Top Ad unit 728 × 90

ڕێكلامی بازرگانی (5000 / مانگانه‌)

هەر قوتابییەك پێویستی بە سەرووی 70 هەزار دینار هەیە تا بتوانێ بەگوێرەی رێنوێنییەكان لە قوتابخانە ئامادە بێت. لە سیستەمی پەروەردە كە یەكپۆشی پێڕەو دەكرێ، گوایە بەو هەوڵەیان تا ڕادەیەك جیاوازی چینایەتییان لە قوتابخانەكان نەهێشتووە، بەڵام ئەوە بۆ ئێستە كە تەنگژەی دارایی پەڕوباڵی خەڵكی كردووە، كەسانێكی ناچار بەقەرز كردووە.
تەنگژەكان زۆرن و لە نێویان و بەتایبەت تەنگژەی دارایی، بڕستی لە زۆربەی خەڵك بڕیوە. ئێستە لە كوردستان چینی مامناوەند بەرەو نەمان چووە و بەگشتی دوو چین دەبینرێن، چینێك سەرمایەدارە و لە ئاسمانە، كە ئەگەر 10 تەنگژەی تریش ڕووی تێ بكات، هێندە بەرزە دەستی پێ ڕاناگا. چینەكەی تریش بەیەك جار بەزەویدا ڕۆ چووەتە خوارەوە، لە ژیانێكدا دەژین كە تەنانەت پێدانی ڕۆژانەی منداڵەكانیان بۆ ئەستەمە.
كاتێك بەدواداچوونم بۆ بازاڕی ئۆتۆمبێل دەكرد لە پایتەختی كوردستان، لە پڕ كەسێك پەیدابوو و قۆڵی گرتم. بەدەم ڕاكێشانمەوە دەیگوت، دەتەوێ ئەو ئۆتۆمبێلە مۆدیل نوێیانە پیشانی بەرپرسان بدەی!. نا، وەرە و وێنەیەكی من بگرە و بیكە بەدیاری بۆ ئەوان. ئەو تەڕدەستانە بەروانكەكەی كردە ملی، ئەو بەروانكەیەی ڕەنگی بۆیاغ، ڕەنگەكەی خۆی لێ سەندبوو. لە پشت مێزە دارەكەی دانیشت. لەكاتێكدا ئەوكی لە قورگیدا گیرابوو و قسەی بۆ نەدەهات. بەدەست ئاماژەی بۆ كار و حاڵی دەكرد. دەیویست پێمان بڵی ئەو كار دەكات و چاوی لە دەستی كەس نییە، بەڵام تەنگژەی دارایی و گیرفان بەتاڵی خەڵك، نان پەیداكردنی ئەویان ئەستەم كردووە. ئەو ڕۆژانە هەر لە حەوتی بەیانییەوە تا حەوتی ئێوارە، سندووق لە شان، لە پێشانگەكانی ئۆتۆمبێل بەدوای پەیداكردنی نانەوەیە. ڕۆژانە كە زیاتر لە هەزار دەموچاو دەبینێت، ڕزقی ئەو تەنیا لای 10 كەسیانە.
 عەبدوڵا عەبدولحەمیدی بۆیاغچی ڕۆژێك كار نەكات، پێیەوە دیارە و لە دەستكەوتی ڕۆژانەی كە تەنیا 10 هەزار دینارە، خێزان و پێنج منداڵەكەی لە قوشتەپە چاوەڕێی دەكات. ماوەیەكە بیری جلوبەرگ و پێداویستی قوتابخانە، عەبدوڵای هەراسان كردووە، ئاخر ئەو سێ قوتابی هەیە. لە چانسی عەبدوڵا، جلوبەرگی پاری سێ قوتابییەكەی گەلێك بچووك بوونەتەوە و ئەگەرچی ئەو منداڵەكانی ڕازی كردووە ئەمساڵیش بەو جلوبەرگە بەڕێ بكەن، بەڵام نەیتوانیوە بەڕێوەبەری قوتابخانەكە ڕازی بكات. ناچار عەبدوڵا بە 200 هەزار دینار قەرز، زەردەخەنە دەخاتە سەر لێوی منداڵەكانی و بیانووی مامۆستای بەڕێوەبەریش دەبڕێت. 
هاوشێوەی عەبدوڵا كەم نین. محەمەد ڕەحیم لە بازاڕی گەورەی هەولێر جلوبەرگی قوتابی دەفرۆشێت. ئەو دەڵێ، “ڕۆژانە خەڵكێكی زۆر بەبیانووی لە بیرچوونی پارە، داوا دەكەن دواتر پارەكە بدەن”. هەر ئەو دەیگێڕێتەوە، “هەبووە كە جلوبەرگەكەمان نەداوەتێ، گوارەی گوێی فرۆشتووە و پارەكەی هێناوە”. لە لای محەمەد كراسێكی قوتابی 10 هەزار و عەزیەیەك 20 هەزارە. هەر لەو بازاڕە نەوزاد سادق جانتای قوتابخانە دەفرۆشێت و نرخەكەی لە 15 هەزار بۆ 20 هەزار دینارە. پێڵاویش لای مەحموود سەردار 15 هەزارە، واتە جگە لە دەفتەر و قەڵەم و …..، كەمترینی بۆ هەر قوتابییەك 60 هەزار دینارە. خۆ ئەگەر بێت و جلوبەرگ بە دوورین بدرێت، ئەوە نرخەكەی بەرزترە. تەنیا قوماشەكەی لای محەمەدی بەزاز 35 هەزارە و خۆ دوورینێكی سادەیش لای سالاری بەرگدروو لە بازاڕگەی كاردۆ، قەمیس 10 هەزار و عەزیەش 20 هەزار دینارە.
ئەوە بۆ ئێستە بارێكی قورسە لەسەر شانی زۆربەی بەخێوكەران و “وشە” لە بەدواداچوونەكەیدا، سەردانی زۆرێك قوتابخانەی كرد و پرسیاری یەكپۆشی لە بەڕێوەبەری قوتابخانەكان كرد، ئەوان هەروەك جاران بەو بڕیارە پابەندن و هەر قوتابییەك جلوبەرگی داواكراوی لەبەر نەبێت، ناتوانێت دەوام بكات. سامیە عەبدوڵا بەڕێوەبەری قوتابخانەی شۆڕشی كچان بە “وشە”ی ڕاگەیاند، قبووڵمان نییە هیچ قوتابییەك جگە لە جلوبەرگی داواكراو، بە جلوبەرگی ترەوە دەوام بكات. 
ئەوە لەكاتێكدایە فەیسەڵ حەسەن یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی هەولێر بۆ كاروباری هونەری ڕای دەگەیەنێ، لەگەڵ ئەوەی بڕیاری یەكپۆشی هەر ماوە، بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی خەڵك لەو تەنگژە دارایییەدا، ئەمساڵ ئارەزوومەندانەیە، بۆ ئەو قوتابییانەی باری دارایییان باش نییە، بەڵام بەمەرجێك ڕێگە نەدرێت جلوبەرگی باقوبریق لەبەر بكەن.
 فەیسەڵ دەڵێ، “هەموو بەڕێوەبەرەكانمان ئاگادار كردووەتەوە بۆ ئەمساڵ چاوپۆشی لەو قوتابییانە بكرێت كە باری دارایییان باش نییە و نابێت بەهیچ شێوەیەك فشاریان بخرێتە سەر”. ئەو بە “وشە”ی گوت، “هەر مامۆستایەك، یاخود بەڕێوەبەرێك ئەوە بكات، لێپێچینەوەی لەگەڵدا دەكرێت و سزا دەدرێت”.
لە كوردستاندا شەش هەزار و 799 قوتابخانە و ملیۆنێك و 706 هەزار و 509 قوتابی هەن، كە ڕەنگە دەردی باوكی زۆرێكیان هاوشێوەی عەبدوڵا بێت.
ئێستە عەبدوڵا خەمی پۆشتەكردنی منداڵەكانی بۆ قوتابخانە نەماوە و ئەمساڵ منداڵەكان بە جلوبەرگی نوێوە دەخوێنن، بەڵام دانەوەی 200 هەزار قەرزەكەی خەمێكە و بە پێی داهاتەكەی بێت، تا ماوەیەكی درێژ لە یەخەی نابێتەوە، قەرزێك وەك مۆتەكە ڕەنگە زۆر شەو لە خەودا ڕایچڵەكێنێ.
هەولێر. چواس خالید



نووسراوه‌ له‌لایه‌ن
user post

Reviewed by Unknown on 11:57:00 م Rating: 5

ليست هناك تعليقات:

نموذج الاتصال

الاسم

بريد إلكتروني *

رسالة *

يتم التشغيل بواسطة Blogger.