Top Ad unit 728 × 90

ڕێكلامی بازرگانی (5000 / مانگانه‌)

بکەر یان کارا؟


بکەر یان کارا؟
 سەربەست قادر حەمە
هەر چەمکێک چاولێبکەین لەهەر بابەتێکی زمانەوانی یا ئەدەبی یان زانستی…...تد ڕووبەڕووی چەندین بیروڕای جیاوازدەبینەوە سەبارەت بەناونانی بابەتێک یان گرفتێک یان هەر ئارێشەیەکی تر،کە ڕەنگە هەندێک لەبیروڕاکان تاڕادەی دژیەکیش پەلبکێشن.
 هۆکاری جیاوازی بیروڕاش وەک بابەتێکی سروشتی بۆ ئاستی ڕۆشنبیری و شارەزایی لێکۆڵەر و ئەو هەلومەرج و بارودۆخەی بابەتەکەی تێدا ناودەنرێت لەگەڵ سروشت و ناوەڕۆکی بابەتەکە و گونجانی ئەو ناوە بۆ بابەتەکە لەڕووی واتایی و ژیرییەوە.
 بۆیە مەرج نییە هەموو ئەو چەمکانەی بۆ ناونانی بابەتەکان دادەنرێن بەتەواوی لەگەڵ ناوەڕۆکی بابەتەکەدا بگونجێن یان لای هەموو خوێنەران هەمان ئەنجام و واتا بەدەستەوە بدەن ئەمەش لەسەرەکیترین ئەو هۆکارانەن کە زۆرجار وادەکەن لەکاتی پێناسەکردنی بابەتێکدا چەندین پێناسەی جۆراوجۆر بکەوێتە پێش چاومان.
 بابەتێکی گرنگی وەک زمانەوانی و ڕێزمان بەدەیان چەمک و زاراوەی هەمە چەشنەی لەخۆ گرتووە کە زۆریان تائێستاش جێگەی مشتومڕی توێژەرەوەکانن و نەگەشتوونەتە ئەنجامی کۆتایی لێیان زۆریشیان بەتەنها ئەوەندەی وتراوە و نوسراوە لەسەریان وازیان لێ هێناون.
 زمان جیهانێکی پڕلە وزە و جوڵە و گۆڕانکاری بەردەوامە بەم هۆیەشەوە بەردەوام چەمک و زاراوەی نوێ لەدایک دەبن و پێویستیان بەناساندن و لێتوێژینەوە هەیە.
 چونکە تا گونجانی ئەو چەمک و زاراوەیەی کەبۆ بابەتێک دادەنرێت یەکلایی نەکرێتەوە لێکۆڵەر ناچێتەناو کرۆکی بابەتەکەوە چونکە لەنێوان هەر بابەتێک و ناوەکەیدا پەیوەندی و هاوئاهەنگییەکی ڕاستەوخۆ هەیە.
 چەمک و زاراوەکانی زمانی کوردی بەپێی ئەو هەلومەرجانەی باسکران هەڵهێنجراوی زمانەکەن و گونجاوییەکی باش لەنێوانیاندا هەیە هەرچەندە لەهەندێک زاراوەدا نادیاری و لێڵی بەدی دەکرێت یان هەندێک زاراوە زۆر گشتگیر کراون و بەتەواوی وردنەکراونەتەوە بۆ نمونە زاراوەی (بکەر) کە مەبەستی منە لەم وتارەدا هەندێک لەبارەیەوە بدوێم و ڕادەی گونجان و نەگونجانی لەگەڵ ناوەڕۆکی ئەو بابەتەی بۆی بەکاردێت بخەمەڕوو.
 زاراوەی (بکەر) یەکێکە لەو زاراوانەی لە زمانی کوردی و بەتایبەت لەڕێزماندا پانتاییەکی فراوانی گرتووە و شانبەشانی زاراوەی (کردار) کەدوو کەرەستەی سەرەکی پێکهێنانی ڕستە و ئاخاوتنن لەزمانی کوردی و سەرجەم زمانە جیهانییەکاندا.
پێکهاتنی وشەکە بەم جۆرەیە:
پێشگر (ب)+ڕەگی چاووگی سادەی کردن(کە)+پاشگری (ەر) = ناوی چاووگی داڕێژراو (بکەر).۱
 بەپێی یاسای دروست بوونی وشەکە زۆر شتمان بۆ ڕوون دەبێتەوە لەگرنگترینیان ئەوەیە کە (بکەر) کەسێکە یان شتێکە کردارێک ئەنجام بدات یان هەڵبستێت بە کردن و ئەنجامدانی کردەوەیەک واتە لەتوانایدابێت ئیش وکار ڕاپەڕێنێت و جوڵە یان گۆڕانکارییەک بهێنێتەدی.
 ئەمەش بەوپێیەی واتای وشەکە لە کرداری فرەچالاکی (کرد)نەوە هەڵهێنجراوە بەڵام ئەم مانا لێکدانەوەیە بەشێوەیەک لەگەڵ پێناسەی بکەردا یەکناگرێتەوە و هەندێک دژیەکی و پێچەوانە بوونەوە لەنێوانیاندا بەرچاو دەکەوێت ئێستا با پێناسەی (بکەر) بخەینەڕوو و بەرامبەر وشە و واتای (بکەر) هەڵیسەنگێنین:
 بکەر: کەسێکە یان شتێکە هەڵدەستێت بە ئەنجامدانی کارێک یاخود تەنها شوێنی بکەرەکە لە ڕستەدا پڕدەکاتەوە.۲
 ئەم پێناسەیە بیروڕای زۆرێک لە زمانەوان و ڕێزمان نوسانی کۆن و نوێی کورد و ناکوردیشە بەدەربڕینی جیاجیا کەلە دووبەش پێکهاتووە.
 بەشی یەکەم و سەرەتا ئەوەیەکە بکەر کەسێک یان شتێکە توانای ئەنجامدانی کاری هەبێت واتە دەبێت خاوەن هێز و توانا و چالاکی و وزە بێت و بتوانێت جوڵەیەک دروست بکات و کردارێک بە ئەنجام بگەیەنێت.
بەشی دووەم و کۆتایی پێناسەکەش دەڵێت (تەنها شوێنی بکەر لەڕستەدا پڕدەکاتەوە).
 کەواتە وەک لەبەشی دووەمدا دەردەکەوێت لەزماندا هەندێک بکەرمان هەیە خاوەن هیچ هێز و توانایەک نین لەئەنجامدانی کردارەکان و کردارەکانیان دەدرێتەپاڵ واتە تەنها شوێنی بکەر پڕدەکەنەوە و هیچ پەیوەندییەکیان بەبکەرەوە نییە ئەمەش بۆ خۆ دەربازگردنە لەبە بەتاڵ هێشتنەوەی چاڵی بکەر لەڕستەدا ئەگینا لەڕاستیدا ئەم وشانە بکەرنین بەڵکو ئەرکی بکەریان دەدرێتەپاڵ.
بەم پێیەش بەشی دووەمی پێناسەی بکەر پێچەوانەی وشە و واتا و ناوەڕۆکی دەستەواژەی (بکەر)ە.
 بۆ خۆڕزگارکردن لەم دژیەکی و ساغکردنەوەی هەردوو بەشی پێناسەکە و گونجاندنی زمانەوان و ڕێزمان نوسانی کورد بکەریان لەڕووی ڕۆڵبینینەوە کردووە بە دووبەشەوە ئەوانیش:
۱۱ ـ (بکەری ڕێزمانی : بەو بکەرانە دەوترێ کەلەڕووی ڕێزمانەوە بکەرن، واتە بکەری ڕاستەقینەی ڕستەنین، بەڵکو تەنیا شوێنی بکەریان لەڕستەدا پڕکردووەتەوە.)۳
۲۲ ـ بکەری لۆجیکی : بەو بکەرانە دەوترێت کەلە ڕووی واتاوە ئەرکی بکەر بەجێ دەگەیەنن بەو واتایەی بکەری ڕاستەقینەی کارەکەیە.)٤
 بەتێڕوانین لەناوەڕۆک و واتای هەردوو پێناسەکە وەک لە پێناسەی گشتی بکەریشدا ئاماژەمان پێکرد بکەر دەبێتە دووبەشەوە بەشێکی خاوەن دەسەڵات و هێز لەئەنجامدانی کار و بەشێکی بێ توانا و بێ دەسەڵات لەئەنجامدانی کار.
 گەر بڕوانینە سەرچاوەکانی زمان و ڕێزمانی کوردی لەکۆنەوە تا ئێستا دەبینین زمانەوان و ڕێزمان نوسانی کۆن لەزۆر شوێندا وشەی (کارا) یان بەکارهێناوە بەهەمان گشتگیری بەکارهێنانی (بکەر) لەئێستادا.
 بەڵام لەم دواییانەدا وشەی (بکەر) بەتەواوی هاتەبەکارهاتن و بەتەواوی لەزماندا چەسپا و تەنانەت لەپەیڕەو و پرۆگرامەکانی خوێندنیشدا هەمان وشە جێگیرکرا.
 وەک تێبینیش دەکرێت هەردوو دەستەواژەکە بەهەمان گشتگیری بەکارهاتوون و هیچ پۆلێنکردنێک بۆ جیاکردنەوەی بکەری هێزدار و بێ هێز نەکراوە و لەکاتی شیکردنەوە ڕێزمانییەکاندا بەهەموو ئەو وشانەی جێکەوتەی بکەر پڕدەکەنەوە دەوترێت (بکەر)
بێ گوێدانە جیاکردنەوەی بکەری کارا و ناکارا.
 ئەوەی کراوە تەنها جیاکردنەوەی بکەرە لەکاتی پێناسەکردنیدا بۆ دووبەشی بکەری (لۆجیکی و ڕێزمانی).پێویستە ئاماژە بەوەش بکەین کەدەوترێت لە کۆندا بەزۆری (کارا) بەکارهاتووە مەبەستیان جیاکردنەوەی نەبووە لە بکەرە ناکاراکان هەروەها ئێستاش کە (بکەر)بەکاردەهێنرێت مەبەست لێی بکەرە کاراکان نین بەتەنها چونکە ئەوکات پێویست بوو دەستەواژەیەکی دیش بۆ بکەرە ناکاران بەکاربهێنرایە کەلە ڕاستیدا گرنگە بەجدی لای لێبکرێتەوە و دوو دەستەواژەی (کارا) و (ناکارا) لەجیاتی هەردوو دەستەواژەی (لۆجیکی) و (ڕێزمانی) بەکاربهێنرێت.
 بەتایبەت لەناوەندەکانی خوێندندا بۆ ئەوەی بەزوویی جێی خۆیان بگرن و بڵاوببنەوە چونکە بەم کارە خوێندکار و خوێنەر و ئەو کەسانەی بەشوێن فێربوون و توێژینەوەوەن لە زماندا ڕستەوخۆ لەگەڵ بەکارهێنانی دەستەواژەکەدا تێدەگەن بکەری ئەو ڕستەیەی گۆکراوە کارایە یان ناکارا یاخود بەشێوەیەکی تر تێدەگاەن بکەری ڕستەکە خاوەن هێز و ئەنجامدەری کرداری ڕستەکەیە یان بێ هێزە و کردارەکەی دراوەتەپاڵ.
لەکۆتایدا مەبەستی بابەتەکە بەچەند نمونەیەک زیاتر ڕوون دەکەمەوە:
ـ منداڵەکە شوشەکەی شکاند.
ـ مامۆستا چیرۆکەکەی نوسی.
ـ ژنەکە ئاو دەهێنێت.
 وەک لەو نمونانەوە بۆمان دەردەکەوێت بکەر کە دەکاتە وشەکانی(منداڵەکە،مامۆستا،ژنەکە) کاران واتە خاوەن هێزو توانا و جوڵە و دەسەڵاتن لەئەنجامدانی کردارەکانی(شکاند،نوسی،دەهێنێت).
بۆیە باش وایە بەم جۆرە بکەرە بگوترێت (کارا)یان(بکەری کارا).
بەپێچەوانەشەوە با بڕوانینە ئەم نمونانە:
ـ دارەکە شکا.
ـ گوڵەکە جوانە.
کاغەزەکە دڕا.
 وەک لەم نمونانەوە دەردەکەوێت بکەر کە دەکاتە وشەکانی (دارەکە،گوڵەکە،کاغەزەکە)هیچ توانا و دەسەڵاتێکیان نییە لە ئەنجامدانی کردارەکانی (شکا،ە،دڕا).
 چونکە ئەم جۆرە بکەرانە تەنها کردارەکانیان دراوەتەپاڵ و بکەری ڕاستەقینەی کردارەکان نین بەشێوەیەکی گشتی ئەو ڕستانەی بکەرەکانیان ناکاران دەکەونە ئەو ڕستانەوە کە کردارەکانیان پێیان دەگوترێت (کرداری گوێزانەوە،کرداری بێهێز).
 کەواتە دەتوانین بڵێین هەموو کارایەک بکەرە بەڵام هەموو بکەرێک کارانییە.
پەراوێزەکان:
۱۱ ـ ڕەفیق محمد شوانی(د)،ئەو وشانەی لەچاووگەوە وەردەگیرێن،چاپی یەکەم،چاپخانەیخانی/دهۆک،۲۰۰٨ز،ل٨٤ و ٨٥.
۲ ـ نەریمان عبدالله خۆشناو،ڕێزمانی کوردی(بەشەکانی ئاخاوتن)،چاپی  دووەم،چاپخانەی منارە/هەولێر،۲۰۱۰ز،ل۳۰.
۳ ـ نەریمان عبدالله خۆشناو(د)،ڕستەسازی،چاپی دووەم،چاپخانەی ئاویەر/هەولێر،۲۰۱٤ ز،ل۷۰.
٤ ـ هەمان سەرچاوەی پێشوو،لل۷۱
سەرچاوەکان:
۱۱ ـ ـ ڕەفیق محمد شوانی(د)،ئەو وشانەی لەچاووگەوە وەردەگیرێن،چاپی یەکەم،چاپخانەیخانی/دهۆک،۲۰۰٨ز.
۲ ـ نەریمان عبدالله خۆشناو،ڕێزمانی کوردی(بەشەکانی ئاخاوتن)،چاپی  دووەم،چاپخانەی منارە/هەولێر،۲۰۱۰ز.
۳ ـ نەریمان عبدالله خۆشناو(د)،ڕستەسازی،چاپی دووەم،چاپخانەی ئاویەر/هەولێر،۲۰۱٤٤ ز.

 
وێنەی ‏‎Sarbast Qader‎‏.


نووسراوه‌ له‌لایه‌ن
ڕێزمانی کوردی

بکەر یان کارا؟ Reviewed by Unknown on 12:48:00 م Rating: 5

ليست هناك تعليقات:

نموذج الاتصال

الاسم

بريد إلكتروني *

رسالة *

يتم التشغيل بواسطة Blogger.