجار بەچاك و خراپەوە زادەی ئەم كۆمەڵگەیە ، بەڵام كاتێك كار بگاتە ئەوەی لەسەر هەڵەیەك پەلاماری حەرەمی قوتابخانە بدرێت و مامۆستاش بكەوێتە بەر لێدان و كوتان، بە دڵنیاییەوە ئەوە ئەوپەڕی بێڕێزیە و لێدانی زەنگێكی مەترسیدارە لە بنەما ئەخلاق بونیادیەكان و ئایندەی ئەم گەلە ، هەموو لایەك ئەوە دەزانین بە هۆی ئەم بارودۆخەوە مامۆستا روبەڕوی كۆمەڵێك گیرگرفت بۆتەوە كە دەبێت گرنگیان پێبدرێت و هەژماریان بۆ بكرێت كەچی لە بری ئەوەی رێزیان لێبگیرێت و ماندووبوونیان بەبایەخەوە هەڵبسەنگێرێت دەبینین بە بەرچاوی حكومەت و لایەنە پەیوەندیدارەكانەوە پەلاماریان دەدرێت و لێرەولەوێ سوكایەتیان پێدەكرێت، پارساڵ لەچەندین ناوچە هەڕەشە و پەلاماری مامۆستا درا، ئەمساڵیش هەروا ، هەر لە چەند رۆژی رابردوودا لەگوندێكی دەوروبەری هەولێر هێرش كرایە سەر حەرەمی قوتابخانەیەك و لەمامۆستایانیش درا، بە پێی زانیاریی و بەدواداچونەكان هەڵەیەك هەبووە بەڵام ئەوە ناگەیێنێت بەوشێوەیە مامەڵە لەگەڵ قوتابخانە و مامۆستا بكرێت ، من ترسی ئەوەم هەیە ئەوە ئەگەر بە بێ جەزرەبەدان تێبپەڕێت خەڵكیتریش تەشویق بكرێت بۆ ئەو شێوە هەڵسوكەوتە ناشرینە ئیتر لەحاڵەتەوە ببێتە دیاردە، بۆیە داواكارم لە وەزارەتی پەروەردە و لایەنە پەیوەندیدارەكان و یەكێتی مامۆستایان كار بكەن بۆ رێگرتن لە دووبارە بوونەوەی ئەو شێوە هەڵسوكەوتانە، بە تەواوی پشتگیری سزادانی هەر كەسێك بكەن كە زات دەكات بەو كارانە هەڵستێت، لەهەمان كاتیشدا داواكارم لە پەرلەمانی كوردستان یاسایەك دەربكات بۆ پارێزگاری كردن لە مامۆستا و دیاریكردنی ئەرك و مافەكانی مامۆستا و هەروەها قوتابیان و خوێندكاران و دایكان و باوكانیش، تاوەكو هەر لایەك سنوری خۆی بزانێت و تێپەڕی نەكات، لەبەرامبەریشدا مافەكانیش دیاری بكرێت هەر كەسە و لەو چوارچێوەیەدا هەڵسوكەوت و پێداگیری لەسەر بكات.


نووسراوه‌ له‌لایه‌ن
Parwarday Maxmur

وڵاتی پێشكەوتو وابەستەی پەروەردەیەكی پێشكەوتوە Reviewed by Unknown on 1:49:00 م Rating: 5

ليست هناك تعليقات:

نموذج الاتصال

الاسم

بريد إلكتروني *

رسالة *

يتم التشغيل بواسطة Blogger.