بۆ كورد پهرتهواز و شه‌ڕانگێز و خۆ خۆره؟
بۆ كورد پهرتهواز و شه‌ڕانگێز و خۆ خۆره؟
(2 له 3)
عه‌لی سیرینی
تـێـبـیـنـیـی: به‌شی یه‌كه‌م له هه‌فته‌نامه‌ی ڕووداو بڵاو بوویه‌وه. به‌ڵام ئه‌م به‌شه‌ی دووه‌م و سێیه‌م بڵاو نه‌كرایه‌وه.
به‌شی دووه‌م:
باس كردن له شاری كورد، كۆمه‌ڵگای كورد و نه‌ته‌وه‌ی كورد (وه‌ك یه‌كه‌یه‌كی هاوتهباو هاوڕه‌نگ) پێش سه‌ده‌ی بیست، به‌ڵكو تا ئێستاش، له ڕووی ئه‌كادیمییه‌وه كارێكی ئاسان نیه. له به‌شی یه‌كه‌م، ئاماژه‌م دا به وێنه‌كانی یه‌كێك له گه‌وره‌ترین شاره‌كانی ئێستای كورد، له كه‌متر له سه‌د ساڵی ڕابردوو، كه هه‌ولێره. سه‌رنجدانی وێنه‌كانی هه‌ولێر، ته‌نانه‌ت تا ده‌یه‌ی چواره‌می سه‌ده‌ی بیسته‌م، ده‌ری ده‌خات كه هه‌ولێر زیاتر له گوندێكی گه‌وره ده‌چێت (قه‌ڵا و مناره و چه‌ند سه‌د خانووێك به ده‌وریانه‌وه). به‌راوردی ئه‌م واقیعه بكه به قورتوبه‌ی پایته‌ختی مسوڵمانانی ئه‌نده‌لوس پێش نزیكه‌ی 1200 ساڵ كه دانیشتوانی نزیكه‌ی ملیۆنێك كه‌س بووه و 70 كتێبخانه‌ی گشتیی تیا بووه‌و 4 زانكۆی هه‌بووه، جگه له ده‌یان قوتابخانه. هه‌روه‌ها به‌راوردی بكه به به‌غدا، له سه‌رده‌می عه‌بباسیی، كه دانیشتوانه‌كه‌ی سه‌دان ساڵ پێش ئێستا له نێوان ملیۆنێك تا دوو ملیۆن كه‌س بووه، چه‌ندین زانكۆ و قوتابخانه و كتێبخانه‌ی تیا بووه. هه‌روه‌ها به‌راوردی بكه به فلۆره‌نس و ڤینیسیای ئیتاڵیا، له سه‌ده‌ی چوارده‌م كه هه‌ر یه‌كێكیان نزیكه‌ی 100 هه‌زار تا 150 هه‌زار كه‌س دانیشتوانی بوون، جم و جۆڵی كه‌لتوریی تیایاندا هاتووه‌ته كایه‌وه.
ئه‌م حاڵه سست و گۆشه‌گیره، ڕوخساری زۆربه‌ی “شاره‌كانی” كوردستانه. لێره‌دا پێویسته ئه‌وه بزانین، كه كورد به درێژای مێژوو نیشته‌جێی گوند بووه، بازنه‌ی سیستمی به‌ڕێوه‌بردن و خۆ ڕێك خستن ته‌نها خێڵ بووه. ئنجا گوندێك یان چه‌ند گوندێك وا ڕێككه‌وتووه سه‌ر به خێڵێك بوو بن، جاری واش هه‌بووه گوندێك به ته‌نیا بێ خێڵ بووه. به‌ڵام سیستمی باو ئه‌وه بووه، كه ئاغایه‌ك یان بهگێك گه‌وره‌ی گوندێك یان چه‌ند گوندێك بووه، خۆی به زل پیشان داوه‌و به چاوی نزمه‌وه سه‌یری خه‌ڵكی كردووه، به خۆشیی و ناخۆشیی، خاوه‌و باجی لێ وه‌رگرتوون. ڕه‌عیه‌تی ژێر ده‌ستی ئاغا (كرمانج)، به دوو ئاست مامه‌ڵه‌یان له گه‌ڵ ئاغا یان به‌گ كردووه. له ئاستێكدا ته‌واو ڕقیان له خۆی و له شێوازه‌كه‌ی بووه به‌هۆی ئێره‌یی و بوغزه‌وه، له ئاستێكی تریشدا، سه‌رسام بوون به ناز و فیز و خۆ بادان و ستایڵی ئه‌م ئاغا و به‌گه و خۆ به زل زانینیان به‌رامبه‌ر به خه‌ڵك. مه‌لا كه‌سایه‌تی دووه‌م بووه، جێگای ته‌قدیر بووه، به‌ڵام هیچ ده‌سته‌ڵاتێكی نه‌بووه، هه‌میشه زیاتر كه‌وتووه‌ته ژێر باری فه‌رمان و حه‌زی ئاغا و به‌گ. شێخ یان هه‌ردووكیانی هه‌بووه (ده‌سته‌ڵاتی ڕۆحیی و سیاسیی)، یان گه‌ر ده‌سته‌ڵاتی سیاسیی نه‌بووبێـت، مه‌كانه‌تی هه‌بووه‌و خاوه‌ن موڵك بووه. به‌ڵام به شێوازێكی گشتیی شێخه‌كان خاوه‌ن ده‌سته‌ڵات بوون.
ئاغا یان به‌گ، ئنجا شێخ‌یش، مرۆڤی فش و بۆش و عه‌قڵ بچوك بوون. له وه‌همدا شێوازێكییان دروست كردووه به زۆر قه‌ناعه‌تییان به خۆیان و به ڕه‌عیه‌ت هێناوه، كه ئه‌وان جیان له خه‌ڵك: “جیاوازییه‌كی سروشتیی كه وایكردووه ئه‌مان گه‌وره بن و خه‌ڵكیش كه‌م و بچوك”!
لێره‌دا، ئاغا و به‌گ و سه‌رۆك خێڵ و شێخ، ئاڵقه‌ی په‌یوه‌ندی بوونه له گه‌ڵ حوكمڕانیی و ده‌سته‌ڵاتداره‌كانی ناوچه‌ی ئێمه (عوسمانییه‌كان، سه‌فه‌وییه‌كان و ئیتر تا سه‌رده‌می ده‌وڵه‌تی ناسیۆنالیی وه‌كو عێراق و توركیا‌و ئێران و سوریا، وێڕای وڵاتانی زلهێز).
په‌یوه‌ندی ده‌رونیی نێوان ئاغا یان به‌گ، له گه‌ڵ تاكی گوند و دێهات، په‌یوه‌ندی بوغز و كینه‌و حه‌سودیی و پێشبڕكێ و ناحه‌زیی بووه. هه‌مان شت سه‌باره‌ت به په‌یوه‌ندی نێوان ئاغا و ئاغایه‌كی تر، یان به‌گ و بهگێكی تر، یان ئاغا و به‌گ…هتد. هه‌موو ئه‌وه‌ی عه‌قڵی ئه‌م كه‌سایه‌تییه‌ی ته‌نیوه، خۆ به كه‌شخه نیشاندان و هه‌بوونی موڵك و دیواخانهیهكه، كه وا نیشانی بدات له‌وانیتر جیاوازه‌و گرنگتره. واته ئه‌م مرۆڤه، به‌درێژای ته‌مه‌نی له نه‌خۆشیی ده‌رونیی و له وه‌همدا ژیانی به‌سه‌ر بردووه. ئه‌م نه‌خۆشییه‌و وه‌همه، زۆر قووڵ په‌ڕیوه‌ته‌وه كه‌للـه‌ی تاكی گوند و دێهات، له نێویشیان ئه‌ندامانی بنه‌ماڵه‌ی ئاغا‌و به‌گ. ئیتر له كاردانه‌وه‌ی ئه‌م كردار و شێوازه، به جۆرێك له جۆره‌كان، تاكه‌كانی تریش ویستوویانه ئه‌م جۆره ژیانه دووباره بكه‌نه‌وه‌و لاسایی بكه‌نه‌وه. یه‌كێكیش له جۆره‌كان شه‌ڕانگێزی بووه، تا ڕادده‌ی په‌نا بردنه به‌ر هه‌ر هێزێك و هه‌ر ڕێگایه‌ك، بۆ په‌یدا كردنی ده‌سته‌ڵات و پاره بۆ گۆڕینی هاوسه‌نگیی له نێو خۆدا (واته له نێو تاك و گروپی ئه‌م پێكهاته‌یه). لێره‌دا خه‌ونی دروستكردنی كۆمه‌ڵگایه‌كی پێشكه‌وتوو، پڕ له زانست و به‌خته‌وه‌ریی، قه‌ت له كه‌للـه‌ی ئاغا‌و به‌گ نه‌بووه. به هه‌مان شێوه خه‌می تاكی گوند و دێهات نه‌بووه. تاقه زانستێك و خوێندنێك ئاغا و به‌گ هه‌وڵیان داوه فه‌راهه‌می بێنن، بۆ منداڵه‌كانیان بووه، كه به‌رده‌وامی بدات به “گه‌وره‌یی و سه‌روه‌ریی و كه‌ش و فشیان” به سه‌ر خه‌ڵكی ڕه‌ش و ڕوت. بۆ ژیانیش، شێوازێكی زۆر خۆ ویستانه‌و نا هه‌ماهه‌نگ، ئه‌و حاڵه‌ته نه‌رێنیه بووه، كه خه‌می تاكی ئه‌م پێكهاته‌ی كورد بووه، دوور له خه‌می گشتیی و خه‌می دراوسێ و گه‌ڕه‌ك و شار و نه‌ته‌وه. ئیتر لێره‌دا فه‌لسه‌فه‌ی تاكی كورد ئه‌وه بووه با من ژیانم خۆش بێت، خوا ده‌یكرد گوند و ئاوایی و شار وێران ده‌بوون. با موڵك و ژیانی من پارێزراو بێت، خه‌می من نیه سوپای فڵان وڵات و فیسار میلله‌ت، دێت و خاكه‌كه ده‌داته به‌ر دهڕڕاسهی دروێنه‌كردنی خه‌ڵك و بونیادییان. با من به‌خته‌وه‌ر بم، ئیشاڵڵا شار وێران ده‌بێت. ئه‌مه فه‌لسه‌فه‌ی ژیانی ئه‌م پێكهاته‌یه، له‌م پانتایه جوگرافیه‌ی، پێی ده‌گوترێ كوردستان. له به‌ر ئه‌وه‌ش نا‌بینیت شار و شارۆچكه‌ی كورد جوان بێـت (ده‌ڵێی كۆمه‌ڵه به‌ردێكی ناڕێكن ڕژاونه‌ته مه‌یدانێكی بێ سه‌روبه‌ری وشك و تۆزاویی)، ژیانێكی سه‌رفرازانه به لایه‌نی كه‌مه‌وه بۆ هه‌موو تاكێك مسۆگه‌ر بێت، هونه‌ر و زانست و كه‌لتوور له بوژانه‌وه پێشكه‌وتن بێت…هتد (هه‌زاران به‌رپرس، واته ئاغاكانی ئه‌مڕۆ، له دوور ئاوایی، بۆ خۆیان مه‌زره‌عه‌و بیری ئاو و ڤیللایان دروست كردووه، بۆ گه‌شتوگوزار و چاره‌سه‌رییش ده‌چنه ده‌ره‌وه. شاره‌كانی خۆشیان له نێو نه‌هامه‌تیی و فه‌وزاو كاره‌سات و ناشیرینیی، له په‌ڕاوێزی مێژوو، كات تێپه‌ڕ ده‌كه‌ن). ئه‌مه مانای ئه‌وه‌یه ئه‌م تاكه ئینتیمای بۆ پێكهاته‌كه سنورداره‌و به پێی هه‌ڵبژاردنێكی به‌رژه‌وه‌ندییانه‌ی چوار چێوه داره. به درێژای مێژووش ئینتیمای تاكی ئه‌م پێكهاته‌یه بۆ بازنه بچوكه‌كان بووه، هه‌ر له به‌ر ئه‌مه‌ش، هه‌میشه پرسیارێكی زل و زه‌به‌لاح مێشكی تاكی كوردی ته‌نیوه، كه بۆ كوردیش وه‌ك نه‌ته‌وه‌كانی تر خاوه‌ن ده‌وڵه‌ت و ده‌سته‌ڵات نه‌بووه؟!
له سیستمێكی ئاوا، یاسا، ڕێكخستن و دیسپڵن و پابه‌ند بوون به سیستمێكی فه‌رمانڕه‌واو دادپه‌روه‌رانه، نه له ئارادا بووه‌و نه له ئه‌رزی واقیعیش هاتووه‌ته كایه‌وه؛ چونكه نه زه‌مینه‌ی له بار هه‌بووه‌و نه مێتۆد و ئامێر بۆ به‌رپاكردنی دروستكراوه (تكام وایه بگه‌ڕێنه‌وه بۆ به‌شی یه‌كه‌می ئه‌م وتاره). ئه‌مه‌ش وایكردووه، تاكی كورد نا ڕێك و بێسه‌روبه‌ر و نا ڕێكخراو بێت، حه‌ز به یاسا نه‌كات. له‌م میانه‌دا، خه‌ون و ئامانجی گه‌وره بۆ هه‌ر تاكێك، گه‌یشتن بووه به پاره‌و سامانێك كه ئه‌و خۆشگوزه‌رانیی و مهكانهتهی بۆ دروست بكات، كه جیایه له تاكه‌كانی پێكهاته‌ی خۆی و هیچی تر. بیر كردنه‌وه له پێشخستنی كۆمه‌ڵگا، له نێو پێكهاته‌یه‌كی له‌م جۆره، شتێكی بێ مانا بووه! هه‌ر هه‌وڵێكی هونه‌ریی و ئه‌ده‌بیی و زانستیی، ته‌فاعولێكی لاپهڕگهو دووره په‌رێزی تاكی كورد بووه له گه‌ڵ خود و سروشتدا، نه‌ك له ڕێڕه‌وی توڕاسێكی كه‌ڵه‌كه بووی كۆمه‌ڵگاكه‌ی خۆی، كه ببێته هۆی كۆبوونه‌وه‌ی مه‌عریفه‌تی فره ڕه‌هه‌ند بۆ په‌ره پێدان به‌م پێكهاته‌یه (نه‌ته‌وه‌ییه، میللیه، ناسیۆنالییه…!)، كه له‌م جوگرافیایه نیشته‌جێیه و به جه‌سته ئه‌م بۆشاییه‌ی پڕ كردوه‌ته‌وه.
لێره‌دا دوو مه‌سه‌له هه‌یه ده‌مه‌وێ باسی بكه‌م. یه‌كه‌میان كه‌سێك له‌وانه‌یه پرسیار بكات ئه‌ی شۆڕشه‌كانی كورد له ڕابردوودا به‌شێك نین له عه‌قڵی هاوبه‌شی كورد و یه‌كه‌ی هه‌ست و نه‌ستی ناسیۆنالیی كورد؟ دووه‌میش ئه‌ی سه‌رهه‌ڵدانی نوێی حزب و ڕێكخراوی سیاسیی چۆن شرۆڤه بكه‌ین، كه له سه‌ر چه‌مكی نه‌ته‌وه، ناسیۆنالیزم و مۆدێرنه دروست بووه؟
بۆ پرسیاری یه‌كه‌م، من پێم وا نیه بزوتنه‌وه ڕواڵه‌تیه‌كانی كورد له ڕابردوو، به سیستمێكی ناسیۆنالییانه هاتوونه‌ته كایه‌وه. زیاتر بهرههڵستكاریكردنێكی شه‌خسیی و ناوچه‌یی بوون، هه‌ندێك جار له پێناو ده‌سته‌ڵاتی ئاغا، شێخ و سه‌رۆك خێڵ یان میر سه‌ریان هه‌ڵداوه. هه‌ندێك جاریش ململانێی ده‌سته‌ڵات بووه له ناوچه‌یه‌ك، دژ به ده‌سته‌ڵاتێكی گه‌وره‌تر، ئیتر مۆركی ناسیۆنالیی پێوه نراوه. هه‌ندێك جاریش هیچیان نه‌بوون، به‌ڵكو هه‌وڵێك بووه دوور له ناسیۆنالیزم، وه‌كو شۆڕشه‌كه‌ی شێخ سه‌عید پیران یان سه‌ید ڕه‌زا دێرسیمی. كه هه‌ردووكیان ته‌نها به‌شێك یان ناوچه‌یه‌ك پشتگیریی كردووه (من لێره ناتوانم به تێر و ته‌سه‌لی باسی ئه‌م خاڵه بكه‌م، به هۆی ڕێژه‌ی وتاری ڕۆژنامه، كه مه‌ودای چوارچێوه داره).
بۆ پرسیاری دووه‌م ده‌ڵێم ئه‌م سه‌رهه‌ڵدانه‌ی پارت و بزوتنه‌وه‌ی ناسیۆنالیی، له ڕواڵه‌تدا كۆپی كردنی شێوازی میلله‌تانی تر بوو، به‌ڵام له ناوه‌ڕۆكدا دووباره كردنه‌وه‌و درێژه پێدانی هه‌مان سیستمی پێكهاته‌ی كورد بوو، كه لهمهوپێش ئاماژه‌م پێیدا. واته ئه‌و سیستمه‌ی ئاغا‌و شێخ و به‌گ به‌ڕێوه‌یان بردووه. له به‌ر ئه‌وه‌ش هه‌ر ئه‌م چینانه بوون، بوون به سه‌رۆك و ڕێبه‌ری حزب و پارتی به‌ناو ناسیۆنالیی و دیموكراسیی و سۆسیالیی…هتد (قاسملۆ كوڕه ئاغا بوو، مه‌سعود بارزانی كوڕه شێخ، جه‌لال تاڵه‌بانی كوڕه شێخ…هتد). له نێو ئه‌م شێوازه نوێیه‌ی حزب و پارتدا، هه‌مان بوغز و كینه‌و حه‌سودیی و پێشبڕكێ، له سه‌ر كه‌ش و فش و ده‌سته‌ڵات و ناوچه‌گه‌ریی، به‌رده‌وام بوو. هه‌مان خۆ ڕێك نه‌خستن و دیسپڵننهبوون و پابه‌ندنه‌بوون به یاسا، دیده‌ن و به‌رده‌وامیی ئه‌م تاكه نه‌خۆشه‌یان ده‌رخسته‌وه. نمونه زۆرن. له ساڵی 1991 ه‌وه، ئه‌م پارتانه حوكمی كوردستان ده‌كه‌ن. هه‌ڵوه‌دای سیستمێكی پێشكه‌وتوو نه‌بوون. بیر له پێشخستنی كورد نه‌كرایه‌وه، كه مێتۆده‌كانی ئه‌وه‌نده زه‌حمه‌ت نین ئێمه 100 ساڵ دابنیشین به‌س بیری لێبكه‌ینه‌وه. گه‌ر بویسترایه، له‌م 25 ساڵه‌ی دوایی، كورد له هه‌رێمی كوردستان، ده‌یتوانی ده‌وڵه‌تێكی وه‌ك ئیمارات، سه‌نگافوره و مالیزیا دابمه‌زرێنێت. به‌ڵام ئه‌مه نه‌كرا.
ماویه‌تی
نووسراوه له‌لایه‌ن
كه‌یفی عمر
ليست هناك تعليقات: