Top Ad unit 728 × 90

ڕێكلامی بازرگانی (5000 / مانگانه‌)

پیرۆز بێ رۆژی جیهانیی مامۆستایان

رەزا ساڵح
لە ساڵی (١٩٩٤)ەوە هەموو ساڵێک لە رۆژی (٥ی تشرینی یەکەم)دا کە رۆژی جیهانیی مامۆستایانە، زۆربەی وڵاتانی جیهان وەکو رێزلێنان و ئەمەک و پێزانین بۆ رۆڵ و بۆ ئەرکی بەرز و پیرۆزی مامۆستایان، بەم بۆنەیەوە ئاهەنگی خۆشی و چەندین چالاکی هەمەجۆرە، لە قوتابخانەکان و لە یانەکانی مامۆستایاندا سازدەکرێن، هەر لەم رۆژدا، کۆمەڵێک لە مامۆستایانی لێهاتوو خەڵات دەکرێن. ئەم یادەش رێکەوتی راگەیاندنی ئەو راسپاردانەن، کە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان (یۆنسکۆ) بۆ پەروەردە و زانیاری و رۆشنبیری، بە هاوکاریلەگەڵ(رێکخراوی کاری نێودەوڵەتی) دا، کە لە کۆنگرەی (پاریس)دا، بۆ باشکردنی بارودۆخی مامۆستایان، کۆمەڵێک راسپاردەیان راگەیاند.

رۆژی جیهانیی مامۆستایان، لە بەشێکی وڵاتانی جیهاندا، لە هەمان رۆژدا ناکرێت, بەڵکو لە بەرواری جیاجیادا دەکرێت، کە رەنگە پەیوەندی بە بۆنەی تایبەتمەندی ئەو وڵاتانە لەو رۆژانەدا هەبێت. لە باشووری کوردستانیش، رۆژی (١ی ئادار) ی هەموو ساڵێک کراوە بە رۆژی مامۆستایان، کە عێراق ئەم رۆژەی دیاری کردووە، نازانم ئایە هیچ تایبەتمەندییەکی کوردیمان هەیە کە پەیوەندیی بەم رۆژەوە هەبێت؟ من شکنابەم. بۆیە من پێشنیاری ئەوە دەکەم کە یەکێک لەم دوو رۆژە بکرێت بە رۆژی مامۆستایانی کوردستان، یا هەر رۆژێکی تر کە پەیوەندی بە مامۆستایانی کوردستانەوە هەبێت.

١ـ رۆژی (١٥ی ئایار) کە یادی دامەزراندنی یەکێتی مامۆستایانی کوردستانە، ئەوەبوو کە مامۆستایانی کوردستان لە یەکەمین کۆنگرەیان دا، کە لە شاری(سلێمانی) لە رۆژی (١٥ی ئایاری ١٩٦٢) دا بەسترا، (یەکێتی مامۆستایانی کوردستان) یان دامەزراند، شایەنی خۆیەتی کە هەموو ساڵێک یادیئەم رۆژە و ئەم مانگە،بە فەرمی بکرێت بە (رۆژی مامۆستایانی کوردستان) و لەم رۆژەدا ئاهەنگی خۆشی و شادی و کۆمەڵێک چالاکی جۆراوجۆریشلە سەرجەم قوتابخانەکانی کوردستان دا ئەنجام بدرێن. خەڵاتی رێزلێنانیش پێشکەش بە کۆمەڵێک لە مامۆستایانی لێهاتوو و خزمەتدرێژ بکرێن.

٢ـ رۆژی (٦ی تشرینی یەکەم) هەموو ساڵێک، کە یادی ساڵڕۆژی یەکەمین شەهیدی مامۆستایانیکوردستانە لە شۆڕشی ئەیلوولی (١٩٦٠) دا، مامۆستا و پێشمەرگەی ئازا و قارەمانمان، شەهیدی نەمرمان مامۆستا (حەسیب محەمەد بەگ سیامەنسووری)یە،کە (مامۆستای قوتابخانەی شۆڕیجەی سەرەتایی کوڕان: ١٩٥٨ـ ١٩٦٠) بوو لە شاری کەرکوک (نووسەر: من لە پۆلی پێنجەم و شەشەم دا لە قوتابخانەی شۆڕیجە، قوتابی مامۆستا حەسیب ی نەمر بووم، وانەی وەرزش و بیرکای پێدەوتینەوە) مامۆستایەکی کوردستان پەروەری سەرسەخت و زۆر دڵسۆزبوو. بوو بە پێشمەرگەو لە شەڕێکی قارەمانانەی دەستەویەخەی کەم وێنەدا، لە گەڵ سوپای دڕندە و رەگەزپەرستی عێراقدا، لە (گـردە قارەمان)ی نزیک شارۆچکەی (ئاغجەلەر) ی سەر بە قەزای چەمچەماڵ ی سەر بە پارێزگای کەرکوک،مامۆستا حەسیب محەمەد بەگ لەو داستانە نەمرەدا لە رۆژی (٦ی تشرینی یەکەمی ١٩٦٢) دا شەهید بوو، کە هەمان ساڵی دامەزراندنی یەکێتی مامۆستایانی کوردستانە، لەگەڵ مانگڕۆژی (رۆژی جیهانیی مامۆستایان) دا، رۆژێک جیاوازی هەیە. پێویستە یەکێتی مامۆستایانی کوردستان، واز لە رۆژی (١ی ئادار) بهێنن و رۆژێکی تایبەتمەندی کوردستانیمان بکەن بە رۆژی مامۆستایانی کوردستان.

بێگومان مامۆستایی پیرۆزترین و گرنگترین و هەستیارترین پیشەیە لە هەموو جیهان دا.. مامۆستایان خاوەنی پەیامێکی گەورە و پیرۆز و چارەنووسازن،ئەوان بە ئەوپەڕی دڵسۆزی و لەخۆبووردن و ماندووبوونەوە.. بێ ئەوەی کە چاوەڕوانی هیچ پاداشتێک و سوپاس بن، نەوە لە دوای نەوە پێدەگەن.. مامۆستایانن بەردی بناغە و کۆڵەکەکانی شارستانی و پێشکەوتن و داهێنان و گۆڕانکارین.. مامۆستایان رابەر و چرای گەشی رووناکردنەوەی شەوەزەنگی تاریکین.. ئەوان مۆم ئاساییدەسووتێن و دەتوێنەوە،بۆ ئەوەی کە رێی سەرکەوتن و پێشکەوتن و داهاتوو بۆ رۆڵەکانی نیشتمانەکەیان رووناکبکەنەوەە.. مامۆستایان، هەنگ ئاسایین و شیلەی گوڵانی زانیاری و زانستی دەمژن و هەنگوێنی زانیاریمان پێشکەش دەکەن..مامۆستایان هێندە بەرز و رێزدارن، تا ئەو رادەیەی کە بە میراتگر و بە جێگرەوەی پێغەمبەرانو نێردراوان ناوزەند کراون. میری شاعیرانی عەرەب(ئەحمەد شەوقی) کە (بە رەچەڵەک کوردە) دەڵێ:
(هەستە بۆ مامۆستا شکۆدارییە.. هێندەی نەمابوو مامۆستا ببێت بە پێغەمبەر)

ئێمەش لە پڕێک، نەبووینەبە کچ و کوڕێک.. مامۆستایانی کوردپەروەری دڵسۆزمان فێری ئەلفوبێی کوردایەتی و کوردستان پەروەری و تێکۆشان و گەشبینی و هیوادارییان کردین. هۆشی ئێمە زەوییەکی بەیار بوو.. مامۆستاکان کێڵایان و تۆی زانست و زانیاریان لێ تۆکردن و هاتنە بەرهەم.. ئێمەلە چپلە و پایە و پۆستێک دابین، هەر قەرزاری مامۆستاکانمانین، شانازیش بۆ دڵسۆزی و بۆ رەنج و ماندووبوونی ئەوان دەگەڕێتەوە. ئەوان رۆڵێکی گرنگیان بینی لە بنیاتنی کەسێتی دروستی ئێمەدا.

یەکێک لە سەرۆکەکانی ئەمریکا، دوای کە بۆ سەرۆک کۆماریئەمریکا هەڵیان بژارد، کاربەدەستانی باڵا و کەسایەتییە ناسراوەکانی وڵاتەکەی بۆ پیرۆزبایی لێکردنی ریزیان گرت، ئەو پێیانی وت: بەر لەوەی پیرۆزبایی لەمن بکەن، بڕۆن پیرۆزبایی لە دایکم و لە مامۆستاکانم بکەن، چۆنکە من قەرزاری ئەوانم و، ئەوان منیان بەم پۆستە گەیاند.

مامۆستایانی خۆشەویست، ئێوە شایەنی ئەوپەڕی سوپاس رێز و پێزانین، ئێوەن منداڵانی گەلەکەمانبە باشی فێردەکەن و بە دروستی پەروەردەیان دەکەن، ئێوەی دایک و باوکو خوشک و برا ئاسایی، دەستی سۆز و بەزەیی و خۆشەویستی و رێز بە سەر منداڵە چاوگەشەکانماندا دەهێنن، کە هیوای داهاتووی گەلەکەمانن.. ئێوەن هۆشیان دادەڕێژن و بەردی بناغەی کەسێتییەکی سەرکەوتووییان دادەنێن.. ئێوەیمامۆستایان سامانێکی بێهاوتایگەلەکەمانن.. ئێوە پارەیەکی دەگمەنن.. ئێوە بە راستی ژێرخانی داهاتوون.

مامۆستا دڵسۆزەکانمان، ئێوە شوێنێکی تایبەتیتان لە ناخی دڵمان دا هەیە، خۆشەویستی و رێزمانبۆ ئێوە بێسنوورن، هەردەم لە یادتان ناکەین،هەرگیز رێز و خۆشەویستیتان لە دڵمان دا کاڵنابنەوە.. نەک تەنها لە رۆژی جیهانیی مامۆستایان دا، بەڵکو لە هەموو رۆژەکانی ساڵ دا،رووخساری گەش و شیرینی ئێوە لەبەر چاومانە. وشە ناسک و جوانەکانتان، رێنماییە دروست و بەسوودەکانتان، زەردەخەنە شیرینەکانتان، چێژێکی تایبەتییان لە یادەوەرییەکانماندا هەیە.. ئێوە داینەمۆی هۆشی ئێمە بوون.. ئێوە کلیلی رازەکانی تێکۆشان و کوردایەتی و کوردستان پەروەری و گەشبینی و کۆڵنەدان و هیوا و ئومیدی سەرکەوتنتان پێبەخشین..ئێوە بوون پێتان وتین، لە بەردەم بڕوا و ئیرادەی پۆڵایین و خۆڕاگری کۆڵنەدان دا، بۆ گەیشتن بە هیواکانتان، ئەستەم بوونی نییە.

مامۆستایانی دڵسۆز و کوردستان پەروەرمان، وشەی سوپاس و ستایش شەرمتان لێدەکەن.. چونکە ئێوە زۆر لەوە گەورەتر و جیاوازترن، کە وشە و رستەی شیرین، بتوانن هاوسەنگی دڵسۆزی و باڵایی و شکۆداریتان بکەنەوە.

مامۆستانی کوردستانی شیرینمان، ئەی پێشمەرەگە گیانبەخشەکانی مەیدانی فێرکرن و پەروەردەکردنی جگەرگۆشە چاوگەشەکانمان.. بەراستی ئێوە جیاوازن و کەم وێنەن لە جیهادا، لە کاتی شۆڕش و راپەڕین دا بە دەستێکتان چەکتان هەڵگرتبوو، بە دەستەکەی تریشتان پێنووس. لە هەموو شۆڕشەکاندا، پشکی شێری تێکۆشان و گیانبەخشینتان هەیە، مێژووتان پاکە و پڕە لە سەروەری و شکۆداری و لە هەڵوێستی بەرز.. ئێوە لە شۆڕشەکاندا، پێشمەرگەی شێر ئاسایین.. لە ئاشتیشدا هەڵگری چڵەنیگزی ئاشتین.

کێ وەکو ئێوەی لە دەست دێت و پێدەکرێت؟ بە بێ مووچە ونیوە مووچە و چارەگە مووچە، خۆڕاگربوون و بایکوتی خوێندتان نەکرد و قوتابخانەکانتان بەجێنەهێشتن، بە کوێرەوەری و بە نەبوونی درێژەتان بە پەیامە بەرز و پیرۆزەکەتان دا..ویژدانتان ئاسوودە کردووە؟ لاپەڕەیەکی شکۆداری ترتان لە مێژووی گەلەکەمان دا تۆمارکرد.

پێویستە كاربەدەستانی کوردستان، بە ئەمەکبن و ئەوپەڕی پێزانین و رێزیان بۆ ئەم دڵسۆزی و رۆڵ و هەڵوێستەی مامۆستایانی کوردستان هەبێت، بتوانن پاداشتی ئەم هەڵوێستە جوامێرانەیان بدەنەوە، گەرچی بە پاراە و ماددە قەرەبووی خۆڕاگری و خۆبەخت کردنیان ناکرێنەوە. خۆشەویستی و رێزو پێزانینی گەلەکەمان بۆ رۆڵی مەردانەیئێوەی مامۆستایانی دڵسۆزمان، بەرزترین میدالیای پێزانینە و رێزلێنانە.

مامۆستایانی کوردستان پەروەر، خوشک و برایانی دڵسۆز و خۆشەویستمان، ئەی شۆڕە سوارە نەبەردەکانی مەیدانی پەروەردە و فێرکردن و بنیاتنانی داهاتووەیەکی گەشتر و شیاوتر بۆ کورد و کوردستان.. بە قەی ژمارەی نێرگزی نێرگزەجاڕەکانی کوردستان، بە قەی ژمارەی ئەستێرەکانی ئاسمان.. بەقەی دڵۆپە شەستەبارانەکانی کوردستان.. سۆپاس و رێز و خۆشەویستیمان بۆتان هەیە.. بە ئەوپەڕی گەرمییەوە لە (رۆژی جیهانیی مامۆستایان)دا، جوانترین پیرۆزبایتان لێدەکەین.. دەستە پیرۆزەکانی یەک بە یەکتان دەگوشین و چەپکە گوڵی سوپاس و رێز و ئەمکداریو خۆشەویستیتان پێشکەش دەکەین. ئەمەش کەمترین شتە لە ئاستی دڵسۆزی و شکۆداری ئێوەدا. دەڵێم:
مامۆسـتا تۆ شـایانی
پاداشت و گوڵـبارانی
بزانیـت یـا نـەزانیـت
تۆ لە ناخی دڵمانیـت

حەز دەکەم هەر بۆنەیەوە هۆنراوەیەکی (دایکی سۆڵاڤ) بە ناوی (سروودی مامۆستا) بخەمە بەر دیدەی خوێنەران:

سروودی مامۆستا.

دایکی سۆلاڤ

تـۆ دڵســۆزی.. زۆر پـــیرۆزی
چەنــد بەسـۆزی.. مامـۆســـــتا
* * * * * * *
تۆ رابــــەری.. لەسەر ســەری
پەیــامبــــــــەری.. مامـۆســــتا
* * * * * * *
مەشخەڵی نوور.. رێبڕی دوور
تۆی گوڵی سوور.. مامـۆســـتا
* * * * * * *
رێزت ئەگـرین.. هەتـا ئەمـرین
نـــاوت ناســڕین.. مامـۆســــتا
* * * * * * *
رێی زانستیت.. دڵ پـڕهـەستیت
دوور لە پەسـتـیت.. مامـۆســــتا
* * * * * * *
چـرای ژیـان.. رەوشتی جــوان
ئــەدەی پێـمــــان.. مامـۆســــتا
* * * * * * *
تـۆ هــــەوێنی.. دڵ خــــــاوێنی
هەسـت بــزوێنی.. مامـۆســــتا.

هیوای ئەوپەڕی تەندروستی و تەمەندرێژی و خۆشی و بۆ ئێوەی مامۆستایانی کوردستان دەخوازین.. گەشبینم لە سایەی دڵسۆزی ئێوەدا داهاتوومان گەش دەبێت.



نووسراوه‌ له‌لایه‌ن
Parwarday Maxmur

پیرۆز بێ رۆژی جیهانیی مامۆستایان Reviewed by Unknown on 1:17:00 م Rating: 5

ليست هناك تعليقات:

نموذج الاتصال

الاسم

بريد إلكتروني *

رسالة *

يتم التشغيل بواسطة Blogger.