Top Ad unit 728 × 90

ڕێكلامی بازرگانی (5000 / مانگانه‌)

ئایا منداڵ په‌ڕه‌یه‌كی سپییه‌؟

لای زۆرینه‌ی خه‌ڵكی گشتی و به‌شێكی گرنگی خوێنده‌واره‌كانیش وه‌ڵامی پرسیاری ئه‌وه‌ی ئایا منداڵ په‌ڕه‌یه‌كی سپییه‌؟ ده‌م و ده‌ست به‌ڵێیه‌و بێ هیچ بیركردنه‌وه‌یه‌كی ووردو په‌روه‌رده‌یی بڕوا به‌وه‌هێنراوه‌ كه‌ منداڵ چۆنمان بوێت ئاوا ده‌توانین بیركردنه‌وه‌ی خۆمانیانی تێدابچێنین و وه‌ك هه‌ویرێك چۆنمان بوێت ئه‌وه‌ی لێدروست ده‌كه‌ین كه‌ ده‌مانه‌وێت، چونكه‌ خۆیان توانای بیركردنه‌وه‌و پرسیاركردنیان نییه‌و ئه‌وه‌ ئێمه‌ین هه‌موو بیركردنه‌وه‌و پرسیاره‌كانیان بۆ دروست ده‌كه‌ین خۆیان هیچ به‌شدارییه‌كیان نییه‌! ته‌نانه‌ت فه‌یله‌سوفێكی گرنگی سه‌ده‌ی هه‌ڤده‌ی وه‌ك “جۆن لۆك” پێی وابووه‌ كه‌ منداڵ په‌ڕه‌یه‌كی سپییه‌، له‌ڕاستیدا ئه‌م ده‌یده‌ ته‌قلیدییه‌ بۆ په‌روه‌رده‌وفێركردن تا ئێستاش به‌سه‌ر دونیابینی و بیركردنه‌وه‌ی په‌روه‌رده‌كاراندا زاڵه‌و كێشه‌وگرفتی په‌روه‌رده‌یی زۆری دروستكردووه‌، ئه‌مه‌ش وای كردووه‌ فێرخوازێكی ڕۆبۆت ئاساو بیرنه‌كه‌ره‌وه‌ و له‌ڕووی كه‌سێتیشه‌وه‌ ئاڵۆز دروستبكات، گرفته‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌م تێڕوانینه‌ ته‌نها له‌ سنووری منداڵیدا ناوه‌ستێت و به‌ڵكو هه‌ندێكجار ده‌گاته‌ سنووری ته‌مه‌نی هه‌رزه‌كاری و پێیان ده‌ڵێن هێشتا په‌ره‌یه‌كی سپیین و چۆنمان بوێت ئاوا دروستی ده‌كه‌ین؟
ده‌بێت ئه‌وه‌بزانین به‌شێكی گرنگی لێكۆڵه‌ران و توێژه‌رانی هاوچه‌رخی په‌روه‌رده‌وفێركردن ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كه‌ن و جه‌خت له‌وه‌ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ منداڵ به‌ته‌نهاپه‌ره‌ِیه‌كی سپی نییه‌و خاوه‌ن بیركردنه‌وه‌و هه‌ست و شعوری خۆیه‌تی و ده‌توانێت دیارده‌كانی ده‌وروبه‌ری بخوێنێته‌وه‌و هه‌ڵیان بسه‌نگێنێت به‌پێچه‌وانه‌ی تێڕوانینی په‌روه‌رده‌یی كۆن، منداڵیش ده‌توانیت پرسیاربكات و به‌پێی ئاستی مه‌عریفی خۆی و هه‌سته‌كانی دیارده‌كانی ده‌وروبه‌ری خۆی بخوێنێته‌وه‌، ئه‌وه‌ی پێمانوایه‌ كه‌ منداڵ هیچ نازانێت و بیرناكاته‌وه‌و ته‌نها ئامێرێكه‌و ده‌بێت به‌پێی حه‌زوئاره‌زوه‌كانی ئێمه‌ بجوڵێته‌وه‌ ئه‌و بونه‌وه‌ره‌مان بۆدروست ده‌كات كه‌ ئێستا هه‌مووان له‌ده‌ستی ڕاده‌كه‌ن و نغرۆیه‌ له‌گرفت و ئاڵۆزی!
ئه‌و به‌ریه‌ك كه‌وتننانه‌ی كه‌له‌به‌شێكی گرنگی خوێندنگاكانی كوردستاندا هه‌یه‌و ڕووده‌دات له‌نێوان فێرخوازان و مامۆستایان به‌شێكی زۆری ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌و تێڕوانینه‌ی كه‌ تا ئێستاش پێیوایه‌ منداڵ په‌ڕه‌یه‌كی سپییه‌! زۆرێك له‌ مامۆستایان ده‌یانه‌وێت تێڕوانینی دیاریكراوی خۆیان جا ڕاست بێت یان ناڕاست به‌حوكمی پێگه‌ی ده‌سه‌ڵاتی مه‌عریفییان بسه‌پێنن به‌سه‌ر فێرخوازان و ئه‌وه‌ی تێبینی ده‌كرێت كه‌مترین بۆچوون و قسه‌ی فێرخوازان وه‌رده‌گیرێت، به‌هۆی ئه‌وه‌ی فێرخوازان ناتوانن بیربكه‌نه‌وه‌و دیارده‌كانی ده‌وروبه‌ری خۆیان هه‌ڵسه‌نگێنن! منداڵ و فێرخوازان كه‌ش و ژینگه‌یه‌كی ته‌ندروستی په‌روه‌رده‌یی و فێركارییان بۆ بڕه‌خسێت په‌ڕه‌یه‌كی سپی نین، كه‌م نین ئه‌و پرسیارو بۆچوونانه‌ی كه‌ فێرخوازان هه‌ندێكجار ده‌ریده‌بڕن و مامۆستاكانیان تووشی سه‌رسوڕمان ده‌كه‌ن، چونكه‌ پێیان وایه‌ منداڵ په‌ڕه‌یه‌كی سپیه‌و چۆن ده‌توانیێت پرسیاری گرنگ و به‌و شێوازه‌ وورده‌بیربكاته‌وه‌! له‌ڕاستیدا ئه‌وه‌ ئێمه‌ین ئاره‌زوومانه‌ و ده‌مانه‌وێت و به‌پێی بیركردنه‌وه‌ی گه‌وره‌ییمان منداڵ ده‌بێت په‌ڕه‌یه‌كی سپی بێت، ئه‌گینا خۆی به‌پێی بنه‌مای په‌روه‌رده‌یی نوێ منداڵ ئه‌و په‌ڕه‌ سپییه‌ نییه‌ چۆنمان بوێت ئاوا ڕه‌سمی بكه‌ین! ته‌نانه‌ت به‌داخه‌وه‌ زۆرجار گومان له‌وه‌ده‌كرێت فێرخواز ئه‌وه‌ قسه‌ی خۆی بێت، گه‌ر قسه‌یه‌كی جیاواز له‌مامۆستاو پرۆگرام بكات و پرسیارێكی گرنگ بوروژێنێت!
به‌چه‌ند نموونه‌یه‌كی واقیعی و زیندووی به‌شێكی كه‌می ناو خوێندنگاكانی ئێمه‌دا ئه‌وه‌مان بۆ ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ منداڵ به‌ته‌نها په‌ڕه‌یه‌كی سپی نییه‌، له‌ بابه‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی پۆلی شه‌شی بنه‌ڕه‌تی كاتێك مامۆستا وانه‌ی شۆره‌كات شی ده‌كاته‌وه‌ یه‌كێكیش له‌ فێرخوازه‌كان پرسیاری ئه‌وه‌ده‌كات شۆره‌كات مانای چییه‌؟ مامۆستاش وه‌ڵام ده‌داته‌وه‌و ده‌ڵێت به‌خاك و زه‌وییه‌ك ده‌وترێت ڕێژه‌ی خوێی زۆربێت، فێرخوازیش وه‌ڵامێكی گرنگی مامۆستاكه‌ی ده‌داته‌وه‌و زاراوه‌یه‌كی جیاواز له‌وه‌ی ناوپرۆگرام باس ده‌كات و ده‌ڵێت مامۆستا پێی بوترێت شۆره‌خاك جوانترو ته‌واوترنییه‌! فێرخوازێكیتر له‌ مامۆستاكه‌ی ده‌پرسێت مامۆستا ئێمه‌ بۆچی كاره‌با ده‌مانگرێت كه‌چی كۆترێكم بینی و كاره‌باش هه‌بوو به‌سه‌ر سیمی كاره‌باكه‌وه‌ به‌ڵام كاره‌با نه‌یگرت! گرنگه‌ هوشیاریی و ئاگایی ئه‌وه‌مان هه‌بێت فێرخوازو منداڵ وه‌ك ته‌واوكه‌ر وێنابكه‌ین و ته‌نها وانه‌بینرێن و هه‌میشه‌ ئه‌و گومانه‌مان لادروستبێت هه‌رچی بڵێن قسه‌ی خۆیان نییه‌و پێمانوابێت ناتوانن قسه‌ی جیاوازبڵێن له‌وه‌ی مامۆستا ده‌یڵێت و هه‌رله‌سه‌ره‌تاوه‌ به‌هره‌و تواناكانیان بكوژین به‌ناوی ئه‌و ڕسته‌ باوه‌ ته‌قلیدییه‌ی كه‌ ده‌ڵێت منداڵ په‌ڕه‌یه‌كی سپیه‌!

بەرێز عباس



نووسراوه‌ له‌لایه‌ن
Parwarday Maxmur

ئایا منداڵ په‌ڕه‌یه‌كی سپییه‌؟ Reviewed by Xwendga Kurdish on 6:36:00 م Rating: 5

ليست هناك تعليقات:

نموذج الاتصال

الاسم

بريد إلكتروني *

رسالة *

يتم التشغيل بواسطة Blogger.