وەزیری خوێندنی باڵا کێشەکانى خوێندکاران تا ئەوکاتە چارەسەر دەکەین کە کاریگەرى نەکاتە سەر کوالیتى
د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا کێشەکانى خوێندکاران تا ئەوکاتە چارەسەر دەکەین کە کاریگەرى نەکاتە سەر کواڵیتى
وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: وەزارەتەکەمان دۆخى سیاسى و ئابورى و کۆمەڵایەتى هەرێمەکەمانى ڕەچاوکردوە، بەڵام نابێ لە بارودۆخى ناهەمواردا پڕۆسەى خوێندن بەئاست و بەهاکانیەوە دابەزێنین، بۆیە کێشەکانى خوێندکاران تا ئەوکاتە چارەسەر دەکەین کە کاریگەرى نەکاتە سەر کواڵیتى.
ئەو ڕاگەیاندنەى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئەمڕۆ دوشەممە ڕێکەوتى (١٣/١١/٢٠١٧) لە میانەى سەرپەرشتیکردنى کۆبونەوەى هەفتانەى ئەنجومەنى دیوانى وەزارەت هات، کە تێیدا گفتوگۆ لەبارەى کارو بەرنامەکانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و دۆخى هەرێمى کوردستان کرا.
بۆ ئەوەش لەسەرەتادا د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: وەزارەتەکەمان بەهۆى ئەوەى مامەڵە لەگەڵ توێژێکى کاریگەرى کۆمەڵگە دەکات، بۆیە ئەوان بە کوڕ و کچى خۆمان دەزانین و، ئەوەى بۆمان بکرێ هەوڵ دەدەین کێشەکانیان چارەسەر بکەین، بەڵام بەشێوەیەک کاریگەرى نەکاتە سەر کواڵیتى خوێندن، چونکە دابەزاندنى ئاستى خوێندن لە زانکۆکان لەگەڵ ئەوەى زیانێکى کوشندە بەمیللەتەکەمان دەگەێنێ، لەهەمان کاتدا دڵى دوژمنانى گەلەکەشمان خۆش دەکات و هێندەى دیکە لە گەیشتن بەئامانجە نیشتیمانى و نەتەوەیەکانمان دورمان دەخاتەوە، بەوەش میللەتەکەمان بەرەو قۆناخێکى هەڵدێر دەبات.
سەبارەت بەدۆخى هەرێمى کوردستانیش، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتى: ئێستا حکومەتى هەرێمى کوردستان لە بارودۆخێکى تایبەتدایە و، پێشتر بەغداد هەوڵى دەدا مافە دەستورییەکانمان لێ وەربگرێتەوە، بەڵام ئێستا خەریکە دۆخەکە پێچەوانە دەبێتەوە و هاوپەیمانان لە هەوڵدان بۆ ڕێگریکردن لە پێشێلکردنى مافە دەستورییەکانى هەرێمى کوردستان لەلایەن ئێراقەوە، بۆیە حکومەتى هەرێمى کوردستان هەوڵى چارەسەرکردنى تەواوى کێشەکانى لەگەڵ بەغداد دەدات و، دەستوری هەمیشەیى ئێراق دەکاتە بنەماى سەرەکى گفتوگۆکانى، بۆ گەیشتن بەئامانجەکانیش وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: بەیەکڕیزى و یەک ئامانج و تەبایی و یەک وتارى دەتوانین بگەینە ئامانجە باڵاکانمان، چونکە واقیعى کوردستان و هاوپەیمانیش یەکڕیزیان لێماندەوێ، بۆیە حکومەتى هەرێمى کوردستانیش هەوڵەکانى بەو ئاڕاستەیدا دەستپێکردوە.
لە بەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا، ئامادەبوان بەسەرەنج و بۆچونەکانیان باسیان لە بارودۆخى خوێندنى باڵا و چۆنیەتى چارەسەرکردنى گرفت و کەموکوڕییەکان کرا.
نووسراوه لهلایهن
Raw Raw
ليست هناك تعليقات: