Top Ad unit 728 × 90

ڕێكلامی بازرگانی (5000 / مانگانه‌)

با لە ڕۆژی زمانی دایكدا ڕێنووسمان یەكخەین


  با لە ڕۆژی زمانی دایكدا ڕێنووسمان یەكخەین


لە كاتێكدا زمانمان بووەتە جووت ستاندارد ئەگەر ئەم قسەیەم دروستبێت كە زمانی ستانداردمان هەبێت یان نا هەرچەندە لە سەر ئەڕزی واقیعدا پڕۆگرامەكانی خوێندن لە هەرێمی كوردستاندا بە دوو شێوەزار دەخوێندرێت كە ئەمەش پێمان دەڵێت بەرەو دوو زمانی ڕەسمی كوردی دەچین كە ئەمەش بۆ پاشە ڕۆژی زمانی كوردی مەترسیدارە.
جا بۆ ئەوەی لە ڕێنووسیشدا وامان بە سەر نەیەت با ڕێنووسمان نەبێتە دووان و بە یەك شێوەو جۆر بنووسین چونكە بێگومان رێنووس وێنەی نووسینی دەنگەكانی زمانە و خوێندنەوەش تێگەیشتنی مەبەستی نووسەرە لەوەی كە ویستوویەتی بە وشە دەریببڕێت و بەتایبەتیش لە زمانی كوردیدا دەنگەكان چۆن دەگوترێن واش دەنووسرێت بۆیە پێویستە ڕێنووسمان یەكخەین هەر بۆ ئەم مەبەستەش كە یەكخستنی ڕێنووسی كوردی و دانانی ڕێنووسێكی یەكگرتووە،ئەكادیمیای كوردی هەوڵێكی باشی دا لەم بوارە لە ساڵی (2009) كە هەستا بە سازكردنی كۆنفرانسێكی فراوان بە بەشداری شارەزایان و پسپۆڕانی بواری زمان و ڕێزمانی كوردی بۆ نووسینی چەند یاسایەكی ڕێنووسی یەكگرتووی كوردی بە بەشداری پەنجاو سێ كەسایەتی لە شارەزا و پسپۆڕ و مامۆستای زانكۆ و سێزدە دەزگا و گۆڤار لە گەڵ وەزارەتی ڕۆشنبیری و پەروەردەش.
دیارترین كەسایەتی ئەم بوارەش كە ئەمادەبوون لەم كۆنفرانسە (پ.د.محه‌ممه‌د مەعروف و پ.د.یوسف شەریف و د. بەكر عومەر عەلی و پ. د. وریا عومەر ئەمین و م.عەبدوڵڵا حەسەن زادە و م. محه‌ممه‌دی مەلا كەریم و م. جەمال عەبدول و م. سەلام ناوخۆش سەرۆكی رێكخراوی زمانناسی..) لە دەزگاگانی چاپ و بڵاوكردنەوەش (ئاراس، خاك، سەردەم، موكریان، خانەی وەرگێڕان) لە گەڵ چەند گۆڤارێكی دیاری ئەوكات دوای تەوابوونی گفتوگۆكان لە كۆتایدا كۆنفرانس گەیشتە نزیكەی پەنجا ڕاسپاردە زیاتر كە ئەندامانی كۆنفرانس ڕێككەوتن لە سەری و ئەكادیمیاش بڕیاری دا كە لە كتێبێكدا بە ناونیشانی (ڕاسپاردەكانی كۆنفرانسی بەرەو ڕێنووسێكی یەكگرتووی كوردی) چاپی بكات و بینێرێت بۆ سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران بۆ ئەوەی دابەش بكرێت بەسەر گشت وەزارەت و زانكۆ و بنكە زانستی و ڕۆشنبیری و پەروەردیی و میدیا و چاپەمەنیەكان لە كوردستاندا، بە مەبەستی پەپڕەوكردن و بەكارهێنانی لە هەموو بوارەكاندا لە كۆتاییدا چاپی یەكەمی بۆ كرا لە ساڵی (2010) لە چاپخانەی حاجی هاشم لە هەولێر بەڵام بە داخەوە دەزگاكان بە تەواوی جێبەجێیان نەكرد و پەیڕەویشیان نەكرد.
گەر چاوێك بە نووسینی دەزگاكانی ڕاگەیاندن بخشێنین ئەوە بۆمان دەردەكەوێت هەر لایەو باراشی خۆی لە ئاشێك لێدەكات و ڕەچاوی ئەم ڕێنووسە ناكەن كە ئەكادیمیای كوردی لە گەڵ شارەزایان و پسپۆڕانی بواری زمان و ڕێزمانی كوردی دەریانكردووە، لەوەش مەپرسە نوسراوە ڕەسمیەكانی فەرمانگەو دەزگاو وەزارەتەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و تابڵۆی سەر فەرمانگەكان چۆن نووسراوە و كەس ڕەچاوی ڕاسپاردەكانی ئەكادیمیا ناكات.
وا لە خوارەوە چەند سەرنجێك دەربارەی هەڵەكانی ڕێنووس كە ڕۆژانە دووبارە دەبێتەوە لەنووسینەكان جا چ هەڵەی چاپ یان ڕێنووس یان ڕێزمانی بێت دەخەینە ڕوو بە پێی ئەو ڕاسپاردانەی كە لە ڕێنووسی یەكگرتووی كوردیدا هاتووە كە لە لایەن ئەكادیمیای كوردیدا دەركراوە:
 یەكەم: پیتی (و)ی كورت و (وو)ی درێژ لە هەر سێ ئاستی دەنگسازی وشەسازی و ڕستەسازیدا:
1.سەرەتا: هەر وشەیەك بە پیتی (و) دەست پێبكات، ئەوا بە یەك (و) دەنووسرێت، وەك:
وزە، وتە، وشە، وێژە، وریا، وڵات، وشە…… بە داخەوە ئیستاشی لە گەڵدابێت هەندێك لە دەزگاكانی ڕاگەیاندن و تابڵۆی فەرمانگەكان ئەو هەڵەی تێدایە بۆ نمونە نووسراوە (ب. فرۆشتنی ووزە) یان لە تیڤی زاگرۆس لەم ڕۆژانەدا نووسرابوو (بە وورەیەكی بەرزەوە)
2.كۆتایی: هەموو (و) ێكی بزوێن لە كۆتای وشەدا بێت ئەوا بە درێژ دەنووسرێت وەك: دوو، بوو، زوو، چوو، ڕوو، مێژوو، بەڕوو، كەوتوو، مردوو، نووستوو، بابردوو…. لە ڕۆژنامەی ئاوێنە بە هیچ شێوەیەك ئەمە ڕەچاو ناكات بەڵكو دەنووسیت (دو، بو، زو….) هەروەها كەناڵی كەی ئێن ئێنیش لە جیاتی دووبارە نووسرابوو (دوبارە).
* بەڵام ئەگەر هاتوو وەكو پیتی نەبزوێن دەركەوت ئەوا بە یەك (و) دەنوسرێت وەكو: زیو،لاو، چاو، پیاو، ئاو، داو، خەو..
3.ناوەڕاست: لە ناوەڕاست دەكرێت بە هەردوو شێوەكە هەبێت بە پێی شوێنی پیتەك پێویستە خوێندنەوەكەی ڕەچاوبكرێت چۆن دەخوێندرێتەوە: كورد، كوڕ، كورت، گورج، كووڕ، پوور،سوور، تووك، پووك، ڕوون،چوون،دەروون، بوون، كوورەچی.
دووەم: پیتی (و) وەك ئامرازی بەیەكبەستنەوە بە شێوەیەكی سەربەخۆ لە وشەی پێش خۆی و پاش خۆیەوە دەنووسرێت وەك:
-لە كەناڵی ئاسمانی سپێدە و پەیامدا بڵاوبوویەوە.
-لە هەرێمی كوردستان و وڵاتی توركیادا وەكو یەكە.
ـ ئازاد و ڕزگار هاتن.
ـ من و تۆ دەچین.
كوڕ و كچ، باوك و دایك
لە زمانی كوردیدا بۆ بە ستنەوەی دوو ڕستە یان دوو وشەی سەربەخۆ یان دوو دەستەواژە تەنها ئامرازی (و) بەكاردێت، هەڵەیە گەر (وە) بەكاربهێندرێت. لە چەند كتێبیك كە تازە چاپ كراون ئەم (وە)یە بەكار هاتووە، وەك ئامرازی بە یەكبەستنەوە كە ئەمە هی زمانی عەرەبییە وەكو حەرف عەتف نەك زمانی كوردی بەڵكو لە زمانی كوردیدا (و) مان بە تەنیا هەیە.
سێیەم: لە وشەی لێكدراودا پیتی (و)ی ئامرازی لێكدەر، دەبێتە بەشێك لە هەردوو وشە لێكدراوەكە و بە هەموویان وشەیەكی سەربەخۆ(زاراوە) دروست دەكەن و، دەبێت بە وشەی پێش خۆیەوە بلكێندرێت و بە یەك (و) ش بنووسرێت، وەك:
دەنگوباس، هاتوچۆ، ئەلفوبێ،گفتۆگۆ،كەلوپەل،ئاڵوگۆڕ، كشتوكاڵ، دەموچاو، مشتومڕ،كاروبار، شتومەك، دەستوبرد، كتومت..
ـ بەڵام زۆر جار بە هەڵە دەنووسرێت (هاتووچۆ، گفتووگۆ، دەنگووباس…هات و چۆ، كەل و بەل، دەنگ و باس) زۆر لە دەزگاكانی ڕاگەیاندن ئەم هەڵەیەی لێ دووبارەدەبێتەوە لە جیاتی (و) ئەوا (وو) بەكاردێنن یان لە تابڵۆكانی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر بە زۆری نووسراوە (هاتووچۆ) ئەمەش هەڵەیە چونكە وشەی هاتوچۆ بەم شێوەیە دروستبووە، قەدی چاوگی هاتن كە (هات) ە لەگەڵ ئامرازی (و) لیكدان نەك (وو) چونكە ئەمە پاشگرە ئامرازی لێكدان نییە گەر ئەمە چووە سەر قەدی چاوگی هات ئەوا وشەیەكی تری لێدروست دەبێت كە (هاتوو) ە ئەوە بەمانای (واریدە) دێت كە بۆ نوسراوی ڕەسمی فەرمانگە و دەزگاكان دێت.
ئەم نیشانەیە (وو) وەك پاشگر كە چووە سەر وشە (قەدی چاوگ)، زاراوەی نوێ دروستدەكات وەك: مردوو، هاتوو، دەرچوو، نووستوو، بابردوو…
چوارەم: نیشانەی كاری ڕابردووی تەواو كە (ووە) یان (وە) یە، پێویستە بە پێی یاسای خۆی بنووسرێت وەك:
1-كردووە، بردووە، هاتووە، خوێندووە، ڕۆیشتووە.. نیشانەكەی (ووە) یە چونكە كوتاییەكەی بە پیتی نەبزوێن هاتووە.لە ڕۆژنامەی ئاوێنە ئەمەش جێگەی گرنگی پێدان نییە بەڵكو بە یەك (و) دەنووسرێت.
زۆر جار ئەمەشیان بەكاردێت بەڵام هی زمانی قسەكردنە (كردۆتەوە، خویندۆتەوە، هاتۆتەوە)… ئەمەیان هی زمانی نووسینە (كردووەتەوه‌، خوێندووەتەوە، هاتووەتەوە)
2-دۆڕاوە، بەزیوە، سوتاوە،گریاوە، بووە، چووە، زووە… نیشانەكەی (وە) یە چونكە كۆتایی بە پیتی بزوێن هاتووە.
 پێَنجەم: لە زمانی كوردیدا پیتی (ر) و (ڕ)، دوو دەنگی جیاوازن و هەر یەكە و وێنەی خۆی هەیە، بۆیە دەبێت لە كوێی وشە هات وێنەكەی وەكو خۆی بنوسرێت، لە سەرەتای وشەش تەنیا (ڕ)ی قەڵەو دێت، نەوەك (ر)ی لاواز، وەك:
ـ (ڕاستەوخۆ، ڕووبینا، ڕۆژنامەنوس، ڕووبار، ڕێبوار، ڕەسوڵ، ڕابەر، گۆڕان،حوكمڕان، گەڕانەوە، كەڕ، تێڕ) بۆیە دەبێت نیشانەی قەڵەویەكەی بنوسرێت. لەمەشدا بەداخەوە زۆربەی ڕاگەیاندنەكان فەرامۆشی دەكەن لە نووسیندا بە تایبەتی لە سەرەتای وشەدا.
ـ (ر)…(نوسەر، خوێنەر، بینەر، گوێگر…)
ـ بە هۆی ئەم نیشانەیە مانا دەگۆڕدێت وەك:
ـ (برین… بڕین، كەر…كەڕ، تێر… تێڕ، بەرە… بەڕە، كوران….كوڕان)
شەشەم: بۆ نووسینی ژمارەكانی (11 تا 19) بە پێی ڕاسپاردەكانی كۆنفرانسی ئەكادیمیای كوردی بۆ ڕێنووسی یەكگرتووی كوردی لە ساڵی (2009) دا پێنچ ڕای هێناوەتەوە دواتر ڕای پێنچەم بە ڕاست و پەسندتر دادەنێت بۆیە پێویستە بۆ نووسینی ژمارەكانی (11 تا 19) وا بنووسرێت:
(یازدە، دوازدە، سێزدە، چواردە، پازدە، شازدە، حەڤدە، هەژدە، نۆزدە) چونكە ئەم شێوەیەیان گۆڕانێكی كەمی بەسەرداهاتووە و پەسندترینیانە.
هەروەها لە بڵاوكراوەی كۆڕی زانیاری كوردیش كە بە ناونیشانی (ڕێنووسی كوردی) لە ساڵی (1976) دا چاپكراوە لە چاپخانەی كۆڕی زانیاری كوردی ئەم ڕایەی پەسندكردووە كە لە لاپەڕە نۆ لە خاڵی سێیەمدا وا نووسراوە: “لە هەندیك شوێنی كوردستان (د)ی بەشێك لە ژمارەكانی نێوان (11 تا 19) سواوە و دەنگەكەی نەماوە وەك (یانزە، دوانزە….) بۆیەكا بڕیار درا وێنەی ئەسڵی ئەو ژمارانە لە نووسیندا بپارێزرێت و بنووسرێت: (یازدە، دوازدە، سێزدە، چاردە “چواردە”، پازدە، شازدە، حەڤدە، هەژدە، نۆزدە) هەركەسەش بۆ خۆی ئازادبێ لە جۆری خوێندنەوەیان بە پێی لەهجەی ناوچەكەی.
-هەروەها (پ.د. ئەوڕەحمانی حاجی مارف)یش لەپەرتوكی ڕێزمانی كوردی بەرگی یەكەمی وشەسازیدا لە بەشی چوارەم بەناونیشانی (ژمارە و ئاوەڵكردار)لە لاپەڕە (51) ی چاپی (1998) دەڵێت: بڕێ نووسەر ناوی ژمارەكانی نێوان (11 تا 19) یان بە شێوەی ئاخاوتنی سلێمانی و هەندێ شێوە ئاخاوتنی دی تۆماركردووە: (یانزە…. پانزە… پانگزە…. حەڤڤە….)
ئەسڵی ئەو وشانە كە (یازدە…. پازدە…. حەڤدە..) ن، بێگومان چ بۆ نووسین و چ بۆ زمانی ئەدەبی، ڕاست وایە پەیڕەوی ئەسڵەكەیان بكرێت.
ئەوەی لە ژمارەكانیش ڕابمینێت حاڵی دەبێت كە لە ژمارە بنجینەیەكاندا نووسینی حەفت تەواوترە تا حەوت چونكە سەیری حەڤدە بكە لە گەڵ حەفتا لە گەڵ حەفتاوحەفت و لە گەڵ حەفتسەت بۆمان بە دەردەكەوێت كە ژمارە حەفت تەواترە تا حەوت.
حەفتەم: ئەو وشانەی بە ڕێگاگانی لێكدان و داڕشتن و داتاشین دروست دەبن پێویستە بەسەر یەكەوە وەكو یەك وشە بنووسرێن بە ڕەچاوكردنی پیتەكە كە(لكاوە یان نەلكاوە) هەر وەك لە كتێبی (ڕێنووسی كوردی بە پێی بنەما زانستییەكانی ڕێنووسی گشتی كە لە لایەن چوار زمانناس نووسیویانەو ئەكادیمیای كوردیش بڵاویكردووەتەوە:
1.لێكدراو: وشە لێكدراوەكان بەیەكەوە دەنووسرێن: داوێنپاك، بەرهەمهێنان،ڕێپێوان، یەكەمجار، هەندێكجار، كۆچكردوو،دەسنیشانكرد، پێشنوێژ،نوێباو، خۆشباوەڕ، نیشتەجێبوون، جێبەجێكردن، ڕێنووس، نیشتمانپەروەر، دەستنووس، ئەمساڵ، ئەمشەو، ئەمڕۆ، ئەمجارە، یەكشەممە، سێشەممە، پێنچشەممە، یەكسەر، لەدایكبوون، بانگخواز، كەمخۆری،بانگهێشتكرد،ملپێچ، دروستكرد، تێبینیكرد،دەستخستن، ڕێككەوتن،پێكهێنان.
2.داڕێژراو: پێشگرو پاشگر بە وشەكەوە دەلكێندرێن: بێباوك، بێتاوان، بێكەس، بێخاڵ، بێگومان، بێهۆش، بێوەژن، تێكەوت، بەنزینخانە، ئیشكەر، هاوسەر، گیاندار،دوكاندار،هەڵگرتن، تێكچوون، هەڵگرتنەوە.
3.داتاشین: لە لێكدانی دوو وشە دروست دەبێت و پیتێك یان زیاتری دەسووێت و نامینێت وەك: تامەزرۆ (تام + ئارەزوو)
جوامێر (جوان + ئەمیر یان مێرد)، مراوی (مریشك + ئاوی)، مامۆستا (مام + وەستا)، كانەبی (كاك + نەبی)، شمەك (شت + مەك)، میرزا (ئەمیر + زادە)، دەستاڕ (دەست + هاڕ)، ماستاو (ماست + ئاو)، گاسن (گا + ئاسن)
تێبینی:
لە دروستكردنی هەر زاراوەیەكی نوێ پێویستە ڕەچاوی چەمكی وشەكە بكرێت و ناوەرۆكەكەی لە مانای ئەوەی لێی دروستدەكرێت ڕنگدانەوەی هەبێت تا وشەكە تەواو دەرچێت. ئەوە بۆ دروستكردنی وشەی نوێ هەر وەكو لە پیشنیارو ڕاسپاردەكانی سمیناری پەرەپێدانی زمانی كوردیدا هاتووە كە بەڕێزان (م. شوكر مستەفا و د.شوكوریە ڕسوڵ و م.كەریم شارەزا و چەندانی تریش بەشداربوون) لە ساڵی 1998 كە لەلایەن یەكێتی نووسەرانی كورد لقی هەولێر سازدرابوو لە ژێر چاودێری بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، بەڵام ئەی ئەگەر وشەكە هەبێت و تێكبشكێندرێت وەكو (كاتژمێر) كە كراوەتە (كاژێر) كە ئێستاكە بە كار دێت و ئەوەی لێی حاڵیبوویمە هەڵەیە كە كراوەتە (كاژێر) چونكە ئەسڵی وشەكە لێكدراوەو لە وشەی (كات)كە ناوە لە گەڵ مۆڕفیمی (ژمێر)كە ڕەگی كارە و لە چاوگی (ژماردن) ەوە وەرگیراوە، بەڵام وشەی (كاژێر) بەمشێوەیە بێت وا دروستبووە وشەی (كا) كە وشەی پرسە لە گەڵ وشەی (ژێر) ئاوەڵكاری شوێنییە كامیان لە گەڵ چەمكی كات ماناكەی یەك دەگرێتەوە خۆتان بڕیاربدەن، چونكە هەركاتێك وشەش كە دروستبكرێت دەبێت بۆ یاساكانی زمان بگەڕێنەوە نەك هەركەسەو بە ئارەزووی خۆی وشەی نوێ دروستبكات.
تێبینی:
1.وشەی (كاژێر) لە فەرهەنگی خاڵ لە لاپەڕە (353)چاپی 2005 كە لەلایەن دەزگای ئاراس چاپكراوە كە مامۆستا شێخ مەحەمەدی خاڵ نووسیویەتی هاتووە بە مانای: دەلاقەی ناودیوار، شەویلە، گۆشەوسوچ.
2.لە فەرهەنگی هەنبانە بۆرینەش كە مامۆستا هەژار موكریانی نووسەریەتی لە لاپەڕە (600) دا هاتووە بە مانای: شەویلاكە، شەویلكە، شەویلە، سوچ و قوژبنی ئۆدە (هۆدە)، تاقە لە دیواردا، ئۆدەی خەڵوەت لە تەكیەدا.
هەشتەم: یەكێك لە سیماكانی جێناوی لكاو ئەوەیە كە توانای لكانیان لە گەڵ وشە هەیە ئینجا وشەكە چ (ناو یان جێناو یان ئاوەڵناو یان ئاوەڵكار یان ژمارە یان كار) بێت وشەكەش (سادە یان لێكدراو یان داڕێژراو)بێت كە جێناوی لكاویشی وەرگرت ئەوا بەیەكەوە دەنووسرێن وەك: نووسی… نووسیمان، هەڵگرت… هەڵمانگرت، تێكرد… تێمانكرد، بانگكرد… بانگیانكرد، دەسگیركرد… دەسگیریانكرد، میللەتان، چاومان، ئێوەمان، منتان، خۆم، خۆیان، دوێنێتان، ئێوارەتان، چوارەمتان…
نۆیەم: هەر وشەیەكی بێگانە، كە دێتە ناو زمانەكەمانەوە، دەبێت بە ڕێنووسی كوردی بنووسرێت و لەگەڵ یاساكانی وشەسازی زمانەكەمان بگونجێندرێت گەر نەتوانرا ئەوا دەكرێت وەكو خۆی بەڵام لە ناو دوو كەوانە دادەنرێت، وەك: عەبدوڕەحیم، عەبدوڕەحمان، ئەڵڵا، عەبدوڵڵا، تاهیر، حەج، زەكات،ئیسماعیل، ئەسما، پۆزەتیڤ، نێگەتیڤ، ئەلتەرناتیڤ..
دەیەم: نیشانەی (تر) و (ترین)، كە بۆ ئاوەڵناوی پلەی بەراورد و باڵا بەكاردێن، دەبێت بە وشەكانی پێش خۆیانەوە بلكێندرێن، وەك:
باش: باشتر ـ باشترین، جوان: جوانتر ـ جوانترین، خراپ: خراپتر ـ خراپترین
یازدە: نیشانەی (تر)ی ئاوەڵناوی نادیار، كە بە واتای (دی، دیكە، كە) دێت، ئەوە دەبێت بە جیا لە وشەی پێش خۆی بنووسرێت، وەك:
ـ بەرپرسێكی تر هاتووە.
ـ ڕۆژنامەنووسێكی تر تیرۆركرا.
ـ مامۆستایەكی تر لێیدرا.
دوازدە: لە زمانی نووسیندا نابێت پیت بپەڕێندریت یان بگۆڕدرێت بەڵكو وەكو خۆی دەبێت بنووسرێت، بەتایبەت پیتی (ت و د) و (دە)ی نیشانەی كار وەك:
1- لە كاری ڕابردووی بەردەوام و كاری ڕانەبردوودا نیشانەكەیان (دە) یە نەك (ئە) وەك: (ئەهات، ئەخوێند، ئەكڕێ، ئەخوا، ئەبێ،ئەكرێ، ئەڕوا، ئەكات) (دەهات، دەخوێند دەكڕێت، دەخوات، دەبێت، دەكرێت، دەڕوات، دەكات).
2- مناڵ،پەیاكردن، فڕانی، دڕانی.. (منداڵ، پەیداكردن، فڕاندی، دڕاندی)
سيازده‌: نووسینی (ی) ناوبەندی پێویستە بۆ تێكنەدانی یاسای زمانی كوردی وەك: نیە، پەیوەندیەكان، چیە، زەویەكە، دیاریەكە و ماڵیە، سیەم، نوێە..(نییە، پەیوەندییەكان، چییە، زەوییەكە، دیارییەكە، ماڵییە، سییەم، نوێیە)
چوارده‌: (دا) وەكو ئامرازی پەیوەندی (لە…دا) دەبێت بە وشەی پێش خۆی بلكێندرێت وەك:
ـ لە بواری ڕۆژنامەوانیدا. ـ لە كاری ڕاگەیاندندا. ـ لە هەرێمی كوردستاندا.
پازده‌: (دا) ئەگەر لە ڕستەدا ئەركی كاری بینی كە لەچاوگی (دان) ەوە هاتووە، ئەوا دەبێت سەربەخۆ بنووسرێت وەك: – یارمەتی خەڵكی ناوچەكەی دا.
– فڕۆكەی حكومەتی عێراق لە هاوڵاتیانی بێتاوانی دا.
– دیاریەكەی بە ڕۆژنامەنوسەكان – سەرێكی ماڵەوەم دا.
شازده‌: قرتاندنی (ب) ی نیشانەی كاری داخوازی ئەگەر كارەكە داڕێژراو بوو یان لیكدراوبوو گەر نەخوێندرێتەوە ئاساییە بەڵام دەبێت بنووسرێت وەك:
-سەرخە………….سەربخە
– بانگكە………..بانگبكە
– هەڵكەن……..هەڵبكەن
– هەڵخات……هەڵبخات
– وەرگرە…..وەربگرە
حه‌ڤده‌: كۆكردنەوەی بكەر و بەركار لە گەڵ كاری تاكدا.
-هێزەكانی سوپای عێراق دەچێتە ناو شارەكە. (دەچنە).
-دەیان هاوڵاتی…. گەیانرایە نەخۆشخانە. (گەیانرانە).
-ئەو زیانانە……. قەرەبوو بكرێتەوە. (بكرێنەوە).
-ئەوان سەركەوتن لەكارەكەیدا. (لە كارەكەیاندا).
-هەڵبژاردنەكان ئەمڕۆكە بەڕێوەچوو. (بەڕێوەچوون).
هه‌ژده‌: زاراوەكانی ڕۆژنامەوانی و چۆنیەتی دروستبوونیان وەك:
– ڕۆژنامە ناو + ناو (ڕۆژ + نامە)
– ڕۆژنامەنوس ناوی لێكدراو + ڕەگی كار (ڕۆژنامە + نوس) لە چاوگی (نووسین) ەوەیە.
– وێنەگر ناو + ڕەگی كار (وێنە + گر) لە چاوگی (گرتن)ەوە هاتووە
– سەرنوسەر ناو + هاوەڵناوی بكەری (سەر + نوسەر)
– وەرگێڕ ڕەگی كاری چاوگی (وەرگێڕان) ە
– هەواڵساز ناو + پاشگر (هەواڵ + ساز)
– پەیامنێر ناو + ڕەگی كار (پەیام + نێر)
– بێژەر ڕەگی كار + پاشگر (بێژ + ەر)
نۆزده‌: ژمارەی پیت لە زمانی كوردیدا (34) پیتە، كە بەسەر بزوێن و نەبزوێن دابەش دەكرێن:
1.پیتی بزوێن (7) پیتن (و، وو، ۆ، ی، ێ، ە،
2.پیتی نەبزوێن (27) پیتن (ئـ، ب، پ، ت، ج، چ، ح، خ، د، ر، ڕ، ز، ژ، س، ش، ع، غ، ف، ڤــ، ق، ك، گ، ل، ڵا، م، ن، ه، و، ی).
3.پیتی (و، ی) هاوبەشن لە نێوان بزوێن و نەبزوێن.
——————————————–
نووسينى: غازى عه‌لى
سه‌رچاوه‌: سايتى كورديو.


نووسراوه‌ له‌لایه‌ن
ڕێزمانی کوردی

با لە ڕۆژی زمانی دایكدا ڕێنووسمان یەكخەین Reviewed by Unknown on 10:26:00 م Rating: 5

ليست هناك تعليقات:

نموذج الاتصال

الاسم

بريد إلكتروني *

رسالة *

يتم التشغيل بواسطة Blogger.