Top Ad unit 728 × 90

ڕێكلامی بازرگانی (5000 / مانگانه‌)

پەروەردەو ئازادی

نێرگس ڕەشید:

ئەگەر ئازادی مافێکی سروشتیی مرۆڤەکان بێت لە هەڵبژاردنی شێوازی ژیان و مامەڵەکردن لە نێو کۆمەڵ و دەوروبەردا، ئەوا ناکرێت بە بیانووی بەرقەراربوونی یەکسانی لە ناو کۆمەڵگادا ڕێگە بدرێت دەرگاکانی بەردەم ئازادی بەرتەسک بکرێنەوە، چونکە ئازادی ویستێکی تاکە، هێندەی پەیوەستە بە بوونی کرداری تاکەوە، کە ناکرێ بە هیچ جۆرێک باس لە له‌قاڵبدانی بکرێ تا ئەو شوێنەی ئازادیی هەر کەسێک نەبێت بە لەدەستدانی ئازادیی ئەوانی دیکە، چونکە لە کۆتاییدا هەر تاکەکانن کۆمەڵ پێک دەهێنن.

مرۆڤ لە ژیاندا ویستی خۆشگوزەرانی دەبێت بە خەون و خولیای، ئەم خەونەش لەو شوێنەوە دەست پێ دەکات کە مرۆڤ لە ستەم ڕزگاری ببێت، جا ئەو ستەمە لە ناو خودی کۆمەڵگاوه‌ سەرچاوە بگرێ کە داب و نەریتی پاشکەوتوو هەڵگریبێت، یاخود بیانووی ڕوانینی ئایین بۆ ژیانکردن، بەو شێوەی کە بڕیارە مرۆڤەکان وەک یەک لە یەک ڕوانینەوە سەیری ژیان بکەن و تەنانەت دەبێت هەڵگری یەک بیرکردنەوەش بن.

خۆ ڕەنگە ئەو جۆرە لە ژیانکردن زۆری کۆمەڵ تووشی نادادی لە مامەڵەکردن ببنەوە بەڵام ناکرێت ئەو ڕاستییە پشتگوێ بخرێت کە ژنان پشکی زیاتر لەم ئاستەنگانەی بەردەکەوێ لە هەموو بوارەکانی ژیاندا، بەتایبەت لە مێژوویەک کە تا ئێستاش ڕیشەی دەسەڵاتی پیاوسالاری لە نێو کایە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکاندا بوونێكی بەرچاوی هەیە، بەتایبەت دەسەڵاتی حوکمڕانی کە هەر لە پەرلەمان و حکومەت و دادگا ئەوەنەی مۆرکی پیاو و کاریگەری بینینی پیاوانە لە دام و دەزگاکاندا دەبینرێ، نیو هێندە و بگرە كه‌متریش ڕۆڵی ژنان نابینرێ و پەراوێز خراون.

ئەم بارە ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ ناو خێزانیش، کە تا ئێستا خێزانی تەندروست لای ئێمە نییە، دەبینین چۆن هەر لە سەرەتاوە باوان خەریکی دروستکردنی ئەو جیاوازییەن لە نێوان ڕەگەزەکان کە لە گۆشت و خوێنی خۆمانە، بە نموونە، باوان زۆر دادپەروەرن لە دابینکردنی تەواوی ژیان و گوزەرانی منداڵەکان لە ناو خانەوادەدا، لە دابینکردنی خۆراک و جلوبەرگ و هەموو پێداویستییەکانی ژیان تا ئەو شوێنەی سنووری خانەوادەکەیە و هەر هەنگاونانێك بۆ دەرەوەی ئەو سنورە، ئیدی کوڕان سەربەست و ئازاد و کچانیش یان دیلی ماڵ یان لەژێر فشار و چاودێری و کۆتوبەندی خێزان و کۆمەڵگادان، وەک دەبینین، چۆن لە خوێندنگاکانیش تا ئێستا یەک لە گرفتەکانی پەروەردە ئەو جیاکارییەیه‌ کە دەبێت کوڕان و کچان لە خوێندنگاکان جیا بن.

لێرەوە دەتوانین ئەوە بڵێین کە ئەم جۆرە لە پەروەردە و ژیانکردن دەبێت تێپەڕێنرێ کە بەدەستهێنانی ئازادی و دادپەروەرییە، لە کاتێکدا دەزانین کە بەختەوەری بۆ کۆمەڵگا لە مناڵدانی ئازادیدا دێتە بوون، کە هیچ کات ناتوانرێ باس لەو دەستەواژەیه‌ بکرێ لە نەبوونی ئازادی و بەختەوەری چنگ ئەخرێ، لێرەوە ئەرکی هەر تاکێکە بەبێ جیاوازی کە خۆی بە بوونەوەرێکی عاقڵ و هوشیار بزانێ، کار بۆ شکاندنی ئاستەنگەکانی بەردەم پێشکەوتنی کۆمەڵگا بکات، ئەوەش لە ڕێگەی بەرگریكردن لە بەها جوان و مرۆڤایەتییەکان. ئەم هەوڵەش هەرگیز گۆڕەپانی بۆ واڵا نەکراوە، بەڵکو لە بەردەم ئەوانەی دژ بە ئازادین، بەرکەوتن دروست دەبێت کە قوربانی و کاری دەوێ.

گەر سەیر بکەین، ده‌بینین لە هەرێمێکی وەک کوردستاندا، ڕەوتی سەلەفی چۆن تەشەنەی کردووە و دەیان دامودەزگا و ناوەندی ئایینی لە بەردەمیاندا کراوەیە، لە کاتێکدا هەوڵ بۆ لەقاڵبدانی ئازادی دەدەن، دامودەزگا حکومییەکانیش وەک سەیرکەرێک وەستاون (مەبەست لەو ڕەوتەی سەلەفییە کە توندوتیژی بەرهەم دێنن)، نەک ئەوانەی کە خاوەن دید و هەڵگری ئایینی ڕاستەقینەن و ڕق بڵاو ناکەنەوە.



نووسراوه‌ له‌لایه‌ن
Parwarday Maxmur

پەروەردەو ئازادی Reviewed by Unknown on 6:43:00 م Rating: 5

ليست هناك تعليقات:

نموذج الاتصال

الاسم

بريد إلكتروني *

رسالة *

يتم التشغيل بواسطة Blogger.