Top Ad unit 728 × 90

ڕێكلامی بازرگانی (5000 / مانگانه‌)

فیدل کاسترۆ ته‌مه‌نێك له‌ دژایه‌تیی هه‌ژموونگه‌رایی ئه‌مه‌ریكادا

فیدل کاسترۆ ته‌مه‌نێك له‌ دژایه‌تیی هه‌ژموونگه‌رایی ئه‌مه‌ریكادا

fb_img_1480161692367

نوسینی:شوان هەورامی

فیدل ئه‌لیخاندرۆ كاسترۆ له‌ 3 / 8 / 1928 دا له‌ دایك و باوكێكی ئیسپانیایی جوتیار هاته‌ دنیا ، كه‌ پێشتر كۆچیان بۆ ئه‌و وڵاته‌ كردبوو . له‌ ساڵی 1945 دا چووه‌ زانكۆی هاڤانا و خوێندنی یاسای ده‌ستپێكرد و له‌ ساڵی 1950 دا ته‌واوی كرد و نووسینگه‌یه‌كی پارێزه‌ریی بچووكی دانا ، كاسترۆ به‌هیوابوو بگاته‌ ئه‌ندامێتیی په‌رله‌مان ، به‌ڵام دوای كوده‌تای باتیستا و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردن ، دژایه‌تیی رژێمی به‌ دروستكردنی گرووپێكی چه‌كدار ده‌ستپێكرد ، كه‌ هێرشیان كرده‌ سه‌ر سه‌ربازگه‌یه‌ك و 80 ئه‌ندامی گرووپه‌كه‌ی كوژران ، بۆ خۆیشی ده‌ستگیر كرا و به‌ 15 ساڵ زیندانیی كردن سزا درا ، به‌ڵام له‌ ساڵی 1955 دا ئازاد كراو بۆ مه‌كسیك دوور خرایه‌وه‌ . له‌ مه‌كسیك رائول كاسترۆی برا بچووكیی و هاوڕێكانی خۆیان ئاماده‌ ده‌كرد بۆ شۆڕش ، “چێ گیڤارا”ش په‌یوه‌ندیی پێوه‌ كردن و له‌وێ فیدل كاسترۆی ناسیی .

به‌ كه‌شتیه‌كی چارۆكه‌دار كاسترۆ و هاوڕێكانی كه‌ بریتیی بوون له‌ 80 كه‌س ، له‌ 2 / 12 / 1956 دا له‌ مه‌كسیكه‌وه‌ گه‌یشتنه‌ كه‌ناره‌كانی كوبا ، ئه‌م جوڵانه‌وه‌یان ناو نا بزووتنه‌وه‌ی 26 ی یۆلیۆ ، له‌ كاتی دابه‌زینیاندا له‌ناكاو سوپا هێرشی كردنه‌ سه‌ر و ته‌نیا 40 كه‌سیان توانیان پاشه‌كشه‌ بكه‌ن بۆ چیاكانی سیێرامایسترا ، له‌وێوه‌ جه‌نگی پارتیزانییان ده‌ستپێكرد ، جه‌ماوه‌ری وڵات و هه‌ندێ له‌ ئه‌فسه‌ران و سه‌ربازانی سوپا په‌یوه‌ندییان پێوه‌ كردن و له‌ دوای گوشاری شۆڕشگێڕان ، له‌ 1ی كانونی دووه‌می 1959 دا باتیستا له‌ هاڤانا هه‌ڵات و به‌ ماوه‌یه‌كی كه‌م دوای ئه‌وه‌ ” 300 ” شۆڕشگێڕ به‌ فه‌رمانده‌یی چێ گیڤارا چوونه‌ ناو هاڤانای پایته‌خت و شۆڕش سه‌ركه‌وت .

كاسترۆ له‌ سه‌ره‌تادا ویستی خۆی رانه‌گه‌یاند ، به‌ڵكو یه‌كێ له‌ سه‌رمایه‌دارانی وڵاتی راسپارد به‌وه‌ی كه‌ رایبگه‌یه‌نێت شۆڕش سوود له‌ هزری تۆماس جیفرسۆن و ئابراهام لینكۆڵن – سه‌رۆك و دامه‌زرێنه‌رانی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان – وه‌رده‌گرن بۆ به‌ڕێوه‌بردنی وڵات ، ئه‌وه‌ش بۆ خۆپاراستن بوو له‌وه‌ی له‌ هه‌ر هێرشێكی ئه‌مه‌ریكیی خۆی بپارێزێت ، هه‌روه‌كو له‌ گواتیمالا روویدا ، ته‌نانه‌ت له‌ دیداری جێگری سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا ( ریچارد نیكسۆن )دا له‌ نیسانی 1959 دا وای نیشاندا ” كه‌سێكی ساده‌یه‌ و دووره‌ له‌ مه‌یلی كۆمۆنیستیی ” ، به‌ڵام ورده‌ ورده‌ خۆماڵیكردنی پیشه‌سازییه‌ ناوخۆییه‌كانی ده‌ستپێكرد و له‌ ساڵی 1960 دا نه‌وتی له‌ یه‌كێتی سۆڤیه‌ت كڕیی ، به‌ڵام كۆمپانیای ئه‌مه‌ریكیی پاڵاوتنی نه‌وت ره‌تیكرده‌وه‌ كه‌ ئه‌و نه‌وته‌ بپاڵێوێت ، بۆیه‌ كاسترۆ بڕیاری خۆماڵیكردنی ئه‌و كۆمپانیایه‌ی ده‌ركرد و په‌یوه‌ندییه‌كانی ئه‌و وڵاته‌ و ئه‌مه‌ریكای گه‌یانده‌ ئاستێكی خراپ ، ئه‌مه‌ریكاش گه‌مارۆی ئابووریی سه‌ر ئه‌و وڵاته‌ی راگه‌یاند و تا ساڵی 2015 به‌رده‌وام بوو .

له‌ساڵی 1961 دا ئه‌مه‌ریكا به‌ كۆكردنه‌وه‌و یارمه‌تیدانی دژه‌ شۆڕشه‌كان و سه‌رپه‌رشتیی CIA بۆ كوده‌تایه‌كی نوێ ، هێرشیكرده‌ سه‌ر كه‌نداوی به‌رازه‌كان ، به‌ڵام هێرشه‌كه‌ تێكشكا .

له‌ 15 / 10 / 1962 دا فڕۆكه‌ سیخوڕییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا چه‌ندین سه‌كۆی موشه‌كی بالیستیی سۆڤیه‌تیان له‌سه‌ر خاكی كوبا دۆزییه‌وه‌ ، ئه‌مه‌ش به‌ قه‌یرانی موشه‌كیی كوبا به‌ناو بانگه‌ ، ئه‌مه‌ریكا ئه‌م مه‌ترسییه‌ی به‌ جدیی وه‌رگرت ، كاسترۆ له‌ 27 / 10 / 1962 داوای له‌ خرۆشۆف كرد كه‌ هێرشی ئه‌تۆمیی بكاته‌ سه‌ر ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان ، به‌ڵام ئه‌م كێشه‌یه‌ به‌ كێشانه‌وه‌ی موشه‌ك و سه‌كۆكان كۆتاییان پێهات ، به‌و مه‌رجه‌ی ئه‌مه‌ریكاش له‌ توركیا ئه‌و كاره‌ بكات و به‌ڵێن بدات هێرش نه‌كاته‌ سه‌ر كوبا .

كاسترۆ په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ پاپاو مه‌زهه‌بی كاسۆلیكیدا خراپ بوو ، تا هه‌ره‌سی یه‌كێتیی سۆڤیه‌ت و بلۆكی خۆرهه‌ڵات ، دوای ئه‌وه‌ ورده‌ ورده‌ په‌یوه‌ندیی نێوان ڤاتیكان و كوبا زۆر باش بوو ، پاپا ژان پۆڵی دووه‌م له‌و باره‌وه‌ رایگه‌یاند : مه‌سیحیه‌ت پشتیوانیی له‌ سیستمی سۆشیالیستیی ده‌كات ، پاپا چووه‌ سه‌ردانی كوبا و كاسترۆ له‌باره‌ی پاپاوه‌ رایگه‌یاند : ئێمه‌ ئه‌مڕۆ هاوده‌نگ و هاوڕاین ، ئه‌و – واته‌ پاپا – خه‌ریكه‌ بڵێت كرێكارانی جیهان یه‌كگرن . ئه‌مه‌ش ئاماژه‌ بوو به‌ درووشمی پارته‌ سۆشیالیستیه‌كانی جیهان .

فیدل كاسترۆ له‌ ساڵی 2006 دا ته‌ندروستیی تێكچوو ، بۆیه‌ له‌ كاتی نه‌شته‌رگه‌ریدا گشت ده‌سه‌ڵاته‌كانی دایه‌ رائول كاسترۆی برای ، به‌ڵام دواتر له‌ ساڵی 2008 دا به‌ ته‌واویی ئه‌و كاره‌ی به‌ ئه‌نجام گه‌یاند و بۆ هه‌میشه‌ له‌و پۆسته‌ دوور كه‌وته‌وه‌و رائولی برای بووه‌ سه‌رۆكی وڵات .

له‌ ئێواره‌ی 26 / 11 / 2016 دا له‌ ته‌مه‌نی 90 ســـــاڵیدا كۆچی دوایی كرد و پێشتر وه‌سیه‌تی كردووه‌ لاشـــــه‌كه‌ی بسوتێنرێت .

گه‌رچی كوبای كاسترۆ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ كه‌وته‌ ژێر گه‌مارۆیه‌كی خنكێنه‌ری ئه‌مه‌ریكاو هاوپه‌یمانه‌كانی ، به‌ڵام توانیی وڵاته‌كه‌ له‌و قه‌یرانه‌ ترسناكه‌ رزگار بكات ، له‌و وڵاته‌دا ساڵانێكه‌ خوێندن له‌ هه‌موو قۆناغه‌كاندا به‌خۆڕاییه‌ و كه‌رتی ته‌ندرووستیش هه‌موو خزمه‌تگوزارییه‌كانی خۆڕایین و له‌م كه‌رتانه‌شدا یارمه‌تی گه‌لانی تری جیهانیان داوه‌ . به‌ تایبه‌تی گه‌لانی شۆڕشگێڕ ، ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ ته‌نیا داهاتی وڵات له‌ به‌رهه‌مهێنانی شه‌كره‌وه‌ به‌ده‌ست ده‌هێنرێت .

فیدل كاسترۆ یه‌كێكه‌ له‌ سه‌ركرده‌ كاریگه‌ره‌كانی ئه‌مه‌ریكای لاتین ، كه‌ له‌ دوای خه‌باتێكی زۆری سیاسیی و دژایه‌تیی هه‌ژموونی ئه‌مه‌ریكا ، توانیی ببێته‌ پێگه‌یه‌ك بۆ گۆڕانكاریی له‌ كیشوه‌ری ئه‌مه‌ریكادا و ئێستا گۆڕانكاریی سۆشیالیستیی و جه‌ماوه‌ریی گه‌یشتووه‌ته‌ ئاستێك ، ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكای ترساندووه‌ ، چونكه‌ هه‌میشه‌ ئه‌و كیشوه‌ره‌ی به‌ حه‌وشه‌ی پشته‌وه‌ی خۆی زانیووه‌ ، بۆیه‌ دوای كوده‌تا سپییه‌كه‌ی به‌رازیل – له‌ دژی سه‌رۆك دیلما رۆسیڤ – ده‌یه‌وێت له‌و وڵاتانه‌ی كه‌ بوونه‌ته‌ جێگه‌ی هیوای جه‌ماوه‌ره‌كه‌یان ، كوده‌تای هاوشێوه‌ رێك بخات ، چونكه‌ ئه‌و وڵاتانه‌ی له‌ژێر هه‌ژموونی سیاسیی و ئابووریی ئه‌مه‌ریكا ده‌رچوون ، گه‌شه‌ی دیموكراسیی و ئابووریی گه‌وره‌یان به‌خۆیانه‌وه‌ دیووه‌ . بۆیه‌ ئه‌مه‌ریكا ده‌یه‌وێت بیانگێڕێته‌وه‌ ژێر گۆچانی ملكه‌چیی خۆی .



نووسراوه‌ له‌لایه‌ن
زريان احمد

فیدل کاسترۆ ته‌مه‌نێك له‌ دژایه‌تیی هه‌ژموونگه‌رایی ئه‌مه‌ریكادا Reviewed by Unknown on 3:11:00 م Rating: 5

ليست هناك تعليقات: