Top Ad unit 728 × 90

ڕێكلامی بازرگانی (5000 / مانگانه‌)

مامۆستایانی ناڕازی سلێمانی شکاندنی بایکۆت رەتدەکەنەوە

ئەنجوومەنی مامۆستایانی ناڕازی لە سلێمانی هەوڵەکانی دەسەڵاتدارانی حکومەت بۆ شکاندنی بایکۆت رەتدەکەنەوە و جەختلەسەر درێژەدان بە بایکۆت و ناڕەزایی خۆپیشاندانەکان دەکەنەوە.

لە بەیاننامەیەکدا کە رۆژی چوارشەممە 9-11-2016 بڵاویانکردووەتەوە ئەنجوومەنی مامۆستایانی ناڕازی لە سلێمانی 5 داواکاریی دەخەنە بەردەست حکومەتی هەرێمی کوردستان و رایدەگەیێنن: "رۆژی شەممە 12-11 خۆپیشاندانی سەرتاسەری مامۆستایان و فەرمانبەرانە".
رۆژی چوارشەممە 9-11-2016 ئازاد حەمە ئەمین، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لەگەڵ بەرپرسانی پەروەردەی سلێمانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیان ئەنجامدا.

سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا رایگەیاند "لە رۆژی شەممە 12-11-2016 لە سنووری پەروەردەی پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی گەرمیان و راپەڕین و پارێزگای هەڵەبجە، دەرگای خوێندنگاکان دەکرێتەوە".

دەقی بەیاننامەی ئەنجوومەنی مامۆستایانی ناڕازی
مامۆستایانی ماف دزراو، کەسوکاری سەربەرزی قوتابیان و خوێندکاران، لای هەمووان ئاشکرایە مامۆستایانی کوردستان، لە خەباتێکی مەدەنی و شارستانی و ئاشتیانەدا هاتنە مەیدان بۆ گێڕانەوەی شکۆ بۆ پەروەردەو خوێندن و بۆ دزین و بەهەدەردانی سامانی گشتی، بەڵام بەداخەوە دەسەڵاتدارانی حکومەت لەبری بەدەمەوەهاتنی داواکارییەکانمان بڕیاریاندا بە شکاندنی بایکۆت و گوێنەگرتن بۆ داوا رەواکانی مامۆستایان.

ئێمە لە ئەنجوومەنی مامۆستایانی ناڕازی و دەنگی شەقام، لە کاتێکدا ئەم هەوڵە بێ بەرهەمە بۆ مامۆستایان رەتدەکەینەوەو دووپاتی دەکەینەوە کە درێژە بە بایکۆت و نارەزایی خۆپێشاندان دەدەین، هاوکات بەڵێنە جێبەجێنەکراوەکانی ساڵانی رابردووی دەسەڵات بە بیری رای گشتی دەهێنینەوە، دڵنیان ئەم بەڵێنەش بە هەمان چارەنووسی بەڵێنەکانی رابردوو دەبێت، لەوانەش:

1. خەرج نەکردنی نیو مووچەی مانگی 9ی ساڵی 2015.
2. خەرج نەکردنی پارەی هاتووچۆی مامۆستایان.
3. دوانەکەوتنی چارەگە مووچە لەکاتی خۆیدا.
4. پێداچوونەوە بە سیستەمی پاشەکەوت لەکاتی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت.
5. چاکسازی ریشەیی و پاککردنەوەی  لیستی مووچەخۆران لە ناوی دووبارە و بندیوار.

لە کۆتاییدا دووپاتی دەکەینەوە، کە سازش لەسەر مافە رەواکانمان ناکەین درێژە بە بایکۆت و خۆپیشاندانەکان دەدەین، لێرەشەوە رایدەگەیێنین، رۆژی شەممە 12-11 خۆپێشاندانی سەرتاسەری مامۆستایان و فەرمانبەرانە و هیچ جۆرە هاوکارییەک لەژێر هەر ناوێکدا بە سوووکایەتی بە شکۆی مامۆستا و پرسی پەروەردە دەزانین.

سەربەرزی بۆ مامۆستایانی خاوەن هەڵوێست، سەرشۆڕی و نەمان و شکستیش بۆ دز و جەردەو مافیا.

ئەنجوومەنی مامۆستایانی ناڕازی
9-11-2016

مامۆستایانی ناڕازی سلێمانی شکاندنی بایکۆت رەتدەکەنەوە Reviewed by k on 11:41:00 م Rating: 5

ليست هناك تعليقات: