واجبی ماڵەوە – Homework بۆ قوتابییان چییه ؟
گفتوگۆیەکی گەرم و بێکۆتایی لە وڵاتانی پێشکەتوو لەسەر خوێندن و ئەرکی ماڵەوە لە کەناڵهکانی میدیا باسی لێوەدەکرێ. لەم گفتوگۆیانە خەڵکی جیا جیا بەشدارن، بەڵام زۆربەی کات جگە لە دایک و باوک، مامۆستا و کەسانی شارەزا قسە و بەدواداچوونی لەسەر دەکەن، توێژینەوەی نوێ ئەنجام دەدەن، بۆئەوەی نەوەیەکی جوان پەروەردە بکەن، کەزانست و زانیاریی پێویست لە قوتابخانە وەربگرن. ئەرکی ماڵەوە بۆ قوتابییان بە ئاسانی یان بەنەرمی ناڕوات و ئەنجام نادرێ لە هەمان کات، هۆیەکی ئاساییە، بۆ دروستکردنی کێشە و گرفتی ناوەخۆی خێزانی لەسەر: کەی ئەرکی ماڵەوە ئەنجام دەدەن؟ چەند کات پێویستە یان چەند کات دەبی منداڵەکان لە ماڵەوە خەریکی خوێندن بن؟ لەگەڵ هەبوونی ئەو کێشانەی سەرەوە، مامۆستا زیاتر و زیاتر ئەرکی ماڵەوە بە قوتابییانیان دەدەن.
هەندێک لە مامۆستا و توێژەران لەوبڕوایەدان، ئەرکی ماڵەوە دەبی لە قوتابخانە و لە کاتی دەوام ئەنجام بدرێ، چونکە لەوبڕوایەدان، منداڵ لە قوتابخانە زۆر هیلاک دەبن و ئەو کاتەی هەیانە دەبی بۆ خۆیان و خێزان و کاتی خۆشی بەڕێی بکەن نەک بۆ جێبەجێکردنی ئەرکی ماڵەوە و تەواوکردنی وانەکانیان. زۆرجار قوتابییان لەناو خۆشیان ئێرەیی بەیەکتر دەبەن، بەوەی برادەرانیان لە کلاسی دراوسێ، ئەرکی ماڵەوەیان لەوان کەمتر پێدەدرێ، ئەگەرچی هەمان مامۆستاش وانەیان پێدەڵێتەوە. هەندێک مامۆستا لەو بڕوایەدان، کە دایک و باوک خۆیان بە کاری رۆژانە زۆر هیلاک و سەرقاڵن، بۆیە پێویست ناکات ئەوان رۆلی مامۆستایی لەماڵەوە ببینن، دەبی قوتابخانە پەروەردەی منداڵان بکات و ئەو ئەرکەی پێیان دەدرێ لە ماڵەوە ئەنجامی بدەن، باشترە لە قوتابخانە و بەیارمەتی مامۆستا تەواوی بکەن و لێێەوە فێری ببن. قوتابییان بۆ ئەنجامدانی ئەرکی ماڵەوە، پێویستییان بە ژینگەیەکی ئارام و لەبار هەیە، ئەو ژینگەیە لە قوتابخانە دەست ناکەوێ، چونکە ژمارەی قوتابییان زۆرە. بەگوێرەی توێژینەوەیەکی 2013 سویدی، کە 89 هەزار قوتابی تەمەن 10 – 12 ساڵ تێیدا بەشداربوون.
لەکاتی ئەنجامدانی ئەرکی ماڵەوە یان پێش تاقیکردنەوەکان، منداڵان، بەجۆرێک تووشی دڵەراوکێ بووین، کە لە ئەنجامدا، تووشی خەوزڕان، سەرئێشە یان زگچوون هاتوون. ئەو توێژینەوەیە پیشانیدەدا، کە منداڵ زیاتر لەبەر تاقیکردنەوە و ئەرکی ماڵەوە تووشی نائارامی و ژیانێكی ناخۆش دەبی تا لە مەرجی توندی دایک و باوک و مامۆستا لەسەریان. هەروەها توێژینەوە هەن، پیشانی دەدەن، زۆربەی کێشەی خێزان پەیوەندییان بە ئەرکی ماڵەوە و چۆنیێتی خوێندنی منداڵانیان هەیە. دایکان و باوکانی ئەمڕۆ، کاتیان کەمتر بۆ منداڵانیان هەیە و کەمتر لە ئەرکی ماڵەوە یارمەتی منداڵانیان دەدەن، هەرچەندە لەکاتی جێبەجێکردنی ئەرکی ماڵەوە زۆر لە منداڵان، پێویستییان بە یارمەتی کەسێکی گەورەتر هەیە بۆئەوەی بتوانن تێیبگەن و بەجوانی ئەنجامی بدەن. دوو تێڕوانینی جیا لەسەر ئەرکی ماڵەوە هەیە. لایەک لەو بڕوایەدان، لە ئەنجامدانی ئەرکی ماڵەوە، منداڵ زیاتر فێردەبن، لەوەی هیچ ئەرکێکیان پێنەدرێ. Peter Wall توێژەری پەروەردە لە زانکۆی کارلستاد، لەوبڕویەدایە، ئەرکی ماڵەوە باشە، بەتایبەتیش ئەگەر ئەو ئەرکە بەشێوەیەکی جوان و دروست فۆرمولە بکرێ، زانیاری لای قوتابییان زیاد دەکا. بەڵام ئەرگومێنتی زەقی بەرەی دژ بە دان یان هەبوونی ئەرکی ماڵەوە، دروستکردنی کەشوهەوای ناخۆش و گرژی نێوان ژن و مێرد و منداڵە، جگە لەوە، قوتابییان لەو بڕوایەدان، کە ئەنجامدانی ئەرکی ماڵەوە، کاتی زۆریان لێدەبا. John Hatti پرۆفێسۆر لە زانکۆی Melbourne لە ئوسترالیا، لە توێژینەوەیەکی بەناوی: (فێربوونی دیار) کە لە هەموو جیهان دەنگی دایەوە تێیدا، باس لە چری پەروەردە و فێرکردن دەکا. ئەو لەسەر ئەرکی مالەوە دەڵێ: ئێفێکتی ئەرکی ماڵەوە بەشێوەیەکی گشتی پۆزەتیڤە، بەڵام نزمە.
چەند منداڵ بچوکتربێ، ئەوەندە خاڵی پۆزەتیڤی کەمترە، جگە لەوە ئەو لەوبڕوایەدایە، کە ئەرکی ماڵەوە لەوانەیە ئێفێکتی نێگەتیڤیشی بۆ فێربوونی منداڵ هەبی، لە هەمان کات بۆ قوتابییانی قۆناغێ ئامادەیی سوودی هەیە. کەواتە، بەشێک پەیوەندی بە تەمەن هەیە و بەشەکەی دیکەش پەیوەندی بە شێوەی وانەوتنەوە هەیە. لەم توێژیەنوەی Hatti زیاد لە 100 هەزار قوتابی بەشداربووین. بەڵام لە هەموو حالەتەکان، زانایان گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی: ئەو ئەرکەی بە قوتابییان دەدرێ، دەبی قوتابی بتوانی ئەنجامی بدا، قوڵبوونەوەبێ لە گفتوگۆکانی ناو کلاس هەروەها دەبی ئاسانبێت و بتوانن لەماوەیەکی کەم ئەنجامی بدەن. جگە لەوە، دەبی ئەرکەکان، بە کەسانی ئاسیی ئەنجام بدرێن و پێویستییان بە یارمەتی کەسانی شارەزا و پسۆر نەبت، دەبی پەیوەندی بە تەمەن و بەکاتی گونجاو بۆ قوتابی هەبیت وکاتی زۆری قوتابی نەبا و بێ یارمەتی دایک و باوک بتوانن ئەنجامی بدەن. جێبەجێکردنی ئەرکی ماڵەوە بەشێوەیەکی دروست، ئێفێکتی باشی دەبێت و بە پێچەوانەش، خراپ بەکارهێنانی ئەنجامی خراپی دەبی. لەوکاتەی باس لە ئەرکی ماڵەوە بۆ قوتابییان دەکەین، دەبی بیر لە ژینگەی قوتابییان بکرێتەوە، کە لە چ قوتابخانەیەک لە چ کۆمەڵگایەک، لە چ وڵاتێک دەژین، چونکە لەو قوتابخانانەی دوو یان زیاتر دەوام هەیە، قوتابی بێگومان ناتوانی چەندی بیەوەێ لە قوتابخانە بمینێتەوە، مامۆستا ناتوانی وەک پێویست یارمەتی بدا و بەتەنها لەگەڵی دابنیشی، چونکە لەوکات ناچارن لە کاتی دیارکراو قوتابخانە چۆل بکەن. بۆ ئەمجۆرە قوتابییانە، قوتابخانە نابێتە ماڵ.
نووسراوه لهلایهن
user post
ليست هناك تعليقات: