ژمارەیەك زانكۆی كوردستان بەیاننامەیەك لەبارەی بەردەوامی پرۆسەی خوێندنەوە بڵاو دەكەنەوە
ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و ئەنجومەنی زانكۆكانی كوردستان رایدەگەیەنن، حكومەتی هەرێم زۆرینەی داواكاریەكانیانی جێبەجێكردون بۆیە بەردەوام دەبن لە پرۆسەی خوێندن و داوش لەكەسوكاری قوتابیان دەكەن كەئەوانیش هاوكاریان بكەن .
دوای كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و ئەنجومەنی زانكۆكانی كوردستان كە لە هەشت زانكۆی فەر می پێكهاتون، بەیاننامەیەك بڵاوكرایەوە، كە ئەمە دەقەكەیەتی:
مامۆستایان و فەرمانبەرانی خۆشەویست لە زانكۆكانی كوردستان
خوێندكارانی ئازیز كەسوكاری بەڕێزی خوێندكاران
وەك ئاگادارن لە سەرەتای خوێندنی ئەمساڵەوە سەرباری بارودۆخی تایبەتی هەرێمی كوردستان و قەیرانی نەخوازراوی دارایی، بە هەوڵ و ماندووبوون و خۆڕاگری مامۆستایان و فەرمانبەران توانرا بە شێوەیەكی سەركەوتوو بەردەوامی بە پرۆسەی خوێندن بدرێت و لە هیچ زانكۆیەكی كوردستاندا بایكۆتی هۆڵەكانی خوێندن نەكرێت هەر بۆیە جێگەی خۆیەتی كە سوپاسی تایبەتی یەكە یەكەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانكۆكان بكەین بۆ لەخۆبردووویی و دڵسۆزیان لە پێناو سەركەوتنی پرۆسەی خوێندن لە هەرێمی كوردستان. ئەنجوومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و ئەنجومەنی زانكۆكانی كوردستان پشتیوانی بەردەوام لە باشكردنی ژیان و گوزەرانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانكۆكان دەكەن، هەر بۆیە لە دوا كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزارەتدا لە ڕێكەوتی 27-3-2018 لەبەر ڕۆشنایی پێشنیاز و سەرنج و تێبینی زانكۆكان ، توانرا پرۆژەیەكی گشتگیر بۆ چارەسەركردنی پرسی موچەی مامۆستایان و فەرمانبەران ئامادەبكرێت و دواتر لە ڕێگای بەڕێز وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە كۆبونەوەی 28-3-2018 پێشكەش بە سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران بكرێت، بە خۆشحاڵییەوە بەشێكی زۆری ئەم پرۆژەیە لە چوارچێوەی پرۆژەی چاكسازی حكومەتی هەرێمی كوردستان دا جێی كرایەوە.
پێشتریش لە كۆبونەوەی 22-2-2018دا ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی پرۆژەیەكی دیكەی پێشكەش بە سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران كردووە بەمەبەستی چارەسەركردنی پرسی شایستە داراییەكانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانكۆكانی كوردستان.
دوایین بڕیاری حكومەتی هەرێمی كوردستان سەبارەت بەم پرسە بڕیارێكی گرنگە و بەشێكی بەرچاوی بارگرانییەكانی سەرشانی مامۆستایان و فەرمانبەران چارەسەر دەكات. هەموولایەك دڵنیادەكەینەوە كە ئێمە بەردەوام دەبین لە هەوڵەكانمان بۆ باشتر كردنی ژیان و گوزەرانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانكۆكانمان و هاوكات خەرجكردنی شایستە داراییەكانی دیكەی مامۆستایان و فەرمانبەران لەسەر سندوقی داهاتی زانكۆكان بەردەوام دەبێت. هەربۆیە داواكارین هەموومان پێكەوە كار بكەین بۆ ئەوەی پرۆسەی خوێندن لە سەرجەم زانكۆكانی كوردستان بەردەوام بێت و دەرگای هۆڵەكانی خوێندن بەڕووی گەنجان و ڕۆڵەكانی وڵاتەكەمان ئاوەڵا بێت، ڕێگە نەدەین هیچ گرفتێك ببێتە لەمپەڕ لەبەردەم بەردوامبوونی پرۆسەی خوێندن لەو ماوە كەمەی كە لەپێشمانە بۆ تەواوكردنی خوێندنی ئەمساڵ. هەروەها زۆر گرنگە كە نەهێڵین پرۆسەی خوێندن لە زانكۆكانمان ببێتە قوربانی ئەجێندای سیاسی و دەبێت كار بكەین كە سیاسەت و بانگەشەی هەڵبژاردن لە پرۆسەی خوێندن دووربخەینەوە.
كەسوكاری خۆشەویستی خوێندكاران: ئێوەش لە شوێنی خۆتانەوە ڕۆڵ و كاریگەریتان هەیە كە هاوكارمان بن و پشتیوانی لە بەردەوامی پرۆسەی خوێندن بكەن بۆ ئەوەی ڕۆڵەكانتان لە مەترسی لەدەستدانی ساڵێكی خوێندن بپارێزن. بەهێوای بەردەوام بوون و سەركەوتنی پرۆسەی خوێندن لە هەرێمی كوردستان.
زانكۆی سلێمانی
زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی
زانكۆی كۆیە
زانكۆی گەرمیان
دەستەی كوردستانی بۆ دیراساتی ستراتیژی و توێژینەوەی زانستی
زانكۆی ڕاپەرین
زانكۆی هەڵەبجە
زانكۆی چەرمۆ
نووسراوه لهلایهن
user post
ليست هناك تعليقات: