ئەمڕۆ قوتابیانی بەشە ناوخۆیی زانکۆی سلێمانی ماڵئاواییان لە دەوام کرد
ئەمڕۆ خوێندکارانی بەشە ناوخۆییەکانی زانکۆی سلێمانی ماڵئاواییان لە دەوام کرد و وەک خۆیان دەڵێن، بۆ سەرکوتکردنی ناڕەزاییەکانیان دەرگای بەشە ناوخۆییەکانیان بەسەردا داخستوون و ناچارکراون بگەڕێنەوە بۆ شار و شارۆچکەکانیان و هۆڵەکانی خوێندن چۆڵ بکەن.
یەکێک لەو خوێندکارانە ڕایگەیاند، کاتژمێر ١١ دەرگای بەشە ناوخۆییەکانیان لەسەر داخستوون و پێیان ڕاگەیاندوون پێویستە بڕۆنەوە و کارەباش دەکوژێننەوە.
بەشێک لە خوێندکارانی ناڕازیی زانکۆی سلێمانی گردبوونەوە و لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایانگەیاند، سوورن لەسەر داواکارییەکانیان و دەشڵێن، ناردنەوەی خوێندکاران بۆ ماڵەوە بۆ سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکان بووە.
باس لەوەش دەکەن، ئەگەر دوای گەڕانەوەیان داواکارییەکانیان جێبەجێنەکرابن خۆپیشاندانەکان دەستپێدەکەنەوە.
بۆ پشتیوانی لە داواکارییەکانی خوێندکاران بەشێک لە پەرلەمانتارانی نەوەی نوێ و یەکگرتووی ئیسلامی ئامادەی گردبوونەوەکە بوون و ڕایانگەیان بێدەنگ نابن بەرامبەر ئەو سوکایەتییەی بە خوێندکاران کراوە و داواشیانکرد دەستی حزب لەناو زانکۆکان دوربخرێتەوە.
لەوبارەیەوە شادی نەوزاد پەرلەمانتاری نەوەی نوێ ڕایگەیاند، ئەوەی لە پشت ئەم کارانەی ناو زانکۆی سلێمانییەوەیە، عەقڵیەتێکی حزبی و کۆنەپارێزییە و دەبێت ئەو کەسانەی بە تەسکیەی حزبی لە ناوەندەکانی خوێندن و پەروەردەدا دانراون لاببرێن.
هاوکات شێرکۆ جەودەت پەرلەمانتاری یەکگرتووی ئیسلامی ڕایگەیاند، ئەو ڕەفتارە نەشیاوانەی کە بەرامبەر بە خوێندکارانی زانکۆ و بەتایبەت بەرامبەر بە خوێندکارانی کچانی ناو بەشە ناوخۆییەکان کرا جێگەی قبوڵکردن نییە، بە هەموو توانایەکەوە پشتیوانییان دەکەن و درێغی ناکەن.
گردبوونەوەی خوێندکارانی زانکۆی سلێمانی، دوای ئەوە ھات لە ماوەی ڕابردوودا بەھۆی نەبوونی خزمەتگوزاری و پێداویستییەکان و بوونی چەندین سەگ لەناو بەشە ناوخۆییەکان خوێندکاران خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و دواتریش بەرپرسی بەشەناوخۆییەکان ھێرشیکردە سەر خوێندکارێکی کچ و ئەمەش ناڕەزایی لێ کەوتەوە.
ڕۆژی یەکشەممەش خوێندکاران بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندنیان کرد و دواتریش سەرۆکایەتی زانکۆ ڕایگەیاند، لە هەفتەی داهاتووەوە کێشەی بەشە ناوخۆییەکانی خوێندکاران چارەسەردەکەن.
ع.م
نووسراوه لهلایهن
Raw Raw

ليست هناك تعليقات: