پرسەنامەكهی بارزانی هێندە ساردوسڕ بو، بۆ مەرگی هەر وەزیرێکی کابینەکەی ئەردۆگانی بنوسیایە دە جار گەرموگوڕتر دەبو
غەمێک لەدوای مەرگی نەوشیروان مستەفا

بۆ تەنیا ڕۆژێک سەر بەبزوتنەوەی گۆڕان نەبوم، بەڵام مەرگی نەوشیروان مستەفا قوڵ قوڵ هەژاندومی.
هەژانی من لەوەوە سەرچاوە دەگرێت لەجێی نەوشیروان مستەفا، وەک دوا سەرکردەی کوردی ههریم دوای تاڵەبانی، مەسعود بارزانییەک جێدەمێنێت کە باسی سەربەخۆییو کوردایەتیی و مافی نەتەوەیەک دەکات کەچی پرسەنامەیەکی هێندە ساردوسڕ بڵاودەکاتەوە کە بۆ مەرگی هەر وەزیرێکی کابینەکەی ئەردۆگانی بنوسیایە دە جار گەرموگوڕتر دەبو.
لەجێی نەوشیروان مستەفا، ئەو ئیسلامییانە دەمێننەوە کە یان بە شان و باڵی ئەردۆگاندا هەڵدەدەن، یان سەرقاڵیان کردوین بەکۆمەڵێ بابەتی بێ مانای وەک “ریش دابنێن، موحاجەبە بن، ئەجری دراوسێ بزانن، دایکتان خۆشبوێ، هتد” کە دورو نزیک پەیوەندیی بە کێشەکانی ئێمەوە لەسەردەمەدا نییە، بە کورتی ئەو هێزەی خاڵییە لەهەمو مەعریفەیەک باشتر دەستی دەکرێتەوە.
غەمی من بۆ ئەوەشە لە جێی نەوشیروان نەریتێکی چەپ دەیەوێ جێی خۆی بکاتەوە کە جورئەتی نییە بەرامبەر بە تاڵانچێتی ورتە بکات بەو ناوەوە سەرمایەداریی سیستمێکی گەورەترە و بۆرجوزایی کوردیی بەشێکی بچوکێتیو شایەنی قسە لەسەرکردن نییە، یان پێمان دەڵێن “دەبێت سەرمایەداریی بڕوخێنین!” کەچی گوندێکیان بۆ داگیرناکرێت.
غەمی من تەنیا بۆ 3 منداڵ نییە کە لە دوو مانگدا ماڵەکەیان ڕما و دایکو باوکیان جێیان هێشتن، بەڵکو بۆ پیاوێکی هەژاریشە کە ئێستا هەست بە تەنیایی دەکات.
مێژوی سیاسیی نەوشیروان مستەفا بێ هەڵەو کەموکوڕیی نەبوە، بەڵام ئەو تا ئەو کاتەی نەخۆشیی زەفەری پێهێنا ڕەمزی بەرەنگاریی، دژایەتیی واستە و واستەکاریی و تا ڕادەیەکی زۆریش بنەماڵەچێتیی بوە.
دەبێت ئەم ئەزمانە ببینین. ئەزمە سزای هەڵەکانی خۆمانە، سزای گەندەڵییو پشتنەبەستن بەخۆمانو زۆر شتی ترە. بهداخهوه، هیچ کەس بێ ئەزمە هەنگاوی نوێ نانێت. گرنگ ئەوەیە بتوانین هەستینەوە.
ئەرکی ئێمە قورستر دەبێت. بەڵام نە نەوشیروان مستەفا یەکەم کەسو نەکۆتا کەس دەبێت لەدژی ستەمو تاڵانیی دەوەستێتەوە. وڵات پڕە لەخەڵکی بەتواناو دڵسۆز کە ئامادەن لەپێناوی بەرژەوەندیی گشتییدا قوربانیی گەورە بدەن.
دەبێت بەو پیاوە هەژارە بڵێین کە جاڕی مەرگی “باوکی هەژاران” دەدات:
ئیمه بەدەنگو ڕای جیاوازەوە، لێرەین، لەگەڵتانین، لەپشتانینو ریگاکە چۆڵ ناكهین.
رۆحت شادبێت کاک نەوشیروان..
سەرچاوە/سایتی ئاوێنە بڵآوکراوەتەوەو وەەرگیراوە

نووسراوه لهلایهن
zankoline

ليست هناك تعليقات: