پەیامێك لەخوێندنی باڵاوە بۆ رای گشتی
له پهیامێكدا، وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی رایگهیاند: ههرێم كوردستان به بارودۆخێكی سیاسی و دارایی تایبەتدا تێدەپەرێت و كەرتی خوێندنی باڵاش بەدەر نەبووە لە كاریگەرییەكانی ئەو دۆخە تایبەتە.
دهقی پهیامهكهی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی بۆ رای گشتی…
وەك ئاشكرایە هەرێمی كوردستان لە ئێستادا بەبارودۆخێكی سیاسی و دارایی تایبەتدا تێدەپەرێت، ئەم دۆخە هەموو كایەكانی ژیانی هەرێمەكەمانی گرتۆتەوە، بێگومان كەرتی خوێندنی باڵاش بەدەر نەبووە لە كاریگەرییەكانی ئەو دۆخە تایبەتە، لە ماوەی ڕابردودا نەتوانراوە وەك پێویستە شایستە داراییەكانی مامۆستایان و فەرمانبەران لە كاتی خۆیدا دابین بكرێ، بودجەی زانكۆكان لە ژێر كاریگەری قەیرانی داراییدا كەمیكردووە، هەرچەندە وەزارەتەكەمان لەڕێگەی پڕۆژەی (سەربەخۆی دارایی) هەوڵیداوە بەشێك لەو كێشانە چارەسەر بكات، بەڵام هێشتا زانكۆكان بۆ بەردەوامیدان بەپڕۆسەی خوێندن پشتیوانی دارایی زیاتریان دەوێت، قوتابیان و خوێندكارانیش كە رۆڵەی وڵاتەكەمانن بەهۆی ئەو دۆخەوە بەهەمان شێوە روبەڕوی ئاڵنگاری (تحدیات)ی گەورە بونەتەوە
بەڵام سەرباری هەموو ئەم ئاستەنگیانە، وەزارەتەكەمان لەهەوڵەكانی خۆی بەردەوام بووەو بەچەندین رێگەو ئاڕاستەی جیاواز كاریكردوە بۆ ئەوەی پڕۆسەی خوێندن لە ناوەندەكانی خوێندن بەردەوامی پێبدرێت، بۆ ئەوەش هەوڵ و هەماهەنگی بەردەوامی مامۆستایان بەرز دەنرخێنین، كە توانیان بەوپەڕی دڵسۆزی بەردەوامی بەپڕۆسەی خوێندن بدەن و نەهێڵن دەرگای زانكۆ و كۆلێژەكان بەڕوی رۆڵەكانماندا دابخرێت، مامۆستایانی زانكۆ كەسانی بەهەرەمەندو سەركەتون لە ژیان و دەسكەوتی زانستی مەزنیان هەیە، بۆیە مافی خۆیانە لەڕوی ئابورییەوە ژیانی خۆیان و خانەوادەكانیان پارێزراو بێ، بۆیە وەزارەتەكەشمان پشتیوانی تەواو لە باشكردنی ژیان و گوزەرانی مامۆستایان دەكات.
وەك ئەزانین پرۆسەی خوێندن لە بنەما و پایە گرنگەكانی پێشكەوتنی هەر كۆمەڵگەیەكە، بەبێ خوێندنێكی ئاست بەرزو تەندروست هیچ كۆمەڵگەیەك لە دونیادا ناتوانێت لەسەر پێیی خۆی رابوەستێت، گەر ئابورییەكی گەشەكردو سیستمێكی سیاسی و كۆمەڵایەتی و یاسایی سەقامگیرمان لە هەرێمەكەمان بوێت، دەبێ زۆر بەوریایی بەهەمو لایەكەمان هەوڵی پاراستنی بەهاو كواڵیتی و ئاستی بەرزی خوێندن بدەین، بۆیە لەم روانگەیەوە ئێمە هەموو هەوڵ و كاروپڕۆژەكانمان بەو ئاڕاستەیە ناوە و دەنێین، چونكە دابەزین و داڕمانی ئاست و بەهای خوێندن لە زانكۆكان دەبێتە هۆی دواكەوتنی هەمەلایەنەی هەموو كایەكانی ژیان لە هەرێمەكەمان، كە رەنگە بەچەندین نەوەی تر نەتوانین هەڵەكان راست بكەینەوە.
لەبەر رۆشنایی ئەو راستیانەی ئاماژەمان پێكرد، بەئەركی خۆمانی دەزانین لەم بارودۆخەدا داوا لەسەرجەم حزب و لایەنە سیاسیەكان و دەزگا و دامەزراوەكانی راگەیاندن و رێكخراوە خوێندكاری و قوتابیەكان و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و نوخبەی روناكبیران و زانستخوازان و كەسوكارو دایكان و باوكانی قوتابیان و خوێندكاران و كەسایەتیە دڵسۆزەكان بكەین، كە پشتیوانی تەواوی پڕۆسەی خوێندن بكەن و هاوشانی وەزارەتەكەمان رێگە نەدەن پڕۆسەی خوێندن لە كوردستان پەكی بكەوێ، یان دوا بكەوێ، یاخود ئاست و كواڵتی و بەهاكانی پێشێل بكرێ، هەروەك داواكارین ڕێگە لەو فشارە جۆر بەجۆرانە بگیرێ كە ماوەیەكە ڕۆژانە بەناو و بیانوی جیاوازەوە و لە ژێر پەردەی خۆپیشاندان و فشاری دیكەوە ڕوبەڕوی پرۆسەی خوێندن دەكرێتەوە.
وەك ئاشكرایە بەپابەندوبون بەسیستمێكی خوێندنی ئاستبەرز و پێشكەوتوو دەتوانین ئایندەیەكی رون و گەش بۆ میللەتەكەمان و نەوەكانی داهاتومان دابین بكەین، مێژوش ئەو راستیەی سەلماندوە نەتەوەی زیندو ئەو نەتەوانەن كە لە بارودۆخی ناهەمواردا دەتوانن پڕۆسەی خوێندن بەئاست و بەهاكانیەوە بپارێزن، بەڵام بەدابەزاندنی ئاستی خوێندن لەگەڵ ئەوەی زیانێكی كوشندە بەمیللەتەكەمان دەگەێنین، لەهەمان كاتدا دڵی دوژمنانی گەلەكەشمان خۆش دەكات و هێندەی دیكە لە گەیشتن بەئامانجە نیشتیمانی و نەتەوەیەكانمان دورمان دەخاتەوە، بەوەش میللەتەكەمان بەرەو قۆناخێكی هەڵدێر دەبات.
دڵنیاتان دەكەینەوە، كە وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی و سەرجەم زانكۆكان پابەندن بە بنەماكانی یاسا و سەرجەم بڕیار و ڕێنماییە كارپێكراوەكانی خوێندنی باڵا لە پێناو چەسپاندنی دادپەروەری و بەرزكردنەوەی ئاستی خوێندن لەسەرجەم زانكۆ حكومی و تایبەتیەكان و درێژەدان بەخەباتی زانست و ئەكادیمی لە هەرێمی كوردستان، بۆ ئەوەش هەموو ڕێگەیەك دەگرینەبەر و هەوڵەكانمان دەخەینەگەر بۆ ڕێگەگرتن لە دابەزاندنی ئاستی خوێندن لە كوردستان و ناكەوینە ژێر هیچ فشار و خۆپیشاندانێك كە دەبێتە هۆی داڕمان و دابەزینی ئاستی خوێندن لە هەرێمەكەمان، لەهەمان كاتدا بەردەوام دەبین بۆ دەستەبەركردنی ئایندەیەكی گەش بۆ نەوەكانی داهاتو و قوتابیان و خوێندكاران و میللەتەكەمان.
نووسراوه لهلایهن
qasm srush
ليست هناك تعليقات: