Top Ad unit 728 × 90

ڕێكلامی بازرگانی (5000 / مانگانه‌)

جەنگی جەبر: کاردانۆ و تارتالیا

جەنگی جەبر: کاردانۆ و تارتالیا

cardano14

”سوێندت بۆ دەخۆم، بە ئینجیلی پیرۆزی خودا، وەک پێاوێکی راستەقینەی بە شەرەف، ئەگەر فێرم بکەیت، نەک هەرگیز دۆزینەوەکانت چاپ و بڵاوناکەمەوە، بەڵکو، وەک ئیماندارێکی مەسیحی راست، وەعدت دەدەمێ، بە زمانی شفرە دەیان نوسمەوە، بۆ ئەوەی تەنانەت، دوای مردنیشم، هیچ کەس ئەو قودرەتەی نەبێت کە لێیان تێبگات.”

کاردانۆ لە ساڵی 1539دا، کاتێک داوا لە تارتالیا دەکات کە دۆزینەوە ماتماتیکییەکانی خۆی پیشان بدات.

کاتێک رێنیسانس بەرپابو، ئیتالیا ناوەندی شۆڕش بو، لێرەوە، پڕشنگی وریابونەوە تاڵ تاڵ پەلی کێشا و ورد ورد سەرتاپای وڵاتانی ئەوروپای تەنیەوە. رێنیسانس هەمو سیما کلاسیکی، کڵتوری، کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی ئەوروپای هەڵتەکاند و خەڵکی لە خەونی سەدان ساڵەی کۆیلەیەتی خەبەرکردەوە و ئنسانی ئامادەکرد بۆ لەدایکبونەوەیەکی نوێ بە کۆمەڵێک خەسڵەتی هاوچەرخەوە، لە هەمویان گرنگتر و پیرۆزتر مرۆڤ ئازادە چۆن بیردەکاتەوە.

لە زۆربەی شارە گەورەکانی ئەوروپا زانکۆ و ناوەندی زانستی گەورە بونیاتنران. هەرچەندە ژمارەی بابەتەکان و کتێبەکان زۆر دیاریکراوبو، بەڵام بیرکردنەوی زانستی و ژیانەوەی توێژینەوەی زانستی لە پرۆسەی لەدایکبوندابو. بێگومان زانست و فەلسەفەی یۆنانی دیسانەوە گەشەی کرد و دیسانەوە ماتماتیک و ئەسترۆنۆمی یۆنانی هاتنەوە مەیدان. ئنسانی چەرخی وریابونەوە، زاتێکی زیرەک و رەخنەگر، دیدێکی هەبو بە تەنها بریتی نەبو لە گوێڕاڵی، بەڵكو لەگەڵ ژیانەوەی کڵتوری یۆنانیدا یاخیبونی بەرپاکرد.

جەبر وەک هەر کایەیەکی تری ماتماتیک لە دو سەرچاوەوە لە دایکبو، یەکەم یۆنانییەکان، بە تایبەتی کتێبە هەرە ناودارەکەی دایفەنتەس، کە لە سەدەی سێی زایینیدا نوسراوە. لەم کتێبەدا گەلێک پرسی جەبر، وەکو هاوکێشە دوجاکان تاووتوێ دەکات. سەرچاوەی دوەم، بریتییە لە شارستانیەتی ئیسلامی، بە پلەی یەکەمیش کتێبە مەنشورەکەی ئەلخەواریزمی، ”كتاب المختصر في حساب الجبر والمقابلة ”، کە لەساڵی 1464 بە زمانی لاتین بڵاوبوەوە. بە هەمان شیوە هاوکێشە پلە دوەکان، یان دوجاکان باس دەکات و حلی زۆر جوانی پێشکەشکردوە.

زانکۆکان، لەو سەردەمانەدا ململانێیان بو لەسەر ئەوەی کێ باشترین موحازیر و مامۆستا لە زانکۆکەیدا دەرس دەڵێتەوە؟ ئەی چۆن باشترین موحازیریان هەڵدەبژارد؟ بۆ ئەم مەبەستە و حوکمدا کە کێ باشترین و پسۆڕە لە بواری ماتماتیکدا بریتی بو لە جەنگی ماتماتیک و مشتومڕی ژمارەکاری لە شوێنە گشتییەکان و بنکە زانستتیەکان. ئەوەی ئەم جەنگە دەباتەوە، پۆستێکی ئەکادیمی لە زانکۆیەک دەستەبەر دەکات، دۆڕاوی نەگبەتیش، دەچێتە خانەی فەرامۆشییەوە.

هەردو پاڵەوانی جەنگەکە پێوسیت بو هەمو جۆرە فێڵێک بزانن، خۆ ئەگەر خوا کردی و شتێکت زانی و یەکێکی تر نەیزانی ئەوە شۆرەتی خۆت مسۆگەردەکەیت. یەکێک لەو پرسانەی لەو سەردەمەدا پێگەیەکی ململانێێ بۆ خۆی داگیرکردبو، هاوکێشە پلە سێجاکان بو. نمونەی هاوکێشە سێجان بریتییە لە  . یەکەم جار و یەکەم هەوڵ بۆ حلکردنی ئەم هاوکێشانە لە ساڵی 1495 دا بو لە لایەن لوکا پاچیۆلییەوە ( 1445 – 1514)دا بو. پاچیۆلی زۆربەی چالاکی ماتماتیکی سەردەمەکەی لە کتێبێکدا کورت کردبوەوە بە نێوی ”سۆما”وە. کتێبەکە دوای دە ساڵ بڵاوبوەوە. سەرتاپای سیستەمی ژمارەیی هیند و – عەرەبی، ماتماتیکی بازرگانی رۆژەکە، کورتەی بنەماکانی جیۆمەتری ئەکلیدس و سێگۆشکارییەکانی پەتلیمۆسی لەخۆگرتبو. گەلێک پرسی تری تاووتوێ کردبو، بۆ نمونە، بۆچی سروشت سیمایەکی زەخرەفەیی pattern هەیە. ستایلی کتێبەکە زیاتر وشەکاری بو وەک لەوەی سیمبول و ژمارەسازی بێت. لە کۆتایی کتێبەکەدا پاچیۆلی دەچیتە سەر هاوکێشە دوجا و سێجاکان، لای وی حلکردنی ئەم هاوکێشانە شتێکی مەحالە و هەرگیز ناکرێت، تەنانەت تێگەیشتن لەم هاوکێشانە هێندەی دوجاکردنی بازنە زەحمەتە. بەڵام ئەوەی ئەو گوتی راست نەبو، چونکە لە سەرەتای سەدەی شازدەدا گۆڕانێکی گەورە سەبارەت بەم جۆرە هاوکێشانە لە شاری بۆڵۆنیا هاتە ئاراوە. سەربای هەڵوێستە لاوازەکانی، کتێبەکەی پاچیۆلی برەوی بە چاڵاکی جەبر بەخشی و لە نێوەندە زانکۆییەکاندا دەخوێندرا.

ئیتر دوای پاچیۆلی پرسی هاوکێشە دوجا و سێجاکان بوە بازاڕێکی گەرم بۆ ماتماتیکناسان. هاوکێشەی دوجاکان مێژویەکی کۆنیان هەیە و دەگەڕێتەوە بۆ رۆژگاری بابلییەکان، تەنانەت ئەوەندە، واتە بابلییەکان، بلیمەت بون یاسای دوجای تەواوکردنی دوجایان داڕشتبو و بەکاریان هێنابو. بەڵام سێجاکان بوە تەحەدایەک بۆ مەزنانی رۆژگارەکە.

یەکەم ماتماتیکناس کە پرسی نوێی سێجاکانی تاووتوێ کردبێت، شیپۆن دێل فێرۆ (1465 –  1526) بو، بەڵام بە هیچ کەسی نەگوت و وەک سڕێکی قایم لای خۆی پاراستی. ئەو رۆژگارە بەوجۆرە بو، ماتماتیکناسان، جگە لە زانکۆکان، بازگانانیش چاویان لەسەریان بو، خولیای ئەوەبون لە نێوان ماتماتیکناساندا ململانێ ببینن و باشترین ماتماتیکناس بۆ خۆیان هەڵبژێرن و دۆڕاو فڕێ بدەنە زبڵدانی مێژوەوە. فیرۆ باش زانیبوی دزینی ئایدیای ماتماتیکی زۆر ئاسانە، بۆیە کاتێک لەسەر پێخەفی مەرگ راكشابو، قوتابیەکی هەبو ناوی فیۆر بو، ئەم نهێنییە زۆر هەستیارەی لە لا درکاند. هەرچەندە ئەو کاتە تەنها یەک جۆرە سێجا لە ئارادا هەبو، ئەویش بریتی بو لە

(بێگومان ئەمە بە زمانی هاوچەرخانە، دەنا شتەکە بەو جۆرە نییە.)

لێرەدا پێویستە ئەو هەقیقەتە بڵێین کە هێشتا ژمارەی نێگەتیڤ بەوجۆرەی ئێستا نەهاتبوە نێوەندە. فیۆر (ئوستادەکەی ناوی فێرۆ بو با لێمان تێک نەچێت.) بانگەشەی کرد کە توانای حلکردنی ژمارە سێجاکانی هەیە، هەر کەسێکیش خۆی بە کارامەتر دەزانێت فەرمو با بێتە مەیدانەوە. ئەمە سیمایەکی ماتماتیکی ئەو رۆژگارەبو. ماتماتیکناسان پرسی ماتماتیکیان دەگرتە یەکتر و کێ ئازاترە بێتە مەیدانی جەنگی ماتماتیکییەوە، وەک بازاڕی قومار وابو، جگە لەوەی گۆڕەپانێکیش بو بۆ پۆزلێدان، هەروەها سەرنجی قوتابیانیان بۆ لای خۆیان رادەکێشا بۆ ئەوەی وەک ئوستاد دەرسی خسوسییان بدەنێ. هاوارەکەی فیۆر، بە تایبەت بۆ هارکردن و بانگردنی پیاوێکی ریشنی لالە پەتە بو کە ئەو کاتە شۆرەتی ماتماتیکی بۆ خۆی لە مەیدانی ماتماتیکدا بنیات نابو. ئەو بلیمەتە ریشنە نیکۆلای تارتالیا بو.

نیکۆلای تارتالیا

نیکۆلای تارتالیا لە ساڵی 1500، لە شارۆچکەی بریشیا، لە ئیتالیا لەدایکبوە. کوڕی پیاوێکی پاک و راستگۆ بو، بابی، زۆربەی ژیانی پیشەی تەتەری بوە، نامە و پریاسکەی لە نێوان برێشیا و شارەکانی تردا بۆ خەڵک هێناوە و بردوە، واتە پۆستەچی بوە. هەرچەندە دەستکورت و نەدار بوە، بەڵام هەمیشە تێکۆشاوە ژنەکەی، کچەکەی و دو کوڕەکەی بەختەوەر بکات و موحتاجی دەستی کەسی تر نەبن. نیکۆلای، هەر لە منداڵییەوە چوەتە قوتابخانە، کە زیاتر وەکو حوجرەی ئەوسا، یان خوێندنی مزگەوتەکانی لای خۆمان وا بوە. هێشتا تەمەنی شەش ساڵان دەبێت، بابی لە رۆژێکی کاسپی و نان پەیداکردندا دەبێت، سەرقاڵی گواستنەوەی نامە و شتی تر دەبێت، بە دەستێکی غەدر دەکوژرێت. بەمجۆرە هەژاری و تراژیدیا یەخەی خێزەنەکەیان دەگرێت.

کاتێک لە ساڵی 1512 دا، فەرەنسییەکان ویستیان شارۆچکەی برێشیا داگیربکەن، خەڵکی شارەکە حەوت رۆژ بەرگرییان لە برێشێا کرد و پاشەکشەیان بە دوژمنان کرد. سەرەنجام داگیرکەر بڕیاریدا تۆڵەیەکی دڕندانە لە خەڵکەکە بکەنەوە و دەرسێکی وەها وەحشیانەییان بدەن هەرگیز لە بیر دانیشتوانەکە نەچێتەوە. نزیکەی چل و شەش هەزار ئنسانیان کوشت، خوێن بە کۆڵانەکاندا جۆگەلەی بەست. لە نێو ئەم قەتلوعامەدا، نیکۆلای تەمەنی تەنها دوازدە ساڵان بو، کاتێک لەگەڵ دایک و خوشکە بچکۆلەکەیدا پەنادەبەنە بەر کڵێسەی شارەکە بۆ ئەوەی خۆیان لەم خوێنە بپارێزن و لە کونجێکدا خۆیان حەشاربدەن، سەربازێکی فەرەنسی دەیانبینێت و بێ هیچ هەڵوێستەیەک، شمشێرە تیژەکەی بە دەموچای نیکۆلایدا دەوەشێنێت، یەکسەر وەک مردو خپ دەکەوێت. کاتیک دایکی سەیردەکات جگەرگۆشەکەی نەمردوە و هێشتا هەناسە دەدات، بە پەلە کوڕەکەی قوتاردەکات، بەڵام هیچ پارەوپولێکی بۆ پەیدانەکرا کە بتوانێت نیکۆلای لەو پشێوییە رزگاربکات. نیکۆلای زمان بڕاو دەبێت، چەناگەی دەشێوێت. ئیتر لەو رۆژەوە، نیکۆلای بەسەزمان کە قسانی دەکرد، یاخو تێدەکۆشا بدوێ، بە ڵاڵی حەرفەکانی لە زار دەهاتەدەر و هیچی بەسەریەکەوە بۆ نەدەگوترا، بەمجۆرە ناوبانگی بە تارتالیا، واتە لاڵەپەتە بڵاوبوەوە. دوایی تارتالیا، بە درێژایی ژیانی هەمیشە ریشی هەبو، بێگومان بۆ ئەوەی شێوواوی چەناگە و سیمای خۆی پەنهان بکات.

دایکی هەستیکرد کوڕەکەی قودرەت و بەهرەیەکی خۆڕسکی بۆ فێربون هەیە، بڕێک پارەوپولی کۆکردبوە، جا بۆ ئەوەی کوڕەکەی بە هیچ جۆرێک کۆڵنەدات و ببێتە خوێنەوارێکی سەردەمەکە، ئوستادی شەخسی بۆ گرت، سەرەتا بۆ ئەوەی زمان و نوسینی فێربکات، بەڵام پارە زۆر زو تەواوبو، تەنانەت تارتالیای بێزمان فریای ئەوەش نەکەوت حەرفی کەی k تەواوبکات و ناوی خۆی بە رێکوپێکی بنوسێت. دوایی تارتالیا چو هەمو موحازەرەکانی ئوستادەکەی دزی، خۆی کۆرسەکانی تەواوکرد. تارتالیا هەرگیز بە باشی فێر زمانی لاتین نەبو، بەڵام هێدی هێدی بوە پسپۆڕ لە زمانی ئیتاڵیدا، هەربۆیەش هەمو نوسینەکانی بە ئیتاڵی بون. بەڵام لە زمان زیاتر، تارتالیا، ئیرادەیەکی موجیزەی بۆ ژمارە و ژمارەکاری هەبو. ئەوەندە ژمارەی خۆشدەویست، خۆی فێری ماتماتیک کرد.

تارتالیا برێشێیا جێهێشت و بە دوی پیشەی وانەبێژیدا سەرەتا رویکردە ڤێرۆنا. لە نێوانی 1516 و 1518 دا خێزانی پێکەوەنا، بەڵام هەمیشە هەژاری بە سەروسیماوە دیاربو. لە 1534 دا چوە ڤێنیس، لێرە، وەک ماتماتیکناسێکی باڵادەست ناوی بڵاوبوەوە، شۆرەتی بۆ خۆی پەیداکرد، لە چەندین مشتومڕی ماتماتیکیدا چالاک و سەرکەوتوبو.

بەمجۆرە لە ساڵی 1535 دا مەیدانی زۆرانبازی بۆ پاڵەوانانی ژمارە دامەزرا، دو قارەمانەکە تارتالیا و فیۆر بون. هەر یەکەیان پیویست بو سی (30) پرسیاری ماتماتیکی بۆ یەکتر ئامادەبکەن بۆ حلکردن. ئەمە لە کاتێکدا کە فیۆر هیچ ئاگاداری ئەوە نییە کە تارتالیا بە نهێنی پرسە جەبرییەکانی پلە دو و پلە سێی حلکردوە. فیۆر، هەتا خوا حەزبکات متنمانەی بە خۆی هەبو، جگە لەوەی باوەڕی بە خۆشی بو کە سێجاکان بەسن بۆ ئەوەی نەیارەکەی بشکێنێ. لە بەرەبەیانی 13 ی شوباتی 1535 دا هەمو شت حازبو. هەندێک لەو سێجایانەی کە فیۆر تەحەدای تارتالیای پێکردن، تارتالیا بە هیچ جۆرێک نەی دیبون، بەڵام تارتالیا نمونەی نەبو، لەو ساتەوەختەدا، لەو شوێنەدا ئیلهامی خودایی بۆ هات و هەر سی پرسیارەکەی فیۆری لە ماوەی کەمتر لە دو سەعاتدا حلکرد، بە تایبەت ئەوانەش کە لەم جۆرە بون،

       cardano12

فیۆر، توانای ململانێی تارتالیای نەبو، زۆربەی هەرە زۆری پرسیارەکانی بۆ حل نەکرا و ئیتر ئاشکرابو کە کێ دۆڕاوە و کێ براوەیە. لای تارتالیا، خەڵات هیچ گرنگییەکی نەبو، شەرەفی بردنەوە لە هەمو شتێک بە نرختر و بەرزترە.

داستانەکەمان، لە بواری ماتماتیکدا، لێرەوە، جیرۆلامۆ کاردانۆ لەخۆدەگرێت.

جیرۆلامۆ کاردانۆ

یەکێک لە بەناوبانگترین ماتماتیکناس لە سەردەمی رێنیسانسی ئیتالیادا جیرۆلامۆ کاردانۆ بو. جیرۆلامۆ کاردانۆ، نمونەیەکی بەرزی هەرە گەشی چەرخی رێنیسانس بو. ماتماتیکناسێکی پلە نایاب، دکتۆرێکی بلیمەت، فەلەکناسێکی وردبین و کەسایەتییەکی ئازادی ئەو رۆژگارە بو. وێل بو لە دوی نەمری، بە جۆرێک ئامادەبو هەمو شتێک بکات تەنها بۆ ئەوەی ناوێکی پڕشنگدار و گەورەی مێژویی بۆ خۆی فەراهەم بکات. شۆرەت لای کاردانۆ شتێکی گەورە بو، بەڵام هەروا ئاسان نەبو ئنسان بتوانێت دەستەبەری بکات و هەتا دونیا بە زیندویی هەبێت ئەویش بە نەمری دەمێنێتەوە. ژمارەی کتێب و نوسینەکانی کاردانۆ دەگاتە زیاتر لە چوار سەد بەرهەم، دەیان پەڕتوکی لەسەر ماتماتیک بڵاوکردوەتەوە، لە کایەی پزیشکیدا چەندەها کتێبی نوسیوە، جگە لە زانست و فەلەک.

جیرۆلامۆ کاردانۆ، لە ئەیلولی ساڵی 1501، لە میلان، لە وڵاتی ئیتالیا بە ناشەرعی لەدایکبو. کە هاتە دونیاوە، نیوە مردو بو، لە بایۆگرافەکەی خۆیدا، ”کتێبی ژیانم”، دەڵێت، ” لە بانویەکی پڕ لە شەرابی گەرمیان هەڵکێشام.” ئەوەندە لەڕ و لاوازبوم، هەمو کەس دەیگوت ئەم مەخلوقە بچوک و ریوەڵەیە ناژی، بەڵام نەمردم.” بابی، ناوی فاتسیۆ بو، بە پیشە پارێزەر و رۆشنفکرێکی رۆژەکە بو، لە ماتماتیکدا کارامە و باڵادەست بو، تەنانەت لیۆناردۆ دافینچی خۆی چەند جارێک بۆ پرسی ماتماتیکی پەنای بردوەتە لای فاتسیۆ و یارمەتی داوە. فاتسیۆ، هەتا بڵێی ئادەمێکی دەستکورت و نەداری دەڤەرەکە بو، لە راستیدا ئەوەندە هەژار بو کە بە دەگمەن لەگەڵ ژن و منداڵەکانیدا گوزەرانی دەکرد، چونکە توانای بەخێوکردنیانی نەبو، تەنانەت خەڵکانێک هەبون لە گوزەرەکەدا تانەیان لێدەدان و دەیانگوت کە بە هیچ جۆرێک خێزانێکی شەرعی نین. سەرەتا، کاردانۆ، لەسەر دەستی بابی دەرسەکانی ماتماتیک و یاسای خوێند و فێری گەلێک شتی نایاب بو، بابی زو پلانی داڕشت کە دەبێت کوڕەکەی پیشەی پارێزەری بۆ خۆی هەڵبژێرێت، بەڵام کاردانۆ، ئەمەی پێ قەبوڵ نەبو، چونکە هەر زو ئارەزو و خولیای چوە سەر ماتماتیک و پزیشکی.

کاردانۆ، هەرگیز منداڵێکی بەختەوەر نەبوە، بابی هەمیشە بە دار لێیداوە، چونکە منداڵێکی یاخی بوە، جگە لەوەی زۆربەی کات نەخۆش بوە، بابی زو دەستبەرداری دەبێت. هەمیشە بیر لە شۆرەت و نەمری دەکردەوە، لای کاردانۆ ”هەمو دەمرین، بەڵام گرنگ ئەوەیە مرۆ بتوانێت ناوێکی نەمر و پێگەیەکی بەرز بۆ خۆی لە مێژودا فەراهەم بکات.” جارێک هاوڕێیەکی زۆر نزیکی دەمرێت، کاریگەرییەکی قوڵ دەکاتە سەر حاڵەتی سایکۆلۆژییانەی کاردانۆ و لە بەرامبەر مەرگی ناوازەی برادەرە خۆشەویستەکەیدا دەڵێ،” ئەم هاوڕێیەم مرد، نەگبەتە تەواو، ئیتر کەس نە یادی دەکاتەوە، نە هیچیشی لە دوی خۆی بەجێهێشت. دوای چەند مانگێک بیردەچێتەوە.” جگە لەمانەش هەمیشە گیرفان بەتاڵ و بێ پارە بو، لای وی باشترین رێگا بۆ کۆکردنەوەی سەروەت و سامان بریتییە لە پزیشکی. بەڵام بابی دەیوست ببێت بە پارێزەر. ئەی چارە چییە؟ خۆ بابی پارێزەرە، کەچی سەیرکە، هیچ خێروخٶشییەکی نەدیوە. پێویستە وەدوی هەنگاوی بابی نەکەوێت. دەیگوت، ‘بۆ خۆم دەبم بە دکتۆر.’ جگە لەوەی پیشەی دکتۆری پێگەی کەسایەتی و کۆمەڵایەتیشی بەرزدەکاتەوە، چونکە خەڵکی بە چاوێکی نزم و سوک لە کاردانۆ دەڕوانن، خۆشی باش دەزانێت کە کۆمەڵگە بە منداڵێکی ناشەرعی دەزانن. لەم بڕیارەدا، دایکی کیارا لایەنی کاردانۆی گرت و بابی دژی وەستایەوە، ئیتر شەڕ و فەرتەنە لە ماڵەکەدا بەرپابو. سەرەنجام ئیرادەی دایک و کوڕ سەرکەوت، چونکە لەوەبەر سێ منداڵی، بە هۆی تاعونەوە مردبون، باوک کۆڵیدا و پلانەکەی جیرۆلامۆ بوە شتێکی واقیعی.

cardano10

بەمجۆرە لە تەمەنی نۆزدە ساڵیدا چوە ئەکادیمیای پاڤیا بۆ خوێندنی پزیشکی، بەڵام دوای داخستنی چوە زانکۆی پادوا. کاردانۆ، هەر بە راست وریا، رەوانبێژ و لەبلەبان بو، لە مشتومڕدا هیچ کەس جورئەتی نەبو لە بەرامبەری بوەستێتەوە. لە ساڵی 1525 دا، زانکۆی بە پلەی شەرەف تەاوکرد. پاشان گەڕایەوە بۆ میلان، کە شاری خۆی بو. کاتێک عەریزەیەکی نوسی بۆ پزیشکانی میلان بۆ پێدانی مۆڵەتی دکتۆری، یەکسەر داواکەیان رەتکردەوە، بێگومان لەسەر ئەو بنەمایەی کە منداڵێکی ناشەرعی و حەرامزادەیە، جگە لەوەی بە زمانێکی هەراش و بێ ئسوڵ قسەی لەگەڵ خەڵکی دەکات. ئەمە زۆر بێتاقەتی کرد، پرۆتستۆی کرد، گوتی ئەوە راست نییە، دایک و بابی هاوسەری شەرعی بون، بەلام هەندێک جار بە هۆی دەستکورتییەوە لە سایەی هەمان ماڵدا پێکەوە نەژیاون، بەڵام هیچ سودی نەبو. دوای ئەوەی نائومێد بو، رویکردە گوندێکی بچکۆلەی نزیک پادوا، کە نێوی ساکۆ بو، بۆ ئەوەی لەوێ پیشەی دکتۆری راڤەبکات. لێرە دڵی چو بە کیژێکی جوانی لادێکەدا، نێوی لوچیا بو، هاوسەرگیری کرد و بونە خاوەن سێ منداڵ. دوایی کاردانۆ، لە بارەی بیرەوەرییەکانی ئەم گوندەوە گوتی کە خۆشترین رۆژانی ژیان بوە. دوای ماوەیەک گەڕایەوە نزیک میلان و دیسانەوە تەڵەبی بۆ ئەندامێتی کۆلێژی پزیشکان پێشکەشکردەوە، ئەمجارەش رەتکرایەوە.

کاردانۆ هەرچەندە بۆ فەراهەکردنی بژێوی خێزانەکەی دکتۆری دەکرد، بەڵام بە تەبیعەت لە روی پارەوە هەمیشە برسی و بە تەماع بو، هێدی هێدی رویکردە قومار و مەشروب، شەوانە لە قومارخانەکان رۆژی دەکردەوە. هەندێک جار پارەی دەدۆڕاند و جار جاریش باشی دەبردەوە. لە یاری وەرەقە و زاردا تەواو پسپۆڕبو، هەمو فێلەکانی قومار فێربو. کاردانۆ بیریکردەوە کە دەبێت لە قوماردا یاسایەک هەبێت حوکمی بەخت و بردنەوە بکات. بەمجۆرە، ، چەمکی بنەماکانی تیۆری ئیحتیمالییەت لای کاردانۆ گەڵاڵەی کرد. دەیان جار لە قوماردا شەریکردوە و چەقۆی وەشاندوە، هەمو کەس دەیزانی کە فێل و گزی دەکات، بەڵام زەحمەت بو فێڵەکان بدۆزنەوە. بە درێژایی ژیانی قوماری کردە پیشە و خو، رۆژ نەبو نەچیتە قومار، هەرچەندە خۆی، دوایی لە کۆتاییەکانی ژیانیدا گوتی کە تەنها موحتاجی و هەژاری پاڵیان پێوەناوە سەربکاتە سەر قومار.

کارادنۆ، هەتا بڵێی لە پزیشکیدا کارامە و بلیمەت بو، ناوبانگی بڵاوبوەوە، هەتا زانکۆی پاڤیا ناردیان لە دوی کە موحازەرەی پزیشکی بڵێتەوە، بەمجۆرە توانی خۆی بەسەر کۆمەڵگە و ناوەندێکی هەرە بەرزی زانستیدا بسەپێنێ، بەڵام ئەمجارە خۆی داواکەی پاڤیای رەتکردەوە. لەم دەوروزەمانەدا سەرکەوتنی گەورە و لە ئاسابەدەری بەدەستهێنا، منداڵی کاربەدەستێکی بە دەسەڵات و گەورەی لە مردن رزگارکرد، ئەمەی بە فرسەت زانی، دیسانەوە، داوای بەرزکردەوە بۆ ئەوەی ببێت بە ئەندام لە کۆلێژی پزیشکاندا و داوای مۆڵەتی دکتۆری کرد، یەکسەر وەریگرت. ئیتر دوای ئەمە دەستیکرد بە موحازەرە لە زانکۆ، وردە وردە کەوتە خوێندنی ماتماتیک، بە تایبەتی جەبر. بەم جۆرە خولیای چوە سەر ماتماتیک.

کاردانۆ، زۆر زو ئاشنایەتی لەگەڵ ماتماتیکدا پەیداکرد. کاتێک لە میلان بوە ئوستادی ماتماتیک، ئاگاداری مەسەلەی هاوکێشە سێجاکان بو، بەڵام هێشتا باوەڕی تەواوی بە فەرزییەکەی پاچیۆلی بو کە لە ساڵی 1594 دا لە، کتێبەکەیدا، سۆما، وە باسی دەکات و دەڵێت سێجاکان هیچ حەلێکیان نییە و شتێكی مەحاڵە. کاتێک پێشبڕکێکە لە نێوان فیۆر و تارتالیادا دروست بو، کاردانۆ زو کەوتە خۆ بۆ حلکردنی سێجاکان و ویستی ئەو میتۆدە بدۆزێتەوە کە لە ئەسڵدا هی تارتالیایە، سەرەنجام فەشەلی هێنا و بۆی نەدۆزرایەوە. دوای چەند ساڵێک، لە 1539 دا، پەیوەندی کرد بە تارتالیاوە و داوای لێکرد بە نیازە ئەو میتۆدەی ئەو بەکاری هێناوە، لە کتێبێکدا بڵاوبکاتەوە. تارتالیا رەتیکردەوە و گوتی خۆی نیازی بڵاوکردنەوەی کتێبێکی وەهای هەیە. کاردانۆ قایلبو، بەڵام کۆڵی نەدا و تکای لێکرد کە تەنها حەزدەکات میتۆدەکەی ئەو ببینێت و هیچی تر، وەعدیشی دایە کە بە هیچ جۆرێک سڕەکە لای کەس نەدرکێنێت. دیسانەوە رازی نەبو.

ئەم پەیوەندییە هەتا ئەو کاتە ناڕاستەوخۆ بو، لە ڕێی ئەو کەسەوە بو کە پێشبڕکێکەی لە نێوان تارتالیا و فیۆردا رێکخستبو، بەڵام کاردانۆ بڕیاریدا خۆی راستەوخۆ نامەی بۆ بنێرێت. کاردانۆ کەوتە فرت و فێڵ، سەرەتا ئەوەی بۆ باسکرد کە لای پارێزگاری میلان ناوی ئەوی وەک ماتماتیکناسێکی بلیمەت هێناوە، کاتێک تارتالیا ناوی پارێزگاری بەرگوێ کەوت، یەکسەر رای گۆڕی، ئەوانە پیاوانی بە دەسەلاتن، دورنییە کارێکی باشی وەک مامۆستایی لە میلان بۆ دەستەبەربکات. ئەمجارەیان بە زمانێکی شیرین وەڵامی کاردانۆی دایەوە، داوای لێکرد بە پارێزگاری میلانی بناسێنێت. بەمە کاردانۆی فێڵباز دڵخۆش بو، داوەتی کرد بۆ ماڵی خۆیان تەشریف بهێنێت و دڵنیای کردەوە کە بە جەنابی پارێزگاری دەناسێنێت.

لە مانگی ئاداری 1539 دا، تارتالیای دڵپاک تەشریفی هێنا و گەیشتە میلان. هەر تارتالیا گەیشت، پارێزگار گەشتێکی ناکاوی کردبو بۆ دەرەوە، بەڵام بە شێوەیەکی کاتی. خوا هەڵناگرێت کاردانۆ خزمەتێکی تێروتەسەل و نەجیبانەی تارتالیای کرد، بەمە تارتالیا زۆر دڵخۆش بو. قسە هات و قسە چو، هەتا مەسەلەکە هاتە سەر پرسەکانی هاوکێشە دوجا و سێجاکان، تارتالیا سەرەنجام گەیشتە ئەو قەناعەتەی میتۆدەکەی خۆی بۆ کاردانۆ واڵابکات. کاردانۆ لە هەمبەر ئەم پیاوەتییە گەورەیە گوتی:

” بە ئینجیلی پیرۆزی خودا سوێندت بۆ دەخۆم، وەک پێاوێکی راستەقینەی بە شەرەف، ئەگەر فێرم بکەیت، نەک هەرگیز دۆزینەوەکانت چاپ و بڵاوناکەمەوە، بەڵکو، وەک ئیماندارێکی مەسیحی راست، وەعدت دەدەمێ، بە زمانی شفرە دەیان نوسمەوە، بۆ ئەوەی تەنانەت، دوای مردنیشم، هیچ کەس ئەو قودرەتەی نەبێت کە لێیان تێبگات.”

ئیتر بەمجۆرە کاردانۆ بە جوانی میتۆدەکەی نوسییەوە، دڵنیاشی کردەوە هەرگیز ناکەوێتە دەست ئینسانی هەڵەوە. کە ماڵەکەی جێهێشت، نامەیەکی واسیتەی لە کاردانۆ وەرگرت کە رۆژێکی تر بچێت بۆ لای پارێزگاری میلان، بە داخەوە گەڕایەوە بۆ میلان، لە رێگا هەر بیری لەوە دەکردەوە بۆچی ئەو میتۆدە جوانانەی بۆ ئەم کابرایە درکاند و ئاوا بە ئاسانی خستییە بەردەستی؟

لە کۆتایی هەمان ساڵدا، واتە 1539 دا، کاردانۆ دو کتێبی لەمەڕ ماتماتیک بەچاپ گەیاند، دو نوسخەش گەیشتە دەست تارتالیا. هەر زو کەوتە سەیرکردنی کتێبکە، هەر کە زانی فۆرمولاکانی وی لەم کتێبانەدا نین، کەمێک ئاهی پێداهاتەوە. کاردانۆ نامەیەکی بۆ نوسی و تێیدا داوای لێلکرد کە بەختەوەر دەبێت ئەگەر هاوڕێیەتییان بەدەوام بێت.

دراماکە لێرەدا کۆتایی نەهات، رۆژێک لاوێک هات و لە دەروازەی ماڵی کاردانۆی دا و بۆ ئیش دەگەڕا، کاردانۆ کردییە خزمەتکاری خۆی. ئەم لاوە ناوی دۆڤیکۆ فیراری (1522 – 1565) بو. هەر زو دەرکەوت کە توانا و بەهرەیەکی لە ئاسابەدەری لە ماتماتیکدا هەیە. پەیوەمدی نێوان کاردانۆ و فیراری لە ئاغا و نۆکەرەوە بو ئوستاد و قوتابی، دواییش بە یاریدەدەر. فیراری، هێشتا لە تەمەنی بیست ساڵیدا بو کە کاردانۆ نهێنییەکانی تارتالیای لە لا درکاند. پێکەوە توانیان سودێکی بێ وێنە لە میتۆدە جوان و دانسقەکانی تارتالیا وەربگرن، تەنانەت هەر بە هۆی ئەم فۆرمولانەوە توانیان حل بۆ هاوکێشە پلە چوارەکانیش بدۆزنەوە. لە لایەکی ترەوە، تارتالیا هیچ مەبەستی نەبو میتۆدەکانی خۆی چاپ و بڵاوبکاتەوە، سەرباری ئەوەی لە نێو خەڵکدا زانرابون کە ئەو کۆمەڵێک حلی جوانی بۆ ئەم هاوکێشانە کردوە.

لە ساڵی 1543 دا، کاردانۆ بە یاوەری فێراری، گەشتێکی کرد بۆ بۆڵۆننا، لەوێ بۆیان دەرکەوت کە لە راستیدا، تارتالیا یەکەم کەس نەبوە ئەم جۆرە هاوکێشە پلە سێیانەی حلکردوە، بەڵکو دێل فێرۆ پێشتر ئەم حلانەی دۆزیوەتەوە. لێرە، کاردانۆ بیری لە سوێن و شەرەفەکە کردوە، بەڵێ، سوێندی شەرەف و نازانم چی و چی بۆ تارتالیا خواردوە کە میتۆدەکانی بۆ کەس نادرکێنێت، کەس ناتوانێت رێگری لێ بکات کە فۆرمولاکانی دێل فێرۆ چاپ بکات.

لە سڵی 1545 دا، کاردانۆ گەورەترین کتێبی لەسەر جەبری هاوچەرخ بڵاوکردەوە، کتێبەکە نێوی هونەری گەورە (ئارس ماگنا) بو. لەم کتێبەدا هاوکێشە پلە سێکان و پلە چوارەکان تاووتوێ دەکات و حلەکانیان دەخاتە بەردەم خوێنەر. ئیشارەی بە هەر یەک لە تارتالیا و دێل فێرۆ وەک دۆزەرانی فۆرمولاکان دابو.cardano13

کاتێک زانی ئەم کابرا شێت و بەرەڵایە سوێندەکەی شکاندوە، تارتالیا لە ناخەوە، وەک بورکان، تەقییەوە و رقی لە کاردانۆ بوەوە. هەرچەندە کاردانۆ لە کتێبەکەدا ناوی تارتالیای هێنابو، بەڵام تارتالیا باش دەزانێت، تەنها ئەو کەسە ناوی بە نەمری دەمێنێتەوە کە کتێبەکەی نوسیوە. ساڵی ئایندە، تارتالیا کتێبێکی بە نێوی پرسگەلێکی نوێ و داهێنانەکان چاپکرد، بە زمانی خۆی کەوتە گێڕانەوەی حیکایەتەکە. کتێبەکە بە زمانێکی زبر نوسرابو. کار لە کار ترازابو، تازە پاداشی قسەی زل چو بۆ کاردانۆ و تارتالیا بوە قوربانی.

کتێبی هونەری مەزن، یان هونەری گەورە، کاردانۆی کردە کەسێکی بە شۆرەت و ماتماتیکناسێکی پلە یەک لە دونیادا. تارتالیا نە لە کاردانۆ و نە لە فوتابییەکەی، فیراری، خۆشبو، هەرچی تانە و تەشەریش هەبو هیچ کاریگەرییەکی نەکردە سەر ناوبانگی کاردانۆ. فێراری، هەرچەندە هێشتا ماتماتیکناسێکی بە قودرەت نەبو، نامەی نارد بۆ تارتالیا کە لە نێو خەڵکدا روبەروی بێتەوە، تارتالیا بیری کردەوە، سەرباری ئەوەی کە هاوکێشە سێجاکان بە پلەی یەک خۆی حلی کردون، بەڵام تازە و چیتر ئەو کاریزما ماتماتیکییەی نییە کە بتوانێت پێشبڕکێی ماتماتیکی بەرێتەوە، زەحمەتە بتوانێت فێراری یان کاردانۆ ببەزێنێت. بۆیە بانگەوازەکەی رەتکردەوە. ئێستا پیاوێکی ژمارەیی ژمارە بچکۆلەیە، بەڵام کە سەیردەکات، کاردانۆ نەک هەر ماتماتیکناسێکی گەورەی نێوەندە زانستییەکانە، بەڵکو پزیشکێکی سەرکەوتوشە.

ئاڵوگۆڕی نامە لە نێوان تارتالیا و فیراریدا بۆ ساڵێک بەردەوام بو، سەرەنجام دوای بیرکردنەوەیەکی زۆر، تارتالیا بڕیاریدا، روبەڕوی نەک هەر فێراری، بەڵکو کاردانۆش بێتەوە. داوای لە فێراری کرد کە کاردانۆش بەشدار بێت لەم موبارەزە ماتماتیکییەدا. لە ساڵی 1548 دا، تارتالیا پۆستێکی مامۆستایی لە شارەکەی خۆی، برێشێا، بۆ هاتە پێشەوە، بەڵام، بۆ ئەوەی شایانی ئەو پۆستە بێت، پێویست بو بیسەلمێنێت کە لە جەبردا دەسەڵاتێکی نایابی هەیە. داوایان لە تارتالیا کرد بچێت بۆ میلان، لەوێ خۆی ململانێکەی لەگەڵ فیراریدا ساخ بکاتەوە.

لە 10 ئۆگەستی 1548 دا، پێشبڕکێکە لە باخی کڵێسەیەکدا ئەنجامدرا. تارتالیا ئەزمونێکی زۆری لەم بەزمەدا هەبو، چاوەڕوان بو بیباتەوە و سەرکەوێت. لە کۆتایی رۆژی یەکەمدا، شتەکە بە دڵی تارتالیا نەچوە پێشەوە. فیراری بە تەواوی وێنەیەکی جوان و ڕونی لەمەڕ هاوکێشە سێجاکان و چوارجاکان لە مێشکیدا هەبو. بە داخەوە تارتالیا بە بێ ئەوەی ململانێکە تەواوبێت، کۆڵیدا و میلانی بەجێهێشت و فێراری بە سەرکەوتو حسێب کرا. مەخابن، تارتالیا، پۆستەکەشی لە بریشیا وەرنەگرت.

تارتالیا، هەتا لە ژیندا بو رق و کینەی لە هەمبەر کاردانۆ نەشاردەوە، لە هەمو ناوەندێک گاڵتەی بە قودرەتی ماتماتیکی کاردانۆ دەکرد. هەرچەندە هاوکێشە سێجاکان لە لایەن تارتالیاوە حلکرابون، بەڵام پاداشەکە بە هی هەردوکیان، واتە کاردانۆ و تارتالیا حیساب دەکرێت. بەڵام تارتالیا، جگە لە هاوکێشە سێجاکان، لە ساڵی 1537 دا کتێبێکی لەسەر تۆپی جەنگ نوسی و ماتماتیکی تێدا خستەگەڕ. جگە لەمەش، یەکەم کەس بو لە ساڵی 1543 دا، بنەماکانی ئەکلیدسی تەرجەمە کردە سەر زمانی ئیتالی و برەوێکی گەرمی لە بازاڕی رۆشنفکریدا هەبو. لە ساڵی 1546 دا، کتێبەکەی خۆی بە ناوی ”داهێنان و پرسە جیاوازەکانی نیکۆلای تارتالیا”ی بە چاپ گەیاند. ئەمانە و گەلێک بەرهەمی ئەرکەمیدسی بە لاتین بڵاوکردەوە. بە داخەوە، ئەم پیاوە ماتماتیکناسە بە هەژاری ژیا و لە کۆتایی ژیانیدا لە ڤێنیس لە ساڵی 1557دا، بە کڵۆڵی سەری نایەوە و مرد.

کاردانۆ، جگە لە جەبر، بە داڕێژەری تیوری ئیحتیمالیەت هەژمارد دەکرێت، یەکەم ماتماتیکناس بو کە هاوکێشەی      کە ئەنجامەی ژمارە ئاڵۆزەکانە، تاووتوێکردوە، بەڵام رەتیکردەوە کە هیچ حلێکیان هەبێت.

لە باری پزیشکییەوە، بۆ ناوبانگ بوە دوەم پزیشکی ئەوروپا، شاکان و میرەکان هەمیشە چاویان لەسەر بەهرە و توانای بو. پادشای دانیمارک داوەتیکرد و گوتی ئەگەر ببێتە دکتۆری کۆشکەکەی ئەوا موچەیەکی نایابی بۆ فەراهەم دەکات. لە وەڵامدا، کاردانۆ گوتی تاقەتی وڵاتی ساردوسڕی وەکو دانیمارکی نییە. چەندەها پۆستی تری لە فەرەنسا، سکۆتلەندە و دەوڵەتانی تری ئەوروپاوە رەتکردەوە. تەنها دەیگوت ئامادەنییە ئیتاڵیا جێبهێڵێت. بەڵام لە ناکاو داوەتی جۆن هامیڵتن، سەرۆکی کڵێسەی سەینت ئەندروزی قبوڵکرد و گەیشتە سکۆتلەندە. هامیڵتۆن دە ساڵ بو نەخۆشی رەبوی بو، دەیان پزیشکی ناوداری ئەوروپی کۆڵیاندابو، ساڵ لە دوی ساڵ وەزعی خراپتر دەبو. هامیڵتۆن خۆی دابوە دەست خودا و هەستیکرد بە تەواوی لە مردن نزیک بوەتەوە. کە ناوی کاردانۆ دەبیستێت، وەعدی سەروەت و سامانێکی باشێ پێدەدا ئەگەر جەنابی تەشریف بهێنێت و جارەسەری بۆ بدۆزێتەوە.

کاردانۆ لە 25 شوباتی 1552 دا میلانی جێهێشت وبارگەی لێپێچایەوە بۆ سکۆتلەندە. لە مانگی حوزەیرانی هەمان ساڵدا گەیشت، وەک پادشا پێشوازی لێکرا. نزیکەی چوار مانگ لە خزمەتی هامیڵتۆندا مایەوە. کاتێک لە ناوەڕاستی ئەیلولدا ماڵئاوایی لێکرد، هامیڵتۆن بەرەو شیفا هەنگاوی دەنا. کاردانۆ دو هەزار لیرەی ئاڵتونی قبوڵکرد، بەڵام مانەوەی هەتاهەتایی رەتکردەوە و گوتی هەمو دونیا بە ئیتاڵیا ناگۆڕێتەوە.

 کە گەرایەوە چەندین کێشەی خێزانی بۆ هاتەئاراوە. بە تایبەت کاتێک کوڕە گەورەکەی مرد. لە ساڵی 1562 دا رویکردە قوتابخانەیەکی کۆن لە بۆڵۆننا بۆ ئەوەی دەرسی پزیشکی بڵێتەوە. رۆژێکیان بێ ئەوەی ئاگاداری هیچ بێت لەپڕ گیرا و راپێچی زیندان کرا. تۆمەتەکەی ئەوەبو کفری کردوە. پاش سێ مانگ، سوێندنامەیەکیان پێ پڕکردەوە کە ئەم روداوە لە هیچ شوێنێک باس نەکات. کەس نەیزانی هۆکاری ئەم گرتنە چیبو. دوای چەند ساڵێک دەستیکرد بە نوسینەوەی کتێبەکەی ” کتێبی ژیانم”، لێرەدا باس لەوە دەکات کە ئەو پسپۆڕییە پزیشکییەی ئەو هەیەتی تەنها قودرەتێکی ئیلاهییە (یارمەتییەکەی ئیلاهی” و هیچی تر. دیاربو ئەمەی بۆ رازیکردنی کڵێسە بو. لە تەمەنی هەفتا ساڵیدا بو ژمارەی کتێبەکانی گەیشتە هەژدە کتێب. دواییش چوە رۆما لای هاوڕێ باڵادەستەکانی، ئەوانیش واسیتەیان بۆ کرد لای پاپا.

هەندێک دەڵێن، کاردانۆ رۆژی مردنی خۆی پێشبینی کردبو کە ئەویش 20 ئەیلولی 1576 بو، بۆ ئەوەی بیسەلمێنێت کە پێشبینییەکەی راستە، دەڵێن لەو رۆژەدا، لە تەمەنی هەفتا و پێنچ ساڵیدا کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

کاردانۆ پزیشکێكی مەزن بو، بەڵام وەک ماتماتیکناسێکی نەمر ناوی چوە مێژوەوە.

شێرکۆ رەشید قادر    sherkodylan@gmail.com

سەرچاوەکان

  1. Swetz Frank J.. The European Mathematical Awakening: A Journey Through the History of Mathematics from 1000 to 1800. Dover Publications. Kindle Edition.
  2. . Stewart, Ian. Why Beauty Is Truth: The History of Symmetry. Basic Books. Kindle Edition
  3. Muir. Jane. Of Men and Numbers, Dover Publications. (1972)

 




نووسراوه‌ له‌لایه‌ن
Chenar

جەنگی جەبر: کاردانۆ و تارتالیا Reviewed by Unknown on 11:43:00 ص Rating: 5

ليست هناك تعليقات:

نموذج الاتصال

الاسم

بريد إلكتروني *

رسالة *

يتم التشغيل بواسطة Blogger.