Top Ad unit 728 × 90

ڕێكلامی بازرگانی (5000 / مانگانه‌)

گەنجێكی كورد لە سلێمانی 120 فڕۆكە دروستدەكات

ئاری كامیل، تەمەنی 28 ساڵەو ماوەی چوار ساڵە سەرقاڵی دروستكردنی فڕۆكەیە و تا ئێستا 120 فڕۆكەی دروستكردووە، بەنیازیشە لە داهاتوودا پڕِۆژەی “ئاسمانی پێشمەرگەی نیشتیمانی” رابگەیەنێت.
 
ئەو گەنجە خەڵكی خورماتووە، لە ئێستادا لە شاری سلێمانی نیشتەجێیە، لەماوەی چوار ساڵی رابردوودا “كارێكی دەگمەنی” كردووە و توانیویەتی 120 فڕۆكە دروستبكات.

ئاری چیرۆكی دروستكردنی ئەو فڕۆكانەی بۆ خەندان گێڕایەوەو وتی، “لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا توانیومە 120 فڕۆكەی سەربازی و هونەری و وەرزشی دروستبكەم”.

ئاری كامیل تاوەكو قۆناغی سێی ناوەندی خوێندووە و زمانەكانی عەرەبی و توركی و ئینگلیزی بەباشی دەزانێت،  ئاماژە بەوەدەكات، دوای هەشت مانگ لە هەوڵدانی بەردەوام یەكەم فڕۆكەی دروستكردووە، كە پێج خولەك فڕیووە، بەڵام وەكو خۆی دەڵێت، “زۆر بە ناشرینی و نا تەواوی دەفڕی”.

ئەو فڕۆكانەی ئاری دروستیكردوون بریتین لە، فڕۆكەی چوار نەفەری و دوو نەفەری و فڕۆكەی بێفڕۆكەوان، ئەو دەڵێت، “فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكان خۆم دروستم كردوون لەماڵی خۆماندا، چوار نەفەرییەكەش لەگەڵ حەسەنی برام دروستمانكردووە، ئێستا سەرجەم فڕۆكەكان لە كوردستانن، بەڵام لەیەك شوێندا نین، فڕۆكە گەورەكەش لە ئاكواپاركی چاڤیلاندە”.

ئاری كە ماوەی پێنج ساڵە لە شاری سلێمانی نیشتەجێیە ئەوەشی خستەڕوو، لە تاقیكردنەوەكانی هەشت مانگی سەرەتادا دەیان فڕۆكەی دروستكردووە و سودی لە دەیان هەڵە وەرگرتووە كە لەكاتی دروستكردنی فڕۆكەكاندا ئەنجامی داوە.

ئاری فڕۆكەكان بە ماددەكانی ئەلەمنیۆم و پلاستیك و دار و فۆم و چەند كەرەستەیەكی دیكە دروستكردووە، “فڕۆكەی بێ فڕۆكەوانم دروستكردووە تائێستا (هەموویان بەتەواوی دەفڕن و هیچ كێشەیەكی نیە) دواتر چوار نەفەریەكم دروستكرد بەبێ ئەوەی هیچ پارچەیەكی ئامادەكراوی بۆ بێنم لە دەرەوە”.

ئاری كامیل وتیشی، “گەورەترین فڕۆكە كە دروستمكردووە، بەرزییەكەی  10 مەترەو پانییەكەی حەوت مەتر و 20 سانتیمەتر درێژە، چوار نەفەر هەڵدەگرێت و توانای ئەوەی هەیە كیلۆمەترێك بەزربێتەوە، دەتوانێت پێنج كاتژمێر بەئاسمانەوە بمێنێتەوە ئەگەر مەكینەی  ڕۆتاكی پێشكەوتووی بۆ بەكاربهێنرێت”.

ئاری زیاتر وتی، “لەگەڵ دروستكردنی هەر فڕۆكەیەكدا هەموو دیزاینێكی نوێدا سودێكی تازەم لێدەبینی و زیاتر دەستم دەكرایەوە و فكرم فراوانتر دەبوو لەبارەی گۆشەو وردەكارییەكانی بنەماكانی فڕین”.

ئاری بە بڕوایەكی زۆرەوە بۆ كارەكەی دەڵێت، “سەرجەم ئەو فڕۆكانەی دروستمكردوون ئامادەن بۆ كاركردن، هەروەها ئامادەن بچنە ژێر هەموو جۆرە تاقیكردنەوەیەكی ئەندازیاری و میكانیكییەوە”.
 
“زۆربەی لایەنە پەیوەندیدارەكانی هەرێم ئاگادارن و تەنانەت دەستخۆشیشیان لێنەكردووم، هیچ كات هاوكاریشیان نەكردووم، بەڵام كۆمپانیایەكی ئەمەریكی داوایان لێكردووم وەك دیزاینەرێكی دروستكردنی فڕۆكە كاریان بۆ بكەم”، ئاری وایوت.

ئاری بەنیازە لەئایندەدا پڕۆژەی “ئاسمانی پێشمەرگەی نیشتیمانی” رابگەیەنێت، كارەكانی بەرەو پێش بەرێت،”كەسانی لێهاتووی ئەو بوارە كۆدەكەمەوە، پلانمان هەیە لەگەڵ هاوڕێیانی فەرەنسی لە فەڕەنسا فڕۆكەیەكی شەش نەفەری دروستبكەین، لەوێ هەموو مافەكانمان پێ دەدرێت وەك فڕۆكەوان و فڕۆكەساز”.

سه‌رچاوه‌ : خه‌ندان



نووسراوه‌ له‌لایه‌ن
qasm srush

گەنجێكی كورد لە سلێمانی 120 فڕۆكە دروستدەكات Reviewed by Unknown on 4:06:00 م Rating: 5

ليست هناك تعليقات: