Top Ad unit 728 × 90

ڕێكلامی بازرگانی (5000 / مانگانه‌)

Allow ADS

Please enable / Bitte aktiviere JavaScript!
Veuillez activer / Por favor activa el Javascript![ ? ]

كلیلی به‌خته‌وه‌ری

“هه‌موو رۆژێك گه‌شه‌ ده‌كه‌م، هه‌موو رۆژێك له‌ خه‌ونه‌كانم نزیكتر ده‌بمه‌وه‌، هه‌موو شتێك چاوه‌ڕێم ده‌كات”. ئه‌مه‌ قسه‌ی كچه‌ رووسێك بوو كه‌ له‌ نه‌وه‌ته‌كان له‌ ئه‌كادیمیای بالێ ده‌یخوێند.

– چۆن ئه‌م بڕوایه‌ت له‌لا دروست بوو؟
– ئه‌مه‌ ته‌نیا بڕوایه‌كی ساده‌ نییه‌، ئه‌مه‌ وێردی سه‌ر زارمه‌. به‌یانییان ئه‌م گوزاره‌یه‌ له‌گه‌ڵ خۆم دووپات ده‌كه‌مه‌وه‌.
ئه‌م قوتابییه‌ رۆژانه‌ پلانی مه‌شق و راهێنانێكی زۆر سه‌خت و دژواری پیاده‌ ده‌كرد.
– به‌یانییان كه‌ له‌ خه‌و هه‌ڵده‌ستم، ئه‌م گوزاره‌یه‌ وه‌كو وێرد، وه‌كو نوێژ له‌گه‌ڵ خۆمدا دووپات ده‌كه‌مه‌وه‌، من ئێستا قوتابیی بالێم، هه‌ر له‌ منداڵییه‌وه‌ مه‌شق و راهێنان له‌سه‌ر سه‌مای بالێ ده‌كه‌م، ئه‌گه‌ر ئه‌و مه‌شق و راهێنانه‌ سه‌خته‌ی ئه‌و ساڵانه‌ نه‌بایه‌، هه‌رگیز له‌ ئه‌كادیمیای بالێ وه‌رنه‌ده‌گیرام.

-سه‌ركه‌وتنت له‌ تاقیكردنه‌وه‌ی ئاكادیمیا چی ده‌گه‌یه‌نێت بۆ تۆ؟

-كلیلی به‌خته‌وه‌ریی ژیان… سه‌ما بۆ من ریتمی گه‌ردوون و لێدانی دڵ و ترپه‌ی ژیانه‌، راسته‌ من قوتابیی زانكۆم، به‌ڵام به‌ر له‌ هه‌موو شتێك من قوتابیی هونه‌رم، واته‌ قوتابیی داهێنانم. زۆر جار ته‌نانه‌ت به‌ده‌م رێگاوه‌، ئه‌م وێرده‌ له‌گه‌ڵ خۆمدا دووپات ده‌كه‌مه‌وه‌، كه‌ من ده‌بێ ئاماده‌یی ته‌واوم تێدا هه‌بێت بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی هه‌موو كۆسپ و كێشه‌ و ناخۆشییه‌كی ژیان، بۆ قبووڵكردنی ده‌ستكورتی و هه‌ژاری و ناخۆشییه‌كانی ژیان. كێشه‌كان وه‌كو شاخه‌به‌رد دێنمه‌ پش چاوی خۆم، ئه‌مجا ئه‌وه‌یش وێنا ده‌كه‌م، كه‌ چۆن به‌ سه‌ریاندا، به‌رد پاش به‌رد، سه‌رده‌كه‌وم.
پێم سه‌یر بوو، ئه‌م كچۆڵه‌ رووسه‌ قوتابییه‌ی سه‌مای بالێ، به‌م شێوه‌یه‌، به‌م ویست و هێزی ده‌روونه‌وه‌ باس له‌ نه‌خشه‌ڕێگه‌ی ئایینده‌ی خۆی بكات، سه‌ركه‌وتن و گه‌یشتن به‌ ئامانج بكات به‌ نوێژ و وێرد و سرووتی رۆژانه‌. من بۆ خۆم، پاش ئه‌زموونی چل ساڵ ته‌مه‌نم په‌ند و وانه‌یه‌كی گه‌وره‌م له‌ كچۆڵه‌ قوتابییه‌وه‌ وه‌رگرت، وانه‌یه‌ك نه‌ك ته‌نیا له‌ هونه‌ردا، بگره‌ وانه‌یه‌ك بۆ سه‌رتاسه‌ری ژیان. له‌وه‌یش گه‌یشتم كه‌ رووسه‌كان بۆچی توانییان كولتوور و ئه‌ده‌ب و هونه‌رێكی ئینسانیی مه‌زن بۆ جیهان بڕه‌خسێنن.
پاش بیست ساڵ له‌و دیداره‌ و ناسینی ئه‌و كچه‌ هونه‌رمه‌نده‌، زۆر جار كه‌ باسی هونه‌ر بۆ قوتابییه‌كانم ده‌كه‌م، ده‌مه‌وێت له‌و راستییه‌ بگه‌ن، كه‌ هونه‌ر ده‌بێت سه‌ت له‌ سه‌ت خۆتی پێ ببه‌خشیت، سه‌ت له‌ سه‌ت خۆتی بۆ ته‌رخان بكه‌یت، ئه‌وجا ده‌گه‌یت به‌ مه‌رام، له‌ هه‌موو ئه‌م پرۆسه‌یه‌دا ئه‌و كچه‌ قوتابییه‌م له‌ خه‌یاڵدایه‌، كه‌ زۆربه‌ی رۆژه‌كان، له‌ سه‌رده‌می سه‌رۆكایه‌تیی گۆرباچۆڤدا، ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی كه‌ برسیتی و ده‌ستكورتی و نه‌داری باڵی به‌سه‌ر هه‌موو یه‌كێتیی سۆڤیه‌تدا كێشابوو، بۆیه‌ ئه‌م قوتابییه‌ وه‌كو ملیۆنه‌ها قوتابیی رووسیا، خۆی به‌ په‌تاته‌ و نان و شۆربا تێر ده‌كرد.
له‌م رۆژانه‌دا له‌ رێگه‌ی فه‌یسبووكه‌وه‌، پاش بیست ساڵ، جارێكی دیكه‌ بووینه‌وه‌ به‌ هاوڕێ. باسی ژیانی خۆی بۆ كردم، كه‌ چۆن ئێستا ئه‌زموونێكی ده‌وڵه‌مه‌ندی هه‌یه‌، له‌ شانۆ سه‌ره‌كییه‌كانی له‌نده‌ن و میلانۆ و سیدنی و شیكاگۆ گرێبه‌ست دوای گرێبه‌ستی بۆ ده‌كه‌ن، له‌سه‌ر شانۆ گرنگه‌كانی جیهان كار ده‌كات.
لێم پرسی: كه‌واته‌ ئێستا په‌تاته‌ و شۆربا ناخۆیت؟

-نه‌خێر، به‌ڵام ئێستایش تاسه‌ی په‌تاته‌ كوڵاوه‌كه‌ی پیته‌ربۆرگ ده‌كه‌م. ئه‌ی تۆ ئێستا له‌ كوێ كار ده‌كه‌یت؟
– من ئێستا مامۆستای وانه‌بێژم له‌ به‌شی شانۆی كۆلێژی هونه‌ردا.
-مامۆستای هونه‌ر ئه‌ركێكی گه‌لێك گرنگی له‌سه‌ر شانه‌.

-راسته‌! به‌ڵام بریا هه‌موو قوتابییه‌ك، هه‌روه‌كو خۆت كه‌ قوتابی بوویت، له‌ ئه‌ركی هونه‌ر به‌قووڵی تێبگات، له‌وه‌ تێبگات كه‌ هونه‌ر له‌ بڕوانامه‌ و نمره‌كان گرنگتره‌، هونه‌ر داهێنانه‌، داهێنانیش جه‌وهه‌ری ژیانه‌..
داهێنان سنووری نییه‌، داهێنان چونكه‌ زاده‌ی خه‌یاڵ و ئه‌ندێشه‌ی چاكه‌، هیچ چوارچێوه‌یه‌ك ناتوانێت سنوورداری بكات، له‌ هه‌ر كوێ بیت و له‌ هه‌ر كاتێكدا بێت، ده‌توانیت شێوازێكی داهێنه‌رانه‌، چێژ و تامی ئاسووده‌یی و خۆشی بۆ خۆت ساز بكه‌یت.

هیچ دیارییه‌ك له‌وه‌ به‌هادارتر نییه‌ كه‌ قوتابی هونه‌ر بیت. چونكه‌ ته‌واو داهێنه‌رانه‌ و پۆزتیڤانه‌ ته‌ماشای ژیان ده‌كه‌یت.

ئه‌مه‌یش ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی چه‌ند پۆزتیڤانه‌ ته‌ماشای هونه‌ر ده‌كه‌یت، چه‌ند هونه‌رت وه‌كو هونه‌ر خۆش ده‌وێت! وه‌كو ستانیسلاڤسكی رێبه‌ری گه‌وره‌ی شانۆ ده‌ڵێت: چه‌ند هونه‌رت له‌ خۆتدا خۆش ده‌وێت، نه‌ك چه‌ند خۆتت له‌ هونه‌ردا خۆش ده‌وێت.
پێم گوت: ئه‌ی ئێستا، ئێستا كه‌ ئه‌ستێره‌یه‌كی گه‌شی جیهانی سه‌مای بالێیت، له‌سه‌ر شانۆ گه‌وره‌كانی جیهان نمایش ده‌كه‌یت، چیت هه‌یه‌ بۆ قوتابییانی شانۆ؟ چ په‌ند و وانه‌یه‌ك له‌ هه‌مووی گرنگتره‌، چی بكه‌ن به‌ وێرد و سرووتی رۆژانه‌یان؟
به‌كورتی: قوتابیی هونه‌ر ده‌بێت ئه‌وه‌ له‌به‌رچاو بگرێت كه‌ سه‌ركه‌وتن نزیكه‌ له‌وه‌وه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ سووچێكی ژووره‌كه‌یدا بێت، به‌ڵام گه‌یشتن به‌و سووچه‌ هه‌رچه‌نده‌ نزیكه‌ هه‌روا ئاسان نییه‌. ده‌بێت قوتابی خۆی به‌ شایسته‌ی ئه‌و سه‌ركه‌وتنه‌ بزانێت، بوێرێت هه‌ڵه‌ بكات، به‌ڵام دووباره‌ی نه‌كاته‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی فێر ببێت، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ست بكات كه‌ رۆژ دوای رۆژ به‌ره‌وپێشه‌وه‌ ده‌چێت. بۆ جیێبه‌جێكردنی هه‌موو ئه‌م نه‌خشه‌یه‌، ده‌بێت ده‌ست له‌ گله‌یی و گازنده‌ هه‌ڵگرێت، هه‌ستی بێئۆمێدی و نه‌هامه‌تی له‌ خۆیدا نه‌هێڵێت، چونكه‌ ره‌شبینی هه‌ستێكی رووخێنه‌ره‌ و هه‌موو سه‌ركه‌وتنێك ده‌به‌زێنێت، با هه‌موو كێشه‌كانیان، ئاسته‌نگه‌كانیان به‌ كار و كۆششی به‌رده‌وام بته‌نن.
ناوی ئه‌م كچه‌ قوتابییه‌، كه‌ ئێستا هونه‌رمه‌ندێكی به‌ناوبانگی جیهانییه‌، نادركێنم، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ناوی سێ خۆشكه‌كه‌ی شانۆنامه‌ی (سێ خوشكه‌كه‌ی چێخۆڤ)تان له‌بیر بێت (ماشا و ئیرینا و ناتاشا)، ناوی ئه‌و یه‌كێكه‌ له‌و سێ ناوه‌.



نووسراوه‌ له‌لایه‌ن
Parwarday Maxmur

كلیلی به‌خته‌وه‌ری Reviewed by Xwendga Kurdish on 10:23:00 ص Rating: 5

ليست هناك تعليقات:

نموذج الاتصال

الاسم

بريد إلكتروني *

رسالة *

يتم التشغيل بواسطة Blogger.