لەزاری ژنێکەوە
لە زاری ژنیکەوە
حسێن علی شریف/ماڵپەڕی زانکۆلاین
هەتا ئەمڕۆش نامەوێت ماکسیەکەم بەرز کەمەوە !. هەفتەیەک بەر لەوەی ئیسماعیلی برام خەتەنە بکەن .دایکم تەواوی گەرەکو هەمو خزمو ناسراوەکانی شاریشی ئاگادار کردەوە. تەنانەت بە حەمەی هەسەنیشا کە ئەو کات جیبێکی پێ بو لە خەتی دەرەوەی شار ئیشی ئەکرد دایکم جوابی بۆ خزمە نزیکەکانی هەردو موجەمەعی عەربەتو زەڕایەنیش نارد. بەو پارەشی کە پاشەکەوتی کردبو بەرانێکی قەڵەوی کڕیو چەندین کیلۆ چکلێتو کورسی نەعناشی لە دوکانەکەی حاجی مەجید کڕی. دایکم ئەیویست ئەو رۆژە بکاتە بۆنەیەکی گەورەو ئەشی ویست زۆرترین خەڵک لەو خۆشیەدا بەشداری بکەن. ئەو رۆژەم لە بیرە کە ماڵی ئێمە کەسێکی تری نەئەگرت .هەرکەسەو بە دیاری جوانو تەنانەت ماڵ خالە سەلاحم پاسکیلێکیان بە دیاری هێنابو بۆ ئیسماعیل. براکەم لە خۆشی ئەو هەمو دیاریە کە بۆیان هێنابو هیچ ترسی لە هاتنی خەتەنە چیەکە نەبوو بگرە حەزیشی ئەکرد زوتر ئەوە ڕوبداتو دیاریەکانی خۆی وەر گرێت. رەحیمی موزەمیدو پیاوەکانی تر کە ژمارەیان شەش حەوت پیاوێک بوو لە لای حەمامەکەی گەڕەکەوە دەر کەوتن.دایکم هەر لەوێوە هەتا بەر دەرگای ماڵ هەل هەلەی لێ ئەداو چکلێتی ئەکرد بە سەر پیاوەکانا. دایکم ئەیویست بە هەمو خەڵکی شار بڵێت کە کوڕە تاقانەکەی سونەت ئەکەن. لە ناو حەوشە گەورەکەی ماڵاو لە سەر کورسیەک ئیسماعیلیان لە باوەشی باوکما داناو خاڵە فاتیحمو ئازادو کەمالی ئامۆزام کە هاوڕێێ ئیسماعیل بون بۆ ڕەوینەوەی ترسو شڵەژان لە تەنیشت ئیسماعیلەوە وەستابوون. ئیتر لە گەڵ تەواوبونی پرۆسەی خەتەنە کردنەکەدا بو بە شاییو بە تەسجیلە گەورەکەی ماڵ بەکرەیەکی حەسەن زیرەکیان خستە سەری. خێرا مەجیدی قەساب حەیوانەکەی سەر بڕیو ژنان کەوتنە بەخشینی حەڵواو کولیچەو دایکم زو بانگی لە ژنەکان کرد کە بکەونە خواردن دروست کردنو گۆشت بەخشینەوە. ئەمە چیرۆکی رۆژی خەتەنە کردنی براکەم بوو. ئەی چیرۆکی من چۆنە ؟!. ئەو رۆژەی کە باجی عەتیەی مامان لە گەڵ دایکما خۆی کرد بە ژوردا دایکم بە پەلە دەرگاکەی بە ئەسپایی لە دوای خویەوە پێوە داو بە بەتانیەکی ئەستوریش تەواوی ڕوی پەنجەرەکەی داپۆشی. دایکمو باجی عەتیە بە هێواشی قسەیان ئەکردوو لە هەر دەنگێک ڕائەچڵەکینو بێ دەنگ ئەبوون. من نەم ئەزانی ئەوان بۆ وا ئەکەن ،بەڵام ئەمزانی ڕوداوێک ڕو ئەدات. دایکمو باجی عەتیە منیان بردە ژورەکەی پشتەوەو بە منیان وت کە ماکسیەکەم بەرز کەمەوە. من ئەو کات تەنها مناڵێکی شەش ساڵان بووم ،بەڵام ئەمویست بزانم بۆچی ئەبێت کە ماکسیەکەم بەرز کەمەوە. دایکم بە ئەسپایی وتی باکەس نەزانێو حەیامان نەچێت زو مەکسیەکەت داکەنەو باجی عەتیە خەتەنەت ئەکا. من هەتا ئەو کاتە نەمزانیبو کە کچیش خەتەنە ئەکرێت. من ئەمزانی کە کوێی ئیسماعیلی برام خەتەنە ئەکەن ،بەڵام نەمئەزانی کوێی من خەتەنە ئەکرێت !. ئاخر خۆ من شتێکم نەبو تا خەتەنە بکرێت!. یەکەم جار بیرم بۆ ئەوە چو کە لوتم خەتەنە کەن.دواتر بۆ پەنجەکانی دەستم .ئەنجا بۆ پەنجەکانی قاچم.چونکە هەرچیم ئەکرد نەم ئەزانی کوی لە جەستەی منا ئەبێت لێ بکرێتەوە. ویستم ڕاکەم بەڵام دایکم گرتمیو بە پەڕۆیەک دەمیان بەستم .هەردو دەستیان بەستمەوەو هەردو قاچیان بڵاو کردمەوە .منی مناڵو لاواز نەمئەتوانی هەوڵێک بدەم بۆ دەرباز بون تەنها ئەوەندەم بینی باجی عەتیە موسێکی لە ژێر کەواکەی دەرکردو ئەوەندەی بڵێی یەکو دو ئازارێک هەناوی لەت کردم. لە تاو ئازار بورامەوە کە هۆشیشم هاتەوە دایکم وتی نابێت کەس بزانێتو یەک دو رۆژێک دانیشەو قسە مەکە تا ئازارت نامێنێ. من هەوڵم ئەدا کە لەوە تێ بگەم بۆچی ئەبێت لە خەتەنە کردنی ئیسماعیلی براما هەمو شار بزانێتو لە هی منا نابێت کەس بزانێت. هەرچیم ئەکرد ئەمویست تێ بگەم بۆچی بۆ سونەتی ئەو دیاریو بەخشیشی زۆری پێ ئەدەنو بۆ من ئەبێت ئازارەکانیشم تەنها بۆ خۆم بێتو کەسی تر لە گەڵم بەشی نەکا. ئەمویست تی بگەم بۆچی بۆ ئەو شایی ئەکەنو بۆ من لە پشت دیوارو پەردەی ڕەشەوە ئەنجامی دەن. من ئێستاشی لە گەڵا بێت وەڵامی ئەم پرسیارانەم دەست نەکەوتوەو باوەڕیش ناکەم دەستم کەون. من هەتا ئێستاش لە گەڵ ئەو ئازارەدا ئەتلیمەوە ئازارێک بو هەتا ئیستاش لە جەستەما دەر ناچێتو بە هۆی ئەو ئازارەشەوە ژیانی هاوسەرگیریم تێک چوو. ئێستا بوم بە بێوەژنێکو لە هەمو ئەو کەسانە ئەترسم کە ئەیانەوێت مەکسیەکەم بەرز کەمەوە. هەتا ئەمرۆش من رقم لەو کەسانە ئەبێتەوە کە ئەیانەویت ناوگەڵی من ببینن .هەتا ئێستاش هەرکەسیک بیەویت قاچەکانم بڵاو کاتەوە وا هەست ئەکەم باجی عەتیەیەو بە موسێکی تیژەوە جەستەم ئەبڕێت. هەتا ئێستاش من باجی ئەو رۆژە ئەدەم کە دایکمو باجی عەتیە وایان لێ کردم.
نووسراوه لهلایهن
zankoline
ليست هناك تعليقات: