دژەکانی پەرلەمان کێن
دژەکانی پەرلەمان کێنسالار مەحمود _ ئەبوبەکر هەڵەدنی
تەنیا ئەو لایەن و گروپانە دژی پەرلەمان نین کە دەیانەوێ بە لۆژیکی خێڵ و بنەماڵە و ناوچەگەرایی کۆمەڵگا بەڕێوەبەرن. وەک چۆن تەنیا ئەو ئاراستانەش بەتەنیا نین لە دژایەتی پەرلەماندا کە دەیانەوێ بەشەرعیەتی شۆڕش و لۆژیکی هێز بەرژەوەندیە ناشەرعیەکانیان بپارێزن و پەرەی پێ بدەن. بەڵکو ئەوانەش دژەکانی پەرلەمانن کە دروشمی سیستەمی پەرلەمانی بەرز دەکەنەوەو بەکردار هەنگاو بەو ئاراستەیە نانێن.. دیموکراسی و رێزگرتن لە پرەنسیپە مەدەنیەکانی رێکخراوەیی لەهەناوی هەر حزب و بزوتنەوەیەکدا دەرخەرە بۆ ملدان و پشتیوانی ئیرادەی خەڵک کە خۆی لەپەرلەمان و دەسەڵاتی یاساو سەربەخۆیی و سەروەریی دامەزراوە گشتیەکاندا دەبینێتەوە. هەرچەندە ئەوەی هەیە لە ئێستادا حزبەکان بەس بە فۆرم لە حزب دەچن ئەگینا ئەم مۆدێلە لە هیچ کوێی دونیادا نییە جگە لەو کوردستانەی کە خەباتگێڕەکانی دوێنێش لە ئێستادا غەدری لێ دەکەن، غەدر لە خەڵکەکەی، لەنەوەکانی داهاتووی غەدر لە خاک و شەهیدەکانی ژێر خاکەکەی.
بۆیە بەکوردی و بەکورتی ئاکام دەبێ بڕوا بهێنین
ئەوە تەنیا لایەنێک نییە پەرلەمانی پەکخستووە
ئەوە ئەو عەقڵیەتە دیوەخانخوازیی و ناسیستەمخوازو پەککەوتەیە کە لە هەرە زۆرینەی لایەنەکاندا هەن و پرۆسەی سیاسەتکردنیان ناشرین کردوەو، لەسەر حیسابی یاساو دامەزراوەکان درێژە بە بەرژەوەندیی ناشەرعی و دەسەڵاتی خۆیان لەناو حزب و کایە سیاسیەکەدا دەدەن.
ئەوە ئەوانەن درێژە بەم دۆخە لەبەرژەوەندی مانەوەی خۆیاندا دەدەن..
بەڵام حەتمیەتی مێژوو نمونەی تریشمان دەدەنێ، چەرچڵ گوتەنی کەسی رەشبین سەختی لە هەموو هەلێکدا دەبینێت
کەسی گەشبین هەل لە هەموو سەختیەکدا دەبینێت.
لەسەر ئەو بنەماو لۆژیکە وای دەبینین
لەم ساتەوەختە سەختەی ژیانی کوردەواریدا
ژانی لەدایکبوونی رۆژێکی نوێ بەدی دەکەین
درەنگ یا زوو کەوتووە بەڵام مەرجەعیەتی بڕیار دەگەڕێتەوە بۆ شا رێگای شەرعی خۆی کە پەرلەمانی کوردستان و سایەی دامەزراوە یاساییەکانە. بەتایبەتیش بڕیاری نیشتمانی و چارەنووسساز پێویستە لە دامەزراوەی نیشتمانی و ناوەندی بڕیاری دەستە جەمعیەوە بێ. خەڵک بەتەواوی تێگەیشتووە کە بەبێ پەرلەمان و سایەی دیموکراسی ژیانیان خراپترو قەیرانەکان زۆرتر دەبن لەهەژموونی ئەو نەوە سیاسیەی کە تەنیا داهێنان دەکەن لە بەرهەمهێنانی قەیراندا..
نووسراوه لهلایهن
zankoline
ليست هناك تعليقات: