ڕیفراندۆم ناکرێ، دوو قسەش بۆیەکێتى
(ڕیفراندۆم ناکرێ، دوو قسەش بۆیەکێتى)ئارام محمود
مەسەلەى بەرێوەچونى ڕیفراندۆم پرسێکى پڕکێشەو ئیشکالیەتە، ئیشکالیەتى ئەم پرسە کۆمەلێک هۆکاری خودى و بابەتى لەپشتەوەن، کە تەنها ئامادەیى ئیرادەیەکى یەکگرتوش، کە نائامادەیە، ئەگەر ڕاستەقینەش بێت کە گومانى گەورەى لەسەرە، نایکاتە ئەمرى واقیع، دیاریکردنى وادەى ئەنجامدانى ئەو پرۆسەیەش، بەقەد ئەوەى سەرەتاى دەستپێکردنى کێشە و کۆمەلێک پێشهاتى چاوەڕەنکراو و نەکراوە، هێندەى ئەوە ماناى یەکلاکردنەوەو کۆتایهاتنى پرسەکە ناگەیەنێت، وەک هەندێک وێناى دەکات.
بەدەر لەناکۆکییە ناوخۆییەکان، بەهۆى گۆڕینى ڕوخسارى ئەم پڕۆژەیە لەپرسێکى نەتەوەیی و نیشتماینیەوە بۆ پرسێکى حزبى و شەخسى، دەنگى نەخێر کەم نیە و بەئاشکرا تەعبیر لەخۆى دەکات، بەرێوەچونى ئەم پرۆسەیە لەکەرکوک و ناوچە دابڕاوەکان یەکێک دەبێت لەبەربەستە گەورەو حەقیقیەکان کە نەک ئەستەمە بەڵکو مەحاڵە، ئەمە لەحالێکدا گەر جدیشبن لەبەرێوەبەردنى ڕیفراندۆم لەناوچانە، مەحاڵیشى پەیوەستە بەهۆکارگەلێک بەشێکى زۆرى لەدەرەوەى توانا و دەسەڵاتى کوردن، هاوکێشەى عێراقى و ئیقلیمى و نێودەوڵەتى بەقورسى ئامادەیە لەم پرسەدا، جگە لەو ململانێ نەتەوەیى و تەنانەت تائیفى و مەزهەبیەى پرسى ڕیفراندۆم لەناوچانە دەیخولقێنێ، کە سەرکێشانى بۆ ئاڵۆزى و تێکچونى شیرازەى ئەمنى و سیاسى و کۆمەڵایەتى ئەگەرێکى بەهێز و چاوەڕوانکراوە.
لەسەر هەمو ئەمانشەوە، بەغدا نەک لەسەر ئاستى ڕەسمى، بەڵکو لەسەر ئاستى هێز و لایەنى سیاسیش، بەسوننەو شیعەوە، زاتى ئەوەناکەن پێشوازى لەوەفدێکى کوردى بکەن کە ناونیشانى ڕیفراندۆمى هەڵگرتبێت، کە جگە لە نزیکبونەوەى پرۆسەى هەڵبژاردنەکان، ئەم بابەتە هەستیارییەکى نەتەوەیى گەورەى هەیەو، لەئایندەدا دەیبینن هێزە عێراقیەکان دژایەتیکردنى ڕیفراندۆم دەکەنە بابەتێکى گەرمى موزایەدەکردن و هەوڵى کۆکردنەوەى زۆرترین دەنگى پێدەدەن، هەر وەک ئەوەى پارتى بەدیوەکەى تردا بەکارى دەهێنێت بۆ هەمان مەبەست.
لەمانەش گرنگتر ئەگەر ڕاپرسیش بەریوەبچێت، لەچەندین ناوچەى سنورى مادەى 140 کە تائەم ساتەش کورد بەموڵکى خۆى دەزانێ و بەڵگە مێژوییەکانیش خاوەندارێتى دەسەلمێنێ، دەنگى نەخێر سەردەکەوێت، بەمەش کورد بۆ هەتاهەتایە خاوەندارێتیان لەدەستدەدات.
کاک نەوشیروان لەوتارێکدا کە لە 9ى ئۆکتۆبەرى ساڵى 2007 دا بەناونیشانى (دیسانەوەى مادەى 140-هەڵسەنگاندنێکى جیاواز) بڵاویکردۆتەوە، بەوردى ئاماژەى بەقۆناغەکانى جێبەجێکردنى مادەکە و تەحەدییەکانى بەردەمى کردووە، من لێرەدا تەنها بەشى ڕاپرسى کە سێیەمین بەشى جێبەجێکردنى مادەیەکە وەک خۆى دادەنێمەوە، چونکە دڵنیام هەمو ئەوسیاسیانەى کە بەیداخى ڕیفراندۆمیان بەرزکردۆتەوە نەک هەر نەیانخوێندۆتەوە، بەڵکو هەر نەشیان بینیوە، ئەم پرسە ئەگەر لەناوەرۆکیشدا جیاوازیی هەبێت (لەگەڕانەوەوە بۆ سەربەخۆیى) ئەوا میکانیزمى جێبەجێکردنى و ئەنجامەکەشى هەمان شتە.
ڕاپرسی
“وه‌کو ماده‌ی 140 بڕگه‌ی دوه‌م نوسیوێتی: ئاسایی کردنه‌وه، سه‌رژمێری، که کۆتایی دێت به راپرسیه‌ک که له که‌رکوک و ئه‌و ناوچانه‌ی دی که کێشه‌یان له سه‌ره بۆ دیاری کردنی ویستی هاوڵاتیانی.
له سه‌ره‌تاوه ئه‌بێ دان به‌وه‌دا بنێین که قبولکردنی سه‌ره‌تای ڕاپرسی بۆ یه‌کلایی کردنه‌وه‌ی چاره‌نوسی هه‌مو ناوچه کوردنشینه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی کوردستان و ناوبردنیان به ناوچه‌کانی ناکۆکی، هه‌ڵه‌یه‌کی سیاسی- مێژویی بوه کراوه، هه‌ر که‌س و هه‌ر چه‌ند که‌س و هه‌ر لایه‌ن و هه‌ر چه‌ن لایه‌ن، لێی مه‌سول بن، له ژێر هه‌ر گوشار و له ناو هه‌ر هه‌لومه‌رجێک دا بوبێ، هیچ له مه‌سه‌له‌که ناگۆڕێ، چونکه هیچ گه‌لێ بۆ سه‌ندنه‌وه‌ی پارچه‌یه‌ک له نیشتمانه‌که‌ی ڕاپرسی قبول ناکا.
ئه‌گه‌ر گۆڕینێ له ده‌ستوری دائیمی عێراق دا بکرێ، وه‌کو عه‌ره‌بی سوننه و هه‌ندێ له عه‌ره‌بی شیعه ئه‌یانه‌وێ، پێویسته کوردیش داوای لابردنی ئه‌م سه‌ره‌تا ناڕه‌وایه بکا و، ئه‌وسا بێ ڕاپرسی داوای ناوچه کوردستانیه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی سنوری ئێستای هه‌رێمی کوردستان بکا.
راپرسیه‌که‌ش دیار نیه چۆن ئه‌نجام ئه‌درێ.
ڕاپرسی چۆن بکرێ له‌سه‌ر ناوچه ناکۆکه‌کان: گوند به گوند، ناحیه به ناحیه، قه‌زا به قه‌زا، محافه‌زه به محافه‌زه؟
چه‌ند به‌شێکی نیشتمانی کورد که‌وتۆته سنوری ئێستای نه‌ینه‌وا (موسل) له‌وانه: شێخان، مه‌خمور، سنجار و، چه‌ند به‌شێکیشی که‌وتۆته سنوری ئێستای دیاله (باقوبه) له‌وانه: خانه‌قین، سه‌عدیه، جه‌له‌ولا و، چه‌ند به‌شێکی که‌وتۆته سنوری ئێسته‌ی سه‌لاحه‌دینه‌وه (تکریت) له‌وانه: توزخورماتو و، چه‌ند به‌شێکیشی که‌وتۆته سنوری ئێستای (میسان یان واسیت) له‌وانه: مه‌نده‌لی، به‌دره..
ئه‌گه‌ر ڕاپرسی له‌سه‌ر ئاستی پارێزگا بکرێ وه‌کو هه‌ندێ کورد ئه‌یانه‌وێ له که‌رکوک ئه‌نجام بدرێ (دوای گێڕانه‌وه‌ی بۆ سنوری ئیداری1968)، ئه‌وا له موسل: مه‌خمور، شێخان، شه‌نگار و، له دیاله: خانه‌قین و سه‌عدیه و جه‌له‌ولا و، له سه‌لاحه‌دین: توزخورماتو و، له واسیت : مه‌نده‌لی و به‌دره ئه‌دۆڕێ له به‌ر هۆیه‌کی ئاسان، چونکه زۆرایه‌تی ئه‌و پارێزگایانه عه‌ره‌بن و، ئه‌و ناوچه کوردیانه قورساییه‌کی دیموگرافی‌یان نیه له چاو تێکرای دانیشتوانی عه‌ره‌بی پارێزگاکه‌دا.
ئه‌گه‌ر ڕاپرسی له سه‌ر ئاستی قه‌زا بکرێ وه‌کو هه‌ندێ پێشنیار ئه‌کا ئه‌وا که‌رکوک که ئێسته چاوی هه‌مو لایه‌کی له‌سه‌ره هه‌روه‌ها دوز له دۆڕانه‌وه نزیکتره تا بردنه‌و”.
لەسەر ئاستى ناخۆش، بەرێوەچونى ڕیفراندۆم لەغیابى پەرلەماندا، کە بەگوێرەی مادەی یەکەم لە بڕیاری ژمارە (11)ی ساڵی 2005ی پەرلەمانی کوردستان، پەرلەمان تاکە مەرجەعی سیاسی و دەستوریە بۆ بڕیاردان لەسەر پرسە چارەنوسسازەکانی گەلی کوردستان. جگە لەوەى بایەخێکى یاسایى بۆ پرۆسەکە ناهێڵێتەوە، بەوپێیەى سەرۆکى لیژنەکە کێشەى شەرعیەتى هەیە و وەک عەرەب دەڵێت (فاقد شىء لایعطى)، سەپاندنیشى حەرفیەن بەو شێوەیەى پارتى دەیەوێ بێئەوەى بچوکترین تێبینى لایەنەکان و بەتایبەت یەکێتى شەریکە ڕیفراندۆمى بەهەند وەربگيرێت، لەگەڵ ئەو خاڵەى پێشتر بەدرێژى باسمانکرد، دووخاڵى جەوهەری دەبن کەیەکێتى دەخەنە بەردەم ئیحراجییەکى گەورەو بەرپرسیارێتیەکى ئەخلاقى و تەنانەت توڕەیى جەماوەرەکەشى، چونکە ئەوان لەهەمو کەس باشتر دەزانن پارتى تائێستا بچوکترین ڕێزى لەنەخشە ڕێگاو دونیابینى یەکێتێى نەگرتوە کە بۆ چاککردنى گوزەرانى خەڵک پێشنیازى کردوە، ئەمەش تەنها یەک لێکدانەوە هەڵدەگرێت، کە یەکێتى جگە لەوەى لەتەواوى پرۆژەکانى خۆى پاشەکشێى کردوەو ئیرادەى ئەوەشى نەماوە بەرگرییان لێبکات، چیتر هێزێکى کاریگەر و شەریک و بەشدارى ڕاستەقینە نیە لەپرۆسى سیاسى، بەڵکو بۆتە تەواوکارى ئەجێنداکانى پارتى و ڕەخساندنى ئەو زەمینەیە سیاسیەى پارتى دەیەوێ.
لەگەڵ ئەوەى بڕیارى ڕیفراندۆم مەسەلەیەکە بەمردوى لەدایک بووە و لەئایندەیەکى نزیکیشدا کاردانەوە عێراقى و ئیقلیمى و دەولییەکانى دەبینین، بەڵام ئەمە هیچ لەبایەخى ڕاستیە کەمناکاتەوە، ئەگەر بڕیاردان لەڕیفراندۆم بەوشێوازەى ئێستا بسەپێ و کاردانەوەى جدى لەسەر ئاستى ناخۆى یەکێتى نەبینین، چیتر ئەو حزبە خەڵکێکى عاقڵ نادۆزێتەوە قەناعەتى پێ‌بکات، ئەم تەبەعیەت و تەسلیمبونە تەواوەتیە بەپارتى گوزارشت لە ڕاى هەموو یەکێتى ناکات، چونکە خەڵک مامەڵە لەگەڵ واقیع و ئەوە دەکات کە بەچاوى خۆى دەیبینێ، نەک چیرۆکى ناڕەزایى و ڕەتکردنەوەى ژێرلێو.
ئەو یەکێتیەى ئەکت و پراکتیکى هەیە، بەفیعلى تەعبیر لەسیاسەتى ئەو حزبە دەکات، نەک ئەوەى بەزمانى خەڵک قسەدەکا و فرمێسک بۆ ئازارەکانى دەرێژێ، کە جگە لەوەى وەک هاوڵاتیەکى بێدەسەڵات ناتوانێ هیچ کاریگەرییە دابنێ و هیچ لەسەر زەمینى واقیعیش بگۆڕێ، دونیایەک گومانیش لەسەر ڕاستگۆیى خۆى دروستدەکات.
نووسراوه له‌لایه‌ن
zankoline
ليست هناك تعليقات: