Top Ad unit 728 × 90

ڕێكلامی بازرگانی (5000 / مانگانه‌)

ژینگە و پەروەردە

هیوا عەلی:

ئایا خوێندکار دەتوانێ لەھەموو شوێنێکدا فێربێ؟ ئەو پێویستییە سەرەتاییانە چین کە کاریگەرییان لەسەر پرۆسەی فێربوون و فێرکردن ھەیە؟ ڕۆڵی مامۆستا چییە لە دەستەبەرکردنی ئەو ژینگە پەروەردەییە؟ گرنگیی بوونی ژینگەی لەبار و دروست چییە لەسەر پڕۆسەی فێرکردن؟

ژینگەی ساخلەم و دروست ئەو شوێنەیە کە خوێندکار ئارەزووی فێربوون و کایەکردن دەکات تێیدا. ژینگەی پۆل مامۆستای دووەمە بۆ ھەر خوێندکارێک، کە کاریگەرییەکی بێشومار لەسەر گەشەکردنی خوێندکاران بەجێدەھێڵت و دەرگیری چەندان کێشەی زانستی و پەروەردەییان دەکات.

ئەو فێرخوازانەی دێنە خوێندنگە بە ئامانج و ھیوایەکەوە دێن کە دواجار شتێک فێر ببن، بەڵام ئاریشەکانی بەردەم پڕۆسەی پەروەردە پێمان دەڵێن کە فێرخواز ناتوانێ لەم ژینگە پەروەردەییەی ئێستا ھەیە فێر ببێ. بوونی ئەم ژینگە فێرکارییە نادروستەی لە سیستمی فیرکاریی ئێمەدا ڕێرەوی بەستوە و چەندان ساڵە ڕیشەی، ھەیە نەیانتوانیوە لە رێگەی شیکارییەکی دروستەوە چارەسەرێکی گونجاوی بۆ کێشەکانی بەردەم ئەم پرسە بدۆزنەوە.

سەرەڕای ھەموو ئەو ئاستەنگانەی کە لە سیستمی پەروەردەیی ئێمەدا ھەیە، مامۆستا ڕۆڵی سەرەکی دەبینێ لە بەرجەستەکردنی ئەو کەشە پەروەردەییەدا.

ژینگە دابەشدەکرێت بۆ دوو بەشی سەرەکی یەوە ئەوانیش: «ژینگەی دروست- ژینگەی نادروست».

ژینگەی دروست  کەشێکی فرە ڕەھەندە و ناوەندێکە کە فێرخواز تێیدا ھەست بە ئارامی، ئاسایش و ئازادی دەکات. لەم ژینگەیەدا خوێندکاران بێ سڵەمینەوە دەست گەرمن بۆ ھەوڵدان، فێربوون و بەدەستھێنانی توانستی زانستی باڵا. ژینگەی نادروست ئەو کەشەیە کە خوێندکاران بێبەش دەبن لە فێربوون، توانا زانستییەکانیان لاوازە، ڕەفتاری نەشیاو ئەنجامدەدەن، توشی دڵەڕاوکێ و خەمۆکی دەبن کە ھەریەکێکیان دەرھاویشتەی نائاسایین بۆ خوێندکاران. لەم کەشەدا تێڕوانینی مامۆستا لە ئاست چارەسەرکردنی ئاریشەکاندا نییە و دڕدۆنگە لە ھەمبەر پرسە پەروەردەییەکان.

ڕۆژانێک ھەر تاکێک لە ئێمە کاتیکی زۆرمان بەسەر بردووە لەناو پۆلدا، لە نەبوونی کۆمەڵێک پێداویستی سەرەتای ماددی وەکو: وایت بۆرد، دیواری رازاوە، ناڕێکی کورسییەکان، ڕووناکی و کەشی ناوپۆل لە دەرەنجامی ئەو ناڕێکییەدا پڕۆسەی فێربوونمان ناگەش و ناشاد بووە. 

کاتێک خوێندکار پێ دەنێتە ناو پۆلەوە لە ھزری خۆیەوە لێکدانەوەیەکی گەورە ئاسا بۆ پۆلەکەی دەکات کە بڕیارە تێیدا فێرببێت، سەرنج دەدات کە ئایا کورسییەکان چۆن ڕیزکراون، دیوارەکان چییان پێ ھەڵواسراوە و وێنەی دیوارەکان سەرنجڕاکێشن یاخود نا. لەپاشان سەرنجی مامۆستاکەی دەدات کە ئایا چۆن و بە چ شێوازێک مامەڵە لەگەڵ ھاوپۆلەکانی دەکات، بیر دەکاتەوە کە ئایا من لێرەدا بەس دەبێ گوێبگرم و بنووسم یاخود بە ئازادانە پرسیار بکەم و وەڵامی پرسیاریش بدەمەوە.

لە ژیلکترین پێویستییەکانی ژینگەیەکی پەروەردەی کە بخرێنە بەرباس ئەمانەن:

ڕێکخستنی پۆلتوێژینەوەکان ئەوەمان بۆ دەخەنە ڕوو کە ڕێکخستنی پۆل کاریگەرییەکی زۆر بەجێدێڵێت  لەسەر دیسپلینی خوێندکاران. ناڕێکی کورسییەکان و پەرشوبڵاوی کەلوپەلەکانی مامۆستا  ئاماژەیەک بە خوێندکاران دەدات کە ئەو مامۆستایە گرنگی بە ڕێکی و پاکوخاوێنی پۆلەکەی نادات، لە دەرەنجامدا بوونی ئەم ناڕێکییەدا دەبیتە وێنایەکی نەرینی لە خەیاڵی قوتانی و دەرکی ئەوە دەکات ناریکی لای مامۆستاکەی پرۆسەیەکی  سانا و ئاساییە، کە دواجا دەبیتە جۆریک لە مۆدیل و ستایل لای قوتابییەکان.  

نرخاندن و پێزانین: خوێندکاران دڵخۆش دەبن بە ستایشکردنیان لەھەمبەر ئەو کارەی کردوویانە. چالاکی و یاری سەرنجڕاکێش مۆتیڤێکی باش دەدەن بە خوێندکاران، لەم تەکنیکەدا خوێندکار داھێنانی لە پڕۆسەی فێربووندا کردووە، ئەرکی مامۆستا لەم کاتەدا نرخاندنی کاری خوێندکارە، جا کارەکە وڵامی پرسیارێک بێ، درووستکردنی وێنەیەک بێ یاخود ڕەفتار نواندنێکی جوان بێت. دەکرێ پاڵنەرەکە دەستخۆشییەک بێ، ھەڵواسینی وێنەی خوێندکارەکە بێت، یاخود پێدانی ستیکەرێک بێت. نرخاندن ئەوە بەخوێندکار دەگەیەنێ کە باش فێربووە.

درووستکردنی پەیوەندی: خوێندکار لە مامۆستایەک فێر دەبێت کە بە ڕوویەکی خۆش و گەشەوە، بە دڵێکی پڕ لە خۆشەویستییەوە، بەوپەڕی بڕواو و گەشبینییەوە کرداری پەروەردەیی و فێرکردن ئەنجام دەدات، بەڵام دەبێت ئەم پەیوەندییە بەشێوەیەکی ڕێزدارانە بپارێزرێت.

لامان گەڵاڵە بووە کە گرنگە مامۆستایان لە تەقەڵای ڕەخساندنی کەشێکی فێرکاریی درستدابن ، چونکە ڕوونە کە بێ ژینگەیەکی لەبار و دروست فێربوونێکی کاریگەر و ڕەسەن نایەتە ئاراوە. ھەموو خوێندکارێک دەبێت ھەست بە گرنگی و ئازادی خۆی بکات لەناو پۆلدا. کەشێکی پەروەردەیی و فێرکاری لە خۆیەوە درووست نابێت، بەڵکو مامۆستا چەکەرەی پێدەکات. لە دەرەنجامی بوونی کەشێکی ساخلەمدا فێربوون ئاسان دەبێت.



نووسراوه‌ له‌لایه‌ن
Parwarday Maxmur

ژینگە و پەروەردە Reviewed by Xwendga Kurdish on 8:32:00 ص Rating: 5

ليست هناك تعليقات:

نموذج الاتصال

الاسم

بريد إلكتروني *

رسالة *

يتم التشغيل بواسطة Blogger.