Top Ad unit 728 × 90

ڕێكلامی بازرگانی (5000 / مانگانه‌)

نەیانهێشت بەردەوام بێت لەخوێندن،دواجار کارەساتی جەرگبڕی لێکەوتەوە

لە گەڕەكی رۆشنبیرانی شاری هەولێر كچێكی 17 ساڵان بەناوی (شەیما.ك) بەدەستی برایەكی دەكوژرێ‌. برا بچووكی كچەكە كە خۆی رادەستی پۆلیس كردووە، هۆكاری كوشتنەكەی بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە كە ماوەی دوو رۆژ نەگەڕاوەتەوە ماڵەوە، بەڵام شایەتحاڵێك دەڵێت كچەكە مۆبایلی لەدەست بینراوە، بۆیە كوژراوە.

رائید هۆگر عەزیز، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر رایگەیاند: “ئێوارەی 30/10/2018 پۆلیس ئاگاداركرایەوە كە كچێك لە گەڕەكی رۆشنبیرانی شاری هەولێر لە ماڵەكەی خۆیاندا خۆی كوشتووە، بەڵام دوای لێكۆڵینەوە دەركەوت كە كچەكە كوژراوە”.گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر دەشڵێت: “یەكێك لە براكانی كچەكە بەناوی (م) كە تەمەنی 20 ساڵە، دەستگیركراوە و دانی بەوەدا ناوە كە خوشكەكەی بە چەكی كڵاشینكۆف كوشتووە، 7 گوللەی پێوەناوە، چونكە دەڵێت شەیما چووەتە دەرەوە و دوو رۆژ نەگەڕاوەتەوە ماڵەوە، بۆیە كوشتوویەتی”.
شایەتحاڵێكی رووداوەكە كە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە بە (رووداو)ی گوت: “نزیكەی كاژێر چواری ئێوارە بوو گوێمان لە دەنگی تەقە بوو لە ماڵی شەیما، چووینە بەردەرگاكەیان و پرسیمان چی بووە، دایكی شەیما هاتە دەرەوە و گوتی ئێوە حەقتان نەبێت و پەیوەندی بە كەسەوە نییە. دوای ئەوەی هێزە ئەمنییەكان گەیشتنە شوێنەكە، زانیمان كە كچەكەیان بە دەستی براكەی كوژراوە”.
سەرەتا خێزانەكەی گوتوویانە كە كچەكەیان خۆی كوشتووە، بەڵام دوای لێكۆڵینەوەی پۆلیس دەركەوتووە شەیما بەدەستی یەكێك لە براكانی كوژراوە. یەكێك لە كەسە نزیكەكانی خێزانەكە باس لەوە دەكات كە برا گەورەكەی شەیمای بینیوە بە چەكەوە هاتووەتە دەرەوە و گوتوویەتی پرسەی بۆ دامەنێن.
هەرچەندە برا بچووكەكەی لەلای پۆلیس دانی بەوەدا ناوە كە ئەو كوشتوویەتی، بەڵام شایەتحاڵەكان دەڵێن ئەوەی شەیمای كوشتووە برا گەورەكەی بووە. شایەتحاڵێكی رووداوەكە دەڵێت: “نزیكەی هەفتەیەك بوو ئەم خێزانە بەردەوام دەنگەدەنگیان بوو، رۆژی رووداوەكەش شەیما لەگەڵ دایك و باوكی لە ماڵەوە بوون، دەڵێن دایكی مۆبایلی بەدەستی كچەكەیەوە بینیوە و بانگی كوڕە گەورەكەی كردووە كە دراوسێی خۆیانە، ئەویش هاتووە و كوشتوویەتی”.یەكێك لە كەسە نزیكەكانی شەیما دەڵێت: ” كچێكی رێكوپێك و هێمن و لەسەرخۆ بوو، هەموو هەڵسوكەوتەكانی جوان و باش بوون، بەڵام زۆربەی كات بێتاقەت و خەمبار بوو، چونكە خۆی باسی ئەوەی دەكرد كە دایكی زۆر توند و خراپ بووە لەگەڵی و نەیدەهێشت بچێتە دەرەوە لە ماڵەوە. تەنانەت دەیگوت قسەكانی دایكم وەكو گوللە وان كە پێمەوە دەنێت”.

شەیما بە رۆیشتنی براكەشی بێتاقەت دەبوو، ئەو كەسە نزیكەی دەڵێت: “شەیما خەمی لە (م)ـی براشی دەخوارد، چونكە ئەویش بەهۆی بێزاری لە ماڵەوە چەند جارێك هەڵاتووە و رۆیشتووە بۆ توركیا، ئەمەش زۆر بێتاقەتی دەكرد”.شەیما ئەمساڵ وازی لە خوێندن هێنابوو، ئەو كەسە نزیكەی ماڵی شەیما دەڵێت: “خێزانەكەی دڵیان پیس بوو، بۆیە دوای ئەوەی لە قوتابخانە دەرچووە و بووەتە پۆلی 11ـی ئامادەیی، دایكی نەیهێشتووە بەردەوام بێت و بچێتەوە قوتابخانە”.

شەیما بە هیوایەكی زۆرەوە دەژیا، بەڵام ئێستا لەنێو گۆڕێكی ناڕێكدا نێژراوە. تەنانەت خێزانەكەی پرسەشیان بۆ دانەنا. كەسە نزیكەكەی خێزانەكە دەڵێت: “ئەوانە كێشەی خێزانییان هەبوو، غەدرێكی گەورەیان لەو كچە كرد، بە كوشتنی شەیما تاوانێكی گەورەیان كرد و خۆشیان لەكەدار كرد، پێم سەیرە ئافرەت تەنیا لەبەرئەوەی مۆبایلی بەدەستەوە ببینرێت لەلایەن كەسوكارییەوە بكوژرێت، تەنانەت پرسەشیان بۆ دانەنا، یەكێك لە براكانی گوتبووی ئێمە لەسەر وەسیەتی خۆی پرسەی بۆ دانانێین”.گوتیشی: “ئەگەرچی برا گەورەكەی تۆمەتبار دەكرێت بەوەی كە شەیمای كوشتووە، بەڵام لە كاتی ناشتنی تەرمەكە دوور لە خەڵكەكە بینیم وەستابوو، ئێستا دەڵێن هەڵاتووە و نازانن لەكوێیە”.
بەگوتەی هۆگر عەزیز، چەند گوللەیەك بەر دەست و سەر و سنگی شەیما كەوتووە، وا دیارە كچەكە لە ترسان دەستی بە دەموچاوییەوە گرتووە لەوكاتەدا.

گوتیشی: “پۆلیس بەدوای ئەو كەسانەدا دەگەڕێت كە هاوكار و بكەری ئەو تاوانەن”.

سەرچاوە:رووداو



نووسراوه‌ له‌لایه‌ن
Parwarday Maxmur

نەیانهێشت بەردەوام بێت لەخوێندن،دواجار کارەساتی جەرگبڕی لێکەوتەوە Reviewed by Unknown on 6:16:00 م Rating: 5

ليست هناك تعليقات:

نموذج الاتصال

الاسم

بريد إلكتروني *

رسالة *

يتم التشغيل بواسطة Blogger.