سەرۆكی پارلەمان؛ ناچێتەوە بۆ هەولێر
سەرۆكی پارلەمان؛ ناچێتەوە بۆ هەولێر
مەم بورهان قانع
بە پێی رێكەوتنەكەی ئەمڕۆی پارتی و یەكێتیی بێت، لە چەند رۆژی داهاتودا، پارلەمانی كوردستان كارادەكرێتەوە و ئامانجی كاراكردنەوەی پارلەمان-یش، لە پێناو دەرچواندنی یاسایەكە؛ كە تایبەت بێت بە “ریفراندۆم”ی هاونیشتمانیانی باشوری كوردستان.
چاوەڕواندەكرێت، سبەینێ (چوارشەممە)بزوتنەوەی گۆڕان كۆبونەوەیەك بكات بۆ ئەگەرەكانی دوای ئەم بڕیارە و چۆنێتیی هەڵوێستی بزوتنەوەكە و ئەگەری پێشوازیكردنیان لە شاندی هاوبەشی یەكێتیی و پارتی لەسەر وردەكاریی بڕیارە هاوبەشەكەیان بۆ كاراكردنەوەی پارلەمانی كوردستان.
گۆڕان، چەندین جار رایگەیاندوە: “كێشەی هەرێم، كێشەی پارلەمان و دەستەی سەرۆكایەتییەكەی نییە، بەڵكو كێشە بنەڕەتییەكە، پۆستەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستانە، كە دوو ساڵ زیاترە ماوەكەی بەسەرچوە و، دەبو هەر زوو پارلەمان یاسایەكی لەوبارەیەوە دەربكردایە و ئەو پرسەی بە یاسا یەكلابكردایەتەوە و هەرێمی كوردستان-یش توشی ئەم قەیرانە یاساییە و ئەم دۆخە كارەساتبارە قەیراناویی و سیاسییە نەبوایە و، كابینە حكومەتییەكەی ئێستای هەرێمی كوردستان-یش، دور لە چاودێریی پارلەمان، گرێبەستگەلێكی زەبەلاحی نەوتیی ئیمزانەكردایە… هتد.
بەپێی رێكەوتنەكەی ئەمڕۆی نێوان پارتی و یەكێتیی بۆ كاراكردنەوەی پارلەمان (كە بەرپرسێكی “گۆڕان” رایگەیاندوە: ئەمریكا فشاری زۆری خستوەتە سەر بارزانیی بۆ كاراكردنەوەی پارلەمانی كوردستان)، وا باسدەكرێت گوایا ئیدی تۆپەكە خراوەتە گۆڕەپانی گۆڕان-ەوە؛ بۆ ئەوەی بزانرێت چۆن شەقی تێهەڵدەدات، وەكچۆن بەر پرسێكی پارتی-ش رایگەیاندوە: “ئەگەر گۆڕان لەمبارەیەوە نەیەتە پێشەوە، ئەوكات پارتی و یەكێتیی و یەكگرتو، رێگاچارەی دیكەیان بۆ كاراكردنەوەی پارلەمانی كوردستان هەیە”.
پرسیارگەلێ دروستدەبن، گرنگترینیان ئەمانەن:
مەرجی كاراكردنەوەی پارلەمان چییە (كە وەزیرەكانی “گۆڕان”یش دەستبەكاردەبنەوە)؟ تاچەندە گۆڕان رازی دەبێت و ئەگەرەكانی دوای ئەم بڕیارە و، ئەم پێشهاتانەیش بەرەو كوێ دەچن؟
سەرەتا: دەشێ لەوە تێبگەین كە ئەگەر فشاری ئەمریكیی هەبێت بۆ ئەم كاراكردنەوەیە، ئایا دەكرێت بە مەرجی پێشوەختەوە پارلەمان كارا بكرێتەوە؟
وەڵام: نەخێر.. چونكە گۆڕان مەرجی پێشوەختە قەبوڵ ناكات و فشارەكەی ئەمریكایش لە بەرژەوەندیی گۆڕان دەشكێتەوە.
پرسیار: ئەگەر مەرجی پێشوەختە نییە، ئەی چۆن “سەعدی ئەحمەد پیرە” (كە یەكێك بوە لە بەشداربوەكانی كۆبونەوەكەی ئەمڕۆی نێوان یەكێتیی و پارتی) دەڵێت: پارلەمانی كوردستان كارا دەكرێتەوە و یەكەمین دانیشتن لەلایەن سەرۆكی پارلەمانەوە (یوسف محەمەد) بەرێوەدەچێت و دواتر دەستەی سەرۆكایەتیی پارلەمان ئیستیقالە دەكەن و، ئینجا دەستەی نوێی سەرۆكایەتیی پارلەمان هەڵدەبژێردرێت و سەرۆك بۆ گۆڕان و جێگر بۆ پارتی و سكرتێری پارلەمان-یش دەدرێتە یەكێتیی؟ (واتا كۆمەڵی ئیسلامیی لە دەستەكە دوردەخرێتەوە و، ئەمەیش لە ئێستادا خزمەتی كاراكردنەوەی پارلەمان ناكات).
دیسانەوە پێموایە: گۆڕان ناچێتە ژێر باری ئەم مەرجەوە و بەمەیش ئەم كارتەی پارتیی و یەكێتیی بۆ ئەم میكانیزمەی كاراكردنەوەی پارلەمان دەسوتێت و، یوسف محەمەد ناچێتەوە بۆ هەولێر.
لێرەدا پرسیاری دیكە سەرهەڵدەدەن، گرنگترینیان ئەمەیە:
ئەگەر گۆڕان نەچووە ژێر باری ئەم مەرجەوە، ئایا ئەوكات یەكێتیی و پارتی و یەكگرتو، پارلەمان كارادەكەنەوە و ئەمجارە كۆمەڵ (هاوشێوەی گۆڕان) لە پارلەمان و حكومەت دوردەخەنەوە؟
وەڵام: رەنگە ئەگەرێكی وەها بێتە ئاراوە و با وەهایش گریمانەی بكەین كە یەكێتیی قەبوڵی دەكات (سەرەڕای ئەوەی زەحمەتە باڵی دەستڕۆیشتوی ناو یەكێتیی؛ بچنە ژێر باری ئەگەرێكی وەهاوە)، بەڵام:
1- ناكۆكییە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان قوڵتر دەبنەوە و زیاتریش دەبێتە هۆی لێكترازانی ریزەكانی هێزە سیاسییەكان لە باشوری كوردستان.
2- زیانی گەورە بە ریفراندۆمە چاوەڕوانكراوەكەی هەرێمی كوردستان دەگات و رەنگە سەرەنجام دەنگدەرانی گۆڕان و كۆمەڵ و بەشێكی دەنگدەرانی یەكێتیی و یەكگرتو و خەڵكانی بێلایەن، دەنگی “بەڵێ” بە ریفراندۆم نەدەن و بەمەیش بەهای جەماوەریی و ناوخۆیی و ئیقلیمیی و نێودەوڵەتیی-ش بۆ ریفراندۆمەكە نەمێنێتەوە.
3- شەڕی توندی میدیایی لەنێوان هێزە سیاسییە ركابەرەكاندا زیاتر پەرەدەسێنێ.
4- ناكۆكیی ناوخۆیی یەكێتیی و یەكگرتوی ئیسلامیی لەسەر هەڵوێستی چاوەڕوانكراویان زیاتر دەبێت و، دابەشكاریی لە هەڵوێستی سەركردایەتیی و “قاعیدە”یشیاندا دروستدەبێت.
ئەنجام:
ناكرێت تەنها ئامانج لە كاراكردنەوەی پارلەمان، بۆ مەبەستی “ریفراندۆم” بێت، چونكە بە بڕوای متەوازیعی خۆم: پارلەمان، وەكو دەسەڵاتێكی یاسادانان و چاودێریكردن، زۆر لە پرسی “ریفراندۆم” گرنگتر و گەورەترە، بەتایبەتی “ریفراندۆم”ێك؛ كە رون نەبێت ئامانج و دەسكەوتەكانی چین و ،چۆن مامەڵە لەگەڵ دەرەنجامی دەنگەكانی “بەڵێ”دا دەكرێت، ئەمە لەكاتێكدایە، بە ئاشكرا هەندێ لە بەرپرسە باڵاكانی ئەم هەرێمە، بۆ ئاژانسە بیانییەكانیان راگەیاندوە: “ئامانجی ریفراندۆم ،سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان نییە، بەڵكو بۆ فشاردروستكردنە لەسەر بەغداد!”.
نووسراوه لهلایهن
zankoline
ليست هناك تعليقات: