Top Ad unit 728 × 90

ڕێكلامی بازرگانی (5000 / مانگانه‌)

توندوتیژیی قوتابخانه‌یی

بەڕێز عباس :
ڕێبوار سیوه‌یلی له‌ كتێبی “فه‌لسه‌فه‌، ڕه‌گه‌زپه‌رستی، په‌روه‌رده‌” ده‌نووسێت:” زاراوه‌ی توندوتیژیی قوتابخانه‌یی له‌ بواری هزری په‌روه‌رده‌یی و توێژینه‌وه‌كانی توندوتیژیدا، زاراوه‌یه‌كی كارپێكراوی ناسراوه‌و زیاد له‌ پێناسه‌یه‌كی بۆده‌كرێ و له‌ كه‌نار زاراوه‌كانی توندوتیژیی خێزانی، توندوتیژیی سیاسیی و توندوتیژیی كرده‌یی و سێمبوولی و هتد… به‌كارده‌هێنرێت. گرنگترین خه‌سڵه‌تی ئه‌م جۆره‌ی توندوتیژیی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌رهه‌مهێنه‌ره‌كه‌ی قوتابخانه‌و ئه‌و فۆرمی په‌یوه‌ندییه‌یه‌ كه‌ له‌و دامه‌زراوه‌یه‌دا له‌ نێوان(شوێن و مرۆڤ)، نێوان(مرۆڤ و مرۆڤه‌كان) و له‌نێوان(مرۆڤ و ڕێنماییه‌ په‌روه‌رده‌ییه‌كان) دا له‌ هاتوچۆدایه‌”.
هه‌واڵه‌كانی چه‌ند ڕۆژی ڕابردوو له‌ تیڤی و تۆره‌ِكۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه‌ دیسانه‌وه‌ چه‌ند ڕووداوێكی تریان بۆ ئاشكراكردین له‌باره‌ی توندوتیژی و ئازاردان له‌ قوتابخانه‌و خوێندنگاكانه‌وه‌، چ مامۆستا به‌رانبه‌ر خوێندكارو چ خوێندكار به‌رانبه‌ر مامۆستا! له‌ ڕاستیدا بۆ یه‌كێك سه‌رنجی وورد بدات و له‌و ناوه‌نده‌دا كاربكات ئه‌و هه‌واڵانه‌ مایه‌ی سه‌رسوڕمان و شۆكبوون و سه‌یر نییه‌، چونكه‌ له‌ بنه‌مادا كۆی كۆمه‌ڵگاو حوكمڕانی كوردی و بونیادی كرمه‌ڵگا له‌ هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه‌ مایه‌ی سه‌رسوڕمان و شۆكبوونه‌! له‌ خوێندنگاكان به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی هه‌ست به‌وه‌ ده‌كرێت توندوتیژی و ئازاردان به‌ هه‌موو جۆرو شێوه‌یه‌ك هه‌یه‌ چ مادی یان مه‌عنه‌وی له‌ چه‌شنی لێدانی جه‌سته‌یی و هه‌ڕه‌شه‌كردن و ناووناتۆرە لێنان و گاڵته‌پێكردن و شكانه‌وه‌و توڕه‌بوون و قسه‌ی زبرو ته‌ریقبوونه‌وه‌و هتد…
لێدان و توندوتیژی و ئازاردان له‌ خوێندنگاكان ڕیشه‌ی خۆی هەیە هه‌ڵه‌ ده‌كه‌ین به‌ ته‌نها له‌ ئێستادا بخوێنرێته‌وه‌، هه‌موو پنتێكی كۆمه‌ڵگای ئێمه‌ به‌هێز ده‌ڕوات به‌ڕێوه‌ جا هێزی ڕه‌ق بێت یان هێزی نه‌رم و مه‌عنه‌وی به‌دیوه‌ نێگه‌تیڤه‌كه‌یدا ئایا له‌ دۆخێكی ئاوادا ده‌مانه‌وێت ڕوودوای توندوتیژی ڕوونه‌دات له‌ خوێندنگاكان وه‌ك بینیمان و ده‌یبینین؟ ئێمه‌ پێمان وایه‌ له‌ڕاستیشدا ده‌بێت وابێت ناوه‌نده‌كانی خوێندنی په‌روه‌رده‌وفێركردن ده‌بێت خۆی ڕێگا له‌ توندوتیژی بگرێت و بنبڕی بكات و هه‌رمه‌هامه‌كه‌شی ئه‌وه‌یه‌، بۆیه‌ بڵاوبونه‌وه‌ی هه‌واڵی توندوتیژی و ئازاردانمان له‌ ناوه‌نده‌كانی خوێندندا پێ سه‌یرو شۆكه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ بۆ وڵاتێكی پێشكه‌وتوو و دامه‌زراو ناوه‌ندێكی دروست و زانستی په‌روه‌رده‌یی و فێركاری ته‌واوه‌، ده‌بێت ئه‌وه‌ بزانین كه‌منین ئه‌و مامۆستاو به‌رپرسه‌ په‌روه‌رده‌ییانه‌ی ئێستاش داخ بۆ ئه‌وه‌ ده‌خۆن لێدان و دارو سۆنده‌ نه‌ماوه‌و ده‌ڵێن ته‌نها قسه‌مان ماوه‌ بیكه‌ین” چ جۆره‌ قسه‌یه‌ك!” و پێیان وایه‌ كۆمه‌ڵگای ئێمه‌ دواكه‌وتوه‌و لێدان نه‌ماوه‌!
ناوه‌نده‌كانی خوێندن و ده‌سه‌ڵاتی كوردی بوونه‌وه‌ری تێكشكاو و توندوتیژ به‌ هه‌موو فۆرمه‌كانییه‌وه‌ به‌رهه‌مده‌هێنێت ئینسانی كوردی بۆی بڕه‌خسێت هه‌میشه‌ ئاماده‌یه‌ بۆ لێدان و ئازاردان جا كه‌سی سه‌رهه‌ربه‌پیشه‌یه‌ك بێت، وه‌ك چۆن كه‌منین ئه‌و توندوتیژیانه‌ی به‌رانبه‌ر مامۆستا ده‌كرێت له‌هه‌مان كاتیشدا گه‌ر زیاتر نه‌بن كه‌مترنین ئه‌و توندوتیژیانه‌ی ڕۆژانه‌ مامۆستا به‌رانبه‌ر فێرخوازی ده‌كات، دونیای كوردی غه‌رقه‌ له‌ توندوتیژی و لێدان، له‌ كه‌شێكی وادا وازحه‌ توندوتیژی هه‌رتوندوتیژی به‌رهه‌م دێنێت! “ئه‌لبێرت باندۆرا”ی ناودارترین سایكۆلۆژیست و گه‌وره‌ترین زانای ده‌روونیی زیندوو له‌سه‌رتاسه‌ری دونیا ده‌ڵێت:” ڕه‌فتار به‌هۆی گۆڕان له‌ مه‌عریفه‌ی كه‌سه‌كه‌و ژینگه‌كه‌یدا گۆڕانی به‌سه‌ردێ”، ئێمه‌ نه‌ ژینگه‌كه‌مان گۆڕانی ئه‌وتۆو گرنگی به‌سه‌رهاتووه‌و نه‌مه‌عریفه‌كه‌ی كه‌سه‌كانیش، بۆیه‌ توندوتیژی به‌هه‌موو فۆرمه‌كانییه‌وه‌ له‌ ناوه‌نده‌كانی خوێندندا له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی له‌ دوامانه‌وه‌بێت به‌رده‌وام له‌به‌رچاو و له‌پێشمانه‌وه‌یه‌!
په‌روه‌رده‌ناس و نووسه‌ری بواری په‌روه‌رده‌ “فایه‌ق سه‌عید” له‌ كتێبی “قوتابخانه‌كان روویان له‌ قیبله‌ نییه‌” ده‌رباره‌ی توندوتیژی و ئازاردان و په‌روه‌رده‌وفێركردن و سیسته‌مه‌كه‌ی له‌ كوردستان ده‌ڵێت:”چاكتر وایه‌ به‌م سیسته‌مه‌ بڵێین سستمی فێركردن، نه‌ك سیستمی په‌روه‌رده‌یی، ئه‌م سیسته‌مه‌ بریتییه‌ له‌وه‌ی چۆن منداڵ به‌خراپترین شێوه‌ فێربكه‌ین و په‌روه‌رده‌بكه‌ین، چۆن منداڵ فێری شه‌ڕانگێزی و هێرشكردنه‌ سه‌ر ئه‌وانی تربكه‌ین” ده‌رباره‌ی مامۆستاش له‌ شوێنێكیتردا ده‌نووسێت:” له‌ ڕووی په‌روه‌رده‌و مامه‌ڵه‌كردنی منداڵه‌وه‌، تاوه‌كو ئێستاش مامۆستاكانی ئێمه‌، هیچ جۆره‌ تێگه‌یشتنێكیان بۆ پێناسه‌ی پیشه‌كه‌یان نییه‌و نازانن میكانیزمه‌كانی كاركردنی مامۆستا چییه‌” هه‌روه‌ها ده‌ڵێت:” تا بۆمان بكرێ منداڵ هه‌راسان ده‌كه‌ین و به‌هاكانی تێك ده‌شكێنین”. شێرزاد حه‌سه‌ن له‌ كتێبی “ده‌رۆزه‌كه‌ره‌كانی سه‌ربه‌ستی ” پێ وایه‌” سیستمی فێركردن له‌م وڵاته‌دا له‌ قۆناغی نه‌هێشتنی نه‌خوێنده‌واریدا تێپه‌ڕی نه‌كردووه‌” هه‌روه‌ها ده‌نوسێت ” ئه‌وه‌ی له‌ كوردستان ده‌گوزه‌رێت په‌روه‌رده‌یه‌كه‌ ئیش له‌سه‌ر لێسه‌ندنه‌وه‌ی عه‌قڵ ده‌كات”، “محه‌مه‌د ته‌ها حوسێن” له‌ كتێبی “سایكۆلۆجیای كه‌سێتی، كه‌سێتیی كورد له‌به‌ر ڕۆشنایی ڕوانگه‌ جوداكاندا” ده‌ڵێت:”سیمبول و ورووژێنه‌ره‌كانی نێو په‌روه‌رده‌وفێربوون بۆ ئه‌وه‌ فه‌راهه‌م كراون ده‌سته‌پاچه‌یی و توندوتیژی به‌رهه‌م بهێنن”.



نووسراوه‌ له‌لایه‌ن
Parwarday Maxmur

توندوتیژیی قوتابخانه‌یی Reviewed by Unknown on 8:24:00 م Rating: 5

ليست هناك تعليقات: