فێربوون مافی هەمووانە
مرۆڤەكان جیاوازن، دەگمەن هەیە لە هەندێ شت لە یەك بچن، شێوازی فێربوونی مرۆڤەكانیش جیاوازە، هەریەكەو بە شێوازێك فێردەبێت.
وەزارەتی پەروەردە بە رێنمایی لیژنەی پەروەردە لە پەرلەمان ئەركیانە میكانیزمێكی گونجاو دانێن بۆ ئەوەی مافی یەكسان بە خوێندكاران بدرێت، هەروەها هەلی یەكسانیان بۆ بڕەخسێت بۆ فێربوون.
لە هەرێمی كوردستان منداڵ لە شەش ساڵییەوە مافی ئەوەی هەیە كە بچێت بۆ خوێندنو پڕۆسەی فێربوونی دەست پێبكات، بۆیە هەر منداڵێك لە هەرێمی كوردستان شەش ساڵی تەواو كرد دەبێ لە یەكێك لە خوێندنگاكانی ئەم هەرێمە شوێنی بۆ بكرێتەوە.
بۆ ئەوەی كەسایەتی منداڵ ببپارێزیو دووربێت لە خۆ بەزلزانی، یان بە كەمزانیو ئیرەیی بردن، ئەوە دەبێ منداڵ لە خوێندنگا یەكسان بنو جیاوازی نەكرێت لە نێوانیانو هەر هەموویان یەك هەلی خوێندنیان بۆ دابین بكرێتو لە هەمان خوێندنگا بخوێنن.
ئەركی پەرلەمانی كوردستانە یاسای یەكسانی خوێندنو پلانی خوێندن دابڕێژێت. ئەمەش لە ڕێگای كەسانی پسپۆڕو شارەزا لە بواری پەروەردە، بەشێوەیەك كە بتوانن باشترین سیستمی پەروەردە بۆ هەرێمەكەمان دابین بكەن كە دواڕۆژی نەتەوەكەمان رۆشنكا، خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی بكرێت بە زۆرەملێ. حكومەتی هەرێمیش لەسەریەتی بودجەی گونجاو دابین بكات بۆ وەزارەتی پەروەردە بۆ ئەوەی سەركەوتووبێت لە ئەركەكەی.
كە دەڵێن فێربوون مافی هەمووانە واتای ئەوەیە، كە ئەم منداڵانەی كێشەی تەندروستیشیان هەیە دەبێت بەهەمان شێوە ئەم مافەیان پێببەخشرێت، لە هەمان خوێندنگا كەسانی شارەزاو پسپۆڕ دابین بكرێت كە بتوانن لە كێشەو گیروگرفتەكانیان تێبگەن، بەشێوازێك فێربكرێن لەگەڵ ئاستی تێگەیشتنو زیرەكی خوێندكارەكە بێتەوە.
لە وڵاتانی ئەوروپا لە پڕۆسەی فێركردن زانستی (فێركردنی گونجاو) بەكاردەهێنن، ئەم زانستە یارمەتیدەرو هاوكارە بۆ مامۆستا كە بەشێوازێك وانەكەی بڵێتەوەو ئامانجی وانەكەی بەهەموو خوێندكارەكانی پۆلەكە بگەیەنێت. مامۆستا دەبێ هەریەك لە خوێندكارەكانی پۆلەكەی بناسێتو ئاستی زیرەكیو شێوازی فێربوونیان بزانێتو تەنانەت ئاگاداری بارودۆخی خوێندكارەكە بێت لەناو خێزانەكەیدا. ناكرێت وانەكەی بە یەك شێواز بڵێتەوە وەك ئەوەی هەر هەموو خوێندكارەكان وەك یەك بن. لە پۆلێكدا چەندین خوێندكار هەیە، تێیاندایە كە لە ناو ئەم هەموو منداڵە نەتوانێت وانەكە تێبگات، ئەم جۆرە خوێندكارانە دەبێت لە گروپی بچووك یان (یەك بۆ یەك) واتا خوێندكارو مامۆستا بەتەنیا بن.
زانستی گونجاو بەشێوازێكە كە تەنها بۆ ئەوانە نیە كە پێویستیان بە یارمەتی زیاترە بۆ ئەوەی وانەكە تێبگەن، بەڵكو بۆ ئەوانەشە كە ئاستی زیرەكیان بەرزترە لە خوێندكارەكانی تر. ئەم خوێندكارەی كە زیرەكترە دەبێ بە شێوازێكی تر مامۆستا پلانی فێربوونی بۆ داڕێژێت، ئەگەر بێت و هەمان پلانی خوێندكارەكانی تر بێت، ئەوە وادەكات كە دەرسەكە زۆر ئاسان بێت لەلای و ئەمەش وای لێدەكات كە بێزار بێت لە دەرسەكەو تواناكانی گەشە نەكات، مامۆستا دەبێ ئامانجی فێربوونی بۆ خوێندكارە زیرەكەكان بەرزتر دابنرێت بۆ ئەوەی گەشە بە زیرەكیەكانیان بكات.
بۆ ئەوەی ئەنجامەكانمان بە باشترین شێوە بێنینەدی، مامۆستا و خوێندكارەكان زیاتر ئاشناو هەست بە متمانەو ئارامی بكەن لەگەڵ یەكتر، دەبێ مامۆستا لەگەڵ خوێندكارەكانی پۆلەكان ببڕی، واتا هەمان مامۆستا كە لە پۆلی یەكی سەرەتایی لەگەڵ خوێندكارەكانی دەبێت، تا پۆلی شەشی سەرەتایی بەردەوام بێت لەگەڵیان، وە بەهەمان شێوەش بۆ قۆناغی ناوەندی.
بۆ ئەوەی بتوانین هەلی فێربوونی یەكسان بۆ هەموو منداڵێكی شەش ساڵانە دابین بكەین پێویستمان بە كادری پەروەردەیی باش هەیە، كە بەداخەوە لە هەرێمی كوردستان زۆر هەژارین لەم لایەنەدا، وەزارەتی خوێندنی باڵاو كۆلێجەكانی پەروەردە بەرپرسیاری یەكەمن.
لە كۆلێجی پەروەردە ئەوەندەی گرنگی بە زانستەكان دەدەن ئەوەندە گرنگی بە زانستی پەروەردەو فێركردن نادەن، نازانم سوودی چیە كە خوێندكارێك لە كۆلیجی پەروەردە بەشی بیركاری دەردەچێ و هەر هەموو بیردۆزەكانی بیركاری وەك ناوی خۆی دەزانێت، بەڵام كە وەك مامۆستایەك دادەمەزرێت نەتوانێت ئەم زانستەی كە هەیەتی بیگەیەنێتە خوێندكارەكان؟
مامۆستا پێویست ناكات ئەم زانستەی كە پسپۆڕی لێدێنی زۆری لێ بزانێت، ئەوەندە بەسە كە لە قۆناغەكە دەخوێندرێ، گرنگتر ئەوەیە كە توانای گەیاندنی زانستەكەی هەبێ بۆ هەموو خوێندكارەكان، بە جیاوازی ئاستەكانیانەوە. مامۆستا نەوەیەك بەرهەم دەهێنێت بۆیە ئەركێكی زۆر پیرۆزو گرنگ و هەستیاری لەسەر شانە. لە وڵاتان بەمامۆستا دەڵێن پەروەردەیی، ئەمەش ئەگەر لێی قووڵ ببینەوە مانایەكی زۆر گەورەیە. ئەمە كادری پەروەردەییە نەوەیەك پەروەردە دەكات، كۆمەڵگایەك درووست دەكات. ئەمە سیستمی پەروەردەیە ئاست و پایەی كۆمەڵگا دیاری دەكات، سیستمێكی باش و سەردەمیانەو لەسەر بنەمای زانستی پێشكەوتوو دارێژڕابێت نەوەیەكی هۆشیارو بنیاتنەرمان بۆ بەرهەم دێنێت، بە پێچەوانەكەشی كۆمەڵگایەكی نەخوێندەوارو سەرلێشێواوو ملكەچ بەرهەم دێنێت.
نووسراوه لهلایهن
Parwarday Maxmur
ليست هناك تعليقات: