Top Ad unit 728 × 90

ڕێكلامی بازرگانی (5000 / مانگانه‌)

تاوانێکی گەورەیە مرۆڤ نەتوانێ لەم دنیایەدا خۆشبەخت بژی

(خۆ کوشتن تاوانێکی گەورەیەبەڵام لە ڕاستیدا ئەوەش تاوانێکی گەورەیە مرۆڤ نەتوانێ لەم دنیایەدا خۆشبەخت بژی)
من لە ژیانی خۆمدا میزەڵانم فرۆشتووە، گوڵەبەڕۆژەو ئاوو چلورەم فرۆشتووە، سەربازیم کردووە، سەدان کیلۆمەتر بە ناو لوغم و تەقەمەنیدا بە قاچاغ بە ناو سنووری وڵاتاندا ڕۆشتووم بۆئەوەی بگەمە (خۆشبەختی) وەلێ نەگەیشتووم، مرۆڤ ئەگەر بیهەوێ ڕەشبین بێت هەزاران بیانووی هەیە، مرۆڤ بۆئەوەی بیەوێت خۆی بکوژێت سەد پاساوی بە دەستەوەیە، تۆ چلورەت نەفرۆشتووە کاتێ دانە دانە بە بەرچاوتەوە ئەتوێنەوە، توانەوەی یەک چلورە بەسە بۆ ئەوەی بتکاتە ڕەشبینترین مرۆڤی دنیا، بەڵام ئەوەی کۆمەک بەو دۆخە ئەکات مرۆڤ بەو بڕو ئەندازە دەتوانێت خۆشبەخت بێت شتی بچووک بچووکە (وردە بەختەوەری)، کابرایەک چوو بۆ لای پزیشک و پێی وت(پەنجە ئەخەمە سەر هەر شوێنێکی لەشم ئەو شوێنەم ئازاری هەیە) دکتۆر وتی کاکی من تۆ پەنجەت شکاوە ئەگینا ئەندامەکانی لەشت ساغن.(ئێمە هەموومان ساغین وەلێ بیرکردنەوەمان نەخۆشە) ئێمە ساغین وەلێ هەڵبژاردنی ( کەس و شوێنەکانمان) هەڵەیە.
تۆ ڕەنگە هەرگیز بیرت لەوە نەکردۆتەوە کە شتە بچوکەکانیش ماناو دەلالەتی گەورەو قوڵیان هەیە، کابرایەک شەوێک چوو خۆی بخنکێنێت، چەند جارێک حەبلەکەی هەڵدا بۆسەر درەختەکە بەڵام حەبل نەگەیشتە سەر لقی دارەکە دەستی بەر یەک دەنک (توو) ی نەرم کەوت و خستیە دەمیەوە هستی بە تامێکی شیرینی خۆش کرد، بۆیە تابەیانی دەستی کرد بە توو خواردن، خۆکوشتنی بیر چوویەوە، بەیانی یەکەمجاری بوو گزنگی خۆر ببینێت، یەکەمجاری بوو منداڵەکان ببینێ ئەچن بۆ قوتابخانە، یەکەمجاری بوو ببینێت خەڵک چەند دڵخۆشن. (یک توت شیرین مانع خودکشی) ، یەک تووی شیرین بووە هۆی ئەوەی مرۆڤێک لەکوشتن ڕزگاری بێت، لەو شوێنەی کە تیایدایت وەرە دەرەوە، دنیا بە ئەندازەی خەیاڵەکانی ئێمە نییە، ماسی ناو حەوز وا هەست دەکات ژیان بە ئەندازەی شوشەکەیەتی، لە کاتێکا دنیا زۆر لە شوشەی ماسی گەورەترە. ئێمەش وا هەست ئەکەین دنیا تەنها بریتیە لە (فەیسبووک و لە کتێب و لە حیزب و لە ئاین و لە موناقەشە و لە مونافەسەو یەکتر بوغزاندن).

18986413_455965294751112_1580389433_o
تۆ کارێکی تر بکە، جوانی لە کۆمەڵێک شتدا ببینەوە کە پێشتر هەرگیز بە خەیاڵتدا نەهاتووە جوان بێت، تەنانەت شتە بچوکەکانیش ماناو دەلالەتی گەورەیان هەیە هەر وەک چۆن (مێشوولە بەو بچوکیەوە ئەتوانێ خەو لە چاوی شێر بزڕێنێت). هەر بەو ئەندازەیەش یەک(بیرۆکەی خراپ یەک هەڵبژاردەی خراپ یەک شوێنی خراپ، دەتوانێت ژیان لە مێشکی مرۆڤێکی ئاقڵدا بشێوێنێت).
هەوڵمەدە لە ژیانتا کەسێکی پڕ نهێنی و مەتەڵاوی بیت، خۆت لە زانین بە مانا ئایدۆلۆجیەکەی بەدوور بگرە، پێویست ناکا مرۆڤێک بیت پڕ بیت لە (کۆد و نهێنی) ئەوەتان لەبیر بێت ئێوە مرۆڤن نەک قاسەی پارە. بۆیە هەمیشە کراوە بە پێبکەنە بێگەردوو دڵ پاک بە وەکو منداڵ بە دوای پەپولەدا ڕابکە خاڵخاڵۆکە بخەرە سەر دەستت لە قەراغی دەریادا سەدەف کۆبکەرەوە،ئەم ژیانە وەک کێشە سەیر مەکە بەڵکو وەک دیارییەک لێی بڕوانە،( یک توت شیرین مانع خودکشی) یەک تووی شیرین ئەتوانێت ڕێگری لە مرۆڤێک بکات خۆی بکوژێت، یەک پێکەنین بە ڕووی ئینسانێکدا دەتوانێ ڕزگاری بکا لە خەمۆکیەکی قوڵ، یەک نوکتە یەک یاری، یەک باوەش، یەک منداڵ، یەک هاوسەری باش، یەک بیرکردنەوەی باش دەتوانێت دنیات بە جۆرێکی تر پێ بناسێنێت دنیا بە ئەندازەی بیرکردنەوەکانی ئێمە نییە…..پڕە لە شتی بچکۆلە، وەلێ قوڵ و مانادار.
…………………………

نوسینی:هێمن عبدولقادر



نووسراوه‌ له‌لایه‌ن
user post

تاوانێکی گەورەیە مرۆڤ نەتوانێ لەم دنیایەدا خۆشبەخت بژی Reviewed by Unknown on 6:01:00 م Rating: 5

ليست هناك تعليقات:

نموذج الاتصال

الاسم

بريد إلكتروني *

رسالة *

يتم التشغيل بواسطة Blogger.