کاک مەسعود بۆ وادەکەیت ؟
( ڕیفراندۆم لەپێناوی سەربەخۆییدایە یان لەپێناوی گوشینی لیمۆی ڕکابەرەکانتدا ) .
.
کاک مەسعود بۆ وادەکەیت ؟
عادل باخەوان
لەیادەوەری دەستەجەمعیی کوردیدا، سەربەخۆیی کوردستان ئەو پرسە پیرۆزەیە کە زۆر بەدەگمەن کوردێك لە سەر زەویدا هەیە <ئیمانی> پێی نەبێت و خەونی پێوە نەبینێت. بەڕێز کاک مەسعود، ئایا ئەم پرسە موقەدەسە مێژووییە، ئەوە ناهێنێت کە بەڕێزتان هەموو قوربانیەك لە پێناویدا بدەن ؟ ئایا پرسی سەربەخۆیی کورستان، ئەوەندە موقەدەس نیە کە نەك هەر پەرلەمان بەدەستەی سەرۆکایەتی ئێستایەوە کارا بکرێتەوە، بەڵکو لەپێناوی بەدەستهێنانی <کۆدەنگیی نیشتمانی>دا، خودی خۆت ڕێگای گردی زەرگەتە بگریتە بەر و گوێ لە سەرکردەکانی گۆران بگریت و ڕێکەوتنیان لەگەڵ بکەیت ؟ هەروەها لەگەڵ بەڕێز عەلی باپیردا کۆببیتەوە و تێبینیەکانی بەهەند وەربگریت ؟ بەڕێز کاك مەسعود، تۆ لە مێژووی خۆتدا، لەگەڵ سەدامدا ڕێکەوتنت کردوە! لەگەڵ خومەینی و ئەردۆگاندا ڕێکەوتنت کردوە ! لەکاتێکدا هەر یەکێک لەمانە، دەریایەك خوێنیان لەو نەتەوەیە ڕشتوە کە بەڕێزتان دەتانەوێت خەونە موقەدەسەکەی بهێننە دی. بەڵام هیچ کام لە گۆڕان و کۆمەڵ دەستیان بەخوێنی نەتەوەی کورد سورنیە و هێچ کام لەمانە نە سەدامن، نە خومەینی و نە ئەردۆگان. ئەدی بۆچی لەگەڵیان دانانیشی و لەپێناوی بەرژەوەندیە باڵاکانی کوردستاندا، داواکاریە شەرعیەکانیان جێبەجێ ناکەیت ؟ گەر من لەجێگای تۆ بومایە، نەك هەر گۆڕان و کۆمەڵ کە نوێنەرایەتی هەزاران هاوڵاتی دەکەن، بەڵکو لەگەڵ تاك بە تاکی کۆمەڵگەی کوردستانیدا دادەنیشتم و هەمو تەنازولێکم بۆدەکردن، بۆئەوەی لە بیست و پێنجی سێپتەمبەردا، دەنگ بە سەربەخۆیی کوردستان بدن ! کاک مەسعود، کە تۆ ئەمە ناکەیت، خۆت بەدەستی خۆت ئەو پرسیارە لای بەشێکی گرنگ لە هاوڵاتیان دروستدەکەیت کە ئایا هەر بەڕاستی ڕیفراندۆم لەپێناوی سەربەخۆییدایە یان لەپێناوی گوشینی لیمۆی ڕکابەرەکانتدا ؟
نووسراوه لهلایهن
zankoline

ليست هناك تعليقات: