Top Ad unit 728 × 90

ڕێكلامی بازرگانی (5000 / مانگانه‌)

بۆ ریفراندۆمچییەكان..سلێمانی ئێستا دەڵێت نەخێر  ‎

بۆ ریفراندۆمچییەكان..سلێمانی ئێستا دەڵێت نەخێر

محمد نوری ئەحمد ‎

‎چیرۆكەكە بەمشێوەیە دەستپێدەكات لە ١/٧/١٩٣٠بە مەرسومێكی پادشایی لەلایەن مەلیك فەیسەڵی یەكەمەوە پەرلەمان هەلووەشێنرێتەوەو دەشبێت تا ١٠ی ئەیلولی هەمان ساڵ هەڵبژاردنی نوێ بكرێت، بۆیەعێراق وبەریتانیای مەزن رێككەوتنامەكەی نێوانیان واژۆبكەن و پەرلەمانی نوێ پەسەندی بكات . ئەم رێككەوتنامەیەش رێخۆشكەربوو بۆ ئەوەی عێراق وەك ئەندامێكی سەربەخۆ لە كۆمەڵەی گەلاندا وەربگیرێت .لەم كاتەشدا شارە كوردییەكان دەكوڵان وداوای سەربەخۆییان دەكرد وهەوڵیان دەدا دەوڵەتی كوردی پێكبهێنن .لە٥ی ئابی هەمان ساڵ بڕیاردرا لیژنەیەكی باڵا پێكبهێنرێت و سەردانی پارێزگاكانی كوردستان بكەن. لیژنەكە پێكهاتبوو لە هەریەك لە جەعفەر عەسكەری وەزیری بەرگری و جەمیل مەدفەعی وەزیری ناوخۆ و جەمال بابان وەزیری داد ،كاپتن یانگ جێگری حكومەتی بەریتانیا لە عێراق .وەفدەكەی حكومەت دوو وتاریان ئامادەكردووبوو كە بۆ شارە كوردییەكانیان دەخوێندەوە ناوەڕۆكەكەی بریتی بوو لە : ئەو بەڵێنانەی حكومەتی خاوەن شكۆ بەكوردیان داوە جێ بەجێدەكرێت وبە هەموو شێوەیەك دژی بیرۆكەی جوداخوازی گەلی كوردن و دەیانەوێت لە چوارچێوەی عێراقدا بمێننەوە . لە رۆژی ٩/٨/١٩٣٠شاندەكە سەردانی شاری هەولێری كرد. لەوێ لەگەڵ نوێنەرانی ئەو شارەدا كۆبوونەوە .خدربەگی ئەحمەد پاشای دزەیی وەك نوێنەری سەرۆك هۆزەكان وتی:ئێمە وەك تێرە و هۆزەكان پشتگیری تەواوی داواكارییەكانی خەڵكی سلێمانیی دەكەین .ئێمە لەگەڵ سلێمانیدا دەژین و دەمرین و هەر یەكبووین ،هەرچی بە سلێمانی بدرێت دەبێ ئێمەش قازنجی لێ بكەین .پاشان ئیسماعیل بەگی رەواندزی دەستیكرد بە قسەكردن :پاشا ئێمە لەم قسە پووچانە تێربووین،باسی ئایندە دەكەن ،ئایندە هەم سبەینییە هەمیش دەساڵی تر،ئێمە دەمانەوێت ئێستا بڕیارەكان جێ بەجێ بكرێت.پاشان شێخ محەمەد ئاغای وەڵاش كە لەلایەن حكومەتەوە مانگی دووسەد رۆپییەی دەدرایە مەردانە چووە بەردەمی نوێنەری دەوڵەت وتی:بۆچیری خۆتان دەیەشێنن كورد چەكدارە بە خۆشی یان ناخۆشی مافی خۆی هەردەسێنێت.لەسەر ئەم قسەیە حكومەت ئەو پارەیەی مانگانە دەیدایە بڕی ،بەڵام دوای تەوابوونی قسەكەی بوو بە چەپڵەلێدان و خەڵكەكە هاوریان دەكرد (خەڵكی هەولێر)مردن وژیانمان لەگەڵ خەڵكی سلێمانییە… ‎ئێنجا لە ١٠/٨/١٩٣٠ئەم لیژنەیە بەرەو سلێمانی بەڕێ كەوتن .لە كاتی گەیشتنی وەفدەكە ژنان هاواریان دەكرد بژی كوردستان دەوڵەتی كوردیمان دەوێت .رۆژی دواتر كۆبوونەوەیان لەگەڵ روناكبیران ونوێنەرانی سلێمانیدا دەستپێكرد ،سەرتا حەمەی ئەوڕەحمان ئاغا كە(باپیری نێچیرڤان بارزانییە ،بزانە ئەو چۆن بوو ؟خۆشت وەڵام بدەرەوە كچەزاكەی چۆنە؟)رووی كردە نوێنەرەكانی حكومەت پێی وتن ئێمە رەمزی ئەفەندیمان داناوە بە نوێنەرایەتی خەڵكی سلێمانی و بەشێك لە شاری كەركوك قسە بكات ( مەبەستی رەمزی فەتاحە كە دەكاتە مامی برایم ئەحمەد،دیارە ئەو كاتە رێككەوتنامەی ستراتیژیی و ئابوری ونەوتی لەنێوانیاندا نەبوە. نەتەوە گرنگ بووە نەك نەوت)رەمزی فەتاح وتی::داوای هەموو كوردەكان ئەوەیە :دەوڵەتێكی كوردی دابمەزرێت لەژێر چاودێری بەریتانیای گەورە،ئێمەش وەك كورد سود وەربگرین لەبڕیارەكانی كۆمەڵەی گەلان.پاشان نوێنەری ئینگلیز وتی :ئێمە چووینە شارەكانی هەولێر وكەركوك لەوێش لەگەڵ نوێنەری كوردەكان كۆبووینەوە،هیچیان باسی سەربەخۆییان نەكرد،تەنها سلێمانی داوای جیابوونەوە دەكات .رەمزی فەتاح وەڵامی دایەوە وتی :ئەم دوو شارە لە ژێر گوشار و هەڕەشەدان،لەبەرئەوەی نەیانوێراوە ژیانی راستەقینەی خۆیان باس بكەن ،فەرمان بفەرموون بێنە ئێرە ئەوسا بۆتان دەردەكەوێت كە قسەكانی ئێمە دووبارەدەكەنەوە،هەموان بەدوای سەربەخۆیدا وێڵین ..نوێنەری بەریتانیای مەزن توڕەدەبێت و هاواردەكات بەسە ئەم قسانە .لەو كاتەدا حەمەی ئەوڕەحمان ئاغا هەڵدەداتی ودەڵێت:ئێمە كوردین و كوردستان هەر لە سلێمانی پێك نەهاتوە ،لە زاخۆوە تاخانەقین هەمووی كوردە،نامانەوێت لەگەڵ عێراقدا بژین.عیزەت بەگیش دەڵێت:گەلی كورد دەوڵەتێكی سەربەخۆی دەیەوێت،بە هەموو هێزمانەوە بۆ ئەوە هەوڵدەدەین،ئەمجارە چەك وتفەنگمان قەڵەم وموڕاجەعاتە..دیسانەوە رەمزی فەتاح دەڵێت:كوردو عەرەب قابیل نییە پێكەوە بژین ،ئێمە ئارین ئەوان سامین ،ئێمە شاخیین ئەوان دەشتەكین.تەنانەت گەر خاكی عەرەبستان بهێنیت بۆ كوردستان و خاكی كوردستان بەریت بۆ عەرەبستان،هەردووكیان خۆیان وندەكەن.. سەرۆكوەزیران دەڵێت:ئەی تووتنەكەتان لەكوێ ساخدەكەنەو؟ئێوە هەموو توتنەكەتان لە عێراق ساخدەكەنەوە.رەمزی فەتاح دەڵێت :دەیبەین بۆ ئەوروپا ،لەوێ دەیفرۆشین .(ئەوسا نەوتمان نەبوە تا بەتانكەر وبۆری ژمارەیەك كەس بیفرۆشێت و خێری بۆ ئەوان بێت وچەرمەسەری بۆ خەڵك)..جەعفەر عەسكەری دەڵێت:براكانم مەبن بە ئامێر بەدەست خەڵكەوە،بەزەییتان بە گەلەكەی خۆتان بێتەوە.تكایە كارەساتێكی تری وەك كارەساتی كەربەلا دوبارە مەكەنەوە.شێخ قادری حەفید وەڵامی دەداتەوەو دەڵێت :چییە هەڕەشەمان لێدەكەن،ئەوە بزانن ئەگەر ئینگلیز نابێت،عەرەب ناتوانێت بێتە خاكمانەوە. ‎چیرۆكەكە بەردەوامە ،كۆمەڵێك سەرۆك عەشیرەت و كەسایەتی ناوچەی بادینان كە پێكهاتوون لە:شێخ رەقیبی سورچی ،شێخ نوری بریفكانی،سەرۆكی شارەوانی ئامێدی،حەمە ئاغای براش،شێخ شەهاب زێبار ،ترخان بەگی بەرواری ..لە ٩/٨/١٩٣٠نامەیەك دەنێرێن و تیایدا دەنووسن:،ئێمە وەك هۆزەكانی سندی وگل وبەرواری ودۆسكی.هەموو شارۆچكەكانی باكور ،داوای مافەكانی كورد دەكەین،بیری ئێمە بیری سلێمانییە وهیچ جیاوازییەك لە نێوانماندا نییە.شاری سلیمانی داوی دروستكردنی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردی دەكات ،ئێمەش پشتگیری دەكەین. .. ‎چیرۆكەكە درێژە بەم كورتییە بیبڕینینەوە باشترە .تەنها خوێندنەوەی ئەم رووداوە ئەوە دەسەلەمێنیت كە سلێمانی كاتێك بۆ سەربەخۆیی وتویتی بەڵێ هەموو شارەكان دوای كەوتوون و راستگۆیانە بەرگریان لیێ كردوە .لەبەرئەوەی بە پرۆژەیەكی راستیان داناوە .بەڵام ئێستا كە شەقامی سلێمانی دەنگی نەخێر بەرزدەكاتەوە بۆ ریفراندۆم دیارە دەزانێت ئەمجارەیان چیرۆكی سەربەخویی بۆ كوشتنی كات وشاردنەوەی شكستەكانە.بەر لە ریفراندۆم گەڕانەوەی مووچە وقوت گرنگترە.سەربەخۆیش بە قسە جێ بەجێ ناكرێت



نووسراوه‌ له‌لایه‌ن
zankoline

بۆ ریفراندۆمچییەكان..سلێمانی ئێستا دەڵێت نەخێر  ‎ Reviewed by Unknown on 9:12:00 م Rating: 5

ليست هناك تعليقات:

نموذج الاتصال

الاسم

بريد إلكتروني *

رسالة *

يتم التشغيل بواسطة Blogger.