Top Ad unit 728 × 90

ڕێكلامی بازرگانی (5000 / مانگانه‌)

ئێڤرێست گالوا (١٨١١ – ١٨٣٢): بلیمەتی و تراژیدیا

ئێڤرێست گالوا (١٨١١ – ١٨٣٢): بلیمەتی و تراژیدیا
شێرکۆ ڕەشید قادر

لە بەیانی ٣٠ مانگی ئایاری ١٨٣٢دا، هێشتا تاریک و ڕون بو، لە دەوروبەری باشوری پاریس، لاوێک، نیوە خەواڵو، سەروسیما هیلاک،ماندویی شەوی ڕابردوی پێوە دیاربو، بە چاوانی لێڵەوە، شڕە دەمانچەیەک بەدەستەوە و بۆ روبەڕوبونەوە لە هەمبەر ئەفسەرێکی باڵادەستی ئەرستۆکراتدا وەستابو. مبارەزەکە تەواو سیمایەکی کلاسیکییانەی لەخۆگرتبو. ئەفسەرەکە هاتبو شەڕی ناموس لە گۆڕەپانی شەرەفدا بکات، ناوی خۆی و هاوسەرەکەی لە نێو خەڵکدا زڕابو، لاوەکەش، بە پێچەوانەوە، هاتوە جەنگی عیشقێکی هەرزەکارانە و خۆشەویستییەکی شێتانە بەرێتەوە، عەیامێکە وەک دێوانە گیرۆدەی ئەوینی خانمی هاوسەری ئەفسەرەکە بوە، ئەم کازیوەیە هەمو شت یەکللایی دەبێتەوە. یان ئەوەتا دgalois-10ەمرێت و چێتر شێتی عیشوە و نازی ئەو خانمە نابێت، یان ئەوەتا سەرکەوتو دەبێت و لوتی ئەم پیاوە لوت بەرزە دەشکێنێت و سەرنجی خانمەکەی بۆ لای خۆی ڕادەکێشێت. هەردو بەرەی جەنگ، وەک دو رەقیبی سەرسەخت، بەرانبەر یەکتری و لە دوری بیست و پێنچ مەترەوە وەستابون. وەک مێژو دەڵێت، ئەو خانمەی کە ئەم دو دوژمنە شەڕی لەسەر دەکەن، هەتا بڵێی جوان، خانومان و نازفرۆش بوە و ناوی ستەفانی فێلیچی بوە.

جەنگ و ڕوبەڕوبونەوە هێندەی نەخایاند، ئەفسەرەکە زوتر فریای دەمانچەکەی کەوت و فیشەکێکی نا بە لاوەکەوە و دوای چەند ساتەوەختێک کەوتە سەر عەردەکە. ئەم لاوە خوێن گەرمە بۆ چەند سەعاتێک بە تەنیا، لە نێو قوڕ و لیتاو و خوێنی خۆیدا تلایەوە. لە سەعات نۆی بەیانیدا جوتیارێک بە عەرەبانەکەیەوە بەو ڕێگەیەدا گوزەری کرد و چاوی بە لاشەی خوێناوی ئەم لاوە کەوت و بە پەلە گەیاندییە خەستەخانەی گۆچین.

ئەم لاوە بریندارە یەکێک بو لە گەورەترین ماتماتیکناسانی فەرەنسی لە سەرەتای سەدەی نۆزدەدا و ناوی ئەفرێست گالوا بو.

کاتێک دوای ئەو هەمو خوێن لێڕۆیشتنە، هەواڵیان گەیاندە برا بچوکەکەی، بە پەلە، بە چاوی پڕ فرمێسکەوە گەیشتە سەری. گالوا، سەرباری ئەوەی مەرگ بانگی دەکرد، ویستی دڵخۆشی برا بچوکەکەی بداتەوە و گوتی” مەگری، پێویستم بەو ئازایەتییە هەیە کە لە تەمەنی بیست ساڵیدا بمرم.”

گالوا، نامەیەکی بۆ هاوڕێ خۆشەویستەکەی، ئوگەست چێڤالیەر، نوسی و تێیدا وەسیەتەکەی خۆی بۆ واڵادەکات و دەڵێت،” هاوڕێ خۆشەویستەکەم، لە بابەتی ماتماتیکی شیکاریدا هەندێک دۆزینەوەی نوێم ئەنجامداوە. تکایە بە رەسمی لە جاکوبی یان گاوس بپرسە بۆ ئەوەی ڕای خۆیان لەمەر ئەم دۆزینەوانە بخەنەڕو، نەک وەک هەقیقەتێک، بەڵکو سەبارەت بە گرنگی ئەم تیورمانە. دوایی، هیوادارم، خەڵکانێک کە سودی لێ وەردەگرن، بتوانن ئەم ڕەشنوسە یەکلایی بکەنەوە. زۆر بە گەرمی لە باوەشت دەگرم………… گالوا”

گالوا مرد، ئێستا شوێنەواری گۆڕەکەی نەماوە و کەسیش نازانێت لە کوێدایە. ئەوەی لەسەر ماتماتیک نوسی تەنها شەست لاپەڕە بو و هیچی تر.

galois-11

ئەو شەوە، هەتا بەرەبەیان و بەر لەوەی هەنگاوی مەرگ هەڵبگرێت، گالوا نەخەوتبو، کاخەز و وەرەقەی دنیای رەش کردبوەوە. هەتا ئێستاش گەلێک لەم دەستنوسانە ماون. شپرزەیی و نائومێدی لە بەرانبەر ژیان تەواو بە نامەکەوە دیاربو، گەلێک شتی تێکەڵ کردوە، تەنانەت لە نێو رستەکاندا وشەی ‘ژن’ یان ‘کاتم بە دەستەوە نەماوە’ چەندین جار دوبارە دەبنەوە. وەک شاعیر چۆن سۆز و ئەندیشەی دەبزوێت، دەیان بیرۆکەی نایاب و هاوکێشەی ماتماتیکی ئاڵۆز و بە یەکداچوی تۆمارکردوە، دڵنیابو ئەم شەو مەحکومە بە مەرگی نەگریس، ئەمە دوا شەو و دوا وشەی ماڵئاوایی ژیانی دەبێت و هەرگیز ناگەڕێتەوە. هەر بۆیەش هەرچی داهێنانی ماتماتیکی هەبو وەک وەسیەت  بۆ برادەرەکەی بەجێهێشت. لێرەدا باس لە ماتماتیکناسێکی خاوەن ئەزمون ناکەین، بەڵکو هەرزەکارێکی بیست ساڵەی دنیا نەدیدە و سەرەڕۆی ئیشق، بەڵام ئەو شەوە سوربو گەلێک پرسی ماتماتیکی و حلەکەی بۆ نەوەکانی دوای خۆی جێبهێڵێت، کۆمەڵە پرسێک کە تەواو دڵنیابو هیچ کەس لەوەبەر زەفەریان پێ نەبردوە و کەس نایان زانێت.
گالوا رۆژگارێک هاتە دونیاوە کە ناپلیۆن لە ترۆپکی دەسەڵاتدا بو، بەڵام هێدی هیدی لە ساڵانی دواییدا روسەکان هاتن و سەرکەوتنی گەورەیان بەدەست هینا، لە ساڵی ١٨١٤ دا بو کە ئیتر ناپلیۆن بەرەو مەنفا بارگەی لێ پێچایەوە و پادشا لویسی شازدەهەم دەسەڵاتی گرتە دەست. لە ساڵی ١٨١٥ دا، ناپلیون لە مەنفاوە هەڵهات و خۆی کردەوە بە پاریسدا و ویستی فەرمانڕەوایی بسەنێتەوە، بەڵام هەر زو، لە ماوەی سەد رۆژێکدا لە شەڕی واتەرلودا شکا و دیسانەوە دەستبەرداری کورسی بوەوە بۆ لویسی شازەدەهەم. بەمجۆرە وڵات پشیوی تێکەوت و نائارامی بو بە بەشێک لە ژیانی رۆژانەی خەڵکی شەقام. بە داخەوە، گالوا وردە وردە چوە ناو گێژاوی سیاسەت و هەمیشە رۆڵێکی بەرچاوی هەبو لە پرۆتێستی لاوانی پاریسدا و بو بە هۆی ئەوەی رۆژانێکی درێژ دور بێت لە ئەکادیمیا و خوێندن، بە جۆرێک سەرەنجام بوە قوربانی و مەرگی ناوازەی بێ رەحم بۆ خۆی راپێچیکرد.ئەڤرێست گالوا لە ٢٥ ی تشرینی یەکەمی ساڵی ١٨١١ لە گوندی بچکۆلەی بورژ لا رەین، لە باشوری پاریس لەدایکبوە. بنەماڵەی گالوا مێژویەکی خانەدان و رۆشنبیری و بەرێزیان لە دەڤەرەکەدا بۆ خۆیان دروست کردبو. دایکی گالوا، هەتا بڵێی خانمێکی زیرەک بوە. هەمیشە سەرقاڵی مۆسیقا و ئەدەب بوە، منداڵەکانی بە جوانی پەروەردەکردوە، هەتا تەمەنی دوازدە ساڵی مامۆستای تایبەتی گالوا بوە.

بابی گالوا، نیکۆلای گابریل گالوا، یەکێک بو لە کۆماریخوازەکان، کە ناپلیۆن هاتەوە سەر حوکم، بو بە قایمقامی شارۆچکەکەیان و بە درێژایی ژیانی لەم پۆستەدا مایەوە. پێاوێکی سیاسی و لیبرال بوە، باوەڕی بە بەهاکانی شۆرشی ١٧٨٩ بوە. کەسایەتییەکی هەمیشە دەم بە پێکەنین و روخۆش بوە. لە نێو هاوڕێکانیدا پیاوێکی خۆشمەزە و قۆشمە بوە، گەلێک شیعری جوانی وەک ساتیر لەمەڕ هاوڕێکانی دەنوسی. گەلێک جاران لە کۆڕی شیعریدا دەیخوێندەوە و سەرنجی خەڵکی دەڤەرەکەی بۆ لای خۆی رادەکێشا. ڕۆشنبیرێکی بەرچاوی ڕۆژگاری خۆی بوە، تەواو دژایەتی پادشایەتی کردوە و کەسێکی چالاک بوە لە بواری ئازادی و زۆر بە پەرۆشەوە بۆ ئەم مەبەستە تێکۆشاوە. تەنانەت هانی منداڵەکانی داوە هەرگیز لە ئاستی هەڵە و کەموکوڕی دەسەڵاتدا چاوانی خۆیان دانەخەن و دەستەوسان دانیشن و خەم بخۆن.

لەو سەردەمانەدا، عادەت بو زۆربەی خێزانە مام ناوەندییەکان، لە ماڵەوە دەرسیان بە منداڵەکانیان دەدا و ئامادەیان دەکردن بۆ قوتابخانە. زۆربەی وانەکان بریتی بون لە ماتماتیک، زمان و مۆسیقا. دایکی گالوا، هەر سێ منداڵەکەی، بێگومان بە گالواوە، بەمجۆرە پەروەردەکردوە.

گالوا لە تەمەنی دوازدە ساڵیدا، واتە لە ساڵی ١٨٢٣دا، چوە قوتابخانەی لویسی گراند. کە قوتابیان دەچون بۆ خوێندن پێخەفی حەوانەوەی شەوانەشیان بۆ فەراهەم دەکرا. بەیانیان پێویست بو سەعات پێنچ و نیو لە خەو هەڵسن، خواردنی باش نەبو، مامەڵەی بەڕێوەبەر و بەرپرسان هەتا بڵێی دڕندە و بێبەزەییانە بو، مامۆستاکان لە بەرانبەر قوتابیاندا زمانیان پیس و دڵیان بەرد بو. دەرسەکانیش زۆر زوو دەستی پێدەکرد و هەتا ئێواران درێژەی دەکێشا. بە زۆری لاتین و کلاسیکیان دەخوێند، خۆ ئەگەر مندالان بە تەواوی فێری خوێندنەوەی نوسینی لاتین ببونایە ئەوە شەهادەیان وەردەگرت.

سەرەتا ئەم قوتابخانەیە سیمایەکی لیبراڵی هەبو، دوایی دەنگ بڵاوبوەوە کە قوتابخانەکە وەک دیسپیلین، سیستەم و دەسەڵات دەگەڕێتەوە ژێر فەرمانڕەوای قەشەکان، لەو رۆژانەدا، ململانێیەکی سەخت لە نێوان کۆمارییەکان و پادشاییەکان هەمیشە هەبو. قەشەکان مەیلی لایەنگیری پادشایان هەبو. قوتابیانی مەکتەبەکە، بە گشتی عەتفیان لەگەڵ هێزە کۆمارییەکاندا هەبو، سیمای شۆڕشگیرییان پیوە دیاربو. رۆژیک عەتف تەقییەوە و قوتابیان بڕیاریاندا پرۆتێست بکەن و یاخی ببن. بەلام بەرپرسانی قوتابخانەکە لە دژی ئەم کارە وەستان. هەر زو پلانی خوێنکاران ئاشکرابو، دەیان قوتابی زیرەک و بە توانا لە خوێندن دەرکران، بەڵام گالوا دەرنەکرا، چونکە ئەو کاتە هیچ بلیمەتییەکی تێدا بەدینەکرابو، جگە لەوەش خۆشی لە زۆربەی بابەتەکانی تردا خراپ بو. ئەوەی مایەوە، کە ژمارەیان سەد و پەنجا قوتابی بو، لە رۆژی دواییدا، خوانێکی پڕ تاسوقیان بۆ رێکخرا، هەر لەسەر خوانەکە فەرمانیان پێدرا کە هەر یەکە پێکێک لە سیحەتی پادشای گەورە نۆش بکات، بەڵام هەمو ئەم داوایەیان رەتکردەوە. گالوا زۆر منداڵ بو، هی ئەوە نەبو بچێتە ریزی یاخیبوانی خوێن گەرمەوە، بەڵام کاتێک بە چاوانی خۆی بینی کە هاوڕێکانی چۆن رەزیل دەکرێن، زۆر ناڕەحەت بو، عەتفی کۆماریخوازی زیاتر هەڵچو.

گالوا لە تەمەنی شازدە ساڵیدا چوە قۆناغێکی تر و زۆربەی کات سەرقاڵی ماتماتیک بو، مامۆستاکانی زۆر لێی بێزاربون، چونکە هەتا بڵێی هاربو، جگە لەوەی سەرجەم وانەکانی تری فەرامۆش کردبو. لە یەکێک لە راپۆرتەکانی ئەم قوتابخانەیەدا باس لە گالوا دەکات و دەڵێت:

”ئەم قوتابییە لە بەرزترین پێگەی مەملەکەتی ماتماتیکدا کاردەکات. شێتییەکی ماتماتیکی باڵی بەسەر ئەم کوڕەدا کێشاوە. بە رای من باشترین شت ئەوەیە کە خێزانەکەی مۆڵەتی بدەن کە جگە لەم بابەتە هیچی تر نەخوێنێت، دەنا لێرە تەنها کاتەکەی خۆی بە فیڕۆدەدات و جگە لە هیلاککردنی مامۆستاکانی هیچی تر ناکات و خۆشی روبەروی سزا دەکاتەوە.” مامۆستایەک لە وەسفی گالوادا.

بێگومان گالوا بە هەمو مانایەکی وشەی بلیمەت، بلیمەت بو، بەڵام کێشەکە لەوەدا بو کاتێک سەرقاڵی ماتماتیک دەبو، هیچ کەس، بە تایبەت مامۆستاکانی لێی تێنەدەگەیشتن و پلەی توانستی ماتماتیکییان لە کەمترین ئاستی گالوادا نەبو، جگە لەوەی زۆربەیان نەزان بون، هەندێکی تریان لە خۆبایی و لوت بەرز بون، هەر بۆیەش دەبینین زۆر بەهرەی لە ئاسابەدەر لەم جۆرە ناوەند و هەلومەرجانەدا دەبێت بە بە قوربانی ئەهلی جەهالەت و بلیمەت لەگەڵ خۆیدا دەیباتە ژێر گڵەوە. گالوا هێشتا تەمەنی پازدە ساڵان نەبو کە نامە ماتماتیکییەکانی ئەو رۆژگارەی دەخوێندەوە و بە جوانی لە چەمکە ئاڵۆزەکانی ماتماتیک حاڵی دەبو. لای وی ماتماتیک بو بە خەون و خۆراک، هەمو سات و دەقەیەک بیری لێ دەکردەوە. جوانی ژمارە، بونیاتی لۆژیکی و نایابی ئەقڵانی ئاکسیۆم و تیورمە ماتماتیکییەکان لای وی تەواو شتێکی سەرنجڕاکێش بون. کتێبی جیومەتری بەرنامەی ساڵێک بو، بەڵام لای وی نەک هەر سادە و ساکار بو بەڵکو زۆریش دواکەوتو بو. هەر بۆیە زو کەوتە گەڕان لە دوی کتێبخانە گشتییەکان بۆ سەرچاوەی ماتماتیکی. بەمجۆرە بیری کردەوە باشترین کتێب ئەوانەن کە لە لایەن پایەبەرزان و بلیمەتانی ماتماتیک خۆیانەوە نوسراون. لێجێندەرێ، کاوچی و لاگرانجی خوێندەوە. ئەمانە بۆ مێرد منداڵێکی وەک گالوا نەنوسرابون کە تازە هاتوەتە دونیا ماتماتیکەوە، بەڵکو بۆ پسپۆڕانێک نوسرابون کە ساڵانێکی زۆرە سەرقاڵی بیرکاری و جەبر و جیومەتری بون و لە کایەی ماتماتیکدا تەواو کامڵ بون، گالوا زۆر بە سەرکەوتویی و لە ماوی کەمتر لە دو هەفتەدا ئەمانەی ئەزمکرد و تێگەیشت. لە نێو ئەمانەدا، هاوکێشە جەبرییەکان زۆر سەرنجی راکێشا. هەر زو خولیا و حەزی چوە سەر حلکردنی هاوکێشە فرە پلەییەکان بۆ نمونە: دوجاکان، سێجاکان، چوارەکان و پلە پێنجەکان. بۆ نمونە فۆرمی دوجاکان بەمجۆرەیە:

ax^2+bx+c=0

لیرەدا a,b,c هەر ژمارەیەک بن. بەهاکانی   بریتیین لە چەند ژمارەیەک کە ئەگەر لە هاوکێسەکەی سەرەوە دابنریت ئەوا راست دەردەچێت. خۆ ئەگەر ئەمە بە رێگای کەوانەکردن شیکارنەکرا ئەوا پەنا دەبەیەنە بەر میتۆدی دەستور بەم شێوەیەی خوارەوە:

x=\frac{-b\pm\sqrt{b^2-4ac}}{2a}

لێرەدا ئنسان دەتوانێت بە ئاسانی بەهاکانی  بدۆزێتەوە، ئەویش بە بەکارهێنانی هەر یەک لە a, b, c    لە دەستوردا . ئەم دەستورە تەنها بۆ هاوکێشە پلە دوییەکان ئیشی خۆی دەکات، دەنا کاتێک کە پلەی هاوکێشەکە بەرزدەبێتەوە بۆ سێ، چوا ر و پێنچ، چیتر بارستایی نامێنێت و رەواجەکەی لە دەستدەدات. گالوا هات و بیری کردەوە ئەو ئەرکە لەئەستۆبگرێت یاسایەک بدۆزێتەوە بۆ ئەوەی شیکاری هاوکێشە پلە بەرزەکانی دوای دو بکات.

گالوا، کاتێک لەم قوتابخانەیە بو، هەمیشە چاوی لە پۆلیتەکنیکی ئیکۆل بو، بۆیە زۆر زو خۆی ئامادەکرد بۆ ئەوەی تاقیکردنەوەکان بدات و بەڵکو وەربگیرێت. پۆلیتەکنیکی ئیکۆل لەو سەردەمەدا بەرزترین ناوەندی خوێندنی ماتماتیک بو، پلە و پایەیەکی ئەکادیمی بەناوبانگی هەبو لە فەرەنسادا، جگە لەوەش بۆ گالوا زۆر گرنگ و گونجاو بو، چونکە پێگەی چالاکی کۆمارییەکان بو.

چوە تاقیکردنەوەوە، لە ماتماتیکدا زۆر لەوە زیاتری دەزانی کە پیویست بو بۆ ئەوەی سەرکەوتوبێت، بەڵام تەرز و ستایلی گالوا شتێکی جیاوازبو. کاتێک حلەکانی تەسلیم کرد، تەواو هەستیکرد لە وەڵامەکانی خۆی رازییە و دەردەچێت. لە راستیدا گرفتی گالوا، هەروەک زۆر لە ماتماتیکناسە بلیمەتەکانی تری دونیا، زۆر گوێی بە هەنگاوە لۆژیکییەکانی سەلماندنی ماتماتیکی نەدەدا و توانای نەبو مشتومڕە ماتماتیکییەکانی بخاتە سەر کاخەز و تەنها لە مێشکیدا هەمو حساباتەکەی دەکرد و تێدەکٶشا یەکسەر وەڵامی پرسیارەکە بنوسێت، بەڵام ئەم جۆرە کارانە لە تاقیکردنەوەدا شتێکی پۆزەتیڤ نییە. هەر بۆیەش دەبینین مامۆستاکانی هیچ لەم بلیمەتە نەدەگەیشتن، گالوا ئەو ساڵە دەرنەچو.

گالوای لاو، گالوای بلیمەت و هەرزەکار نەیدەزانی چی بکات و رو لە کوێ بکات و داخی دڵی خۆی لە کوێ و بۆ کێ هەڵبرێژێت، بەڵام کۆڵی نەدا، بەڵکو زۆر پەرۆشانەتر کەوتە کارکردن بۆ ئەوەی دیسانەوە جارێکی تر خۆی ئامادە بکات بۆ تاقیکردنەوەکان و بچێتە پۆلیتەکنیکی ئیکۆل.

galois-12

کاتێک بێهودە هەر چاوەڕوان بو، لە ٢ی تەموزی ١٨٢٩ دا کارەساتێکی ترسناک و تراژیدیایەکی لە ناکاو رویدا. بابی ماڵەوەی بەجێهێست و چو بۆ پاریس، بە داخەوە هەرگیز نەگەڕایەوە، چونکە لەوێ خۆی کوشت. بابی گالوا، نیکۆلای گالوا، قایمقامی بۆرژ – رەین بو. ئەم پیاوە کەسایەتییەکی سادە و مەحبوبی دەڤەرەکە بو، لە هەمو بۆنەکاندا دەچوە سەر تەختی شانۆ شیعری قۆشمەی بەسەر هاوڕێکانیدا دەخوێندەوە و خەڵک بە چێژەوە گوێیان لێدەگرت. لە نێو ئەو هەمو پشێوی و نائارامی سیاسییەدا توانی پایەی خانەدانی و جوامێری خۆی بپارێزێت. هەرچەندە خۆشەویست بو، بەڵام نەیاریشی زۆر بو، نەیاری زۆر بێبەزەیی کە ئیرەییان پێ دەبرد و مەبەستیان بو لە نێو خەڵکدا بیڕوخێنن، بە تایبەت لە نێو پیاوانێکدا کە بە عیساییەکان ناسرابون، هەم دینداری توندڕەو و هەم هەواداری دەسەڵاتی پادشایەتی بون. رۆژێک قەشەیەکی عیسایی هەڵبەستێکی نەشیاو و دور لە هەمو ئاکار و رەوشتی مرۆییەوە بە ناوی نیکۆلای گالواوە بە نێو خەڵکدا بڵاوکردەوە کە جگە لە نێو زڕاندنی نیکۆلای گالوا هیچی تر نەبو. بابی ئێڤرەست گالوا بەرگەی ئەم هەمو فشارەی نەگرت و هەستیکرد شۆرەت و پێگەی کۆمەڵایەتی بە تەواوی دۆڕاندوە، تەنها چارە لای وی کۆتاییهێنانە بە ژیان.لە ٢٥ ی مانگی مایسی ١٨٢٩دا بو کە گالوا، لە تەمەنی هەڤدە ساڵاندا، یەکەم نامەی توێژینەوەی خۆی لەمەر حلکردنی هاوکێشە جەبرییە پلە بەرزەکانی دوای پلە دو نوسی و ناردی بۆ ئەکادیمیای فەرەنسی. بە گوتەی نوسەرێک، ئەم توێژینەوەیە” گەورەترین ئایدیای ماتماتیکی ئەم چەرخە لەخۆدەگرێت.” گومانی تێدا نییە کە سەدەی نۆزدە فراوانترین و بەفەڕترین گۆڕانکاری لە ماتماتیکدا هاتەئاراوە. گالوا چاوەڕوان بو وەڵامی ئەم نامەیەی بە سەرکەوتویی بۆ بگەڕێتەوە، جگە لەوەی خەڵاتیكی بەرز وەردەگرێت بەڵام لەوە گرنگتر ئەوەیە کە دەبێت بە مایەی دڵخۆشییەکی لەئاسابەدەر و دەروازەی ماتماتیک بە تەواوی بە رویدا واڵا دەبێت. بەڵام چاوەڕوانی؟ چ چاوەڕوانییەک؟ لە راستیدا جگە لە چاوەڕوانی گۆدۆ هیچی تر نەبو. وەڵام هەرگیز نەهات، گالوا هیچی لە ماندوبونەکەی نەچنییەوە.

کاتێک گالوا گەڕایەوە بۆ ئەوەی لە پرسەی بابیدا حازربێت، منداڵێکی تێکشکاو، غەمبار، توڕە و بێدەسەڵات. بە تەواوی رقی لەو قەشەیە دەبوەوە کە ئەم تاوانە گەورەیەی بەرانبەر بابی ئەنجامداوە، بە راشکاوی نەفرەتیکرد و بە بکوژی بابی بانگی کرد. لە کاتێکدا هەزاران کەس لە خەڵکی دەڤەرەکە هاتبون بۆ رێزنان لە جەنابی قایمقام و ویستیان بینێژن، بو بە دەمەقاڵێیەکی سەخت لە نیوان قەشەکە و هەوارادنی قایمقامدا، قەشەکە یەک مشتەکۆڵەی، خوارد، دەمەقاڵێ گەورەبو، بو بە ئاشوب و نائارامی، تابوت بۆ خۆی بەسەردا رۆجوە قەبرەکەوە و مەراسیم پشێوی تێکەوت. پاشان قەشەکە رایکرد و خەڵکەش بەردبارانیان کرد و کەوتنە دوی. گالوا بەسەر تابوتەکەی بابییەوە وەک منداڵێکی بچکۆلە دەگریا.

گالوا بە ئاشکرا بۆی دەرکەوت کە ئەمە بەدڕەوشتی سیستەمی ئەم وڵاتەیە، پێیان قبوڵ نەبو بابی، کەسێکی پاک، لیبراڵ و خۆشەویستی نیو خەڵک هەروا بە ئاسانی بەردەوام بێت. گالوا زیاتر کەفوکوڵی شۆڕشگێری و کۆماریخوازی لە خوێنیدا جمەی دەهات.

گالوا دیسانەوە لە مانگی تشرینی یەکەمی هەمان ساڵدا، واتە لە ساڵی ١٨٢٩دا، پێشکەشی پۆلیتەکنیکی ئیکۆلی کردەوە، بەڵام لە تاقیکردنەوەکاندا خراپ بو، چونکە بە بێ پلان وەڵامی دەدایەوە، ئەو هەنگاوە لۆژیکییانەی لە حلەکەدا نوسیبوی جگە لە چەواشەکردنی مامۆستاکانی هیچی بۆ بەرهەم نەهێنا. سەرباری ئەمەش کەسێکی بێ ئارام و حەوسەڵە بو، لە هەمو شتێکیشدا پەلەی دەکرد و شپرزەیی بە هەڵسوکەوتییەوە دیاربو. جگە لەوەش لە باری زمانەوە، سەرکەوتو نەبو هەمیشە گرفتی ئەوەی هەبو کە بە شەفەوی شتەکان رون بکاتەوە، هەر بۆیەش لە پۆلیتەکنیکی ئیکۆل وەرنەیگرا.

یەکێک لەو مامۆستاکان، کە ناوی دێنێت بو، گوتی نە زیرەکە و نە بلیمەت. کاتێک گالوا هاتە دەرەوە، ئەوەندە توڕەیی بە سیمایەوە دیاربو، کۆنترۆڵی لە دەستدا و بە هەرچی هێزی بو تەختەسڕەکەی هەڵگرت و گرتییە مامۆستاکە و زۆر خراپ بەری کەوت. ئەم سیفاتانە دوژمنی دیار و بنەڕەتی گالوا بون، بەڵام مەخابن، ئەم رەوشانە لە ناخی خۆیدا بون نەک لە دەرەوە، خۆی زۆر بێدەسەڵات دەهاتە بەرچاو، ناتوانێت هەروا بە ئاسانی لەم رەقیبە پیسانە دەربازبێت، بۆ هەر کوێ بچێت، لە ناخەوە وەدوی دەکەون. گالوا رۆیشت و جارێکی تر هەرگیز بۆی نەبو بگەڕێتەوە بۆ پۆلیتەکنیکی ئیکۆل. لەگەڵ هەمو ئەمانەشدا هێشتا باوەری بە خۆی بو کە ماتماتیکناسێکی پایەبەرز و بێهاوتایە، بۆیە هەرگیز کۆڵینەدا و هەر بەردەوام بو. دوای ئەمە دیسانەوە جارێکی تر گەڕایەوە بۆ قوتابخانەی لویسی لی گراند و ساڵێکی تر لای ئەو مامۆستایە مایەوە کە ساڵی پار پێی گوت وا باشترە ساڵێکی تریش لەوێ بەسەر بەرێت.

بە داخەوە، گالوا لە هیچ ناوەند و پێگەیەگی زانستیدا، نەک هەر مەحبوب نەبو، بەڵکو چارەی زۆر گران بو. مامۆستای ماتماتیکی لە قوتابخانەی لویسی لی گراند لەسەری نوسیبو کە ” کەسایەتییەکی غەریب و زۆر لەوەش غەریبترە کە لە واقیعدا دێتە بەرچاو.” دوای وەرزی یەکەم لە پەیمانگای ئیکۆلی نۆرمال، کە ناوبانگی زۆر لە پۆلیتەکنیکی ئیکۆل نزمتر بو، وەرگیرا. راپۆرتی مامۆستاکان لێرە لە هی ئەوانی لەوەبەر باشتر نەبو، مامۆستایەک گوتی کە ” تەنها قوتابییە کە خراپترین وەڵام دەداتەوە، موتڵەقەن هیچ نازانێت. پێیان گوتم لە ماتماتیکدا قوتابییەکی بەتوانایە، بەڵام بە یەقینەوە دەڵێم، من کە ئەمە دەبیستم سەرم سورماوە، چونکە بە حوکمی تاقیکردنەوەکان بێت، زیرەکیەکی کەمی تێدایە، یاخود ئەوەندە بە باشی زیرەکییەکەی پەنهان کردوە کە مەحاڵە کەشف بکرێت.”

رۆژێک مامۆستایەک بیردۆزێکی جەبری لەسەر تەختەکە نوسی کە تازە لە لایەن ماتماتیکناسێکی ئەوروپییەوە سەلمێندرابو. هەرچەندە سەلماندنەکە هێشتا بڵاونەکرابوەوە. گالوا، لە دواوە بە سەروسیمایەکی گاڵتەجاڕییەوە، لەسەر کورسییەکەی خۆی دانیشتبو. مامۆستاکەی، تەنها بۆ ئەوەی تەریقی بکاتەوە و بیشکێنێت، داوای لێکرد کە بێتە سەر تەختەکە و بیردۆزەکە بسەلمێنێت – ئەگەر ئەتوانێت. گالوا هەستا و کەوتە نوسینی سەلماندنەکە، مامۆستاکە بە تەواوی حەپەسا و هەستی توڕەیی جوڵا، بەڵام بلیمەتی گالوای بۆ دەرکەوت. کەچی، لە بری دەستخۆشی و رێز، ئەوەندەی تر رقی لەم قوتابییە هەڵسا. لە راستیدا نەک هەر ئەم مامۆستایە، هیچ مامۆستایەک ئامادەیی تێدا نەبو دان بنێت بە بەهرەی بەرز و بلیمەتی سیحری مێشکی ئەم هەرزەکارەدا. رۆژ لە دوای رۆژ زیرەکی و توانستی ماتماتیکی زیاتر ئاشکرا دەبو، کەچی رق و کینە لای مامۆستاکان لە بەرانبەر ئەم لاوەدا گەورەتر دەبو. هەر بۆیەش، گالوا، لەگەڵ گوزەری زەمەندا زیاتر دەچوە دونیای تەنهایی و لە خەڵک دوردەکەوتەوە، تەنها هاوڕێیەک نەبێت کە بە تەواوی بۆی دەرکەوت کە گالوا بە راستی ماتماتیکناسێکی لە ئاسابەدەر بلیمەتە.

هەندێک لە توێژینەوە ماتماتیکییەکانی لە هەندێک ژورناڵی ماتماتیکی جیاجیای فەرەنسیدا بڵاوبونەوە، بەڵام هیچ نەبون بە مایەی سەرنج و تێبینی ماتماتیکناسان، لە هیچ لایەکەوە. گالوا زۆربەی تیورییەکانی خۆی کۆکردەوە و ناردی بۆ پێشبڕکێێ ساڵانەی ئەکایمیای فەرەنسی بۆ زانستەکان. دوای شەش مانگ هیچ وشەیەک، وەڵامێک نەبو. گالوا زۆر تورە بو، ئاخر رو لە کێ بکات، ئەمە حاڵی ئەکادیمیایەکی گەورەی فەرەنسی بێت، خوایە گیان دەبێت چ جەهالەتێک و چ کۆمەڵە لوتبەرزێکی نەفس نزم و حەسود، چ مەخلوقاتێکی نەخۆش بەڕیوەی بەرن؟ ئاخر ئەی هاوار، چۆن دەبێت بەوجۆرە پشگوێ بخرێت؟ کێ دەڵێت ئێستا وەک جاری پێشوش لە تەنەکەی خۆڵدا نییە! گالوا خۆی چو بۆ ئەکادیمیا، هەواڵی توێژینەوەکانی پرسی، گوتیان ونبوە. دور نییە، ئەو کارانەی گالوا ئێستا بنەمای جەبری هاوچەرخ نەبن، دوایش هەروا دەرچو، گالوا، شانبەشانی هنریک ئەبێل (١٨٠٢ – ١٨٢٩)، هەردوک پێکەوە رابەری جەبری هاوچەرخ دەرچون. لای گالوا ئەمە هەرگیز مایەی قبوڵ نییە. لەم جۆرە هەلومەرجەدا، کاتێک هەست دەکەیت، هەمو ئەم شتانەت بەمجۆرە بە سوک سەیردەکرێت، دەبێت چ کاردانەوەیەکی عاتیفی وسلبییانەی هەبێت لەسەر دەرونی گالوا. گالوا ئەمەندە رقی لە ئەکادیمیا بوەوە، بە جۆرێک مەبەستی بو دیوارەکانی بروخێنێت بەسەر ئەو پیاوانەی لەو دیوەوە بە حساب بەڕیوەی دەبەن. ئەمە وەزعی ئەکادیمیایەکە، دەبێت چ کۆمەڵگەیەکمان هەبێت! دەبێت چ سیستەمێکی ئیداری فاشل و دەبەنگ ئەم وڵاتە بەڕیوەبەرن!

گالوا، هێدی هێدی، بۆی دەرکەوت تاوانبار تاکەکان نین، بەڵکو سیستەمی بەڕیوەبردنی کۆمەڵگایە بەوجۆرەی کاری تێدا دەکرێت. رقەکەی گۆڕا بۆ هەستی سیاسی رادیکالانە و وەک شۆرشگێرێک چوە کایەی چالاکییەوە و بو بە ئەندامێکی توندڕەوی کۆمارییەکان. ئەوەندە رق لە ناخیدا گەورە دەبو، ئەوەندەش خۆشەویستی بچوک دەبوەوە و دەمرد. ئەوندەی ئیرادەی بۆ روخاندنی پادشایەتی هەبو، ئەوندەش عەتفی بۆ گۆرینی سەرتاپای کۆمەڵ هەبو. لە راستیدا رقی لە مامۆستا و قەشە و عیرفانەکانی ئەکادیمیا بو، رقی لە هاوپۆلەکانی دەبوەوە کە هەمیشە گاڵتەیان پێدەکرد.

ئەو کاتە قوتابی بو لە ئیکۆلی نۆرماڵ. ناپلیون لە مەنفا بو، بەڵام هەوای شۆرش هێستا لە هەمو گۆشە و کوچەیەکی فەرەنسا حزوری هەبو. خەڵک هەواداری جمهورییەت بون. لە ساڵی ١٨٣٠دا، دیسانەوە گوڕی شۆڕش گەڕایەوە و هیوای جمهورییت بڵاوبوەوە. بەڵام وەها دەرنەچو.

گالوا کەوتە هاندانی هاوڕێ قوتابییەکانی و بانگی هەموانی کرد کە بچنە ریزی راپەرینەوە. کە بەریوەبەرەکە زانی گالوا خەریکی ئەم جۆرە چالاکییە، دەروازی ئیکۆلی داخست و نەیهێشت کەس بەشداری هیچ چالاکییەک بکات. کە شایلۆغانی شۆڕش بە سەرکەوتویی کۆتایی هات، ئەم بەرێوەبەرە، یەکەم کەس بو کە باوەش بکات حکومەتی نوێدا. دوای چەند مانگێک قوتابیان نامەیەکی (بێ نوسەر)یان نوسی بۆ رۆژنامەیەک و پاشەڵی دوفاق و پیسی ئەم بەڕێوەبەرەیان ئاشکراکرد. بەڕێوەبەر، بە بێ دودڵییەک هات و یەخەی گالوای گرت و یەکسەر لە مەکتەب دەرکرا، بەمجۆرە گالوا بە رەسمی و یەکجارەکی لە سیستەمی خوێندن و پەروەردە هاتە دەر و چیتر نەگەڕایەوە، ئەمە لە کاتێکدا تەمەنی تەنها نۆزدە ساڵان بو.

لە پێناوی ئاشتیدا باوەڕیان پێکرد. پاسەوانان، زۆربەیان چەکیان دانا، تەنها توندڕەوەکان نەبێت، کە سوربون لەسەر شەڕ، بەڵام یاخیبونەکە خاوبوەوە و زۆربەیان بەخشران کە یەکسەر بڕۆنەوە بۆ ماڵەوە، گالوا یەکێک بو لەوانەی چەکی دانا، چونکە زۆربەیان بۆیان دەرکەوت کە خەڵک وەدویان ناکەون.دوایی گالوا چوە ریزی تۆپ بەتالیونی تۆپخانەی نیشتیمانییەوە، کە زۆربەی زۆری ئەندامانی کۆماری بون و بە فەرمی بەرگی ئەو هێزەی پۆشی. زۆر شانازی بە پیشەکەیەوە دەکرد و خۆی بە فریادرەسی نیشتیمان هاتە بەرچاو، خەونی بە ئایندەیەکی گەشەوە دەبینی، سیستەمی دیموکراتی و برایەتی و یەکسانی دەبێت بە بەشێک لە دەستوری وڵاتەکە. لە کانونی یەکەمی ١٨٣٠،دا، پاسەوانانی کۆماری لە بەردەم لۆڤەردا، کە ئەو کاتە کۆشکی پاشایەتی بو– ئەمڕۆ مۆزەخانە هەرە بەناوبانگی لۆڤەرە-  خرانە ئامادەباشییەوە. لە ناکاو هەمو شت گۆڕا، خەڵک بە تەواوی تاقەتیان لە شەڕ و ماڵوێرانی چوبو، هیلاکی بە سیمای هەمو ئنسانێکی فەرەنسییەوە دیاربو، هاواریان هاواری ئاشتی بو، چیتر ئامادەنین خوێن بۆ کەس بڕێژن و خۆیان بکەنە قوربانی. پادشا بانگەشەی بڵاوکردەوە و پەیمانیدا بە خەڵک کە ئازادییان بۆ فەراهەم بکات – خەڵکیش تەنها

گالو،ا دوای چەند هەفتەیەک ، لە مانگی کانونی دوەمی ساڵی ١٨٣١ دا، دەستیکرد بە گوتنەوەی وانەی خسوسی لە ماتماتیکدا و بە تایبەتیش جەبری پلە بەرزەکانی سێ و چوار و پێنچ و ژمارە خەیاڵییەکان، فەنکشنە هێلکەییەکان، تیوری هاوکێشەکان و تیوری ژمارەیی. سەرەتا زیاتر لە چل قوتابی هاتنە پۆلەکەیەوە، دوای هەفتەیەک، ئەم ژمارەیە دابەزی بۆ دە قوتابی، بەڵام دوی چەند هەفتەیەکی تر کەسی لە دەور نەما. بەمجۆرە وازی لە مامۆستاییش هێنا.

دوای ئەمە، گالوا بوە لاوێکی بێدەرەتان و بە شەقامەکانی پاریسدا، لانەواز و سەرگەردان دەسوڕایەوە، بێک
ەسی تەواو پێوە دیاربو. هێستا تێکەڵ بە کۆمارییەکان دەبو، لەسەر خوێندنی ماتماتیک بەردەوام بو، کۆڵینەدا. زۆر بە کڵۆڵی و هەژاری دەژیا، عیزەتی نەفسی ئەوەندە بەرزبو، خێر و پارەی لە کەس قبوڵ نەدەکرد. رۆژی وا هەبو پارویەکی نەدەخوارد و شەوانەش لە پارکەکاندا رۆژی دەکردەوە. چەند مانگی داهاتو لە ژیانیدا پەنهانە و لای هیچ کەس زانیاری بونی نەبو کە سەرقاڵی چی بوە؟. بەڵام دوایی دیسانەوە چوەوە ناو گێژاوی سیاسەت و لە کۆڕ و کۆبونەوەی کۆمارییەکاندا بەشداری دەکرد و چالاکانە گوتاری دەدا و قسانی دژ بە پادشایەتی دەگوت، رۆڵی هەبو لە رێکخستنی هەراوهوریای شەقامەکان و خۆپیشاندەکان. ئا لەم سەروبەندەدا و بە ئامۆژگاری هاوڕێکەی، ئۆگەست چێڤالییەر، پەیپەرێکی تری ماتماتیکی نوسی و تەسلیمی ئەکادیمیای فەرنسی کرد.

لە مانگی ئایاری ١٨٣١ دا، کۆمەڵێک لە ئەندامانی بزوتنەوەی کۆماری لە زیندان ئازادکران، بەو موناسەبەتەوە  ئاهەنگێکیان رێکخست و گالواش وەک ئەندامێکی چالاک بەشداری تێداکرد. هەر لەم ئاهەنگەدا، سیخوری پادشا حزوری هەبو. گالوا، بە دەستی چەپی پێکێکی بەرزکردەوە و بە دەستەکەی تری چەقۆیەکی بەرزکردەوە. ئەوەی گالوا لەم ئاهەنگەدا، وەک دەڵێن، گوتی زۆر خەتەربو.

گالوا بە خرۆشەوە گوتی، ” ئەمە نۆش دەکەم بۆ مەرگی پاشا.” دوای رۆژێک لە مڵڵی دایکی بو، کاتێک هاتن و گرتییان، یەکسەر راپێچیان کرد بۆ بەدیخانە، درا بە دادگا، بە تۆمەتی هاندانی خەڵک بۆ ئاژاوە و هەڕەشەکردن لە ژیانی پادشا. لە دادگا گوتی نەخێر من هاوارم کردوە لە سیحەتی پادشا. گالوای یاخی، بەخت یاوەری بو، دادوەر، هەواداری کۆمارییەکان بو، خۆشی منداڵی وردی هەبو، وەک دەڵێن رەحمی بۆ گالوا جوڵابو، بۆیە زو ئازادی کرد. بەڵام لە چاوی بەرپرسانی سیستەمی پاشایەتییەوە هێشتا هەر کەسێکی خەتەربو.

دوای مانگێک دیسان گیرایەوە، ئەمجارەیان بە تۆمەتی چی؟ کەس نازانێت، وەک دەڵێن بە تایبەت بەندێکی قانونیان نوسیوە بۆ ئەوەی تۆمەتباری بکەن. تاوانەکەی ئەوەبو گوایە بەرگی پاسەوانانی بەتالیونی نیشتیمانی پۆشیوە، ئەمەش بۆ خۆی، دوای ئاژاوەکانی شەش مانگ لەوەبەر، یاساخ و نایاسایی بو. پێنچ مانگ لەودیو ئاسنەکانی زیندانەوە چاوەڕوانی دادگایی بو، دیارە تەنها بۆ ئەوەی هیلاکی بکەن و جۆش و خرۆشی شۆڕشگێری لێ بسەننەوە. کاتێک لە کۆتایی مانگی تشرینی یەکەمی ١٨٣١ دا، دادگایی کرا، تاوانکار دەرچو، شەش مانگ حوکم درا. بەمجۆرە چاوەڕوانی و حوکمەکە پێکەوە بون بە یازدە مانگ، واتە بە هیچ جۆرێک ئەم پێنچ مانگەی لە چاوەڕوانیدا بو بۆی حسێب نەکرا. کاتێک خوشکەکەی بینی کە بردیان بۆ بەندیخانەیەکی تر، بە چاوی پڕ فرمێسکەوە گوتی،” بە داخەوە، چەند مانگێک لەمەوبەر، کە براکەم گیرا لاوێکی جوانی بیست ساڵان بو، ئێستا لە پیاوێکی پەنجا ساڵان دەچێت.”

کاتێک لە زینداندا بو، نامەی لە ئەکادیمی فەرەنسییەوە بۆ هات. لە نامەکەشدا، توێژینەوەکەی خۆی تێدابو کە کاتی خۆی ناردبوی بۆ ئەکادیمیا و ئێستا وەڵامەکەی گەڕاوەتەوە، بەڵام وەڵامەکە چی دەڵێت؟ زۆر بە داخەوە، نائومێدییەکی تری تێدایە کە داوای لێبوردن دەکەن، چونکە بە هیچ جۆرێک لە دەستنوسەکەی تێناگەن ونازانن گالوا باسی چی دەکات. لە نامەکەدا بۆ گالوایان نوسیبو،” تەنانەت بۆمان نەکرا کە بزانین فکرەی پەیپەرەکە چییە! سەلماندنەکەی م. گالوا نە بە تەواوی شەفافە و نە بە تەواوی ئەوەندە پە
رەی سەندوە کە حوکم بدەین.”

galois-13

گالوا، دواجار بریاریدا چێتر خۆی خەریک نەکات بە ئەکادیمیاوە. لە بری ئەمە هات و خۆی دەستیکرد بە دارشتنی تیورییەکانی و ئامادەکردنیان بۆ بڵاوکردنەوە. هێشتا لە بەندیخانەدا بو کە کەوتە نوسین. سەرەتای نامەکانی پربون لە تاڵی و ناسۆری ئنسانێک کە سێ جارە لەم شتانە مەحروم دەکرێت. گالوا نەک هەر دژی پەیمانگایەکی گەندەڵی وەکو ئەکادیمیا شتی نوسی، بەڵکو بە حکومەتدا هاتەخوارێ. هەر لەم پێشەکییەدا دەنوسێت،” ئەی پیاوە گەورەکانی زانست ئێوە قەرداری منن، لەو راستییەدا کە وەڵامی یەکەم دو پەیپەری ئەم  کارەتان زۆر درەنگ دامەوە. ئنجا ئەم پیاوە گەورانەی زانست لەوەدا  قەرداری منن کە من ئەم پەیپەرانەم لە زینداندا نوسیوە.” بەردەوام دەبێت لە نوسین و ئەو رۆژانە وەبیر خۆی دەهێنێتەوە کە مامۆستاکانی پۆلیتەکنیکی ئیکۆڵ لە تاقیکردنەوەدا چۆن وەکو وەحشی پێێ پێدەکەنین، ئەمیش پێویستە هەتا ماوە بەو دەردەوە بتلێتەوە، ئەو پیاوانەی ئیکۆل کە نوسینی کتێبە  ماتماتیکییەکانیان تەنها بۆ خۆیان داگیرکردوە و بوار بە کەسی تر نادەن کە نامەیەکی ماتماتیکیش چییە بینوسن. ئەمانە ئەو خەڵکانەن کە گالوایان دوجار رەتکردەوە کە لە ئیکۆل وەری بگرن. هەروەک خۆی دەڵێت،” هەمو ئەمانەی من باسیان دەکەم تەنها ئەوە دەسەلمێنن کە من خۆم دەچمە بەردەم گاڵتەی ئەحمەقەکان. ئەو ئەحمەقانە هەرگیز پەیپەرکانی منیان نەخوێندەوە.”

لەو رۆژانەدا مەترسی پەتای کولیرا بڵاوبوەوە، بەرپرسان لە راپەرین و ئاشوبی تر دەترسان، بۆیە گالوایان رەوانەی خانەی چاودێری تایبەت کرد. لەوێ لە روی خزمەتگوزارییەوە حاڵی باشتربو، جگە لەوەی ئازادی زیاتربو، تەنانەت ئەو بوارەیان بۆ رەخساند کە میوانان سەردانی بکەن. رۆژێک کیژێکی جوانی خان و مان هات بۆ زیارەتی زیندانییەکی تر، گالوا ئاشنایەتی لەگەڵدا پەیداکرد و بوە هاوڕێیەکی نزیکی، ئیتر لێرەوە ماتماتیکناسە لاوەکەمان بۆ یەکەم کەوتە داوی خۆشەویستییەوە و بە تەواوی گیرۆدەی ئەوینی ئەم کیژە ناسک و نازفرۆشە بو. ئەم خانمە ناوی ستێفانی بو.

لە نیسانی ١٨٣٢ دا، ئازادکرا، بەڵام ئەوەندە هەوای سەربەستی هەڵنەمژی، دوای مانگێک دیسان گیرایەوە. خانمەکە زۆر زو دەستبەرداری گالوا بو و فەرامۆشیکرد. گالوا دێوانە بو، سەرتاپای هیوا، بەختەوەری و مەرامەکانی هەرەسیان هێنا و رقی لە هەمو شتێکی ئەم ژیانە دەبوەوە، بە تەواوی نائومێد بو لە هەمو شتێک، هەر کوێ دەچێت دەروازەی خۆشەویستی و ئەقڵی بە ڕودا دادەخەن. نامەی بۆ ئەوگۆست چێڤالیەر نوسی و کەوتە باستی دڵی روخاو هەرەسی خۆشەویستی خۆی.

لە هەمبەر بڵاوبونەوە و زراندنی ناو و شۆرەتی خانمەکە، میردەکەی هات و داوای ڕوبەروبونەوە
ی لە گالوا کرد. ئەو سەردەمە نیشانچێتی لە فەرەنسا چیتر شتێکی یاسایی نەبو، بۆیە ئەوانەی ئەنجامیان دەدا بە نهێنی دەیانکرد. هیچ کەس نەچوبوە نێو وردەکاری روبەروبونەی گالوا و هاوسەری خانمی دولبەر، ئایا هیچ پلانێکی سیاسی لە پشتەوەیە؟ کەس نازانێت. ئەو شەوە گالوا نامەی بۆ هاوڕێیانی شۆڕشگێری لە نێو پاسەوانانی کۆماریدا نوسی و گوتی،” دو هاونیشتمانی تەحەدایان کردوم، بۆ منیش مەحاڵە بتوانم رەتی بکەومەوە. تکاتان لێدەکەم لێم ببورن کە ئەمەتان پێ ناڵێم، نەیارەکانم سوێندی شەرەفیان داوم کە بە هیچ هاوڵاتییەک نەڵێم. بەڵام با ئێوە بزانن ئەم شەڕەی من دەیکەم دژی ئیرادەی خۆمە، بە تایبەت دوای ئەوەی بە تەواوی هیلاک بوم کە سازش بکەین ” لە نامەیەکی تردا دەڵێت،” من کوشتە و قوربانی موغازەلەی دڵداریم.” بە داخەوە گالوا تەواو دڵنیا بو لەم جەنگەدا دەدۆڕێ.
لە بەیانی چوارشەممەی ٣١ی مایسی ١٨٣٢ دا گالوا مرد. دوای مردنی پۆلیس ئەمەیان تۆمارکردبو،” گالوا، کۆمارییەکی توندڕەو، لە روبەڕونەوەی نیشانچێتیدا لە لایەن هاوڕێیەکی خۆیەوە کوژراوە.” هەتا ئێستاش، لیۆپۆڵد ئنفێڵد، کە یەکێکە لە بایوگرافەرەکانی، رای وەهایە کوشتنە تراژیدیەکەی گالوا پلانێکی سیاسی بوە و پۆلیس دەستی تێدا هەبوە. گالوا مرد و لە گۆرستانێکی سادە نێژرا. بەڵام هەتا ئێستاش بە وردی نازانرێت گۆڕەکەی کامەیە. پۆلیس شەوێک بەر لە ناشتنی، زیاتر لە سی لە هاوڕێیانی کۆمارییان دەسگیرکرد، چونکە باوەڕیان وابو کە مەرگی گالوا دەبێت بە هۆی هەڵگیرسانی پشێوی و نائارامی.گالوای لاو و نەفام، دەیزانی مەرگ میوانی دەبێت، بۆیە بە نامەکانی ماڵئاوایی لە هاوڕێکانی کرد و galois-14ئەو شەوەش هەمو ماریفەت و داهێنان و تیورییە ماتماتیکییەکانی ژیانی کورتی خۆی هەبو خستییە دوتوێێ نامە پڕ حەسرەت و تێکەڵەکانی. گالوا ئەو شەوە لە سایەی گوشارێکی دەرونی ئێجگار سەختدا و بە دەستی لەرزۆک و سیمای مەرگەوە سەلماندنە ماتماتیکییەکانی جارێکی تر بۆ برادەرە دڵسۆزەکەی ئەوگۆست چێڤالییەر داڕشتەوە. ئاخر چۆن دەتوانێت ئەو هەمو تیورییەی لە مێشکی ئەم لاوەدا چەندەها ساڵە گینگڵ دەدەن بە شەوێک بخرێنە سەر کاخەز! ئەمە لە کاتێکدا، دەیان ساڵ دوای مردنی، هەزاران لاپەڕە ڕەش کرایەوە بۆ داڕشتنەوە و شیکرددنەوەی نوسین و تیورییەکانی. ئەو شەوە ئەمەندە بە هەڵەشە و پەشۆکاوی نامەکەی نوسیوە، لە نێو دێڕەکان و سەلماندنەکاندا وشەی ”ژن” و رستەی” کاتم نەماوە” خۆیان دوبارە دەکەنەوە. مەرگی چارەگران بوە بە واقیع و هەڵاتن بوە بە مەحاڵ.

لە ناشتنەکەیدا دو تا سێ هەزار کەس ئامادەبون، هاتبون بۆ ئەوەی سەری رێز و شەرەف بۆ لاوێکی شەهیدی شۆرشگێری کۆماری دانەوێنن. توڕەیی باڵی کێشابو بەسەر خەڵکەکەدا، چونکە زۆربەی باوەڕی وابو کە دی هێربینڤیل، ئەو ئەفسەرەی گالوای کوشت، نە دەزگیران، نە مێردی کچەکە بو، بەڵکو تەنها پیاوێکی ئاسایشی حکومەتە و پلانیان داناوە بۆ کوشتنی گالوا، ستێفانیش، خۆشەویست نەبوە، بەڵکو ئەویش بەشێک بوە لە پلانەکە.

کە پۆلیس گەیشتە مەراسیمەکە، بو بە هۆی پێکدادان لە نێوان هاوڕێیانی گالوا و پۆلیسدا. بەڵام مێژو هەرگیز وەک شۆڕشگێڕێک یادی ناکاتەوە بەڵکو وەک یەکێک لە ماتماتیکناسە هەرە پایەبەرزەکانی فەرەنسا تۆماری کردوە و ناوی هەر بەو جۆرە بە نەمری دەمێنیتەوە.

ئەلفرێد، کە برا بچوکەکەی گالوا بو، لەگەڵ هاوڕێ شیرینەکەی گالوا، پێکەوە بە بون وەکیلی نوسینە ماتماتیکییەکانی گالو. گالوا خۆی، لە وەسیەتەکەیدا داوا دەکات کە توێژینەوەکانی پیشانی گاوس یان جاکۆبی بدرێن.

دوای چواردە ساڵ، ماتماتیکناسی فەرەنسی لیوڤییللێ، پەیپەرکانی گالوای بە چاپ گەیان، ئەلفرێد، زۆر بەختەوەربو کە بەرهەمی برا جوانەمەرگ و بلیمەتەکەی ببینێت کە چاپکراوە و خەڵک وەک ماتماتیکناسێک ئەفسانەیی و بیوێنە لە ناوەندەکان ناوی دەبەن، ئەمە جگە لەوەی ناوبانگی بە ئەوروپادا بڵاوبوەوە. لە کۆتایی سەدەی نۆزدەدا، کاتێک باس لە گالوا دەکرا، ناوی وەک یەکێک لە ماتماتیکناسە هەرە پایەبەرزەکانی فەرەنسا دەبیسترا. بەرێوەبەرە کۆنەکەشی، کە تەمەنی ئەمەندە درێژ بو بەجۆرێک کە ناوبانگی گالوای بەرگوێ کەوت، لێیان پرسی کە گالوا منداڵێکی چۆن بو، لە وەڵامدا دەیگتت،”کوڕێکی غەریب بو، هەر بە راستی غەریب بو.”

گالوا توانی بیسەلمێنێ کە هاوکێشە پلە بەرزەکانی سەرو چوار، بە گشتی مەحاڵە بە میتۆدی رادیکاڵەکان حل بکرێن، دوایش ئەوەی خستەڕو کە ئەمانە لە سایەی چ شەرت و هەلومەرجێکدا دەکرێت حل بکرێن. ئەم مەرجانە ئەوە ناخەنە لاوە کە ئەم هاوکێشانە حل دەکرێن.

ئەمە ژیانی تراژیدیای گالوای جوانە مەرگ بو ئیتر لە فرسەتێکی تردا تیوری گالوا و گروپی گالوا باس دەکەین.

سەرچاوکان

  1. Bell. E.T. Men of Mathematics (Touchstone Books). Touchstone. Kindle Edition. (2014).
  2. DolencSaso . The Man Who Counted Infinity and Other Short Stories from Science, History and PhilosophyKindle Edition.
  3. Stewart. Ian. From Here To Infinity. Paperback. Oxford University Press, (1990).
  4. Muir. Jane. Of Men and Numbers, Dover Publications. (1972)



نووسراوه‌ له‌لایه‌ن
birkary

ئێڤرێست گالوا (١٨١١ – ١٨٣٢): بلیمەتی و تراژیدیا Reviewed by Unknown on 10:45:00 ص Rating: 5

ليست هناك تعليقات: