Top Ad unit 728 × 90

ڕێكلامی بازرگانی (5000 / مانگانه‌)

فێربون لە پێناوی ئازادیدا

پاوڵۆ فرێری:

و: جیهاد موحەمەد

ئەوانەی بەڕاستی بڕویان بە ئازادی مرۆڤ هەیە، هەمیشە فێربوون بە ڕیگەی کۆنسێپتی بانکی(پێدان)* ڕەتدەکەنەوە .. بەڵکو پێویستە لەسەریان بە شێوازێکی کارا لە ڕێگەی دیالۆگەوە فێربن .. کە ڕەخنەگرتن تیایدا سەروەر دەبێت .. پێویستە پەیوەندی نێوان مامۆستا** و فێرخواز پەیوەندیەکی ئۆرگانیی بێت کە هەردوو لا سوود لە یەکتری وەربگرن. کە بە دڵنیاییەوە ئەمەش هەندێک بنەمای تایبەتی خۆی هەیە .. بنەماکانیش ئەمانەن: خۆشەویستی، سادەیی و ساکاری و متمانە و دیالۆگ.
پاولۆ سێ دانە دیالۆگی سەرەکی وەک ئامڕاز لەبەرچاو دەگرێت لە پێناوی گۆڕانکارییەکاندا:
یەکەم/ شیکاری و ڕاڤەکردنی بارودۆخ(واقیع)
دووەم/ گۆاستنەوەی شارەزایی و پسپۆڕییەکان(ئەزموونەکان)
سێیەم/ پلە بە پلە دیالۆگ دەکرێت
یەکەم: شیکاریکردنی بارودۆخەکە:
شیکاریکردنی بارودۆخ ڕەگەزێکی بناغەیی فێربوونە بە دیالۆگکردن بۆ گەیشتن بە ئازادی ئەویش بە دوو هۆکار بناغەییە:
• شیکاری بارودۆخ، لە پێناوی ناسین و زانین و هەڵسەنگاندنی ئەو ژینگەیەی مامۆستا و فێرخوازان تیایدا دەژین
• شیکاری بارودۆخ، بە قووڵبوونەوەی دیالۆگکردن .. ڕێگەیەکە بۆ گەیشتن بە ناسین و زانینی هۆکارەکانی کێشەکان و هەروەها ئامراز و چارەسەرییەکان.
شیکاریکردنی بارودۆخ چییە؟
شیکاریکردنی بارودۆخ ئەوەیە کە تەنها تەماشای کێشەکان بە ڕووکەشی ناکات، واتا تەنها لایەنە دیارەکانی کێشەکان لەبەرچاو ناگرێت، بەڵکو رۆدەچێتە ناو قووڵایی کێشەکانەوە و هەموو لایەنەکانی بە وردی دەبینێت و لەم سێ ڕەهەندەوە لێیان دەکۆڵێتەوە:
١/ ڕەهەندی کۆمەڵایەتی( کۆمەڵگە پێکهاتووە لە کۆمەڵێک تاک) لەم ڕەهەندەوە ڕۆدەچێتە نێو ناسینی تاکەکان و کۆمەڵگەوە.
٢/ ڕەهەندی ئابووری(تواناکان و سامانە ماددییەکان و بەشەرییەکان)، لەم ڕووەشەوە ڕۆدەچێتە نێو بابەتە ئابووریەکان و داراییەکان و داهاتەکان و سەروەت و سامانی تاک و کۆمەڵگە.
٣/ ڕەهەندی کولتووری(بە هەموو پسپۆڕیی و شارەزایی و داب و نەریت و کەلەپوور و زمان و مێژوو و ڕەفتار و هەڵسوکەوتەکانەوە)، لەم ڕەهەندەوە لە کولتوور و داب و نەریتەکانی کۆمەڵگە دەکۆڵێتەوە.
دووەم/ گواستنەوەی پسپۆڕییەکان و شارەزاییەکان
مرۆڤەکان لە پەیوەندی بەردەوامییان لەگەڵ ژیان و ئەو ژینگە و کۆمەڵگە و جیهانەی تیایدا ژیاون شارەزاییەکی جۆراوجۆریان بە دەست هێناوە و بوون بە خاوەنی هۆشمەندیەکی دیاریکراوی ناو ژیان و کۆمەڵگە و جیهان .. دیالۆگ و بیرکردنەوەی مرۆڤەکان لەگەڵ خودی خۆیان و ناخی خۆیاندا، هەروەها لەگەڵ کۆمەڵ و کۆمەڵگەکانیاندا توانیویانە گوزارشتێکی ڕاستەقینە لە ژیان و ژینگە و کۆمەڵگە بکەن .. ئەم هۆشمەندیی و هۆشیارییەش وردە وردە و پلە بە پلە دەبێت بە هۆشمەندی و هۆشیارییەکی تەواو و کامڵ و لە دواجاریشدا دەبێت بە ڕوودانی شۆڕشی کۆمەڵایەتی و سیاسیی لە پێناوی گۆڕانکارییەکاندا کە زیاتر ژیانێکی مرۆڤدۆستانە و دادپەروەرانە و یاکسانانە بەدی بهێنن.
سێەم/ پلە بە پلەی دیالۆگ
پاولۆ فرێری چۆن دیالگۆی لە فەلسەفەکەی خۆیدا بەکارهێناوە؟
دیالۆگ پێویستە بە کۆمەڵێک پرسیاری گرنگ دەستپێبکات:
١/ دیالۆگ بە هەندێک پرسیاری گشتی دەستپێدەکات کە هاوکاریی هەموو دەکات کە بتوانن گوزارشت لە بارودۆخەکە بکەن بە شێوەیەکی گشتی و باسی کێشەکانیان بکەن.
٢/ پرسیارەکان بە جۆرێک دەکرێت کە گشتێتی کێشەکان و زەرورەتی بیرکردنەوەی گشتی و چارەسەریە گشتییەکان بخاتە ڕوو.
٣/ پێویستە پرسیارەکان ئاسان و سادە و ساکار بن و ئاڵۆز نەبن تا بتوانرێت بە ئاسانی گفتوگۆییان لەسەر بکرێت.
٤/ پێویستە پرسیارەکان پەیوەندیدار بن بە کێشەکانەوە و لایەنداری هیچ بیر و بۆچوونێک نەبن.
٥/ پرسیارەکان پێویستە ئاراستەی گشت بکرێت.
ئەو هانگاوانە چیی بوون کە پاوڵۆ فرێری بۆ سڕینەوەی نەخوێندەواری لای گەورەکان گرتبوونیە بەر.
دەبوو پشت بەم پرنسیپانە ببەسترێت:
• مامۆستا دەبێت ژینگەی کۆمەڵایەتی و کولتووری باش بناسێت و شارەزایان بێت.
• بە زمانێکی پاراوی ڕۆژانەی خەڵکی گشتی قسە و دیالۆگ بکات.
پاولۆ فرێری سێ هانگاوی باشی دەنا بۆ بەکارهێنانی زمانێکی پاراو و ڕۆژانەی خەڵکی گشتی:
١/ بەکارهێنانی وێنە بۆ ڕوونکردنەوەی زمانێکی پاراو و تێگەیشتوو.
٢/ بە وێنە مەسەلەکانی ڕوون و ئاشکراتر دەکرد.
٣/ دواتر دەستی دەکرد بە شیکاریکردن و کێبڕکێ و گرێدانی وشەکان بە کێشە کۆمەڵایەتیەکانەوە.
توانا و دەور و بەرپرسیارێتی مامۆستای بەم جۆرە دەستنیشان دەکرد:
١/ دەبێت مامۆستا هۆشیاری لەسەر کێشەکانی خەڵک هەبێت.
٢/ دەبێت مامۆستا ئازادی و یەکسانی مسۆگەر بکات لە نێوان دیالۆگکەراندا.
٣/ رێکخستن و کۆکردنەوەی ڕا و بۆچوونەکان
٤/ هاوکاری فێرخوازان و خەڵک بۆ هاوبەشیکردن لە دیالۆگەکاندا.
٥/ پشتگیری فێرخوازان و خەڵک بە پێدانی زانیاری و هۆشیاریەیکی ساغڵەم و بە سوود.
٦/ ڕێزگرتن لە شارەزایان و ڕای ئەوانەی ئەزموونیان هەیە.
٧/ هاوکاری و یارمەتی فێرخوازان بۆ دۆزینەوەی توانا و بەهرە شاراوەکانیان
٨/ مامۆستا یان ڕاهێنەر دەبێت توانای ئیدارە و بەڕیوەبردنی دیالۆگەکەی بە شێوەیەکی نەرمونیان هەبێت.
٩/ هۆشیاری دەربارەی ناسینی دروونی فێرخوازن گرنگە.
١٠ مامۆستا دەبێت دنیابینییەکی ڕوون و ئاشکرای هەبێت.
*میتۆدی بانکی، ئەو میتۆدەیە کە پاوڵۆ فرێری بۆ پەروەردەی نەریتی بەکاری هێناوە، بەو مانایە دێت کە پەروەردەی نەریتی وەک چۆن پارە لە بانکدا دادنەرێت، کاتێک پارەدانەر دەچێت هەمان پارە وەردەگرێتەوە و هیچی تر، واتە پەروەردەی نەریتی ئەو پەروەردەیەیە کە مامۆستا ناوەندە و زانا و شارەزایە و فێرخواز هیچ نەزانە، وەک دەفرێک وایە کە کرابێتەوە بۆ ئەو زانیاریانەی مامۆستا دەیداتێ، لە کۆتایی تەواوبوونی فێرخوازییدا، فێرخواز هەمان زانیاری وەرگیراو دەداتەوە و هیچ لە بابەتەکە زیاد و کەمی نەکردوە، واتە هەمان زانین و زانیاری لە ناو کۆمەڵگەدا دێت و دەڕوات. بەڵام پەروەردەی دیموکراسی کە پشت دەبەستێت بە دیالۆگکردن فێرخواز ناوەندە، بۆیە لەم پەروەردەیەدا دیالۆگکردن کراوە بە پرنسیپێکی سەرەکی و بناغەیی، مامۆستا یان ڕاهێنەر لەگەڵ فێرخوازاندا دەکەوەنە دیالۆگ کردن لەسەر کێشە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان، واتە لەسەر بارودۆخەکە، ئەنجامی ئەم فێربوونە دیموکراسیە دیالۆگئامێزە زانست و زانیاریەکان و ئەزموونەکان گەشە دەکەن و زیاتر دەبن و وەک خۆیان نامێننەوە. پاوڵۆ فرێری لەم پەروەدەی دیموکراسییەدا دەڵێت”مامۆستا لە هەمان کاتدا کە مامۆستایە فێرخوازیشە، فێرخوازیش لە هەمان کاتدا کە فێرخوازە مامۆستاشە، واتە ماۆستا و فێرخواز وەک یەک وان لە دیالۆگکردندا.(وەرگێڕ)
**لە پەروەردەی سەردەم و دیموکراسیدا، کە پشت بە دیالۆگکردن دەبەستێت لە نێوان مامۆسا و فێرخوازدا، زۆر جار مامۆستا بە ڕاهێنەر ناو دەبرێت، مامۆستا یان ڕاهینەر لەم پەروەردە دیموکراسیەدا هیچ جیاوازیەکی نییە…(وەرگێر).



نووسراوه‌ له‌لایه‌ن
Parwarday Maxmur

فێربون لە پێناوی ئازادیدا Reviewed by Unknown on 10:41:00 م Rating: 5

ليست هناك تعليقات:

نموذج الاتصال

الاسم

بريد إلكتروني *

رسالة *

يتم التشغيل بواسطة Blogger.