Top Ad unit 728 × 90

ڕێكلامی بازرگانی (5000 / مانگانه‌)

ڕێنووس و ئەلفوبێی کوردی لە باشوور


ڕێنووس و ئەلفوبێی کوردی لە باشوور
م.ڕێبوار حەمەتۆفیق 

• سەرەتایەکی مێژوویی:
زمانی کوردی، سەر بە زمانە هیندۆ ئەوروپاییەکانە. چوار شێوە (دیالێکت)ی لە خۆ گرتووە. نازانرێت لە کەیەوە کوردەکان بەم زمانە دەدوێن و دەنووسن، بەڵام ئەوە ئاشکرایە کە زمانی کوردی مێژوویەکی سەدان ساڵەی هەیە و ئەو بەڵگانەی سەبارەت بە کۆنترین وێنەی نووسینی دەنگەکانی زمانی کوردی لەبەردەستدان، هەموویان بۆ پاش بڵاوبوونەوەی ئایینی ئیسلام دەگەڕێنەوە لە ناوچەکەدا و بە پیت (تیپ)ی ئەلفوبێی (عەرەبی- فارسی) نووسراونەتەوە.(1) 
بەدرێژایی سەدەی پێشوو، بۆ هێنانەدی زمانێکی یەکگرتوو، هەوڵی تاکە کەسی و دامەزراوەیی دراوە، بەڵام جێگەیەکی زۆریان نەگرتووە و زۆربەی ئەم هەوڵانە بەو ئاراستەیەدا بوون کە پرسەکە، وەک ئەزموونی هەر زمانێکی تر، چارەسەر بکەن، کە لەگەڵ تایبەتمەندی زمانی کوردیدا نەگونجاوە. ئەمە جگە لەوەی زۆربەی ئەو بۆ چوونانەی بۆ دروستبوونی زمانی کوردی خراونەتە ڕوو، لەنێوان شێوەی کوردیی (کرمانجی) ژووروو و کوردیی ناوەڕاست یان خواروودا بووە و شێوەکانی تریان خستووەتە کەنارەوە. بەو پێیەی کە ئەم دوو شێوەیە، دوو شێوەی بەربڵاوی زمانەکەن و لەڕووی ژمارەی قسەپێکەران و ئەبەرهەمی نووسراو و دەسەڵاتی ڕامیارییەوە، لە شێوەکانی تر لە پێشترن.
لە ناوەڕاستی سییەکانی سەدەی پێشوو، لەلایەن (کۆنگرەی کوردناسەکانی یەکێتی سۆڤیەتی جاران) بڕیار بۆ ئەوە درا کە شێوەی کرمانجی ژوورروو، بکرێتە زمانی یەکگرتووی کوردی و واز لە شێوەکانی تر بهێنرێت! هەروەها ساڵی 1960 لەلایەن (کۆنگرەی یەکێتی مامۆستایانی کورد) بڕیار بۆ ئەوە دراوە کە شێوەزاری ناوەڕاست پەسەند بکرێت. هەموو ئەو بۆچوونە هاوشێوانە، هەروەک زمانی ئەدەبیی و فەرمی کە لە شێوەی کوردیی ژوور (بۆتان) و کوردی ناوەڕاست (سلێمانی)دا بەرجەستە بووە، درێژەیان بە بوونی دوو شێوە لە ڕێنووسی (عەرەبی و لاتینی) بە زمانەکە داوە و نەیانهێشتووە کە (ڕێنووسی یەکگرتووی کوردی)مان هەبێت.(2)
• ئایا بوونی ڕێنووسێکی یەکگرتوو پێویستە؟
بەهەمان شێوەی پێویستی بوونی زمانێکی یەکگرتوو بۆ قسەپێکەرانی هەر گەلێک، بوونی ڕێنووسێکی یەکگرتووش گرنگە، چونکە ئەم پرسە، ڕەهەندی نەتەوەیی و فێرکردنی هەیە و پەیوەندی هەمەلایەنەشی بە زانستی زمانەوە هەیە.
ئەگەر زمانی قسەکردن لە ڕێی دایک و لە پەیوەندی نێوان مرۆڤەکاندا بەبێ بەربەست و بە شێوەیەکی سروشتی لەدایک ببێت، زمانی نووسین و ڕێنووس لە ڕێی فێرگە و مامۆستای تایبەتەوە بەرهەم دێت. ئەگەر زمانی یەکگرتووی ئەدەبیی و قسەکردن بە یارمەتی هۆکارەکانی وەک (ئایین، ئەدەبیات، جوگرافیا و ڕامیاریی و یاسایی) لە توانای هەموواندا هەبێت کە وەک زمانێکی ستاندارد بە ئاسانی بەکاری بهێنیین و بیکەینە ناسنامەی نەتەوەیی، بۆ زمانی نووسین و فێربوونی ڕێنووسێکی یەکگرتوو، پرسەکە ئەوەندە ئاسان نییە و هەمووان ئەو توانایەیان نییە کە بەبێ گرفت زاڵبن بەسەر نووسینی ڕێنووسێکی دروستدا؟ چونکە ئەم بوارەیان، پەیوەندی بە شارەزایی و وابەستبوون بەو یاساو دەستوورە ڕێزمانییانەوە هەیە کە لە بوارە جیاوازەکاندا دەردەکەون. هەر لەبەر ئەوەشە کە ئاستی خوێندەواریی و نەخوێندەواریی هەر کەسێک بەوە ناپێورێت کە ئایا ئەو کەسە دەتوانێت بە شێوەیەک یان بە شێوەی ستانداردی کوردی قسە بکات یان نا، بەڵکو بەوە دەستنیشان دەکرێت کە کەسی قسەکەر، تا چەند دەتوانێت بە زمانەکەی خۆی، بخوێنێتەوە و بنووسێت؟! 
(ڕێ – نووس)، واتە: ڕێگەی نووسین بە شێوەیەکی ڕاست و دروست. لە وشەی ((Orthography)یەوە وەرگیراوە کە (Orthos) واتە: ڕاست و (grapho) واتە: نووسین.(3) لە زمانی کوردیشدا، جگە لە وشەی ڕێنووس، ئەلفوبێ، ئەلفابێ یان ئەلفبێش بەکاردەهێنرێت، کە مەبەست لە هەموویان، شێوەی دروستی نووسینی دەگەکانی زمانەکەیە. کەواتە، ئەگەر قسەکردن تۆماری کاتی ئێستای قسەکەر بێت، نووسین، تۆماری ڕۆشنبریی نەتەوەیەکە لە ڕابردوو، ئێستا و داهاتووشدا. لەم پرۆسەیدا، بەشداریی و گواستنەوەی زانیاریی بۆ هەمووان، لە مافێکی تایبەتییەوە دەگوازێتەوە بۆ مافێکی گشتیی و بەسەر هەموو کاتەکانی مێژوودا دابەشی دەکات.
مافی تایبەتی هەر قسەکەرێکە بەهەر زمانێک یان بە هەر شێوەزارێک گفتوگۆ بکات لە ژیانی تایبەتی خۆیدا، بەڵام کاتێک ئەم مافە دەگوازرێتە بۆ مافێکی گشتیی و دەبەسترێتەوە بە ژیانی گشتیی و مێژووی ڕۆشنبریی و کەلتووریی نەتەوەیەکەوە، مافی هەر کەسێک نییە کە بە هەر شێوەیەک بیەوێت بنووسێت و زمانەکەی ڕێنووس بکات. بەرجەستەکردنی گیانی زمان و سەردەمە جیاوازەکان، لەگەڵ پەڕینەوەی فەرهەنگە ڕۆشنبرییەکان زۆرتر لەڕێگەی زمانی نووسین و ڕێنووسەوەیە تا زمانی قسەکردن و گفتوگۆی ڕۆژانە. ئەم پرۆسەیە، لە پێدانی مۆڵەتی شۆفێری دەچێت، کاتێک شۆفێر مافی تایبەتی خۆیەتی لە مۆڵەتی تایبەتیدا چ جۆرە ئۆتۆمبێلێکی تایبەتی دەئاژوێت، بەڵام کە هاتە سەر ئەوەی ئۆتۆمبێلی گشتی بەکاربهێنێت، دەبێت ئەو مەرج و ڕێنماییانە جێبەجێ بکات کە بۆ وەرگرتنی مۆڵەتی گشتی دانراون و بە هەموو شۆفێرێکی هەڵگری مۆڵەتی تایبەت نادرێت؟ چونکە گیانی کەسانی تر و مافی گشتی زۆرتر لەسەر مۆڵەتە گشتییەکەیە و پەیوەندی بە ئاژوتنی هەر جۆرە ئۆتۆمبێلێکەوە هەیە کە لە وڵاتدا هەیە. 
زمانی نووسین و قسەکردنی ستاندارد، وەک زمانی گفتوگۆی ڕۆژانە و نووسینی نامەیەکی ئاسایی نێوان دوو هاوڕێ نییە. ئەم وێنەیە، زۆر بە ئاسانی لە زمان و نووسینی هەمان ئەو کەسەدا دەردەکەوێت کاتێک ڕۆژانە لەگەڵ هاوڕێیەکی دۆستیدا قسە دەکات یان نامەی بۆ دەنووسێت، لەگەڵ هەمان ئەو کەسەدا کە لە شاشەی تەلەڤزیۆنەوە قسە بۆ خەڵکی دەکات، یان وتارێک بە مەەستی بڵاوکردنەوەی بۆ ڕۆژنامەیەک ئامادە دەکات. 
نووسین و ڕێنووسی ناو: پرۆگرامی خوێندن، بڵاوکراوە فەرمییەکان، نووسینی کارگێڕیی و هۆیەکانی ڕاگەیاندن و فەرهەنگنامەکان، دەبێت بەجۆرێک بەکاربهێنرێن کە پاک و بێگەرد بن و شێوەیەکی فەرمییان هەبێت، ئەم شێوەیە لە نووسین و ڕێنووس، ڕووی گەلێک پیشان دەدات و مافی گشتی نەتەوەیەکە لەسەر مێژوو. هەر کوردێک و لە هەرشوێنێک بن، وەک یەک و بەیەک هەستی گشتی دەتوانن بیانخوێننەوە و بیاننووسن. زمانی دۆکۆمێنتن ئەرکیان لەسەر بەکارهێنەرانی دروست کردووە. لەکاتی وەرگێڕانی ئەم تێکست و نووسراوانەدا بۆ سەر زمانێکی تر، شکۆ و دەوڵەمەندی زمانەکە زۆرتر دەردەکەوێت.
• گرفتەکانی بەردەم ڕێنووسی کوردی لە باشوور: 
ڕێنووسی هەر زمانێک، گیروگرفتی تایبەت بە خۆیی هەیە. زمانێک نییە کە لە نێوان دەنگ و پیتەکانیدا بەبێ کێشە مابێتەوە. خەمخۆران و زمانناسان و دامەزراوەی تایبەت، زۆرێک لەو گرفتانەی زمانەکانیان چارەسەر کردووە و گەیشتوون بە شێوە ڕێنووسێکی یەکگرتوو بۆ خۆیان. بەداخەوە زمانی کوردی، یەکێکە لەو زمانانەی کە تا ئێستا خاوەنی شێوەیەکی یەکگرتوو (ستاندارد)ی قسەکردن و ڕێنووسکردنی تایبەت بە خۆیی نییە؟!
لەباشووری وڵات (هەرێمی کوردستانی عێراق)و تا پاش جەنگی یەکەمی جیهانی، ئەلفوبێی عەرەبی بەو شێوەیەی کە زمانی عەرەبی تێدا بەرجەستە بووە، شێوەی باوی نووسینی کوردی بووە. بەڵام پاش ئەم جەنگە و بوونی ئینگلیز لە ناوچەکەدا، هەلی ئەوە ڕەخساوە کە داوای شێوەیەکی تری ئەلفوبێ بکرێت کە بگونجێت لەگەڵ زمانی کوردیدا و زمانەکە لەو گرفتانە ڕزگاری ببێت کە بەدەست ئەلفوبێی باوی عەرەبییەوە هەیبوو. 
ساڵی 1913 (مێجەرسۆن) بیری لە ئەلفوبێی لاتینی کردەوە بۆ ڕێنووسکردنی دەنگەکانی زمانی کوردیی و دوو کتێبیشی بەم ڕێنووسە دەرکرد.(4) ئەم ئەلفوبێیە نوێیە نەک هەر نەیتوانی جێگەی ئەلفوبێ عەرەبییەکە بگرێتەوە، بەڵکو بووە هەوێنی ئەوەی کە ئەلفوبێ لاتینییەکەش چەند شێوەیەکی لێ بکەوێتەوە، بەمەش، ئەوەندەی تر گرفتەکانی بەردەم ڕێنووسی کوردی یەکگرتووی دووچاری پەرت بوون بووەوە و بۆچون و شێوەی جیاوازی لێکەوتەوە! لە ڕۆژئاوا، (جەلادەت بەدرخان) و (کامەران بەدرخان)ی برای، درێژەیان بە شێوەیەکی ئەلفوبێی لاتینی دا و چەند بڵاوکراوەیەکیشیان پێ دەرکرد (5) کە زۆرتر لە ئەلفوبێی (لاتینی- تورکی)یەکەوە نزیک بوو، لە باشووریش (تۆفیق وەهبی) شێوەیەکی تری داهێنا کە لە ئەلفوبێی (لاتینی- ئینگلیزیی)یەوە نزیک بوو. 
لە ناوەڕاستی پەنجانی سەدەی بیستەمدا، بیرکردنەوە لە ڕێنووسی لاتینی بۆ دەنگەکانی زمانی کوردی، لە کێشەیەکی زمانەوانییەوە، بوو بە کێشەیەکی ئایدۆلۆژی ناسیونالیستیی و ئایینی لە باشوور. هەرچی موسوڵمانە مەیلەو توندەڕەوەکانیش هەبوو، لەژێر کاریگەری بڕیاری ئەتاتورک کە لە تورکیا ڕێنووسی عەرەربی لە وڵات گۆڕی بۆ لاتینی، ترسیان لە تواندنەوەی زمانی قورئان هەبوو و نەیاری بەکارهێنانی لاتینی بوون دەیانوت (ئەم لاتینییە لادینییە) و کۆمۆنیستەکانیش پێیان وابوو کە زیان بە یەکێتیی نیشتیمانیی عێراق دەگەیەنێت و بە شێوەیەکی کۆنەپەرستانەیان دادەنا.(6) 
بیرکردنەوە لە بەکارهێنانی ئەلفوبێی لاتینی ڕووی لە پاشەکشە کرد، بەڵام خواستنی گۆڕین و گونجاندنی پیتەکانی شێوەی عەرەبی بەو دەنگانەی زمانی کوردی کە وێنەیان لە ئەلفوبێ عەرەبییەکەدا نییە، ڕێگەی خۆش کرد کە بیر لەوە بکرێتەوە لە چوارچێوەی ئەلفوبێ عەرەبییەکەدا، گۆڕین بکرێت. (حوزنی موکریانی) لە ژمارە حەوتی گۆڤاری (زاری کرمانجی)دا، شێوەیەکی نوێی پێشکەش کرد و (تۆفیق وەهبی)یش، کتێبی (خوێندەواری باو)ی بە شێوەیەکی تری ئەلفوبێی عەرەبی نووسی. ساڵی 1970 و پاش دامەزراندنی (کۆڕی زانیاری کورد) شێوەیەکی تری ئەلفوبێی عەرەبی لەسەر دەستی کۆڕ هاتە ئاراوە... بەم شێوەیە و تا ڕۆژگاری ئەمڕۆ، شێوەی باوی نووسینی کوردی بە شێوە جیاوازەکانی پیتی عەرەبییەو بەشێوەیەکی لاوەکیش پیتی عەرەبی لە سەر ڕووی چەند بڵاوکراوەیەک و ژێرنووسی چەند کەناڵێکی تەلەڤزیۆنی و سایتی ئەلەکترۆنیی کوردیدا بەکاردەهێنرێت. 
ئەگەرچی باشووری وڵات لە ڕووی ڕامیاریی و کارگێڕییەوە، لەپارچەکانی تری وڵات لەپێشترە و لە ڕووی ڕامیارییەوە هەلێکی لەباری بۆ ڕەخساوە تا ژمارەیەکی زۆرتر بڵاوکراوە و هۆیەکانی ڕاگەیاندنی هەبێت، خوێندن تێیدا بە زمانی کوردی بێت، چەندین دامەزراوەی ئەکادیمیی و مەدەنی تایبەت بە زمانەوانی تێدا بکرێتەوە کە کادری زمانەوانی تێدا بەرهەم دێت، کۆنفرانسی زمانەوانی تێدا دەبەسترێت و و پەرلەمانی هەیە و چارەکە سەدەیەکە دەسەڵاتێکی خۆماڵی تێدا بە کارە، بەڵام هێشتا هەنگاوێکی باشی بۆ دروستبوونی زمان و ڕێنووسێکی یەکگرتووی کوردیی تێدا نەدراوە. 
چڕبوونەوەی گرفتی نەبوونی ڕێنووسی یەکگرتوو لە باشوور، پاش بڵاوبوونەوەی هۆیەکانی چاپ و ڕاگەیاندن بوو، کاتێک ژمارەیەکی زۆر لە بەرهەم و کەناڵ کەوتنە بەرچاو کە هەریەکەیان بەبێ بنەمایەکی جێگیر، هەواڵ و نووسینیان دادەڕشت و ڕوونووسیان دەکردن. هیچ مەرج و ڕێنماییەکی زانستی و یاسایی لەبەردەم ئەم نووسراوانەدا نەبوو و تا ئێستاش نییە تا لەسەری بڕۆن. تەنانەت کادێرانی دەرچووی زمانی کوردیش پێوانەیەکی زانستی وەهایان پێ نییە کە بتوانن کارامەیی خۆیان لەم بارەوە بخەنە ڕوو و لە بواری پراکتیکیدا وەک پێویست ڕۆڵیان هەبێت. پاشاگەردانی سەر تابلۆی: دوکان و شوێنەکان، نێوی ئادرەس و پیشانگەکان و زۆر بواری تریش، جیاوازییان نییە لەگەڵ: نووسراوی ناو پەرتووک و پرۆگرامەکانی خوێندن و نووسینی بینراوی ناو هۆیەکانی ڕاگەیاندن و ڕۆژنامە و گۆڤارەکان! تەنانەت جیاوازی لە نێونیشانی ئەم بڵاوکراوانەدا ناکرێت و گوێ بە یاساکانی زمان نادرێت. چەند یاسایەکی زمانەوانی هەن کە لە نووسیندا بە ئاشکرا دیارن و ناکرێت بۆچوونی کەسەکان تێیاندا وەک یەک نەبێت، بۆ نموونە: وشە نابێت بە پیتە بزوێنەکان دەست پێ بکات. دوو پیتی بزوێن لە بڕگەیەکدا بەدوای یەکتریدا نایەن و چەنجانی تر... 
تەنانەت کار گەیشتووەتە ئەوەی کە لەبەر ئەوەی سەرکردەیەکی ڕامیاری لە کتێبەکانیدا بڕوای بە نووسینی دوو (وو) نییە و لە نووسینەکانیدا بۆ یەکجاریش بەکاری نەهێناوە، لەلایەن دامەزراوەکانی ئەو حزبەوە کە ئەم سەرکردایەتی دەکات، دوو واو بۆیەکجاریش بەکارناهێنرێت! کتێب هەیە لە قۆناغی نۆی بنەڕەتی دەخوێنرێت، کەم پەرەگرافێکی هەیە لە ڕووی ڕێنووسەوە دروست ڕێنووس کرابێت!
پیشنیاز و چارەسەر چییە؟
یەکەم هەنگاو بۆ نزیککردنەوەی شێوەیکانی زمانی کوردی لەیەکەوە، دانانی ئەلفوبێیەکی یەکتایە. بەڵام بە کام ئەلفوبێ بنووسرێت؟ لەسەر ئاستی کوردستان، دوو بۆچوون هەیە، یەکەم: ئەلفوبێی عەرەبی و دووەم: ئەلفوبێی لاتینی. لایەنگرانی بۆچوونی یەکەم پێیان وایە کە ئەم تیپە عەرەبییانەی ئێستە بەکاریان دەهێنیین،(7) ئەگەرچی دەستکاریش کرابن، ناتوانن بمانگەیەننە ئەنجام و هەر ئەم تیپانە بوونەتە بەردی ڕێگر لەبەردەمماندا(8) لایەنگرانی بۆچوونی دووەمیش (ئەلفوبێی لاتینی) بە باشترین جۆری ئەلفوبێ دەزانن بەو پێیەی کە کەمترین گرفتی هەیە هەروەک لای کوردانی تورکیا و وڵاتی سوریا بەکاردێت و لە دانراوەکەی جەلادەت بەدرخانەوە سەرچاوەی گرتووە. ئەگەرچی ئەم ئەلفوبێیە، لەگەڵ چەند دەنگێکی شێوەزاری ناوەڕاست و باشووردا ناگونجێت،(9) بەڵام تا ئێستا بە باشترین چارەسەر دادەنرێت و ژمارەیەکی زۆر گۆڤار و نامیلکە و پەرتووکی پێ نووسراوە. ڕووکردنە بەکارهێنانی ئەلفوبێیەکی نوێ و پشتکردنە ئەلفوبێیەک کە جگە لەوەی مێژوویەکی سەدان ساڵەی هەیە و ژمارەیەکی زۆر کتێب و بەرهەمی پێ نووسراوەتەوە، ڕەهەندێکی ئایینی و پیرۆزیشی هەیە کە ئاسان نییە پشتی تێ بکرێت. ئەگەر ئەتاتورک لە تورکیادا بە هەستێکی نەتەوەیی و عەلمانییەوە و لە دۆخێکی کودەتاییدا توانیبێتی لە سییەکانی سەدەی پێشوودا پشت بکاتە ئەلفوبێی عەرەبی، ئەوا لە سەردەمی دیموکراسیی و پێکەوەژیان و شارستانییەتی سەدەی بیست و یەکدا، پیڕەوکردنی کاریکێکی لەم شێوەیە لە باشووردا، گرانە و ڕەنگە ڕاپرسییەکی گشتگیر بۆ ئەم بابەتە لەو کارەی ئەتاتورک دروستتربێت.
لە باشووری وڵات و بەشێوەیەکی گشتی، هەموو ئەو هەوڵانەی لە دوای جەنگی جیهانی یەکەمەوە تا ئێستا دراون، ڕوو لەوەن کە ئەلفوبێی عەرەبی لەگەڵ شێوە یەکگرتووەکەی ڕێنووسدا گونجاوترە، بەو پێیەی کوردانی باشوور و ڕۆژهەڵات پێی دەنووسن و خاوەنی زۆرترین بەرهەمی چاپکراوە. 
تا ئێستا چەند کۆنفرانس و پێشنیازێکی تایبەت بە ڕێنووسی یەکگرتوو لە باشوور کراوە و ڕاسپاردە و پێشنیازی تایبەت بە ڕێنووسی یەکگرتوو خراونەتە ڕوو(10) بەڵام لەبەر ئەوەی وەکو پێویست کاریان لەسەر نەکراوە، بەرەوپێشەوەچوونیان بەخۆوە نەبینیوە و لە شوێنی خۆیاندا ماونەتەوە.(11) 
بەوپێیەی هەلومەرجی ڕامیاریی و یاسایی و زانستی لە باشوور، لە بیست و پێنج ساڵی ڕابردوودا گونجاو بووە، دەبوو هەنگاوی باش بنرایە، دەکرا قۆناغ بە قۆناغ، گرفتەکان چارەسەر بکرایە. بەڵام بە هەر پاساوێک بێت ئەمە نەکراوە و بەشێوەیەک لە شێوەکان هەر دوو شێوەی (ناوەڕاست و ژووروو) کە زۆرترین بەرکارهێنانیان هەیە، گفتوگۆیان لەبارەوە کراوە و شوێنیان گرتووە. ئەوەی بەنێوی (ڕێنووسی یەکگرتووی کوردی) پێشکەش کراوە، جۆرێک کۆڕایی لەسەر دروست بووە. ئەگەرچی پاڵپشتی یاسایی بۆ جێبەجێکردنی ئەم ڕێنووسە لە پرۆگرامی خوێندن و هۆیەکانی ڕاگەیاندن و بڵاوکراوەکاندا نییە و تەنها وەک پێشنیازە، بەڵام کەم تا زۆر، بووە بە دەستوورێکی سەرزارەکیی و باو.
ئەو پێشنیاز و ڕاسپاردانەی لە کۆنفرانسی یەکخستنی ڕێنووسدا گەڵاڵەکراون، دەبوو لەڕێی حکومەت یان فراکسیۆنەکانی ناو پەرلەمانەوە بدرایەتە پەرلەمانی کوردستان و وەک یاسا و بڕیار دەرچوایە، وەک چۆن بۆ یاسای زمانە فەرمییەکان کرا. دەکرێت لە هەنگاوی یەکەمدا، ئەگەر دەست بە ئەوەش نەگەیشتووە، دەکرا بە هاوکاری وەزارەتەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا، ئەم پێشنیاز و ڕاسپاردانە لە پرۆگرامەکانی خوێندندا (لایەنی کەم لە قۆناغی ئامادەییەوە) کاریان لەسەر کرابا و لە بابەتەکاندا جێگەیان گرتبا. 
کارکردن بۆ هێنانەدی شێوە ڕێنووس و ئەلفوبێیەکی یەکگرتوو بۆ زمانی کوردی، بابەتێکی گرنگە و پێویستی بە بەرنامەڕێژیی و هەنگاوی یەک لەدوای یەک و درێژخایەن هەیە. لەماوەی ئەم بیست و پێنج ساڵەدا، کارێکی زۆر کەم کراوە. هێشتا لە نێوان سلێمانی و دهۆکدا پرۆگرامی خوێندن و ڕێزمان یەکنەخراوە. یاسایەک نییە بۆ پێداچوونەوە و دەرچوونی کتێب و گۆڤار و ڕۆژنامە و هۆکارەکانی تری ڕاگەیاندن تا پابەندبکرێن بەو ڕێنووسەوەی کە باو و پەسەنکراوی کۆڕی زانیاری کوردستان یان کۆنفرانسی ڕێنووسی یەکگرتووە. تابلۆ و نووسینی سەر شەقام و دوکان و شوێنەگشتییەکان پڕن لە هەڵەی ڕێنووس و شارەوانی ڕێنماییەک یان بڕیار و یاسایەکی لەبەردەستدا نییە کە ڕێگرییان بکات. 
ئەوەی بەنێوی ڕێنووسی یەکگرتووەوە لە باشوور پشتی پێ دەبەسرێت و ڕەوایەتی لەوە هێناوە کە لەسەر بنەمای بەکاربەرانی هەردوو کرمانجی ناوەڕاست و ژووروو بنیات نراوە، کە هاودەمی بەکارهێنەرانی ڕۆژهەڵات و باشووری وڵاتە، هێشتا وەڵامی پێ نییە بۆ ئەو دەنگانەی کە لە شێوەی لوڕ یان کرماشانیی و گۆراندا هەن!؟ 
هیچ بەربەستێکی یاسایی و زانستی لەبەردەم پەسەندکردنی شێوەیەکی لەباری ڕێنووسدا نییە لە باشوور تا چاوەڕێی بکرێت. هەوێنی ڕێنووسە یەکگرتووەکەی بەکارهێنانی ئەلفوبێی عەرەبی ئامادەیە، ڕاستە تۆکمە و بێگرفت نییە، بەڵام لە نەبوون باشترە و ڕێگە دەگرێت لەبەردەم ئەوەی هەر کەسە و بەپێی بۆچوونی خۆی بنووسێت و گوێ بە دەستوورە جێگیرەکانی زمانی کوردی نەدات. 
لەپاڵ ئەوەشدا، هەنگاو بۆ فێربوونی ئەلفوبێی لاتینی بنرێت و لایەنی کەمی چەند وانەیەک هەبێت لە پرۆگرامی خوێندندا تایبەت بێت بە ڕێنووسی ئەلفوبێی لاتینی. ئەم کارە جگە لەوەی جۆرە ئاشنایەتییەکە لەگەڵ بەرهەم و ڕێنووسی بەکارهێنراوی دوو پارچەکەی تردا، ڕێگەیەکیشە بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکان و کارکردن بۆ زمان و ڕێنووسی یەکگرتووی کورد لە سەرتاسەری کوردستان لە ئایندەدا.
پەراوێز و سەرچاوەکان:
1- ئەو ئەلفوبێیەی بە نێوی عەرەبییەوە ڕۆیشتووە، لە بنەڕەتدا لە ئەلفوبێی ئارامییەوە وەرگیراوە کە ئەلفوبێی گەلێکی دیان (مەسیحی)بووە و ئەمیش دەستەخوشکی عیبرییە کە ئەلفوبێی جووەکانە.
2- لە ڕێنووسی پێشنیازکراوی ئەنجومەنی کۆڕ (کۆڕی زانیاری کوردستان 2005)دا هەر دوو شێوەکە ئاماژەیان بۆ کراوە و بە (ڕێنووسی یەکگرتووی کوردی) نێوی براوە!؟ بڕوانە (ڕێنووسی یەکگرتووی کوردی، ئامادەکردنی: بەدران ئەحمەد حەبیب، لە چاپکراوەکانی کۆڕی زانیاری کوردستان، هەولێر، 2005
3- ڕێنووس و خاڵبەندی، نەریمان عەبدوڵڵا خۆشناو، چاپخانەی ڕۆژهەڵات، هەولێر، 2016، ل11
4- بڕوانە (major E.B. soan Elementarry Kurmanji Grammar Baghdad 1919‌) و (major E.B. soan Kitabi Awwalamini Qiraati Kurdi Baghdad 1920 ‌)
5- بڕوانە 57 ژمارە لە گۆڤاری (هاوار) و سێ ژمارە لە گۆڤاری (ستێر).
6- زمانی یەکگرتووی کوردی، جەمال نەبەز، بڵاوکراوەی: یەکێتی نەتەوەیی خوێندکارانی کورد لە ئەوروپا، ئەڵمانیا، 1976، ل86
7- مەبەستی تا ساڵی 1957ـە.
8- نووسینی کوردی بە لاتینی، جەمال نەبەز، چاپحانەی مەعارف، بەغداد، 1957، ل ج
9- بۆ نموونە وێنەی دەنگەکانی (ڵ) و (ڕ)ی قەڵەو. بە هەوڵی مامۆستا جەمال نەبەز، وێنەیان بۆ دانرا و لە ڕێنووسەکەدا جێی کرایەوە.
10- بڕوانە: ئەکادیمیای کوردی 2009 ڕاسپاردەکانی کۆنفرانسی بەرەو ڕێنووسێکی کوردی، چاپخانەی حاجی هاشم، هەولێر، ل10.
11- بۆ نموونە ئەو چارەسەرە گونجاوەی بۆ زۆرێک لە گرفتەکانی ڕێنووس لەلایەن مەسعود محەمەدەوە ساڵی 1982 پێشکەش کرا، ئەمڕۆ و پاش تێپەڕبوونی 36 ساڵ هێشتا وەکو خۆیان ماونەتەوە. بڕوانە (گۆڤاری کۆڕی زانیاری عێراق، بەرگی 9، 1982، چارەسەرکردنی گیروگرفتەکانی ڕێنووس و ئەولفوبێی کوردی، مەسعود محەمەد.)


نووسراوه‌ له‌لایه‌ن
ڕێزمانی کوردی

ڕێنووس و ئەلفوبێی کوردی لە باشوور Reviewed by Unknown on 10:54:00 م Rating: 5

ليست هناك تعليقات:

نموذج الاتصال

الاسم

بريد إلكتروني *

رسالة *

يتم التشغيل بواسطة Blogger.