Top Ad unit 728 × 90

ڕێكلامی بازرگانی (5000 / مانگانه‌)

چارلز بابچ

چارلز بابچبابچ 3

 

چارلز بابچ ئەو ماتماتیکناسە ئنگلیزییە مەزنەی گەلێک جاران بە ”بلیمەتە کەم چیکڵانەکە” ناودەبرێت، ئایدیاکانی خۆی لەمەڕ حاسبەی میکانیکی و ئامێری بیرکردنەوە سەد و پەنجا ساڵ بەر لە سەرهەڵدانی چەرخی کۆمپیوتەر پێشکەشکردوە.

گەشتی دورودرێژی زانستییانەی چارلز بابچ، وەک دەڵێن، دەگەڕێتەوە بۆ ئێوارەیەک لە ساڵی 1821، کاتێک توانی ئامێرێکی میکانیکی دروست بکات بۆ حسابکردن. بابچی لاو و هاوڕێکەی، جۆن هێەرشڵ، پێکەوە سەرقاڵی چاوخشاندن بون بە چەند دەستنوسێکی خشتە ماتماتیکییەکاندا کە پێویست بو ئامادەیان بکەن بۆ کۆمەڵەی فەلەکناسانی بەریتانیا. ئەم دو لاوە زۆر بە وردی کەوتنە تاووتێکردن و چێکردنی دەیان هەزار داتا کە دەبو دانە دانە تۆماری بکەن. لەم ساتانەدا کە سەرقاڵی ئەم پرۆسەیە بون، روبەڕوی چەند هەڵەیەک بونەوە، ئنجا چەند ‌هەڵەیەکی تریش، بەمجۆرە هەڵە لە دوی هەڵە خۆیان قوت دەکردەوە. ئەم هەڵانە لە لایەن ئەو ژمێریارانەوە دەکران کە لەو سەردەمەدا پێێان دەگوتن ” کۆمپیوتەر”. ئەمانە خەڵکانێک بون وەک ئامێری حاسبەی ئەم سەردەمە ئەم کارانەیان دەکرد، بەڵام بە پارەیەکی زۆر کەم. بابچ ئەوەندە هیلاک بو، ئەوەندە ماندوبو، دواجار گوتی ” خوایە گیان، خۆزگە ئەم حساباتە بە ئامێری هەڵمی ئەنجام بدرایە.”

هۆکاری بێتاقەتییەکەی بابچ ئەوە نەبو کە رێکخستنی خشتەکان قورسە و بیرکردنەوەیەکی قوڵی دەوێت و مێشک هیلاک دەکات، بەڵکو پرسەکە بریتی بو لە ئیحتیمال و شانسی هەڵەکردن. ئەم خشتانە لە سەردەمی خۆیاندا لە زۆر لایەنی ژیاندا شتێکی بنەڕەتی بون، لە ناوەندەکانی زانست، باج، ئەندازیاری، ئامار، دڵنیایی و بانکداری و شتی تریش. بۆ نمونە، کاتێک کەشتییەک دەکەوتە جوڵە، کابینەی کەشتیەوانیەکە پڕ بو لە قەبارەی گەورە گەورەی خشتە بۆ ڕێنماییکردن و یارمەتیدانی کاپتنەکە بۆ دۆزینەوەی مەوقیعی خۆی لە دەریادا.

خەڵکی هەزاران ساڵە حساباتی ورد بەکاردەهێنن، هەر لە داری هێڵ، ئەباکەس و شتی تر. بە درێژایی سەدەی هەڤدە و هەژدە، ماتماتیکناسانی وەکو گۆتفرێد لایبنیز و بلایەر پاسکاڵ ئامێری میکانیکی حساباتیان دروستکردوە. هەندێک لەم ئامێرانە نایاب و زیرەک بون، بەڵام توانا و قودرەتیان شتێکی دیاریکراو و هەڵەشیان دەکرد و خوێندنەوەی هەڵەیان ئیفراز دەکرد، هەر بۆیەش دەبینین بۆ دورکەوتنەوە لە هەڵە، هەر هەنگاوێک دەگریت، پێویستی بە دەستی مرۆڤ هەبو.

ئایدیاکەی بابچ بە جۆرێک بو کە ئامێرێکی حاسبە دروست بکات و بە شێوەیەکی تەواو و ئۆتۆماتیکی خۆی ئیش بکات و هیچ هەڵەش نەکات و هیچ هەڵەیەکی دەستی مرۆڤیش لە خۆنەگرێت. بابچ یەکەم کەس نەبو کە بیر لەم ئایدیا بکاتەوە، بەڵکو یەکەم کەس بو کە ئایدیاکە بکاتە واقعێکی پراکتیکی. بابچ ئامێرەکەی ناونا ماشێنە جیاوازەکە Difference Engine  چونکە زۆر زیرەکانە بوار دەڕەخسێنێت بۆ ئەوەی هەر یەک لە لێکدان و دابەشکردنی ئاڵۆز کورت بکاتەوە بۆ هەر یەک لە کۆکردنەوە و لێکدەرکردن، ئەم کردار و پرۆسانەش بە هۆی چەند دوگمەیەکەوە جێبەجێ دەکرێن.

هەرچەندە پرۆژەکە لەمەڕ ماشێنە جیاوازەکە دوای دە ساڵ کارکردن وەستا، بە تایبەت کاتێک حکومەت پارەی لێبڕی و چیتر ئامادە نەبو کۆمەکی دارایی بۆ فەراهەم بکات، بەڵام بابچ نەک هیچ کۆڵینەدا و سوربو لەسەر ئامانجەکەی، بەڵکو ویستی ماشێنێک پەرەپێبدات کە زۆر زیاتر تۆکمە و نایابتر بێت، ماشێنە نوێکەی ناونا ماشێنی شیکارییەکە Difference Engine .

ماشێنە جیاوازەکە لە بنەڕەتدا تەنها حاسیبەیەکی زیرەکی میکانیکییانە بو، هەرچەندە گەلێک ئایدیای نایابی وەکو چاپکردنی ئۆتۆماتیکییانەی ئەنجامەکانی بەرجەستەکردبو، بەڵام پسپۆڕانێک، دوای خوێندنەوەی پەیپەرەکانی بابچ، باوەڕیان وایە کە ئامێرەکەی تر، کە ناوی ماشێنی شیکارییە Analytical Machine ، هەر بە راستی مواسەفاتی ئەو ئامێرە لەخۆدەگرێت کە لەم چەرخەدا بە کۆمپیتەر ناسراوە، ئەم ئامێرەی لەوانەیە ”بیربکاتەوە”، کاردانەوەی لە هەمبەر پرسە نوێکان هەیە و رێچکەی تایبەتی خۆی بەرجەستەدەکات بۆ حلکردنیان بە بێ ئەوەی مرۆ دەستی تێدا هەبێت، ئەمەش هەڵە مرۆییەکان کەم دەکاتەوە. بابچ، بۆ ئەوەی ئایدیاکانی سەبارەت بە ماشێنی شیکاری یەکلایی بکاتەوە، هەمو رەگەزە بنەڕەتییەکانی کۆمپیەتری هاوچەرخی لە ماشێنەکەدا کۆکردبوەوە، لە نێویاندا، ئەوەی کە ئەمڕۆ بە سی. پی. یو CPU (central processing unit ) ناسراوە و جۆرەها میمۆری لەخۆدەگرێت.

ئایدیاکانی بابچ نەک هەر غامز نەبون، بەڵکو بە شێوەیەکی سەراپایی چەمکی پراکتیکی بون، بونیاتنانی ئەم ئامێرانە تەواو لە سەرو توانستی تەکنەلۆژی رۆژگارەکەوە بون. لە ساڵانی دواتری ژیانیدا، بابچ تەرزێکی سادەتری ماشێنی جیاوازی دیزاین کرد. لە ساڵی 1991 دا، واتە دوای سەد و پەنجا ساڵ، مۆزەخانەی زانستی لەندەن توانی، لە سایەی رۆشنایی وێنە و نەخشەکانی بابچەوە، فۆرمێکی جوانی ماشێنە جیاوازەکەی بابچ بنیات بنێت و زۆر بە واقیعی و نایابی کاریکرد. بەمجۆرە دەبینین شتێکی مەحاڵ نەبو کە ئنسان لە سەردەمی چارلز دیکینزدا خاوەنی کۆمپیوتەر بوایە.

بابچی لاو

بابچ لە ساڵی 1791، لە لەندەن، لە باوەشی خێزانێکی خۆش گوزەران و دەوڵەمەند، هاتوەتە دونیاوە. خانەوادەکەیان توانای دارایی باشیان هەبو کە کوڕەکەیان بنێرن بۆ باشترین قوتابخانەی ئەهلی بۆ خوێندن و فێربون. بابچ هەرگیز پەیوەندییەکی باش و تەبای لەگەڵ بابیدا نەبو، هەمیشە توڕە و تڕۆبو، ئەمە سیمایەکی بەرچاو و زەقی کەسایەتی بابچ بو کە هەرگیز لە کۆڵی نەبوەتەوە.

لە تەمەنی نۆزدە ساڵیدا چووە زانکۆی کامبریچ، لێرە توانی بیسەلمێنێت کە ماتماتیکناسێکی بلیمەت و لە ئاسابەدەر بەهرەمەندە. کاتێک دوا سیمیناری بە ناوی ”خوا وەک توخمێکی ماتێریالی” پێشکەشکرد، بەرپرسانی زانکۆ زۆر بێتاقەت بون، چونکە لایان وابو ئەوە پرسێکە مشتومڕێکی نابەجێ دەخوڵقێنێت، ئەمەش بو بە هۆی لەدەستدانی پلەی شەرەف و مەحرومیش کرا کە هیچ پۆستێکی ئەکادیمی وەربگرێت. بابچ ئەم کارەساتانەی خستە لاوە، لە دژی بابی خۆی ژنێکی گەنجی بە ناوی جۆرجینا ویتمۆرەوە هێنا و بڕیاریدا لە لەندەن نشتەجێ ببێت و لەگەڵ هاوسەرە جوانەکەیدا ماڵێکی نوێ پێکەوە بنێت.

خۆشبەختانە، بابچ، لە لەندەن کەسێک بو دەچوە دڵەوە، بەهرە و بلیمەتی هەبو. چالاک و چەڵەنگ بو، هەر بۆیە دەبینین لە نێو بازنە و ناوەندە زانستییەکاندا بوە مایەی سەرنجی زانایان، هەروەها یارمەتیدەرێک بو بۆ دامەزراندنی هەر دو رێکخراوی کۆمەڵەی شاهانەی ئەسترۆنۆمی و کۆمەڵەی شیکاری، ئەمەش بۆ هاندان و پەرەێپدانی کالکیولەسی شیکاری و ستاتیستیک. بەمجۆرە، دوای چەند تاقیکردنەوەیەکی بچکۆلە لەمەڕ ماشێنکەی، لە ساڵی 1821دا گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە توانای هەیە تەرزێکی نوێ و قەبارە تەواوی ماشێنی جیاواز بنیات بنێت، کاتیک داوای لە حکومەت کرد کە یارمەتی دارایی بدەن بۆ ئەم مەبەستە، سەیریکرد چەندەها دۆست و هاوڕێی دەستڕۆیشتوی هەیە کە ئامادەن زۆر بە جدی پشگیری بکەن و بەهایەکی گەورە بدەن بە داواکانی.

سەرهەڵدانی جیاوازی

هەر بە راستی ماشێنی جیاوازی ژمارە یەک پرۆژەیەکی هیوابەخشی گەورەی بابچ بو. لەوەبەر هیچ حاسیبەیەک توانستی کارکردنی نەبو ئەگەر ژمارەکانی لە چوار رەقەم زیاتر بوبێت، کەچی بابچ پلانی داڕشت کە ماشێنیک بونیات بنێت توانای هەبێت مامەڵە لەگەڵ پەنجا ژمارەدا بکات. خۆ ئەگەر شتەکە دامەزرا و تەواو بو، ئەوا بە درێژایی سەرتاپای حساباتەکە و بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی کاردەکات. بابچ، بۆ دروستکردنی، هات باشترین ماشێنسازی رۆژگارەکە، ”جۆزێف کلێمێنت”ی لە لەندەندا دۆزییەوە و داوای لێکرد یارمەتی بدات بۆ ئەوەی تاقیگەیەکی تایبەت بونیات بنێت کە هیچ تۆزی تیدا نەبێت و نابێت هیچ تۆزیش بچیتە نێو تاقیگەکەوە، بۆ ئەم مەبەستەش بە فراوانی کەوتە گەڕان بە ئاشەکان و وەرشەکانی باکوری ئنگلتەرادا بۆ ئەوەی ئاشنایەتی پەیدابکات لەگەڵ تەکنیکی کارخانە پێشکەوتوەکاندا.

لە ماشێنی جیاوازی بابچدا، هەر ژمارەیەک دەگریت، بریتی بو لە ستونێک چەرخەی داندار column of cogwheels ، هەر چەرخە داندارێک بە ژمارەکانی 0 بۆ 9 نیشانەکرابو. کاتێک هەر چەرخەیەک لەسەر ستونەکە بادەدرا، رەقەمێکی راست لەسەر هەر یەک لە چەرخەکە نیشاندەدرا. ئەو مۆدڵە، ستونی حەوت ژمارەیی هەبو، هەر یەکەشیان، شازدە چەرخە دانداری لەخۆگرتبو. پێکەوەش، ماشێنی جیاواز 25000 (بیست و پێنچ هەزار) پارچەی هەمو کە لە حاڵەتی جوڵەدا بون، جگە لەوەی زۆریان تەواو هاوشێوە بون یان ماشێنەکە توانای ئیشکردنی نەبو.

بابچ1

هیچ کەس هەوڵی نەداوە ماشێنێک دروست بکات کە ئەو ژمارە زۆرە پارچەی بوێت، یان ئەو هەمو وردەکارییە لەخۆبگرێت. هەروەک پرۆگرامە فەزاییەکانی رۆژگاری ئێستامان، پرۆژەکە زۆر لایەنی تەکنەلۆژی هەبو، بۆ نمونە یەکێک لەو برغوانەی لەم پرۆژەیەدا بەکارهات، بریتی بو لە برغوی ویتۆرس، دوای بیست ساڵ لە لایەن جۆزێڤ ویتۆرسەوە، کە یەکێک بو لە کرێکارانی پرۆژرکە، پەرەپێدرا. دوایی ئەم برغوە بو بە یەکێک لە یەکەم برغوی ستاندارد لە سیستەمی برغودا، بواری ئەندازیاری خستە قۆناخێکی شۆڕشگێرییەوە.

ماشێنە شیکارییەکەی بابچ زۆر لە سیماکانی کۆمپیوتەری هاوچەرخی لەخۆگرتبو، هەر هیچ نەبێت بە سەد ساڵ لە پێش زەمەنەکەی خۆیەوە بو. بۆ نمونە، یەکێک لە گرفتەکانی ماشێنی حاسیبە بریتی بو لەوەی کاتێک دو ژمارە کۆدەکەیتەوە، ژمارە ستونییەکان، یاخود ژمارەکان کە لە ژێر یەکدان، کۆدەکەیتەوە، شتێک بە دەستەوە دەگریت، چی لێ دەکەیت. بۆ نمونە، 7 کۆ 8 دەکاتە 15 ، ئنجا 5 دەنوسیت و یەک بە دەستەوە، باشە لە ماشێنە حاسیبەکەی بابچدا چی لە یەکەکە دەکەیت؟ یەکەمجار، بابچ بەهۆی ناوکێشکردنی میکانیزمێک بۆ هەر پرۆسەیەکی وەک ئەوەی باسمان کرد ئەم ئەرکەی ئەنجامدا، (واتە یەک بە دەستەوە)، بەڵام میکانیزمەکە بەرەو ئاڵۆزییەکی زۆر چو – هەتا لە پڕ ئایدیایەکی بلیمەتانەی بۆ هات، ئەویش بریتی بو لە جیاکردنەوەی پرۆسەکانی کۆکردنەوە و بەدەستەوەگرتن. ماشێنەکەی کرد بە دو بەشەوە: یەکەمیان ئاش mill ، کە بریتی بو لە ئەنجامدانی پرۆسە فرەچەشنەکانی ژمارەکاری، ئنجا گەنجینە memory ، ئەمیش بریتی بو لە عەمارێک ژمارەکانی تێدا هەڵدەگیرێت و ئەنجامەکان لە ئاشەکەوە دەنێردرێن بۆ ئەنجامدانی پرۆسەکان. ئەوەی بابچ بیری لێکردەوە (واتە ئەوەی بە ئاشەکە ناوی بردوە) مرادیفەکەی بریتی بو لەوەی ئەمڕۆ لە کۆمپیوتەری هاوچەرخدا پێی دەگوترێت یەکەی ناوەندی پرۆسە ( Central Processing Unit CPU) و ئەوەش کە بە گەنجینە ناوی بردوە مرادیفی مێمۆری یان پرۆگرامە لە کۆمپیوتەری رۆژگاری ئەمڕۆدا. لەو سەردەمەدا، بابچ زۆر سودی لە نەخشسازێک وەرگرت کە نێوی جاکارد لووم بو، لە رۆژگاری خۆیدا دیزاینی کڵێسە و نەخشی لەسەر قوماشی حەریر دەکرد، ئەم پیاوە کارتی کونکەرەی  punched cards  بەکاردەهێنا بۆ ئەوەی فەرمان بە ماشێنی چنینەکەی بکات بۆ رازاندنەوەی نەخشی ئێجگار ئاڵۆز و ورد لەسەر قوماشە حەریرەرەکە. لە ساڵی 1836 دا، بابچ بۆی دەرکەوت نەک هەر دەتوانێت کارتی کونکەر punched cards  بۆ کۆنترۆڵکردنی ماشێنکەی بەکاربهێنێت، بەڵکو دەتوانێت زنجیرە حسابات و ئەنجامەکانیش بە شیوەیەکی هەمیشەیی تۆماربکات. ئەوەی بابچ سەبارەت بە کارتی کۆنکەر ئەنجامیدا بنچینەی هەم پرۆگرام و هەم خەزێنەی داتای کۆمپیوتەری هاوچەرخن. ئەو مێژونوسانەی زانست کە لە نوسین و پەیپەرەکانی بابچ لەمەڕ ئامێرە شیکارییەکان وردبونەتەوە و لێکۆڵینەوەیان ئەنجامداوە، ئەوەیان خستوەتەڕو کە بابچ چەند بە وردی پرس و کێشەکانی کۆمپیوتەری هاوچەرخی تاووتوێ کردوە. کەچی دەبینین لەگەڵ هەمو ئەمانەشدا رۆڵی بابچ لەمەڕ پێشخستنی کۆمپیوتەری هاوچەرخ زۆر سنوردارە. زۆربەی هەرە زۆری ئەرشیفەکانی بابچ تەنها دوای داهێنان و دۆزینەوەی کۆمپیوتەر روناکییان بینی. ئەمە جگە لەوەی ماشێنە هەرە زەبەلاحەکەی بابچ کە بە ماشێنی جیاواز بەناوبانگە، لای خەڵک وەک فیلێکی سپی دەهاتە بەرچاو و لای دەوڵەتیش شایانی ئەوە نەبوە کە هیچ پارەوپولێک لەم پرسەدا سەرف بکرێت.

پەرەوپێشچونی خاو

لای بابچ پێشکەوتنی تەکنەلۆچی پرۆسەیەکی خاوبو، دوای دە ساڵ کار و تێکۆشانی چڕوپڕ تەنها نیوەی پارچەکانی ماشێنەکەی حازربو. بابچ، لە ساڵی 1832 دا، بۆ سلماندنی ئەوەی کە پرۆژەکەی لە پێشكەوتنی بەردەوامدایە و پرۆسەی کارکردن لە ئارادایە و ئەنجامی فەراهەمکردوە، هات و بەشێکی بچکۆلەی ماشێنەکەی بونیاتنا، ئەویش بە مەبەستی نمایشکردنی بۆ خەلک و قایلکردنیان لەمەڕ ئەو تیورییەی خۆی کە گەردونێکی ئەقڵگەرایی لەوانەیە موفاجەئەمان بۆ دروست بکات ئەویش لە سایەی ئەو یاسایانەی هەر بە پەنهان و تەلیسم دەمێنێنەوە هەتا ئەو رۆژەی کاریگەری خۆیان دەبێت. ئەمەش بۆ خۆی بیرۆکەیەکی بنەڕەتییە لە تیوری پەرەسەندندا.

بابچ، لەو دەورانەدا نەک هەر وزە و تاقەتێکی گەورەی خۆی خستەگەڕ بۆ سەرکەوتنی پرۆژەکەی، بەڵكو 6000 (شەش هەزار) پاوەندی لە سەرمایەی خۆی(لەو رۆژەدا ئەوە سەرمایەیەکی لە ئاسابەدەر زۆربوە.) خستە کارەکەوە. لە کاتێکدا حکومەت تەنها 17000 (هەڤدە هەزار پاوەندی) سەرفکردبو، ئەمەش هەم بڕە پارەیەکی زۆربو. بەڵام بە هۆی خاوی بەرەوپێشچونی پرۆژەکە هیلاک بوبون. کاتێک لە نێوان بابچ و حکومەتدا مشتومڕ و ناکۆکی لەسەر مەسەلەی دارایی درستبو، حكومەت بڕیاریدا یارمەتییەکە بوەستێنێت و پرۆژەکەش ئیفلیج بکات.

رۆژانی سەخت

ئەو پێنچ ساڵەی بەر لە 1832 گوزەری کرد، بۆ بابچ سەخت و دژواربون. لە ساڵی 1827 دا، بابی مرد، ئنجا کوڕەکەی، پاشانیش هاوسەرە خۆشەویستەکەی جیۆرجینا وەفاتیکرد. بابچ تەنها و کوست کەوتو مایەوە. دوای ئەوەی لە چاپەمەنییەکانی وڵاتدا هێرشە توند و زارەکییەکانی بڵاوکرانەوە و چۆن موئەسەساتە زانستییەکانی وڵاتی بەریتانیای بە مەرگئامێز وەسفکرد، بابچ چەندین دوژمنی خاوەن پێگە و نەیاری پایەبەرزی لە نیو سیستەمی دەسەڵاتدا بۆ خۆی دروستکرد. ئەو بانگەشە و تۆمەتانەش تەواو ناڕەحەتیانکرد کە گوایە پرۆژەکەی تەنها بۆ گیرفان پڕکردنە و هیچی تر. کاتێکیش پرۆژەکە وەستا، بابچ هیچ باکی نەبو، بەڵكو بیری لە شتی گەورەتر و بەنرختر کردەوە، هەستیکرد توانای زۆر گەورەیە و دەتوانێت ماشێنی حساباتەکەی پەرەپێبدات. بەمجۆرە کەوتە کارکردن لەسەر ئایدیایەکی نوێێ گەورەتر: ئەویش بریتی بو لە ماشێنی شیکاری.

بابچ سکێچ و دیزاینی ماشێنە شیکارییەکەی لەسەر کاخەز تەواوکردبو، بەڵام حکومەت هێشتا سوربو لەسەر فەراهەم نەکردنی کۆمەکی دارایی بۆ پرۆژەی ماشێنە جیاوازەکەی. بابچ هیچ جوڵەیەکی بۆ نەدەکرا و نەیدەزانی چی بکات، هەر بۆیەش دەبینین مێشکی داهێنەرانەی خۆی لە شتی تردا سەرفکرد و هەر فرسەتێک لە هەر ئاراستەیەکەوە بهاتەیە خێرا و بە گەرمی رازی دەبو کە وەک راوێژکارێک کار لەسەر پرۆژەکە بکات. بۆ نمونە،  ئەندازیاری گەورەی ئنگلیز، برونێل، کە ئەو کاتە سەرقاڵی توێژینەوە بو لە بواری شەمەندەفەریدا، سەبارەت بەم مەسەلانە داوای راوێژی لێکرد. بابچ توانی ئامرازێک دیزاین بکات کە رۆڵی نایابی هەبو لە جیاکردنەوەی فارگۆنی شەمەنەدەفەرەکان بە تەرزێکی ئۆتۆماتیکی.

پەرییزادەی ژمارەکان

بابچ کە کاری لەسەر ماشینە شیکارییەکەی دەکرد، نەک هەر تەنها بو، بەڵكو زەحمەت بو خەڵک لە ئایدیاکانیشی تێبگەن، ئنجا نەخوازەڵا بەرزڕاگرتن و کۆمەکردنی داهێنانەکانی. بەڵام ساڵی 1843 هەتا بڵێی بۆ بابچ خۆش بو. بە تایبەت کاتێک خانمێکی جوانی خانومانی تەمەن 27 ساڵەی ئەرستۆکراتی هات و بە پرۆژەکانی موعجیب بو. ئەم کیژە نازدارە، ناوی ئەیدا لۆڤ (1815 – 1852)   بو، کچی شاعیری گەورەی ئنگلیز، لۆرد بایرۆن بو، کە یەکێک بو لە رابەرانی گەورەی شێعری رۆمانتیکی ئنگلیزی. ئەیدا، کاتێک لە بلیـمەتێکی وەکو بابچ نزیکبوەوە، بەهرە و قودرەتی نایابی ماتماتیکی خۆی دۆزییەوە. ئەیدا قەناعەتی تەواوی بەوە هەبو مێشکی لە ژمارە و بیرکردنەوەی ماتماتیکیدا سیمایەکی سروشی و سیحری هەیە. نامەیەکی بۆ بابچ نوسی و داوای لێکرد، هەتا زیاتر دەخوێنم، زیاتر چیژم دەجوڵێت و هەست بە بلیمەتی خۆم دەکەم.” بابچ بەم وشانە هەستی جوڵا و تەواو خرۆشابو، ئەیدای ناونا ‘ پەریزادەی ژمارەکان’. ئەیدا بڕیاریدا بکەوێتەخۆ و ئایدیاکانی بابچ بڵاوبکاتەوە. توانی نامیلکەیەک بە زمانی ئیتاڵی سەبارەت بە بیروڕاکانی بابچ لەمەڕ ماشێنی شیکاری چاپبکات، چەندین سەرنج و تێبینی خۆی لەسەر ماشێنەکە پێشکەشکرد.

یەکێک لەو ئایدیا سەرەکییانەی لە نێو تێبینییەکانی ئەیدادا هەبون بریتی بو لەو بیرۆکەیەی کە ماشێنەکە لەوانەیە مەودایەکی شرۆڤەکاری زۆر گەورەتر لەخۆبگرێت و قودرەتێکی تەتبیقی زۆر زیاتری هەبێت وەک لەوەی کە تەنها ماشێنیکی پوختی ماتماتیکییانە بێت. گومانی تێدانییە، هەم بابچ و هەم ئەیدا وێنای مێشکێکی میکانیکییان کردوە، یان خەیاڵ و تەسەوری ژیریی دەستکردیان لە لا گەڵاڵەبوە. ئەیدا دەنوسێت،” زۆر خەڵک… وا تەسەوردەکەن لەبەرئەوەی ماشێنەکە ئەنجامەکانی لە فۆرمی ژمارەییدا پێشكەش دەکات، ئەوا سروشتی پرۆسەکانی، وەک دەرنجامێک، پێویستە ئەریتماتیکی و ژمارەیی بێت….ئەمە هەڵەیە. دەشێت ماشێنەکە چەندایەتییە ژمارەییەکانی وەها ورد رێک و یەک بخات بخات کە هاوشێوەی حەرف و هێما گشتییەکانی تربن.”

کۆتاییهێنان بە جیاوازییەکان

بە داخەوە، زۆر زوو پلانەکانی ئەیدا لە هەمبەر پرۆژەکانی بابچدا بە شێوەیەکی تراژیدییانە هەرەسیان هێنا، ئەویش کاتێک ئەیدا لە تەمەنی 36 ساڵیدا توشی نەخۆشی کوشندەی شێرپەنجە بو. لای هەندێک خەڵک رۆڵی ئەیدا لە ماشێنی شیکاری بابچدا زیادەڕۆیی تێداکراوە، چونکە، وەک دەڵێن، کاتێک ئەیدا پەوەندیکرد بە بابچەوە، بابچ خۆی سەرتاپای پلان و دیزانی ماشێەکەی تەواوکردبوو.

بڵاوکردنەوەی ئایدیاکانی ماشێنە شیکارییەکەی بابچ لە نێوەندە حکومییەکاندا لە لایەن ئەیداوە رۆڵێکی گرنگی بینی لە دابینکردنی بڕێک کۆمەکی دارایی بۆ ماشێنەکەی تر، کە ئەویش ماشێنی جیاوازی بو. دەوڵەت گوتی بابچ خۆی ‘ماشێنی جیاوازی’یەکەی پەراوێزخست تەنها بۆ ئەوەی کار لەسەر پرۆژەی ماشێنە شیکارییەکەی بکات، هەروەک چۆن سەرۆک وەزیرانی وڵاتی بەریتانیا، رۆبەرت پییل، لە چاوپێکەوتنێكدا لەگەڵ بابچ خۆیدا، بە توڕەییەوە ئەوەی خستەڕو. بابچ زۆر لەو زیاتر بە هەڵچون و توڕەییەوە وەڵامی دایەوە و گوتی،’ ئەگەر ئەوە تێڕووانینی تۆیە، ئەوا بەیانیت باش’، دوایی پییل، سەرۆک وەزیران، تانەیەکی توند و رەقی لە بەرانبەر ماشێنەکەی بابچ هەڵدا و گوتی کە،’ وا باشترە ماشێنەکەی وەک سەعات بەکار بهێنرێت، سودی زیاترە.’

بابچ، دوای ئەوەی سودێکی ئێجگار گەورە و بە پیتی لە کارەکەی لەسەر ماشێنی شیکارییەکەی وەرگرت، ئەمجارە ماشێنێکی سادەتری دیزاین کرد و ناوینا ماشێنی جیاوازی ژمارە 2 . ئەم ماشێنە دیسانەوە ساڵی 1991 دا بە هەمان پلانی بابچ و ئەو مواسەفاتەی دایڕشتبو، مۆزەخانەی زانستی لە لەندەن بونیاتی نایەوە و لە یادی دو سەد ساڵەی لەدایکبونی بابچ خۆیدا بۆ جەماوەر نمایشکرد.

بابچ 2

ساڵانی گۆشەگیری و تەنییای

لە ساڵی 1850 وە، ئیتر بابچ هێدی هێدی نائومێدبو. بە ئاشکرا ناڕەزایی دەردەبڕی، چەندین نەیار و دوژمنی بە دەسەڵاتی بۆ خۆی دروستکرد، لە ناوندێکی گشتیدا دەمەقاڵێیەکی زۆر توندی لەگەڵ سێر جۆرج ئایری، کە فەلەکناسێکی شاهانەبو، هەڵگیرساند. تەنانەت ئایری بە جۆرێک پرۆژەکانی بابچی مەحکوم کرد، کە چیتر دەوڵەت هیچ پارەوپولێک نەخاتە نێو کارەکانی بابچەوە. بابچ تاوانباری کرد بەوەی کابرایەکی حەسود  و پڕ لە کینەویە.

بابچی سویدی

لە تەمەنی شەست ساڵییەوە، بابچ، چیتر گوڕ و تینی تێدانەما و بوە پیاوێکی نائومێد و دڵێکی هەمیشە تەنها و بێکەس. بەڵام لە ساڵی 1854 دا، خاوەن چاپخانەیەکی سویدی بە ناوی جۆرج شویتز ماشێنێکی جیاوازی هێنا بۆ لەندەن و نمایشی کرد، ماشێنەکە حازر و ئامادەبو بۆ کارکردن. ئەم ئەندازیارە، واتە جۆرج شویتز، هەر خۆی ئامێرەکەی پەرەپێدابو و دیزاینی کردبو، بەڵام سەرچاوەی ئیلهامی داهێنانەکە دەگەڕێتەوە بۆ بیست ساڵ لەوەبەر، کاتێک کارە زانستییەکانی بابچ دەخوێنێتەوە و پرۆژەکەش لە مێشکی کابرای سویدیدا نەشونما دەکات و ئیتر دوای هەوڵ و تێکۆشانێکی زۆر ماشێنەکە گەشەدەکات و سەرەنجام لەدایک دەبێت، ئێشتاش گەیشتوەتە لەندەن و نمایش دەکرێت.

شویتز، سەرەتا نیگەران بو لەوەی کاردانەوەی رەقیبەکەی، بابچ، لە هەمبەر کارەکەی چۆن و چی دەبیت، بەڵام بابچ بە دڵێکی فراوانەوە پێشوازی لێکرد و باوەشی بۆ کردەوە، ئنجا یارمەتی پێشکەشکرد بۆ ئەوەی خەڵکی لە لەندەن بۆ بدۆزێتەوە و بەرهەمەکەی بخاتە بازاڕەوە. لە راستیدا، شویتز بو کە پێشبینیکرد کە ساڵی 1857، بابچ، دەناسرێت و بە هەقەت شۆرەت پەیدادەکات و بۆ مرۆڤایەرت ئاشکرادەبێت کە ئەم پیاوە کێێە، بابچ مرۆڤێکی گەورە و مەزنی نێو ئەریستۆکراتەکان و رۆڵەیەکی بلیمەتی وڵاتی ئنگلستانە.’

سەرباری ئەمەش، ماشێنەکەی شویتز، وەکو ئەوەی بابچ، تەنها بوە مایەی سەرنجی خەڵکانی فزوڵی و هیچی تر، سەرکەوتنیشی دەستەبەرنەکرد، هۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی چاپکردنی خشتەکان و هەقدەستی ژمێرکارانێش لەو سەردەمەدا هێشتا زۆر هەرزان بو، ئەمە جگە لەوەی لە روی پراکتیکییەوە ئاسانتربو. بابچ بەردەوام بو لەسەر پرۆژەی ماشینە شێکارییەکەی و توێژینەوەی ورد و قوڵ و پڕ بەهای لەمەڕ گەلێک پرسی زانستی نوسی. لەنێو ئەمانەدا لێکوڵێنەوەی لەمەڕ بابەتی کۆد و شفرەکاری، شەترەنج و ئابوری پیشەسازی، جیۆلۆژی دەریایی و ئەسترۆنۆمی ئەنجامدا.

هێدی هێدی بابچ بەرەو پیری دەچو، شەوانە مۆتەکە دەهاتە خەوی و دوچاری هەلوەسە دەبو، پاشان سەرئیشە تەواو بێزاری کردبو. جگە لەوەی موزیکژەنانی گوزەرەکەش زۆر سەخڵەتیان کردبو، گوێی وەها ئازاری دەدا، ئەوەندەی تر سەدای مۆسیقای لە مێشکیدا گەورەتر دەکرد. لە تشرینی یەکەمی 1871 دا، تەواو نەخۆش کەوت، لە 18 هەمان مانگدا، کە هێشتا موزیکژەنەکان بە بەرزی مۆسیقایان دەژەند، بابچ بە یەکجاری چاوانی لێکنا و بەرەو دونیای مەرگ و فەننای ئەبەدی کۆچیکرد.

ئامادەکردنی شێرکۆ رەشید قادر

لە کتێبی

Farndon, John. The Great Scientists: From Euclid to Stephen Hawking. Arcturus Publishing. Kindle Edition (2005).

 



نووسراوه‌ له‌لایه‌ن
sherk Rashid Kadir

چارلز بابچ Reviewed by Unknown on 11:36:00 م Rating: 5

ليست هناك تعليقات: