Top Ad unit 728 × 90

ڕێكلامی بازرگانی (5000 / مانگانه‌)

جۆرەکانی ڕستە

جۆرەکانی ڕستە 

 د.کەمال میراودەلى


٤- جۆرەکانی ڕستە :
بە پێی شێوەکاریی ڕستە واتە شێوەی ریزکردنی ڕێزمانیی وشەکان و پێوەندی نێوانیان ، سێ جۆر ڕستەمان هەیە :
ڕستەی سادە simple sentence
ڕستەی لێکدراو compound sentence
ڕستەی ئاڵؤز complex sentence
هەندێ جۆرێکی تر زیاد دەکەن کە لێکدراوی ئاڵؤزە . compound-complex
بەڵام وەک دەبینین ناوەکە تەنیا دووبارەکردنەوەو تێکەڵکردنی جۆری دووەم و سێیەمە ، ئەمەش بەشیکە لە ئالؤزی زمان کە دەشێت لە ڕستەیەکدا سادەو لێکدراوو ئاڵۆز کۆدەبێتەوە .
٤.١ ڕستەی سادە
سەرنجی ئەم رستانە بدە :
ئازاد ئەسپەکەی ئاودا .
شیرین حەزی لە سێوە
برایێ من پێنج ساڵی یە .
ئەو میوانانە کێن ؟
ئەم مۆبایلەت لە کوێ کڕیوە ؟
کارێکی باشت نەکرد !
ئەمڕۆ زۆر دڵخۆش دیاری !
ئاخ ! چەند خەفەتم پێیەوە خوارد!
لێرە دانیشە .
وەڵاتێ کوردان کوردستان ـە .
ڕەوشا مرۆڤێن مە قەت نەباشە .
ئاماوە [ هاتەوە ] وەهار، وەهاری شادیی [ مەولەوی]
ئەم زمانێ خوە باش بزانیبین .
ئەمجار سەخت تەرەن زامم جە جاران . [ مەولەوی]
ئەمانە هەموویان ڕستەی سادەن . ڕستەی تەواوی سەربەخۆن ، بیرێک دەردەبڕن کە راگەیاندن ، پرسیار، سەرسامی یان فەرمان و داخوازیی دەگەیەنێت ، ئەوەی دەیانکات بە سادە ئەوەیە کە تەنیا یەک کرداریان تێدایە ، هەر ڕستەیەک کردارێکی زیاتر تێدا بوو سادە نامێنێت ..
کەواتە رستەی سادە لە تاکە پێڕستەیەکی مانابەخش پێکدێت کە
یەک بکەرو بەروتاری تێدایە . [ دوایی پێناسەی ئەم زاراوانە دەکەین ]
فەرهەنگی ئینگلیزیی ئۆکسفۆرد ئاوا پێناسەی ڕستەی سادە دەکات :
ڕستەیەکە کە تەنیا لە یەک پێڕستە پێک دێت کە یەک تاکە بکەرو بەروتاری تێدا هەیە .
A sentence consisting of only one clause, with a single subject and predicate.
فەرهەنگی کامبریج ئاوا پێناسەی ڕستەی سادە دەکات :
a sentence that has only one verb
ڕستەی سادە ڕستەیەکە کە تەنیا یەک کرداری هەیە .
نموونەی زیاتری ڕستەی سادە :
١. من کوردم .
٢. من کوردو کوردستانییم .
٣. من کوردو کوردزمان و کوردستانییم
٤. وەلاتێ مە پڕ خوەشە
٥. ئاخا وەڵاتێ شیرین ـە .
٦. نامەی دۆستانەت یاوا .
٧.دڵە، راگەکەت خەیلێ تاریکەن [ مەولەوی ]
٨. رای نەجات یەکجار باریک مەوینوون ( دەبینم ) [ مەولەوی ]
ئەو زاراوانەی دەبێ فێریان بیت :
ڕستەی سادە ، پێڕستە ، کردار، بکەر
3 – 4 — ڕستەی لێکدراو
دوو ڕستەی سادەی سەربەخۆی وەك ئەوانەی سەرەوە دەشێ بە هاولکی وەك ( و ) ، ( بەڵام ) ، ( یان) لێکبدرێن و ببنە یەك ڕستەی لێکدراو .
1- شیرین حەزی لە سێوە .
2- ئازاد حەزی لە هەنارە .
٣ – شیرین حەزی لە سێوە و ئازاد حەزی لە هەنارە
3- شیرین حەزی لە سێوە بەڵام ئازاد حەزی لە هەنارە .
4 – شیرین حەزی لە سێوە بەڵام حەزی لە هەنار نییە .
٥ – شیرین یان حەزی لە سێوە یان حەزی لە هەنارە .
٦ – شیرین نە حەزی لە سێوە نە لە هەنارە .
٧ – شیرین حەزی لە هەنار نییە، بۆیە سێوی کڕی .
٨ – شیرین دوو سێوی خوارد، هێشتا حەزی لە هی ترە .
ڕستەی یەکەم و دووەم : ڕستەی سادەن .
ڕستەی ٨،٧،٦،٥،٤،٣ : ڕستەی لێکدراون .
وشەکان کە خەتیان بە ژێردا هاتووە : [ و، بەڵام ، یان ، نە … نە ، بۆیە ، هێشتا ] پێیان دەوترێ هاولک . واتە دوو لک ، دوو ڕستە لێک دەدەن . بۆیە ڕستە نوێکەش بە لێکدراو ناو دەبەین .
بە کورتی :
١ – لە کاتێکدا ڕستەی سادە یەک بکەرو بەروتاری تێدایە ڕستەی لێکدراو لە بکەرو بەروتارێک زیاتری تێدایە .
لە فەرهەنگی ئینگلییزی ئۆکسفۆرد دا ڕستەی لێکدراو ئاوا پێناسە کراوە :
A sentence with more than one subject or predicate.
ڕستەیەکە کە زیاتر لە یەک بکەر یان بەروتاری تێدایە .
٢ – ڕستەی لێکدراو بە هۆی هاولک [ ئامرازی لێکدان ] ەوە دووڕستە لێک دەدا کە سەربەخۆیی خۆیان واتە کرداری خۆیان دەپارێزن
٤ – هاولکەکان وەک : و ، بەڵام ، هێشتا ، بۆیە ، کەوایە ، بەڵکو، بەشکم ، نە … نە ، یان … یان
منیش نانم نەخواردووە کەوایە با بچین بۆ خۆرگە .
منیش نانم نەخواردووە : ڕستەی سادەی یەکەم
کەوایە : هاولک
با بچین بۆ خۆرگە : ڕستەی سادەی دووەم
ئەو زاراوانەی دەبێ فێریان بیت :
ڕستەی سادە ، ڕستەی لێکدراو ، هاولک ، بکەر، بەروتار
2.3 – ڕستەی ئاڵۆز :
ڕستەی ئاڵۆز ڕستەیەکی سەرەکی یە کە شێوە ڕستەیەکی تر یان زیاتری لەگەڵە .
لە فەرهەنگی زمانی ئینگلیزییدا ڕستەی ئالۆز ئاوا پێناسە کراوە :
. A sentence that contains one main clause or independent clause and at least one subordinate clause or dependent clause : “Although I am tired (subordinate clause), I want to go to the midnight movie (main clause.)
واتە ڕستەیەک کە یەک پێڕستەی سەرەکیی یان سەربەست و ، بەلای کەمەوە یەک بپێڕستەی بەرڕستە یان پشتبەست [ نا سەربەخۆ] ی تێدا ىێت . وەک :
هەرچەندە من ماندوو بووم [ پێڕستە ] ، دەخوازم بچم بۆ فلیمی سینەمای نیوەشەو . [ سەرڕستە ، ڕستەی سەرەکی ]
سەرنجی ئەم ڕستەیە بدە :
شیرین هەموو هەینییەک سەبەتەیەک سێو دەکڕێت چونکە زۆر حەزی لە سێوخواردنە .
بەم ڕستەیە دەڵێین ئالۆز چونکە لە سادەیی و یەکسەرییبوونی ماناو داڕشتنی رستەی سادە [ یەک رستەی سەربەخۆی یەک کرداریی ] و رستەی لێکدراوو [ دوو ڕستەی سەربەخۆ کە داڕشتەو مانای خۆیان پاراستووەو تەنیا بە هاولکێک پێکەوە بەستراون / لێکدراون ] دوور دەکەوینەوەو پێویستیمان بە وردبوونەوەی پتر هەیە بۆ زانینی داڕشتەی رستەکەو تێگەیشتنی پێوەندیی رێزمانیی و مانایی وشەکان .
کە بە وردیی سەرنجی ئەم ڕستەیە بدەین دەبینین دوو ڕستەمان هەن :
شیرین هەموو هەینییەک سەبەتەیەک سێو دەکڕێت .
[ چونکە ] شیرین زۆر حەزی لە سێوخواردنە .
بەلام پێوەندی نێوانیان لێکدراو نییە، بەڵکو ڕستەیەکیان بۆ روونکردنەوەی ماناکەی و پێوەندی بە ڕستەکەی ترەوە پشت بە ئامرازیکی تایبەت دەبەستێ کە ( چونکە ) یە . ئەمە ئاڵۆزیی پێوەندیی و داڕشتن دروست دەکات و زمان دەخاتە ئاستی لۆجیکی ماناو ئامانجەوە کە تەنیا مرۆڤ وەک هوشیاریی لە کارەکانی خۆی هەیەتی . لێرەدا [ چونکە ] پێوەندیی هۆ یان هۆکاریی روون دەکاتەوە ، پێوەندی حەز لە نێوان شیرین و سێودا .
کە سەیری داڕشتنەکەش بکەین دەبینین :
رستەیەکیان تەواو لە سەر پێی خۆی وەک پەیکەری رستەی سادە وەستاوەو گەر لە بەشەکەی تریشی جیاکەینەوە مانای تەواوی هەیەو تێیدەگەین :
شیرین هەموو هەینییەک سەبەتەیەک سێو دەکڕێت .
گەر رستەکە هەر ئاوا بووایەو بەشی دووەمی نەبایە ، بەلامانەوە ئاسایی ىوو چونکە ئەمە ڕستەیەکی سادەو تەواوەو مانای تەواو بەدەستەوە دەدات . بۆیە ئەم بەشە پێی دەوترێ پێڕستەی سەرەکی سەربەست یان سەرڕستە .
[ واتە هەردوو بەشەکان شێوەڕستەن کە پێیان دەڵێین پێڕستە ؛ clause
چونکە بەشداردەبن لە رستنی یان داڕشتنی دوایی رستەکەدا .]
بەڵام رستەی دووەم کە بە [ چونکە ] دەست پێدەکات وا نییە :
چونکە حەزی لە سێوخواردنە .
گەر کەسێک تەنیا ئەمە بڵێ : تۆ سەرسام دەبی ، بەبێ بەشی یەکەم ، پێڕستەی یەکەم ، ماناکەی تەواو نییە . ئەو ئاڵۆزییەش هاولکی بەرخەری [ چونکە ] دروستی کردووە ، کە پێوەندییەکی ماناییی هۆکاریی تایبەتی لە نێوان مرۆڤ و سێو و حەزی مرۆڤ و کارکردنی لە سەر بەدیهاتنی حەزەکەی دادەمەزرێنێت .
بەم بەشە پێڕستەیان دەڵێین بەر- ڕستە چونکە خراەوەتە بەردەسەڵاتی سەرڕستە بۆ تەواو کردنی ماناکەی .
نموونەیەکی تر :
کە میوانەکان گەیشتن ، ئێمە خێرا بە پیریانەوە چووین .
لێرەدا دوو شێوە – ڕستەمان هەن :
پیڕستەی سەرەکی یان سەرڕستە : ئێمە خێرا بە پیریانەوە چووین
شێوەرستەیەک کە بەرڕستەیە : کە میوانەکان گەیشتن ،
ئەمەش شێوە ڕستەیە چونکە بکەر ( میوانەکان ) و کردار ( گەیشتن ) ی تێدایە . کاتێ پێڕستە لە پێشەوە دێت ، لە کۆتایی پێڕستەکەدا دەبێ فاریزە دابنرێت .
ئێمە بەم جۆرە شێوە داڕشتنەی ڕستە لەناو ڕستەدا دەڵێین : پێڕستە .
پێڕستەیەکی سەرەکیی تێدایە کە پیی دەڵێین سەرڕستە و پێڕستەیەک یان زیاتری تێدایە کە پێیان دەلێین بەرڕستە
واتە هەموو رستەیەکی ئاڵۆز پێک دێت لە دوو پێڕستە :
سەرڕستە main clause
بەر ڕستە subordinate clause
ئاڵؤزییەکە لەوەوە دەستپێدەکات کە دەشێ لە یەک ڕستەدا زیاترلەیەک سەر ڕستەو زیاتر لەیەک بەرڕستەمان هەبن و سەرلێدەرکردنیان ئاسان نەبێت . وەک :
بەرلەوەی زەنگ لێ بدات قوتابییەکان ، بێ گوێدانە ئەوەی کە مامۆستا هێشتا وانەکەی تەواونەکردبوو ، چوونە دەرەوە و بە قیژەقیژ سەریان لە پۆلەکانی تریش تێکداو ناچاریان کردن ئەوانیش پێشوەخت دەستهەڵگرن و بێنە دەرەوە ..
بزانە چەند سەرڕستەو پێڕستە لەم رستەیەدا هەیەو پێوەندییەکان چۆنن . وەدک دەبینی لەم ڕستەدا ڕستەی لێکدراوو ئاڵۆز کۆبوونەوە . ئەم خۆرە پێشی دەوترێت ڵێکدراوی ئالۆز
compound-complex
بە کورتی
١- ڕستەی ئاڵۆز complex sentence پێڕستەیەکی سەربەخۆی هەیە کە مانای سەربەخۆی هەیە ، لە بەرئەوە دەشێ بەو بەشە بڵێین سەربەست : independent واتە سەربەخۆیە لە داڕشتن و مانادا ، هەر وەها پێی دەلێین سەرڕستە main clause چونکە ڕستەی سەرەکی یە
٢ – هەروەها پێڕستەیەک یان زیاتری هەیە کە پشتبەست dependent ە چونکە بە تەنیا مانای تەواو نابەخشێ و سەربەخۆ نییە لە داڕشتنی ڕێزمانییدا و بەردەستی رستەی سەرەکییە لە بەرئەوە پێی دەلێین بەرڕستە subordinate clause
٣ – ئەو بەرڕستە هاولکێکی بەرخەری هەیە subordinating conjunction وەک [ چونکە ، لەدوای ئەوەی ، بەرلەوەی ، ئەگەر، مادام ، کاتیک ، هەرچەندە ] یان ئامرازی پێوەندی بریناویی وەک [ کە ، کو، ئەوەی ] …
٤ – کاتێ بەرڕستە لە سەرەتاوە دێ و بە بەرخەر subordinator دەستپێدەکات ، لە کۆتایی بەرڕستەکەوە فاریزە دادەندرێت ، وەک :
لە کاتێکدا ئازاد خرپەی خەوی دەهات ، دایکی نانی بەیانی ئامادە دەکرد .
لەکاتێکدا : هاولکی بەرخەر
لەکاتێکدا ئازاد خرپەی خەوی دەهات : بەرڕستە
دایکی نانی بەیانی ئامادەدەکرد : سەرڕستە
بەڵام فاریزە داناندرێ کە بەرڕستەکە بکەوێتە دوای سەرڕستە :
ئازاد خرپەی خەوی دەهات لەکاتێکدا دایکی نانی بەیانی ئامادە دەکرد .
ئازاد خرپەی خەوی دەهات : سەرڕستە
لەکاتێکدا: هاولکی بەرخەر
لەکاتێکدا دایکی نانی بەیانی ئامادە دەکرد : بەرڕستە
ئەو زاراوانەی کە دەبێ فێریان بی :
سەرڕستە ، بەرڕستە ، هاولکی بەرخەر، سەربەست ، پشبەست ،
ئامرازی پێوەندیی بریناویی
لە بەشی چوارەمی ئەم کتێبەدا باسی پێڕستە و ڕستەی ئاڵۆز دەکەین . لەم بەشەدا تەنیا سەرنج دەدەینە ڕستەی سادە .
تاقیکردنەوە :
١ – پێناسەی ڕستەی سادە بکەو نموونە بە ڕستەی سادەی یەک وشەیی ، دوو وشەیی و لە دوو وشە زیاتر بێنەوە
٢ – هاولک چییە ؟ بۆ پێی دەوترێ هاولک ؟
٣ – جیاوازی نیوان هاولک و هاولکی بەرخەر چییە ؟ بە نموونەوە ڕوونی بکەوە .
٤ – سێ ڕستەی لێکدراوو بنووسەو هاولکەکانیان و ئەرکی هاولکەکان روون بکەوە .
٥ – رستەی ئاڵۆز لە چی پێک دێت ؟ چی ئاڵۆزی دەکات ؟
٦ – پێناسەی سەرڕستەو بەرڕستە بە نموونەوە بکە ؟
٧ – رستەی سادە لەم پاڕجەهۆنراوەی مەولەوی جیا بکەوەو بیاننووسە :
جەرگت لەت لەت بۆ چەواشەی چەپ گەرد
خالۆت جیا کەرد ، ئەکار بی تۆ کەرد
دیدە ، وادەی سەیل هۆنەی هووناوەن
دلە ، وەخت بەزم نۆشای زوخاوەن
وەش ڕەنگیی بازەم ، سا دەی بێ ڕەنگیی
شادی با وەس بۆ ، وەختەن دڵتەنگی
[ وشەکان : چەواشە : سەرلێشێواو، یە کار بی : ئەوە کار بوو
سەیل : ڕژان هۆنە: ڕێژنە هووناو : خوێناو
وەشرەنگی : خۆشڕەنگی بازەم : واز ىێنە لێم
باوەس بۆ : با بەس بێ ]
٨ -هاولکی بەرخەر، سەرڕستەو بەرڕستە لەم شیعرەی گۆران دا دەستنیشان بکە :
هەرچەند دەکەم ئەو خەیاڵەی پێی مەستم
بۆم ناخڕێتە ناو چوارچیوەی هەڵبەستم
ڵێکدانەوەی دەروون ، وشەی زمانم
بۆچی هێندە دوورن لەیەک ، نازانم .



نووسراوه‌ له‌لایه‌ن
ڕێزمانی کوردی

جۆرەکانی ڕستە Reviewed by Unknown on 1:53:00 ص Rating: 5

ليست هناك تعليقات:

نموذج الاتصال

الاسم

بريد إلكتروني *

رسالة *

يتم التشغيل بواسطة Blogger.