پێنج باشترین سیستمی په‌روه‌رده له جیهاندا
و: كورده‌وان محه‌مه‌د سه‌عید
پێنج وڵات هه‌ن كه وڵات هه‌ن كه له‌سه‌ر ئاستی جیهان له په‌روه‌رده‌و فێركردندا له رێزی پێشه‌وه‌ی وڵاتانی ترن، بۆ ده‌ستنیشان كردنی وڵاته‌كانیش پشت به‌ستراوه به راپۆرتی ئاماژه‌پێكه‌ری پێرسۆن-ی تایبه‌ت به فێركردن‌و لێهاتوویی زانستی‌و خوێندنی باڵا، پێرسۆن-یش بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی ئاستی په‌روه‌رده‌و فێركردنی ئه‌و وڵاتانه له‌سه‌ر بنه‌مای چه‌ند تاقی كردنه‌وه‌یه‌ك كاری كردووه، له‌وانه: تاقی كردنه‌وه‌ی ئاستی پێشكه‌وتن له خوێندنه‌وه‌و نووسیندا كه به پیرڵس(PIRLS) ناسراوه. تاقی كردنه‌وه‌ی ئاراسته نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له بیركاریی‌و زانست‌دا، كه به تیمس (TIMSS) ناسراوه. تاقی كردنه‌وه‌ی هه‌ڵسه‌نگاندنی نێوده‌وڵه‌تی بۆ خوێندكار كه به پیسا (PISA) ناسراوه. به‌و پێودانگ‌و هه‌ڵسه‌نگاندنانه ریزبه‌ندی ئه‌و پێنج ده‌وڵه‌ته به‌م جۆره‌یه: یه‌كه‌م كۆریای باشوور، دوای ئه‌و ژاپۆن به پله‌ی دووه‌م دێت، سه‌نگافۆره پله‌ی سێیه‌مه‌و هۆنگ كۆنگ چواره‌م‌و فنله‌ندا كه ساڵانی رابردوو له پێشتر بوو، ئێستا چۆته پله‌ی پێنجه‌م. دوای ئه‌و پێنج وڵاته‌ش هه‌ریه‌كه له بریتانیا‌و كه‌نه‌دا‌و هۆڵه‌ندا‌و ئایرله‌ندا‌و پۆڵه‌ندا به دوای یه‌كدا پله‌ی شه‌ش تا ده‌یه‌میان وه‌رگرتووه.
تێبینی ده‌كرێت كه له پێنج وڵاته‌كه‌ی یه‌كه‌م، چواریان له خۆرهه‌ڵاتی ئاسیان، توێژه‌ران له‌و باوه‌ڕه‌دان هۆكاره‌كه‌ی بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه، كه گونجاویی له نێوان روونی ئامانجه‌كانیان‌و سیستمی خوێندنه‌كه‌یاندا، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ش هه‌وڵ ده‌ده‌ین له رۆحی سیستمی په‌روه‌رده‌و فێركردنی ئه‌و پێنج وڵاته تێ بگه‌ین، به هیوای سوود لێ وه‌رگرتنی‌و ده‌رچوونمان له‌و دواكه‌وتوویه‌ی تێی كه‌وتووین، كه له پێشكه‌وتن‌و شارستانیی دووری خستوونیه‌ته‌وه.
كاتێك ژاپۆنییه‌كان كۆریای باشووریان جێهێشت، رێژه‌ی نه‌خوێنده‌واری 78% بوو، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی تا له بن ده‌ستی ژاپۆندا بوو، خوێندن ته‌نها بۆ ژاپۆنییه‌كان بوو، كۆریاییه‌كان ژماره‌یه‌كی كه‌میان نه‌بێت، رێگه‌یان پێ نه‌ده‌درا خوێنده‌وار بن، له قوتابخانه‌كانیشدا مامۆستای كۆریایی نه‌بوو. دوای رۆیشتنی ژاپۆنییه‌كان كۆریای باشوور ده‌ستی كرد به دامه‌زراندنی سیستمێكی په‌روه‌رده‌ی نوێ‌و پێشكه‌وتوو كه ئێستا باشترینه له‌سه‌ر ئاستی جیهان. سیستمی خوێندن له كۆریای باكوور زۆر تۆكمه‌یه، ته‌له‌به له رۆژێكدا 14 سه‌عات له قوتابخانه ده‌مێنێته‌وه‌و له هه‌فته‌یه‌كیشدا پێنج رۆژ، كه ده‌كاته هه‌زار‌و 20 سه‌عات له ساڵێكدا، ئه‌مه‌ش به‌رزترین رێژه‌یه له جیهاندا. خوێندكار، یان قوتابی كۆریای باشوور 22 ده‌قه كه‌متر له هه‌موو خوێندكاری جیهان ده‌خه‌ون. كۆریای باشوور له سیستمی خوێندنیدا رێڕه‌وی 3.3.6 په‌یڕه‌و ده‌كات، كه هاوشێوه‌ی سیستمی خوێندنه له عیراق له رووی پێكهاته‌وه، به‌ڵام له رووی جێبه‌جێ كردنه‌وه جیاوازه. گرنگترین بابه‌تیش كه سیستمی كۆریای باشوور جه‌ختی له‌سه‌ر ده‌كاته‌وه، بیركاری‌و زانست‌و زمانی ئینگلیزییه. هه‌رچه‌نده خوێندن له‌و وڵاته‌دا بێبه‌رامبه‌ره، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا دایك‌و باوكی خوێندكار 25% داهاتیان بۆ وانه‌ی تایبه‌ت بۆ منداڵه‌كانیان خه‌رج ده‌كه‌ن. هه‌ر خوێندكارێكیش به دڵی دایك‌و باوكی نمره نه‌هێنێت سزای توند ده‌درێت، خۆ ئه‌گه‌ر خوێندكار نه‌توانێت كورسییه‌كی زانكۆ به‌ده‌ست بهێنێت، ئه‌وه به ناپاكی له خێزان داده‌نرێت.
له ساڵی 1868دا ژاپۆنییه‌كان دژی حكومه‌ته‌كه‌ی خۆیان شۆڕ‌شیان كرد، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به گه‌نده‌ڵیان ده‌زانی. دوای ئه‌وه حكومه‌تی نوێ ده‌ستی كرد به ناردنی وه‌فد بۆ وڵاتانی وه‌ك بریتانیا، ئه‌ڵمانیا، فه‌ره‌نسا‌و ئه‌مریكا، بۆ كۆكردنه‌وه‌ی بیر‌و بۆچوونیان له بواری په‌روه‌رده‌دا، پاشان سیستمێكی په‌روه‌رده‌ی ژاپۆنی داڕێژرا، كه تێكه‌ڵه‌یه‌ك له هزری په‌روه‌رده‌ی ئه‌و وڵاتانه له‌گه‌ڵ كه‌لتووری ژاپۆنی. تا جه‌نگی دووه‌می جیهانیش ژاپۆن سوودی له‌م سیستمه وه‌رگرت، به‌ڵام له دوای جه‌نگی دووه‌می جیهانییه‌وه، هه‌ندێك چاكسازیی له بواری په‌روه‌رده‌دا كرد، كه بووه هۆی به‌هێز كردنی گه‌شه‌ی ئابووری‌و پێشكه‌وتنی ته‌كنه‌لۆژیا له‌و وڵاته‌دا. سیستمی خوێندنی ژاپۆن هه‌مان رێڕه‌وی 3.3.6ی هه‌یه‌و زیاتریش جه‌خت له‌سه‌ر میتۆدی فێربوون‌و كاری به كۆمه‌ڵ‌و چاره‌سه‌ری كێشه‌كان ده‌كاته‌وه له جیاتی فێربوونی راسته‌وخۆ، ئه‌و وانانه‌ش كه فێری ده‌بن، زیاتر په‌یوه‌ندییان به بیركاری‌و زانست‌و وانه‌ی ئاكاریش به شێوه‌یه‌ك ده‌خوێنن كه ده‌گاته ئاستی میتۆدی ئاكار له زانستی ئه‌كادیمیدا، ئه‌مه‌ش ره‌نگدانه‌وه‌ی باشی هه‌بووه له‌سه‌ر ره‌فتاری تاك له كۆمه‌ڵگه‌دا. ناو‌و ناوبانگی قوتابخانه به‌نده له‌سه‌ر كاری ئه‌كادیمی‌و ره‌فتار، بۆ نموونه ئه‌گه‌ر خوێندكارێك یان قوتابییه‌ك له یاسا لای دا، ده‌بێ مامۆستا سه‌رپه‌رشتیاره‌كه‌ی‌و ده‌سته‌ی فێركاریی قوتابخانه‌كه به ره‌سمی داوای لێبوردن له حكومه‌ت بكه‌ن.
چیرۆكی سه‌ركه‌وتنی سه‌نگافۆره ناوازه‌یه، چونكه له ماوه‌ی كه‌متر له 50 ساڵدا له دوورگه‌یه‌كی هه‌ژاری بێ سامانه‌وه، به زۆرینه‌ی نه‌خوێنده‌واریی دانیشتوانه‌كه‌یه‌وه، توانی ببێته ده‌وڵه‌تێك شان له شانی وڵاتانی پێشكه‌وتوو بدات. پێشتر سه‌نگافۆره له سه‌رده‌می كۆلۆنیالیزمدا‌و دوای ئه‌وه‌ش به‌ده‌ست كێشه‌ی دووبه‌ره‌كی‌و ناكۆكی تافه‌و پێكهاته جیاجیاكانییه‌وه ده‌یناڵاند، دوای ئه‌وه‌ی له ساڵی 1965 سه‌ربه‌خۆیی وه‌رگرت‌و له مالیزیا جیا بۆوه، لی كوان ی‌و-ی سه‌رۆك وه‌زیران په‌ی به‌وه برد كه په‌روه‌رده‌و فێركردن تاكه رێگه‌یه بۆ نه‌هێشتنی كێشه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی سه‌نگافۆره، له‌به‌ر ئه‌وه ده‌ستی كرد به بنیاتنانی سیستمێكی په‌روه‌رده‌و فێركردنی پێشكه‌وتووی ئه‌وتۆ، كه بووه باشترین نموونه بۆ گه‌یشتن به‌و سیاسه‌ته ئابوورییه‌ی ئه‌مڕۆ پێی گه‌یشتووه. سیستمی خوێندنی سه‌نگافۆره تایبه‌تمه‌ندییه‌كه‌ی له‌وه‌دایه كه مامۆستا‌و به‌ڕێوه‌به‌ری زۆر به توانای هه‌یه‌و سه‌ركرده‌ی به‌هێزی ئه‌وتۆشیان هه‌یه كه توانای داڕشتنه‌وه‌ی تێڕوانینی دوورمه‌ودایان هه‌یه.
سیستمی خوێندنی سه‌نگافۆره، له‌سه‌ر رێڕه‌وی 2.2.6 ده‌ڕوات‌و میتۆدی خوێندنیشیان به شێوه‌یه‌ك ئاماده كراوه، كه له‌گه‌ڵ پێوانه‌ی شێوه‌زه‌كانی خوێندنی نوێ یه‌ك ده‌گرێته‌وه. تا ئێستا چه‌ند جارێك چاكسازی به‌خۆیه‌وه بینیوه، كه دیارترینیان ئه‌وه‌ی ساڵی 1997 بوو، كاتێك حكومه‌ت بزوتنه‌وه‌یه‌كی چاكسازی خسته‌گه‌ڕ كه به (نموونه‌ی سه‌نته‌ر له توانادا) ناسراوه، ئه‌مه‌ش بۆ دامه‌زراندنی قوتابخانه‌ی نوێ بوو كه به قوتابخانه‌ی بیركردنه‌وه له قه‌ڵه‌م دراوه‌و له‌سه‌ر چوار ته‌وه‌ری سه‌ره‌كی چڕ بۆته‌وه، ئه‌وانیش: پشت به‌ستن به مامۆستای باش‌و لێهاتوو، سه‌ربه‌خۆیی قوتابخانه‌كان، لابردنی سیتسمی پشكنین‌و دابه‌ش كردنی قوتابخانه بۆ چوار كۆمه‌ڵه‌ی جیا.
له ساڵی 2006دا چاكسازی چواره‌می ئه‌نجام دا له سیستمه‌كه‌یدا، ئه‌و هه‌نگاوه‌ش به (فێركردنی كه‌متر، فێربوونی زیاتر) ناسراوه، به جێبه‌جێ كردنی ئه‌و چاكسازییانه سه‌نگافۆره سه‌ركه‌وتنێكی گه‌وره‌ی به‌ده‌ست هێنا له تاقی كردنه‌وه‌و هه‌ڵسه‌نگاندنه نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا پله‌ی پێشكه‌وتووی به‌ده‌ست هێنا له ریزی وڵاتاندا.
هۆنگ كۆنگ تا ساڵی 1997یش له بن ده‌ستی كۆلۆنیالیزمی بریتانیدا بوو، سیستمی په‌روه‌رده‌و فێركردنه‌كه‌شی سیستمی بریتانییه، به‌ڵام له دوای رۆیشتنی بریتانیا له ساڵی 2000دا، ده‌ستی كرد به گۆڕینی سیستمی خوێندنه‌كه‌ی‌و چووه سه‌ر رێڕه‌وی 3.3.6و ده‌سه‌ڵاتداران دركیان به‌وه كرد، كه په‌روه‌رده‌و فێركردن ده‌روازه‌ی ئاینده‌یه، له‌به‌ر ئه‌وه گرنگی دانی له‌سه‌ر فێرخواز چڕ كرده‌وه‌و كردییه ته‌وه‌ری سه‌ره‌كی پرۆسه‌ی خوێندن، شێوازی فێركردن‌و پێ وتن‌و له‌به‌ر كردن گۆڕا بۆ شێوازی فێربوون، جگه له‌وه‌ش ده‌سه‌ڵات گرنگی زیاتری دا به توێژی مامۆستایان، ئه‌مه‌ش مامۆستایانی هان دا هه‌موو توانای خۆیان بخه‌نه‌گه‌ڕ بۆ سه‌رخستنی پرۆسه‌ی خوێندن.
فنله‌ندا به درێژایی ده‌یان ساڵ به‌ده‌ست چه‌ندان قه‌یرانی ئابوورییه‌وه ناڵاندی، ئه‌ویش له‌به‌ر كه‌میی‌و سنوورداریی سه‌رچاوه‌كانی سامانه‌وه بوو، هه‌ر بۆیه حكومه‌تی فنله‌ندا له حه‌فتاكانی سه‌ده‌ی رابردووه‌وه هه‌وڵی دا كۆمه‌ڵێك چاكسازیی ئابووری ئه‌نجام بدات، به‌ڵام له نه‌وه‌ده‌كانی سه‌ده‌ی رابردوودا‌و دوای رووخانی یه‌كێتی سۆڤێت قه‌یرانه ئابوورییه‌كان قوڵتر بوونه‌وه‌و رێژه‌ی بێكاری به‌رز بۆوه بۆ ئاستی 20% كه به‌رزترین رێژه‌ی بێكارییه له‌و وڵاته‌دا، حكومه‌تی فنله‌ندا دركی به‌وه كرد، كه بزوێنه‌ری سه‌ره‌كی بۆ گه‌شه‌ی ئابووری په‌روه‌رده‌و فێركردنه، ئه‌وه‌بوو پلانی ستراتیژی ئه‌وتۆی داڕشت، كه بۆ ماوه‌ی 40 ساڵ په‌روه‌رده‌و فێركردنی پێش خست، پلانه‌كه‌ش راهێنانی مامۆستایان بوو له زانكۆكاندا‌و مه‌رجی ئه‌وه‌شیان بۆ مامۆستا دانا كه ده‌بێ بڕوانامه‌ی ماسته‌ری هه‌بێت‌و مافی سه‌ربه‌خۆییشیان دا به مامۆستا له هه‌ڵبژاردنی میتۆدی خوێندندا، هه‌ڵبه‌ت به هاوبه‌شی قوتابیان‌و خوێندكاران، پاشان میتۆدێكی نیشتمانی گشتگیری دانا بۆ چاكسازی، میتۆد‌و رێوشوێنی وا له‌به‌رچاو گیرا كه خوێندكار هزری به‌كار بهێنێت‌و به گروپ كار بكه‌ن‌و هه‌وڵی دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ر بۆ كێشه‌كان بده‌ن. له ساڵی 2000دا كه‌سوكاری زۆربه‌ی خوێندكاران پێیان سه‌یر بوو كه منداڵه‌كانیان پله‌ی به‌رزیان هێناوه له تاقی كردنه‌وه نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا، پێیان وابوو ته‌نها به رێكه‌وت بووه، به‌ڵام چه‌ند ساڵێك دواتر له‌وه تێگه‌یشتن كه ره‌نگدانه‌وه‌ی پێشكه‌وتنی خوێندن‌و ئابووری وڵاته‌كه‌یانه.
ئه‌وه‌ی تێبینی ده‌كرێت، هه‌ریه‌ك له‌و پێنج وڵاته له سه‌ره‌تادا گرفت‌و قه‌یرانی ئابووری‌و سیاسی‌و كۆمه‌ڵایه‌تی زۆر گه‌وره‌یان هه‌بووه، به‌ڵام دواتر توانیویانه له رێگه‌ی سیستمێكی په‌روه‌رده‌و فێركردنی پێشكه‌وتووه‌وه سه‌رپێ كه‌ونه‌وه‌و بچنه ریزی ده‌وڵه‌ته پێشكه‌وتووه‌كانه‌وه. ئه‌م وتاره داوای ئه‌وه ناكات ئه‌زموونی هه‌ریه‌ك له‌و وڵاتانه بهێنرێت‌و له عیراق وه‌كو خۆی لاسایی بكرێته‌وه، به‌ڵكو زیاتر بۆ لێكۆڵینه‌وه له‌و ئه‌زموونانه‌و وروژاندنی پرسیار‌و هاندان‌و جوڵاندنی ره‌وتی چاكسازی له پرۆسه‌ی خوێندنی عیراقدایه.
پاش بینین‌و ورد بوونه‌وه له ئه‌زموونی وڵاتانی پێشكه‌وتوو، چه‌ند پێشنیازێك گه‌ڵاڵه بووه، كه پێشكه‌شی لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان‌و وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی ده‌كه‌ین ئه‌وانیش:
1– داڕشتنه‌وه‌ی پێكهاته‌ی بنه‌ڕه‌تیی سیستمی خوێندن له عیراق، به جۆرێك له‌گه‌ڵ گۆڕانكارییه‌كانی جیهان بگونجێت، پێویسته سه‌ربه‌خۆیی زیاتر بدرێته به‌ڕێوه‌رایه‌تی په‌روه‌رده‌كان، چونكه گیانی كێبڕكێ زیاد ده‌كات، هه‌روه‌ها دروست كردنی سیستمێكی سه‌رپه‌رشتیارییش كه پشت به رۆحی داهێنان ببه‌ستێ گرنگه، له‌گه‌ڵ زیاد كردنی ده‌وامی رۆژانه له چوار سه‌عاته‌وه بۆ شه‌ش سه‌عات به لانی كه‌مه‌وه.
2- مامۆستا‌و به‌ڕێوه‌به‌ری قوتابخانه‌و خوێندنگه‌كان سه‌ر له نوێ راهێنان پێ بكرێته‌وه‌و ئاماده بكرێنه‌وه، راهێنانه‌كه‌ش ده‌بێ له زانكۆكانی عیراقدا‌و به سه‌رپه‌رشتی مامۆستایانی لێهاتووی زانكۆ بێت. پێویسته وه‌فده‌كانی مامۆستایان ره‌وانه‌ی كۆریای باشوور‌و ژاپۆن‌و سه‌نگافۆره‌و فنله‌ندا بكرێن. پێویسته بڕوانامه‌ی مامۆستایانیش به‌رز بكرێته‌وه، مامۆستای ئاماده‌یی له ماسته‌ر كه‌متری نه‌بێت‌و ئه‌وانی تریش له به‌كالۆریۆس كه‌متریان نه‌بێت.
3- دانانی سیستمی نوێی هاندان بۆ مامۆستایان‌و به‌ڕێوه‌به‌ران، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو توانای خۆیان بخه‌نه‌گه‌ڕ، وه‌ك پێدانی كورسی ماسته‌ر به مامۆستایه‌ك كه رێژه‌ی ده‌رچوانی زۆر بێت، یان بڕێك پاره، هه‌روه‌ها بۆ ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌ره‌ش كه خوێندنگاكه‌ی رێژه‌ی ده‌رچوانی به‌رزه.
4- گۆڕینی سیستمی خوێندن له فێركردنی راسته‌وخۆوه بۆ فێركردنی ناڕاسته‌وخۆ وروژاندنی بابه‌ته‌كان له‌لایه‌ن مامۆستاوه، به جۆرێك خوێندكار رابهێنرێت له‌سه‌ر خۆفێركردن‌و كاری گروپ‌و هاندانی بۆ دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ر بۆ كێشه‌كان.
5- لابردنی سیستمی ئیحیائیی‌و پراكتیكی له خوێندندا، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی سیستمێكی كارا نییه‌و زۆربه‌ی وڵاته پێشكه‌وتووه‌كان لایان بردووه.
6- لابردنی تاقیكردنه‌وه گشتییه‌كان، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كارا نییه‌و ته‌نها پێوه‌ره بۆ ئه‌وه‌ی بزانرێ خوێندكار چه‌ندی له‌به‌ر كردووه، به‌ڵام سیستمی تاقیكردنه‌وه‌كانی وڵاتانی پێشكه‌وتوو، ئاستی باڵای زانستی خوێندار‌و تێگه‌یشتنی له بابه‌ته‌كانی خوێندن ده‌پێوێت.
7- گۆڕینی زۆر بابه‌تی میتۆدی خوێندن، كه له‌گه‌ڵ رۆحی سه‌رده‌مه‌كه‌دا ناگونجێت‌و گرنگی دان به میتۆدێكی خوێندن كه زانیاری‌و بیری نوێ به خوێندكار ببه‌خشێ، نه‌ك مێشكیان پڕ بكرێت له كۆمه‌ڵێك زانیاری بێ‌مانا. له‌لایه‌كی تریشه‌وه پێویستمان به میتۆدێك هه‌یه گرنگی به ئاكار بدات، بۆ ئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك بنیات بنێین رێزگرتن له یه‌كتر‌و گوێڕایه‌ڵی بۆ یاسا‌و سیستم باڵاترین شت بێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی عیراق پێویستی پێیه‌تی.
*توێژه‌ر‌و ئه‌كادیمیستی بواری په‌روه‌رده
نووسراوه له‌لایه‌ن
Parwarday Maxmur
ليست هناك تعليقات: