Top Ad unit 728 × 90

ڕێكلامی بازرگانی (5000 / مانگانه‌)

بەسەرهاتێکی کورتی مامۆستایەک

ساڵێکیان لە پۆلدا مامۆستایەک وانەی زمانی عەرەبی، لە بەردەم دوو سەرپەرشتیاردا دەڵێتەوە کە هاتبوون هەڵسەنگاندنی بۆ بکەن، ئەم وانەیە لە کاتێکدا بوو چەند هەفتەیەکی کەمی مابوو بۆ تاقیکردنەوەی کۆتایی ساڵ. لە سەروبەندی وانە وتنەوەکەدا، یەکێک لە خوێندکارەکان، وانەکەی پێدەبڕێت و دەڵێت: مامۆستا، زمانی عەرەبی زۆر قورسە!!
هەر کە ئەم خوێندکارە قسەکەی خۆی تەواوکرد، سەرجەم خوێندکارەکانی پۆلەکە هەمان قسەیان دووبارە کردەوە، خوێندکارەکان وەک حیزبێکی ئۆپۆزسیۆنیان لێهات و هەر یەکەی لە جێی خۆیەوە شتێکی دەوت: یەکێک قسەی دەکرد، یەکێکی دی هاواری دەکرد، ئەوی دیکەیان هەوڵیدەدا کاتەکە بکوژێت، هەموو ئەمە لەبەرچاوی دوو سەرپەرشتیارەکەدا روویدەدا.
مامۆستاکە کەمەکێک بێدەنگ بوو، پاشان وتی: باشە، ئەمڕۆ وانە ناخوێنین، وانەکە بە مەتەڵێک دەگۆڕمەوە.
خوێندکارەکان زۆریان پێخۆشبوو، دوو سەرپەرشتیارەکە توڕەیی بە روخساریانەوە دیاربوو. مامۆستاکە لەسەر تەختەڕەشەکە، بوتڵێک شوشەی دەمباریکی دروستکرد، لە ناویدا وێنەی مریشکێکی کێشا.
پاشان وتی: ئێستا کێ دەتوانێت ئەم مریشکە لەو شوشەیە بێنێتە دەرەوە، بەو مەرجەی نە شوشەکە بشکێنێت و نە مریشکەکەش بکوژێت؟
خوێندکارەکان هەوڵێکی زۆریاندا، بەڵام سەرجەم هەوڵەکانیان سودی نەبوو، دوو سەرپەرشتیارەکەش سەرنجیان چووبووە سەر مەتەڵەکە و لای خۆیانەوە هەوڵیاندا وەڵامی مەتەڵەکە بزانن، بەڵام ئەوانیش سەرکەوتوو نەبوون. یەکێک لە خوێندکارەکانی ریزی دواوە، نا ئومێدانە هاواریکرد: مامۆستا ئەم مریشکە نایەتە دەرەوە تەنها بە شکاندنی شوشەکە یان بە کوشتنی مریشکەکە نەبێت.
مامۆستاکە وتی: نەخێر بۆت نییە مەرجەکان پێشێل بکەیت، ئێمە مەرجی ئەوەمان داناوە کە نابێت شوشەکە بشکێنرێت یان مریشکەکە بکوژرێت.
دوای ماوەیەک یەکێک لە خوێندکارەکان بە گاڵتەپێکردنەوە وتی: دە باشە مامۆستا، بەو کەسە بڵێ چۆن مریشکەکەی بەزیندوویی خستووەتە ناو شوشەکەوە، ئاواش بە زیندوویی دەریبهێنێت.
خوێندکارەکانی هاوڕێی دایانە قاقای پێکەنین، بەڵام پێکەنینەکەیان زۆری نەخایاند، دەنگی مامۆستاکە پێکەنینەکەی پێبڕین و وتی: راستە… راستە… ئەوە وەڵامەکەیە!! ئەوەی مریشکەکەی خستووەتە ناو شوشەکەوە، تەنها هەر ئەویش دەتوانێت دەریبهێنێت. ئێوەش هەر بەو شێوەیەن. ئێوە لە عەقڵی خۆتاندا ئەوەتان داناوە کە زمانی عەرەبی زۆر قورسە. من چەند بۆ ئێوەی شەرح بکەم و هەوڵی ئاسانکردنی بدەم، سەرکەوتوونابم. بۆچی؟ چونکە ئێوە لە مێشکی خۆتاندا ئەوەتان داناوە کە زمانی عەرەبی زۆر قورسە. ئەگەر خۆتان ئەو تێگەشتنە لە عەقڵی خۆتان دەرنەهێنن، کە هەر خۆتان خستوتانەتە ناو مێشکی خۆتان، ئەوا من ناتوانم هیچی ئەوتۆتان بۆ بکەم.
وانەکە تەواو بوو، دوو سەرپەرشتیارەکە زۆر سەرسامبوون بە مامۆستاکەو وانەکەیان بەدڵ بووە. رۆژی دواتر کە مامۆستاکە دێتە بۆ پۆل و دەست دەکات بە شەرحکردنی وانەکە، دەبینێت پێشکەوتنێک لای قوتابییەکانی هەیە، بگرە قوتابییەکان بەدڵخۆشی و ئاسایی و ئاسانی وانەکە وەردەگرن و لێیتێدەگەن. ئەمە بەسەرهاتی ئەو مامۆستایەیە. ئاخۆ ئێمە خۆمان بە دەستی خۆمان چەند مریشکمان خستووەتە مێشکی خۆمانەوە. ئەگەر بە ئیرادەی خۆت شتێکت لە مێشکت دانا کە گران و زەحمەتە و ناکرێت، ئەوا هەر بە ئیرادەی خۆت دەتوانیت وایلێبکەیت سوک و ئاسان بێت و بێ هیچ رێگری و بەربەستێک بە ئاسانی ئەنجامیبدەیت.

وەرگێڕانی :مامۆستا هەورامان ووریا


سەرچاوە:
www.aleqt.com



نووسراوه‌ له‌لایه‌ن
Parwarday Maxmur

بەسەرهاتێکی کورتی مامۆستایەک Reviewed by Unknown on 11:13:00 ص Rating: 5

ليست هناك تعليقات:

نموذج الاتصال

الاسم

بريد إلكتروني *

رسالة *

يتم التشغيل بواسطة Blogger.