Top Ad unit 728 × 90

ڕێكلامی بازرگانی (5000 / مانگانه‌)

مامۆستای تێگەیشتوو ..

پیشەی مامۆستا لە ئەوروپا پێگەیەکی گەورەی هەیە، کۆمەڵگا رێزی لێدەگرێت، موچەکەی تا رادەیەکی باش بەرزە. ئامارەکان ئەوە پیشاندەدەن کە زیاد لە 70% مامۆستاکانی ئەوروپا، لە کارەکەیاندا هەست بە خۆشی و کارمەرانی دەکەن. بەڵام نیوەیان پێیانوایە ئەم پیشەیە (مامۆستایی) لە دەساڵی رابردودا زەحمەتر بووە، بە تایبەت لە بواری مامەڵەکردن لەگەڵ قوتابییەکان و دایک و باوکی قوتابیان. پێیانوایە ئەوەی لە زانکۆ خوێندویانە، دوورە لە واقیعەوە، چ ئەوەی پەیوەستە بە پرۆگرامەکانی خوێندن یان ئەوەی پەیوەندی بە لایەنی پراکتیکی قوتابخانەکانەوە هەیە. توێژینەوەکان ئاماژە بەوە دەکەن لە 20% مامۆستایانی ئەوروپا لەکارەکانیان سەرکەوتوونین (فاشیلن) و بەردەوامبوونیان لە کارەکانیان، دەبێتە هۆکاری زەرەو زیانێکی زۆری مادی و مەعنەوی.
نموونەیەک بۆ مامۆستای تێگەیشتوو
لە یەکێک لە قوتابخانەکانی کچان، لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا، خانمێکی مامۆستای زمانی ئینگلیزی دەڕواتە پۆلی حەوتی بنەڕەتییەوە. مامۆستاکە دەیەوێت لەم وانەیەدا لەگەڵ قوتابییەکانی باس لە بابەتی (پایز) بکەن. مامۆستاکە رێگە بە قوتابییەکانی دەدات گوێ لە سۆناتای (پایز)ی مۆسیقاری ئیتالی ئەنتۆنیۆ ڤیڤاڵدی بگرن. دواتر داوا لە قوتابییەکان دەکات، یەک لە دوای یەک بڕۆنە سەر وایت بۆردەکەو هەر یەکەیان بە چەند وشەیەک یان رستەیەک ئەوەی سەبارەت بە پایز بە خەیاڵیدا دێت بینوسێت، مامۆستاکە هانێکی زۆری قوتابییەکان دەدات و پێیان رادەگەیەنێت، هەموو ئەوەی دەینووسن راستە و هەڵە نییە، مادام لە خەیاڵ و ئەندێشەی خۆتانەوە سەرچاوەی گرتووە.
پاشان مامۆستاکە هۆنراوەی یەکێک لە شاعیرە گەورەکان لەسەر پایز دەنووسێت، داوا لە قوتابییەکان دەکات لەگەڵ ئاوازی مۆسیقا بیخوێننەوە. دواتر داوا لە خوێندکارەکان دەکات داهێنانی خۆیان بخەنەڕوو، بەوەی هەر یەکەیان شیعرێک لەسەر پایز بنووسێت و پشت بە وەزن و قافییە نەبەستن. مامۆستاکە دەیەوێت قوتابییەکانی هەست بە پایز بکەن و بە وشەی خۆیان وەسفی پایز بکەن کە لەگەڵ خەیاڵ و ئەندێشەی خۆیاندا تێکەڵ بووە. هەر قوتابییەک کە شیعرەکەی خۆی دەخوێندەوە، قوتابییەکانی دیکە چپڵەی بۆ لێدەدەن و مامۆستاکەش دەستخۆشی لێدەکات و لایەنی جوانی شیعری قوتابییەکەی دەردەخات.
ئەم مامۆستایە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە هیچ وانەیەک، وەک وانەی زمانی دایک و داڕشتن، مامۆستا لە قوتابییەکانی نزیکناکاتەوە. چونکە ئەوەی قوتابییەکان لەم وانەیەدا فێریدەبن، زۆر لەسەرەوەی پرۆگرامەکانی خوێندنە، لەم وانەیەدا باس لە مەسەلە گەورەکان دەکرێت، وەک بەهاکان، نیشتیمان، رێزگرتن، خۆشەویستی، سروشت، وەرزەکان، قوتابیان فێری چۆنیەتی گوزارشتکردن لە بیروڕاکانیان دەبن، فێردەبن خۆیان قسە لەسەر هەست و سۆزیان بکەن، ئەوەی پایزی خۆشدەوێت باس لە جوانییەکانی دەکات و ئەوەشی خۆشی ناوێت، باس لە ناشرینیەکانی دەکات. هەر قوتابییەی بە وشەگەلێک کە لە قوڵایی ناخی خۆیەوە دێتەدەرەوە، لەبەردەم قوتابییەکاندا رادەوەستێت و ئەوەی نووسیویەتی دەیخوێنێتەوەو دەکەوێتە گفتوگۆ لەگەڵیان، بەم جۆرە وانەکە بە خێرایی کۆتایی دێت، بێ ئەوەی قوتابییەکان هەستیان بە بێزاری و وەڕسبوون کردبێت. (بێ ئەوەی ناچاربن ئەوەی مامۆستا لەسەر پایز بۆی نووسیوون دەرخی بکەن و پاشان وەک توتی بیڵێنەوە. دروست وەک ئەوەی لای ئێمە لە بابەتی داڕشتن لە زۆربەی مەکتەبەکاندا روودەدات-وەرگێڕ).
خانمی مامۆستا پێش ئەوەی لە پۆل بێتەدەرەوە، بانگی یەکێک لە قوتابییەکان دەکات و داوای لێدەکات لە پشوی نێوان وانەکان سەردانی بکات و لەگەڵ خۆی خۆشەویسترین هاوڕێی بێنێت. چونکە دەیەوێت قسەی لەگەڵدا بکات و هۆکاری ئەو برینە بزانێت کە لە دەستی قوتابییەکە هاتووەو دەیەوێت لەم بارەیەوە کۆمەک و یارمەتی بدات. ئەم مامۆستایە جەخت لەوە دەکات کە دەیەوێت لەگەڵ هەر قوتابییەک لە قوتابییەکانی، پەیوەندییەکی شەخسی دروست بکات و دەیەوێت متمانەی هەمویان بەدەستبێنێت. هەمیشە بە قوتابییەکانی دەڵێ تکایە هەر خەوش و کەم و کورتییەک لە شەرحکردنی وانەکە یان لە شێوازی وتنەوەی وانەکەدا هەیە، بێ دوودڵی و ترس و شەرمکردن پێم بڵێن و بە قوتابییەکانی دەڵێت: (من دەمەوێت باشتربم، بۆیە هیچ دوودڵ مەبن لەوەی دەتانەوێ پێم بڵێن، بیرورای خۆتان بە راشکاوی دەرببڕن و ئامۆژگاری خۆتانم پێشکەش بکەن). ئەم مامۆستایەی زمانی ئینگلیزی پێیوایە مامۆستاش وەک قوتابییە، پێویستە هەمیشە ئامادەبێت بۆ ئەوەی بە درێژایی ژیانی بەردەوامبێت لە فێربوون.

سەرچاوە

www.almarefh.net

ئەو بابەتە لەسەر ئەکاوەنتی تایبەتی مامۆستا هەورامان قانع وەرگیراوە



نووسراوه‌ له‌لایه‌ن
Parwarday Maxmur

مامۆستای تێگەیشتوو .. Reviewed by Unknown on 8:56:00 ص Rating: 5

ليست هناك تعليقات:

نموذج الاتصال

الاسم

بريد إلكتروني *

رسالة *

يتم التشغيل بواسطة Blogger.