Top Ad unit 728 × 90

ڕێكلامی بازرگانی (5000 / مانگانه‌)

ئامانج تێیدا فێربونە، نەک فێرکردن

په‌شێو مه‌جید
گومانی تێدا نیە دەکرێ هەمومان گفتوگۆی نەبڕاوە بکەین لەسەر ئامانجەکانی پەروەردە، بۆچی دەبێ مامۆستایی بکەین؟ لەو کات و سەردەمە چی پێویستە بکرێتە ئەجێندای کاری پەروەردەییمانەوە؟ لە پێناو چی دەبێ فێرخواز ڕوو لە فێرگە بکات؟ ئامانج لە پێگەیاندنی مرۆڤ چیە؟ و ئەمانە و پرسیاری تر. ئەمەش سەرەڕای ئەوەی کە پەروەردەناس و کۆمەڵناسانی جیهانی لەسەر ئەوە کۆکن کە مرۆڤی سەدەی ٢١ پێویستی بەبەهرە و خوێندەواریی وەکو بیری ڕەخنەیی و چارەسەردۆزی، داهێنانکاری، پەیوەندی و هاریکاری، هۆشیاری جیهانی، خوێندەواری میدیایی و تەکنەلۆژی و ئەمانە و چەند بەهرە و خوی تر دەبێت بۆ ڕزگاربون و دەرچون لە ژیان. لێ ئەوەی کە من لێرە دەمەوێ بیخەمەڕوو شتێکە ئەمانە گشتی دەخاتە بازنەی خۆیەوە و لە سەروی ئەمانەوەیە.

من پێم وایە ئامانجی مەزنی پەروەردە، فێربونە. فێربون بەو واتایەی کە ئێمەی پەروەردەکارو مامۆستاو بەڕێوەبەر و سیاسەتمەدار و یاساداڕێژەر و باوان و تەواوی پشکدارانی تری کەرتی پەروەردە، مرۆڤێک بەرئەنجامی تەقەلامان بێ کە تامەزرۆی زانیاری زیاتر بێ و بەردەوام تینوی فێربون بێت و بەفێربونی کەم تێر نەخوات. هەروەکو جۆرج بێرناردشۆ دەڵی “ئەوەی ئێمە دەمانەوێ، منداڵێکە شوێنکەوتەی مەعریفە بێ، نەک مەعریفەیەک شوێنکەوتەی منداڵ”.

ئەو وتەیەی بێرناردشو پرسیارێکی گەورەیە لەسەر ناوەڕۆکی فێربون و فێرکردن، یا ئەوەی کە لای ئێمە پێی دەڵێن پڕۆگرام یا مەنهەج. بەڵام ئەوە ئامانجی ئەو نوسینە نیە، ئامانجی ئەو نوسینە مەبەستی وتەکەی بێرناردشۆیە، ئەویش ئەو عەوداڵیەیە کە دەبێ منداڵ لای دروست بێ بۆ فێربون و مەعریفە لە دەرئەنجامی فێرکردن و پرۆسەی فێرگەکاری.

دەکرێ گەنگەشەی بونی دوالیزمەیەکی فێربون و فێرکردن بکەم لە کوردستان. ئەمەش بە شێوەیەکی نەریتی تا ئێستا لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی تر گواستراوەتەوە. ئەو کۆبیر خستنە سەر فێرکردنە وای کردوە کە بیر بە لای فێربون دا نەچی. ڕاستی هەر دەکرێ بڵێین بیرمان لێی نەکردۆتەوە، چونکە ئەو جۆرەی بیری لێکراوەتەوە بیرکردنەوەیەکی تەکنیکیە. واتە تەنها بیر لە ئامرازەکانی فێربون کراوەتەوە کە هەر لە خۆیدا فێرکردن یەکێکیانە.

بە نمونە، ئێمە ئەوەندەی بیرمان بە لای مامۆستایە، ئەوەندە بیرمان لای فێرخواز نیە. بەهەڵە وای بۆ دەچین کە بۆ هەر ڕێژەیەکی فێرکردن ئەوەندە فێربونە هەیە، یاخود دێتە بون. بێ ئەوەی لە بیرمان بێ کە زۆربەی ئەوەی ئێمەی مرۆڤ لە ژیان فێری دەبین لە پێش و میانە و پاش فێرگە فێری بوین، بێ ئەوەی لە فێرگە فێرکرابین. زۆربەی ئەوەی لە فێرگە فێری دەبین و فێردەکرێین لە بیرمان دەچێتەوە، ئەوەیشی لە بیرمانە پەیوەندی بە ژیانمانەوە نیە.

وای لێهاتوە، دەرخکردن مانای فێربون دەگەیەنێ. كامە فێرخواز زۆرترین دەقی لەبەرکردبێ و تاوەکو دەقاودەقتر لەبەری کات، ئەو فێرخوازێکی باشترە. هەر ئەویشە کە ئەگەری یەکەم بونی لەوانی تر زیاترە. ئەمە ئەوە دەگەیەنێ کایەی هەڵسەنگاندنیشمان (تاقیکردنەوەکان) فێربونیان بە ئامانج نەگرتوە. من خۆم باشم لەبیرە ئەوکاتەی لە فێرگە بوم، هەمیشە ئەو فێرخوازەی بەبەغا ئاسا ئەرکی ئەو ڕۆژەی وانەکانی بگوتبایەوە، ئەو فێرخوازە بە باشتر و جێی شانازی ئاماژەی پێ دەکرا لەلایەن مامۆستاوە.

لەمەش کارەساتتر ئەوەیە کە لەو سەردەمە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بە فێرخواز دەگوترێ کە ئەوەی کە ئەمان دەبێ فێری بن کۆمپیوتەر و مۆبایل و ئامێر باشتری ئەنجام دەدات. واتە پشت بەستن بە ئامێر و پشت کردن لە دروستکەری ئامێر. ئەی کەی پەروەردە جەخت دەخاتە سەر ئەوەی کە مرۆڤ لە ئامێر و مەکینە باشتر دەیکات؟
گەر ئێستا تۆی مامۆستا لە میانەی خوێندنەوەی ئەو دەقە پرسیاری ئەوە دەکەی، ئەی باش چارە چیە؟ من وای بۆ دەچم چارەکە لای تۆی مامۆستا بێ. ئەم جۆرە فەلسەفەیە پێویستی بە هۆشیاری و ئاگاهی تۆی مامۆستا هەیە لەبارەی ئارێشەکەوە. دەبێ ئەم جۆرە تێگەیشتنە لە تۆدا بە کردە تەجەلا بێ و بیخەیتە هەگبەی فێرکردنت و پلانی پۆلتەوە. لە کاتی هێنانەوەی نمونە بە فێرخوازی نیشاندەی. لە خۆت دا بە کردار بیخەیتەڕوو. فێرخوازەکانت تۆ وەکو نمونەیەکی کاملی کرداری ئەو تێگەشتنە ببینن.



نووسراوه‌ له‌لایه‌ن
Parwarday Maxmur

ئامانج تێیدا فێربونە، نەک فێرکردن Reviewed by Unknown on 2:26:00 م Rating: 5

ليست هناك تعليقات:

نموذج الاتصال

الاسم

بريد إلكتروني *

رسالة *

يتم التشغيل بواسطة Blogger.