وەزارەتی دارایی داوای لیستی مووچە لەوەزارەتەكان دەکات بەبێ پاشكەوت
وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان داوای لە سەرجەم وەزارەتەکان کردووە کە لیستی مووچەی مانگی حوزەیرانیان بۆ بنێرن بەبێ دەستكاریكردنی مووچەی فەرمانبەران و وەزارەتەكانیش لیستەكەیان ناردووە.
بەگوێرەی هەواڵێک کە لە ماڵپەڕی دواڕۆژ بڵاوکراوەتەوە، هەفتەی رابردوو وەزارەتی دارایی و ئابووری بانگهێشتی نوێنەرو بەڕێوەبەری گشتیی داراییو ژمێریاری وەزارەتی كردووە بۆ كۆبوونەوە لەسەر سیستمی پاشەكەوتی مووچە.
پێنجشەممەی رابردوو 2017/7/6، كۆبوونەوەكە بەبەشداریی نوێنەرو بەڕێوەبەری گشتیی سەرجەم وەزارەت و دەستەكان كراوە.
بەپێی ئەو هەواڵە لە كۆبوونەوەكەدا باس لەوە كراوە كە حكومەت هەوڵدەدات دەستکاریی سیستمی پاشەكەوتی مووچە بكات، بۆیە داوا كراوە كە لیستی مووچەی مانگی حوزەیرانی 2017، بەبێ پاشەكەوتی مووچە ئاراستەی وەزارەتی دارایی بکەن.
لەو رووەشەوە د. خالس قادر، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی تەندروستی بە ماڵپەڕەکەی راگەیاندووە “نوێنەری وەزارەتی تەندروستی بەشداریی كۆبوونەوەكەی كردووەو داواكرا كە لیستی مووچەی مانگی حوزەیران بە بێ سیستمی پاشەكەوت ئاڕاستەی وەزارەت بكرێت”.
دەشڵێت: “لە كۆبوونەوەكەدا باس لەوەكراوە كە ئەم خشتەی مووچەیە بەبێ پاشەكەوت بۆ ئەوەیە كە بزانرێت بڕی چەندی پارە بۆ مووچە پێویستە تا خۆیان بۆ سیستمێكی تری دابەشكردنی مووچە ئامادەبكەن”.
بەختیار حەمەسوور، بەڕێوەبەری گشتی كارگێڕی و دارایی لە وەزارەتی كاروباری شەهیدانو ئەنفالكراوانیش راگەیاندووە “لیستی مووچەی مانگی حوزەیرانمان بەبێ پاشەكەوتی مووچە ئاراستەی گەنجینەكان كردووە”.
وتیشی “لەكۆبوونەوەكەدا داوا كراوە كە لیستی مووچە بەسیستمی بایۆمەتری جێبەجێبكرێت و تەنها ناوی ئەو فەرمانبەرانە بنێردرێت كە بایۆمەتریان كردووە”.
بەپێی ئەو زانیاریانەش کە لە وەزارەتی داراییەوە دراوە بەو ماڵپەڕە، دوای ئەوەی وەزارەتەكان لیستی نوێی مووچەی مانگی حوزەیرانیان ئاراستەی گەنجیەكان كرد، وەزارەتی دارایی و ئابووری كۆی گشتی ئەو پارەیەی بۆ مووچەی یەك مانگی مووچەخۆران بەبێ سیستمی پاشەكەوت پێویستە گفتوگۆی لەسەر دەكرێت لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی ژمێركارییەوەو پاشان بڕی پارەكە ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران دەكرێت بۆ بڕیاردان لەسەری.
لەكۆبوونەوەی دوێنێ 2017/7/8ی ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆمدا باسی سیستمی پاشەكەوتی مووچە لەگەڵ قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەت كراوەو ئەویش وتویەتی “هەوڵدەدرێت تا مانگی ئەیلولی ئەمساڵ دەستكاریی پاشەكەوتی مووچە بكرێت”.
نووسراوه لهلایهن
qasm srush

ليست هناك تعليقات: