منداڵێك به‌هۆی ڕوخسارییه‌وه له‌قوتابخانه وه‌رناگیرێت
لیا له‌ڕێگه‌ی قه‌ڵه‌مو كاغه‌زه‌كه‌ی ده‌ستیه‌وه به‌كێشانی وێنه جیاوازه‌كانی و هه‌ڵگرتنی جانتاكه‌ی به‌به‌رده‌وامی پیشانی ده‌دات كه حه‌زی له‌قوتابخانه‌یه, به‌ڵام وه‌ك ڕێبین محه‌مه‌دی باوكی ده‌ڵێت “سه‌ردانی سێ قوتابخانه‌م كردوه هیچیان وه‌ریان نه‌گرتوه‌و ته‌نانه‌ت پێشتریش بردومه بۆ دایه‌نگه‌و باخچه‌ی ساوایان ئه‌وانیش به‌هه‌مان شێوه وه‌ریان نه‌گرت، به‌ڵگه‌شم پێیه جارێك وتیان وه‌ره‌قه‌ی پارێزگار بهێنن و جارێكی تر وتیان ڕاپۆرتی پزیشكی بهێنن و یه‌كێكی تریشیان وتی منداڵه‌كانی تر لێی ده‌ترسن, بۆیه قسه‌و به‌ڵگه زۆره هیلاك بوین له‌بێ هه‌ڵوێستی”.
ئا: سروه جه‌مال
لیا له 19-3-2010 له‌شاری سلێمانی له‌دایك بوه, ئه‌و به‌زگماگی ده‌مو چاو له‌دایك بوه‌و هه‌ردو گوێی دروست نه‌بوه‌و چاوی ڕاستی ئیفلیجه به‌هۆی نه‌بونی ئێسك له‌لای ڕاستی ده‌مو چاوی شه‌ویلگه‌ی ده‌می ناڕێكه نه‌خۆشییه‌كه‌ی ناوی trecher collin cendrom)).
چاره‌سه‌ری نه‌خۆشییه‌كه‌ی لیا له‌ئه‌ڵمانیایه‌و به‌ڵام نه‌بونی ڕێگه‌نادات به ڕێبین محه‌مه‌د تا چاره‌سه‌ری كچه‌كه‌ی بكات “په‌یوه‌ندیم به‌چه‌ندین ده‌زگای حكومی و ئه‌هلییه‌وه كردوه, به‌ڵام تا ئێستا كه‌س به‌ده‌م داواكه‌مانه‌وه نه‌هاتوه, به‌خوا قه‌رزارین و كرێی سێ مانگی خانوو ئاو‌و كاره‌بامان نه‌یاوه, سێ مانگه بێ ئیشم پێشتر ته‌كسیم پێبو ئێستاخه‌ڵك هاوكاریم ده‌كات, له‌به‌رئه‌وه ناچارم گورچیله‌م بفرۆشم”.
لیا پێده‌نێته شه‌ش ساڵی ته‌مه‌نی و دایك و باوكی ده‌یانه‌وێت وه‌ك هه‌ر منداڵێكی تر بچێته قوتابخانه “سه‌رجه‌م پێداویستیه‌كانی قوتابخانه‌م بۆ كڕیوه, لیا زیره‌كیی و عاقڵیه‌كی تایبه‌تی هه‌یه كه خۆی له‌ئاستی كه‌سێكی گه‌وره‌یا ده‌بینێت هه‌روه‌ها زۆر شت له ئینته‌رنێت و موبایله‌وه فێربوه, به‌ڵام ئه‌و نه‌خۆشییه وای لێكردوه كه هه‌ست به كه‌می خۆی بكات به‌تایبه‌ت كه ده‌چێته به‌رده‌م ئاوێنه و ده‌بینێت گواره‌ی له گوێدانیه و به‌راوردی خۆی ئه‌كات له‌گه‌ڵ خوشكه‌كه‌ی كه گواره‌ی له گوێدایه”.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی لیا له‌قوتابخانه‌ی ئاسایی وه‌رنه‌گیراوه, به‌ڵام مامۆستایه‌ك به‌ناوی چانی هه‌ژار له‌ئه‌كاونتی تایبه‌تی خۆیه‌وه ئه‌وه‌ی ڕاگه‌یاندوه كه‌خۆبه‌خشانه وانه ده‌ڵێته‌وه به‌و منداڵه گه‌ر له‌قوتابخانه وه‌رنه‌گیرێت له هه‌مان كاتدا چه‌ندین مامۆستای تریش ئاماده‌یی خۆیان ده‌ربڕیوه كه خۆبه‌خشانه وانه به‌و منداڵه بڵێنه‌وه له‌به‌رامبه‌ردا ڕێبین محه‌مه‌د “سوپاسی هه‌موو ئه‌و مامۆستا دڵسۆزانه‌و هه‌ر كه‌سێك ده‌كه‌م كه نیه‌تی هاوكاری لیای هه‌یه به‌دڵ”.
هه‌رچه‌نده باوكی لیا هێشتا په‌یوه‌ندی به‌و په‌یمانگا تایبه‌تانه‌وه نه‌كردوه, به‌ڵام له‌كوردستان چه‌ند جێگه‌و په‌یمانگایه‌كی تایبه‌ت به‌كه‌سانی خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت هه‌یه‌و یه‌كێك له‌وانه په‌یمانگای هیوایه بۆ نابیستان له‌سلێمانی كه تێدا خوێندكاران به‌زمانی ئاماژه‌و هێماو جوڵه‌ی لێو فێرده‌كرێن و وه‌ك هه‌موو خوێندكارێكی ئاسایی قۆناغه‌كانی خوێندن به‌هه‌مان پڕۆگرامی خوێندنی په‌روه‌رده ته‌واوده‌كه‌ن.
به‌هار عه‌بدوڕه‌حیم نه‌جم, به‌ڕێوبه‌ری په‌یمانگای هیوا بۆ نابیستان له‌باره‌ی وه‌رگرتنی ئه‌و منداڵه‌وه له په‌یمانگاكه‌یان به ئاوێنه‌ی ڕاگه‌یاند”له‌به‌رئه‌وه‌ی له په‌یمانگاكه‌ی ئێمه به‌ئاماژه فێر ده‌بن, بۆیه ده‌بێت بینایی ته‌واوبێت چونكه گه‌ر وانه‌بێت به‌چی ببینێت وه هه‌روه‌ها بتوانێت ده‌ست و قاچی بجوڵێنێت و واته كه‌م ئه‌ندامی جه‌سته‌یی هه‌روه‌ها ژیری نه‌بێت, نابیست بێت ئه‌وا له‌لای ئێمه وه‌رئه‌گیرێت”.
نووسراوه له‌لایه‌ن
Parwarday Maxmur

ليست هناك تعليقات: