وتارێك بۆ قوتابییه‌كانم
ویلیا‌م ئارسه‌ر (1921-1994) كه نووسه‌رێكی ئه‌كادیمیی ئەمەریکاییه ده‌ڵێت: مرۆ هه‌رگیز پلان بۆ نوشستی داناڕێژێت، مرۆ پلان بۆ سه‌ركه‌وتن داده‌نێت.
من یه‌كێكم له‌و كه‌سانه‌ی كه ژیان و ئه‌نجامه‌كانی ژیانم به‌م پێیه بردووه‌ته سه‌ر. ژیان په‌یژه‌ی ئامانجه‌كانمه، هه‌ر به‌م شێوه‌یه‌ش ته‌ماشای ئاینده‌م كردووه.
ئامانجه‌كانم..پلانه‌كانم، هه‌میشه هه‌وڵم داوه، نه‌خشه‌كانم وه‌كو ئاوێنه‌یه‌كی ڕوون و زوڵاڵ خۆیان له ئه‌ندێشه‌مدا بنوێنن. پێم وایه ئه‌م بیركردنه‌وه‌یه هه‌ر له سه‌رده‌می هۆش و فام و ئاگاییمه‌وه بووه به میكانیزمی ژیانم.
كه باس له متمانه ده‌كرێت، پرسیارێك ئاراسته‌ی ئه‌و كه‌سه ده‌كه‌م، نه‌خشه و پلانت هه‌یه؟ ئه‌گه‌ر هه‌ن، نه‌خشه و پلانه‌كانت چین و كامانه‌ن؟ ڕوانگه و دیدگات چییه؟
ده‌ستنیشانكردنی ئامانجه‌كانی ژیانت وه‌كو نه‌خشه‌ڕێگه‌ی گه‌شتیارێك وایه، كه به‌رله‌وه‌ی ده‌ست به گه‌شته‌كه‌ی بكات بزانێت بۆ كوێ ده‌ڕوات، له‌وه‌ش گرینگتر ئه‌وه‌یه بزانێت كام ڕێگه ده‌گرێته به‌ر، به چه‌ند وێستگه‌دا گوزه‌ر ده‌كات. ئه‌گه‌ر دیدگای ڕوونت نه‌بێت، قسه‌كردن له‌سه‌ر متمانه بێهووده‌ییه، ئه‌و كه‌سه‌ی خاوه‌نی دیدگا نه‌بێت، هه‌روه‌كو هێلین كێله‌ر (1880-1968)ی نووسه‌ری ئەمەریکایی ده‌ڵێت: خراپترین كه‌س ئه‌وه‌یه كه بینایی هه‌بێت، به‌ڵام دیدگای نه‌بێت. بایه‌خی ئه‌م قسه‌یه له‌وه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت، كه هێلین كێله‌ر خۆی هه‌ر له ته‌مه‌نی نۆزده مانگییه‌وه، هه‌م كه‌ڕ بوو هه‌میش نابینا بوو، به‌ڵام داهێنه‌رێكی مه‌زن بوو، نووسه‌ر و ئه‌كادیمی و چاكسازی كۆمه‌ڵایه‌تیش بوو، كێله‌ر توانی هه‌موو ئه‌م ده‌ستكه‌وت و پله‌ی به‌رزانه له داهێناندا به‌ده‌ست بێنێت، چونكه خاوه‌نی ڕوانگه و دیدگا بوو، ئه‌مجا خاوه‌نی ئامانج و نه‌خشه و پلان بوو.
ئه‌ی تۆ؟ تۆش هه‌موو جارێك كه ده‌گه‌یته وێستگه‌گه‌یه‌كی دیكه‌ی سه‌ر نه‌خشه‌كه‌ت، هه‌ست به ئاسووده‌یی ده‌كه‌یت، ده‌زانیت كه قۆناخێكت بڕیوه و به‌شێكت له ئامانجه‌كانت به‌ده‌ست هێناوه، یان هه‌ر نه‌بێت مه‌به‌ستێكت پێكاوه.
ئه‌گه‌ر به ڕووكه‌ش ته‌ماشای ده‌ستنیشانكردنی ئامانجه‌كانت بكه‌یت، بۆت ده‌رده‌كه‌وێت كه هه‌موو قۆناخێكی نه‌خشه‌ڕێگه‌كه‌ت سه‌ركه‌وتنێكی كاتییه، ئه‌مه وه‌كو ڕواڵه‌ت وایه، به‌ڵام ڕاستییه‌كی دیكه كه زۆر له‌وه گرینگتره، ئه‌وه‌یه كه ده‌ستنیشانكردنی هه‌ر ئامانج و پلانێتكت و پاشان به ئه‌نجام گه‌یاندیان، كاریگه‌رییه‌كی گه‌لێك ئه‌رێنیی له‌سه‌ر نه‌ست و ئاگاییت هه‌یه. ئه‌م لایه‌نه گاریگه‌ریی و كارتێكردنێكی ئۆتۆماتیكییانه‌ی له‌سه‌ر پلانی ڕۆژانه‌ت هه‌یه و وات لێ ده‌كات كه كاراتر و به‌جۆشتر دوای پلانه‌كانی ژیانت بكه‌ویت، ئه‌وده‌م پلان و نه‌خشه‌كانت ده‌بن به په‌یژه‌ی پێشه‌كه‌وتنی ژیانی ڕۆژانه‌ت، چونكه نه‌خشه‌كانت له پانتایی بێ سنووری نه‌ستدا ڕه‌گیان داكوتاوه.
ئه‌مه هانده‌ر و پاڵنه‌ره، وات لێ ده‌كات هه‌نگاوی گه‌وره‌تر بنێیت، به‌رهه‌م و داهێنانی پتر ئه‌نجام بده‌یت.
هنری فۆرد (1863-1947)ی داهێنه‌ری فابریكه‌كانی ئۆتومۆبیلی فورد، یه‌كێك له هه‌ره ده‌وڵه‌مه‌نده سه‌ركه‌وتووه‌كانی جیهان، ده‌لێت: هیچ شتێك ئه‌وه‌نده سه‌خت نییه، ئه‌گه‌ر دابه‌شی بكه‌یت به‌سه‌ر كاری ورد.
ئه‌م میكانیزمه بۆ ژیانی گه‌لێك گرینگ.
من خۆم یه‌كێكم له‌و كه‌سانه‌ی كه ژیان و ئه‌نجامه‌كانی ژیانم به‌م پێیه بردووه‌ته سه‌ر. ژیان په‌یژه‌ی ئامانجه‌كانمه و هه‌ر به‌م شێوه‌یه‌ش ته‌ماشای ئاینده‌م كردووه.
ئه‌م میكانیزمه به‌رده‌وام یارمه‌تیی داوم ئامانجی نوێ جێبه‌جێ بكه‌م، ئامانجی نوێتر بكه‌م به مه‌به‌ست و نه‌خشه و پلانی جێبه‌جێكردن و كاتی پێویستیان بۆ ته‌رخان بكه‌م. ئه‌مه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه ئه‌گه‌ر به‌م میكانیزمه كار بكه‌یت، تاكو دێت كاتێكی كه‌مترت پێویست ده‌بێت. تاكو دێت باشتر و كاراتر مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ كاتدا ده‌كه‌یت، چونكه تاكو زیاتر ئه‌مانجه‌كانت به‌دی بهێنیت زیاتر له نرخی كات تێ ده‌گه‌یت، چیتر وه‌كو جاران كات به‌فیڕۆ ناده‌یت.
كه بیر له ئامانجه‌كانت ده‌كه‌یته‌وه، سا ئامانجی ئێستا و نزیك بن، یان ئامانجی ئاینده و دوور بن، سێ پرسیار له خۆت بكه:
یه‌كه‌م: ده‌ته‌وێت چی به ئه‌نجام بگه‌یه‌نیت؟ چۆن به ئه‌نجامیان ده‌گه‌ێنیت؟ واته به چ شێوه‌یه‌ك به ئه‌نجامیان ده‌گه‌یه‌نیت؟ نه‌خشه و پلانه‌كانت چین؟
پرسیاری دووه‌م:
چ میكانیزمێك بۆ به‌دیهێنانیان ده‌گریته به‌ر؟
بۆ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره، باشتر وایه هه‌میشه ئاوڕ له ڕابووردوو و ئه‌زموونی جارانت بده‌یته‌وه. به شێوه‌یه‌ك كه تازه‌كردنه‌وه و داهێنانیان تێدا بكه‌یت.
پرسیاری سێیه‌م كه زۆر گرینگه: له ماوه‌ی چه‌ندا ده‌ته‌وێت ئه‌و ئامانجه‌ت به‌دی بێنیت؟ چه‌ند كات و ماوه بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌و ئامانجه داده‌نێیت؟ سه‌رنج بده، ئه‌م لایه‌نه پێویستی به دیسپلین و خۆڕاگری و ئاگاییه‌كی زۆره، نابێ به هیچ شێوه‌یه‌ك هۆكار و ئامرازی كات فه‌رامۆش بكرێت.
ئه‌گه‌ر كاتت فه‌رامۆش كرد، ئه‌وا ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ش دێته ئاراوه كه ئامانجه‌كه‌شت، هه‌رچه‌نده گرینگ بێت، فه‌رامۆش بكه‌یت. ئه‌گه‌ر ئامانجه‌كانت پێبه‌ست نه‌كه‌یت به كاتێكی دیاریكراوه‌وه، ئه‌وا ئه‌نجامدانیان زۆر دوورن. من خۆم كه‌سانێك ده‌ناسم ساڵانێكه باس له خه‌ونێكی گه‌وره‌ی ته‌مه‌نی خۆیان ده‌كه‌ن، كه ده‌كرا بیست ساڵ پێش ئێستا جێبه‌جێی بكه‌ن، به‌ڵام تاكو ئێستا هه‌ر باس له‌و ئامانجه‌ی ژیانیان ده‌كه‌ن. له‌ڕاستیشدا ته‌نیا كاته كه بۆمانی ده‌سه‌لمێنێت كه جێبه‌جێكردنی هیچ پلانێك مه‌حاڵ نییه، ته‌نیا ئه‌گه‌ر له به‌كارهێنانی كاتدا زیره‌ك، ئه‌گه‌ر بزانین سوود له كات وه‌ربگرین و به‌فیڕۆی نه‌ده‌ین:
وه‌كو بۆب گۆدارد (1882-1945)ی زانای فیزیكی ئەمەریکایی ده‌ڵێت: زه‌حمه‌ته بزانین مه‌حاڵ چییه، چونكه خه‌ونه‌كانی دوێنێ هیوای ئه‌مڕۆن و واقیعی سبه‌ینێن.
نووسراوه له‌لایه‌ن
Parwarday Maxmur

ليست هناك تعليقات: