راپەڕین و پەروەردە ..
لای هەموان روون و ئاشكرایه هەر شۆرش و راپەڕینێک سەرهەڵبدات له ئەنجامی ئەو فشار و پاڵەپەستۆ و زوڵم و ستەم و نایەکسانیەی رژێم و دەسەڵاتدارانە کە دەیکەنەو کردویانەتە سەر هاوڵاتیانی کۆمەڵگاکەیان له سەپاندنی دەسەڵات به ئاگر و ئاسن و زەوتکردن و سەركوتكردنی ئازادییەکان و هەموو جۆره دەستبەسەراگرتن و قۆرخکارییەک له رووی ئابوری و ژیان و گوزەران و بژیوی خەڵک .
ڕاپەڕین و شۆرش واته گورانكاری بۆ باشترکردن و خوشگوزەرانی و گەڕاندنەوەی کەرامەت و شكۆمەندی تاكەکان و سەروەری یاسا و دەستور ..! بەمانایەکیتر ، لەژیانێکی خراپ و پڕ لە زوڵم و زۆرداری و نایەکسانی بۆ ژیانێکی پڕ لە شەهامەت و پاراستنی مافە فەردی و مەدەنیەکان هاوڵاتیان …
لێرەدا دەمانەویت دوایی ٢٧ ساڵ لە راپەرینی خەڵکی کوردستان دژی رژێمی بەعس تیشکێک بخەینە سەر راپەرین و پەروەردە ،دوایی زیاتر لە چارەگە سەدەیەک ئایا ئامانجەکانی راپەرین لە بواری پەروەردە و فێرکردن بەکوێ گەیشتوە ؟ ئایا توانیومانە نەوەیەکی هۆشیار و ئازاد و ئازا لە ناوەندەکانی خوێندن ببەخشینە کۆمەڵگا ؟ ئایا دوایی ٢٧ ساڵ توانیومانە لەم کۆمەڵگایە سەدان و هەزاران مامۆستا بهرام ( کە یەکێکە لە مامۆستا دڵسۆز و شەهیدەکانی ڕاپەڕین )ببەخشینە ئەم کۆمەڵگایە کە لەپێناوی ئازادی و عەدالەت و گەڕانەوەی شکۆ بۆ تاکەکان سینگی خۆیان کردە قەڵغان ؟! یان تەنها ناوەکەیمان لە تابلۆی قوتابخانەیەک هەڵواسی و هیواو و ئاواتەکانیمان خستە ژێر گل ؟!
نکۆڵی لەوە ناکرێت، لە دوایی راپەرینەوە ژمارەیەکی زۆر لە ناوەندی فێرکردن و خوێندن و پەروەردە لە ئاستە جیاوازەکان بە ڕووی فێرخوازان کرانەوە و ژمارەیەکی زۆری کادیر و خوێندەوار بەخشرایە ئەم کۆمەڵگایە ، بەڵام ئایا ئەمە هەموو تموحەکانمان بوو ؟!
بێگومان نەخێر ،ئامانجی ئێمە و هەموو خەڵکی کوردستان و راپەڕین دورستکردنی تاکێکی خوێندەوار و هۆشیار و پسپۆڕ بوو ،کۆمەڵگایەکی بێ چین و چەوسانەوە بوو،هێنانە کایەی سیستەمێکی پەروەردەی مۆدێرن و دوور لەهەموو ئایدۆلۆژیایەکی توندڕەوی بوو،خەونەکانمان دەروون و فکر و بیرێکی هێمن و ئارام بوو بۆ سەرجەم تاکەکانی کۆمەڵگا ..
چەندمان کردووە دەبێ زۆر زیاتر بکەین بۆ ئەو ئامانجە باڵایەی کە سەدان و هەزاران لاو و پیشمەرگە خۆیان کردە کاسەوە،نابێت هەرگیز بێ ئومێد بین ئەم کۆمەڵگایە شایەنی خزمەتی زیاترە .
لێرەدا بەبۆنەی ساڵیادی راپەڕینە مەزنەکەی بەهاری ٩١ ، جارێکیتر سڵاو ریز دەنێرین بۆ گیان و خوێنی شەهیدانی راپەڕین و تەواوی کوردستان و بەرگری و بەرخودانی عفرین و کۆبانێ و پێشمەرگە گیان لەسەر دەستەکانی دژی تیرۆرستانی داعش .
بێ هیچ دوو دڵیەک روو دەکەمە مامۆستایان و قوتابیان و پێیان دەڵیم ، تەنها بە خوێندن و پەروەردە و چالاکیەکانیان لە ناوەندەکانی خوێندن و دەتوانن خەونی شۆڤینیەکان بۆ هەتا هەتایە لە گۆڕ بنێین ..
عباس محمد برزنجی
به هاری 2018
نووسراوه لهلایهن
Parwarday Maxmur
ليست هناك تعليقات: